عەبدوڵا ئۆجەلان، لە دەقی ئەو دیدگایەی خۆیدا كە ئاڕاستەی كۆنگرەی پەكەكەی كردوە دەڵێت، كورد هێشتا لە دۆخی هەڵاتندایە لە حەقیقەتی خۆی. پێشی وایە بەرخۆدانی پەكەكە راستی كورد سەلماند، كە بەرخۆدانێك بو لەدژی دەرەوەو فشارەكانی دەرەوەو دەشڵێت، یەکێک لە هۆکارەکانی تەواوبونی وادەی پەکەکە ئەوەیە، لە بەرخۆدان دژی فشارە دەرەکییەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لەمەودوا، دەبێت بەرخۆدان و تێکۆشان ڕوی لە ناوەوە بێت.
ئاوێنە: عەبدوڵا ئۆجەلان لە دیدگاكەیدا بۆ كۆنگرەی پەكەكە كە لە كۆتا ژمارەی رۆژنامەی "سەرخۆبون"دا بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوەشدەدات كە "بزوتنەوەیەکی کۆنەپەرستی وەک پارتی، یان وەک یەكێتیی وردە بۆرژوا، ناتوانن وا بکەن کەسێک باوەڕ بە بونی خۆی بکات."
دەشڵێت"پـ*ـەکـ*ـەکـ*ـە ئەو تەڤگەرەیە کە ڕاستی کوردستانی دەرخست و ئەم بونەی مسۆگەر کرد. کەس ناتوانێت ئەم ڕاستییە لەناوببات. ئەو هەنگاوەی لەمەودوا دەنرێت، بۆ بەدیهێنانی ئازادییە."
ئۆجەلان پێشی وایە، لەگەڵ ئەمەدا كورد هێشتا لە راستی خۆی هەڵدێت. كوردایەتی هێشتا لە حاڵەتی هەڵاتندایە.
ئەو دەڵێت"من بە ئێوەم وت "ناتوانن لە کوردایەتی هەڵبێن. کوردایەتی شتێک نییە بتوانی لێی هەڵبێیت. پەناتان بردە بەر هەزار فێڵ، هەوڵدەدەن فریوم بدەن". هەمان شتم بە دەوڵەت گوت: "ناتوانن فریوم بدەن. چی دەکەن، بیکەن؛ ئەم ئاپۆیەی بەرانبەرتان فریو نادرێت."
ئۆجەلان باس لەوەش دەكات كە "-نازانرێت کورد چییە. دێرین و نەریتییە یان مۆدێرن؟ بوەتە ڕاستییەکی تراژیدیی. هۆکاری ئەمە فشاری دەرەکی نییە، وەک ئەوەی حەزدەکەن وا بێت. هۆکارەکەی ناوخۆییە. ئەو تاکتیک و ستراتیژانەی من دەیخەمەڕو، بۆ ئاشکراکردنی ئەم ڕەوشە یەکلاکەرەوەن."
هەروەها پێشی وایە كە "پێویستە کۆمەڵگەی کوردی دژی سەرمایەداری بێت. "
دەشڵێت"بەرانبەر دەرەوە، دژی فشاری دەرەکی، بەرخۆدان کرا. یەکێک لە هۆکارەکانی تەواوبونی وادەی پەکەکە ئەوەیە، لە بەرخۆدان دژی فشارە دەرەکییەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لەمەودوا، دەبێت بەرخۆدان و تێکۆشان ڕوی لە ناوەوە بێت."
لەبارەی قۆناغی داهاتوی كاركردنیان ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەدات "دیدگای ئێمە بۆ سەردەمی نوێ؛ نەتەوەی دیموکراتیک، ئیکۆ-ئیکۆنۆمی و سەرلەنوێ دامەزراندنی کۆمەڵگایە لەسەر بنەمای هەرەوەزیی."
جەختیش دەكاتەوە كە "کۆمەڵگای دیموکراتیک بەرنامەی سیاسیی ئەم قۆناغەیە، دامەزراندنی دەوڵەت ناکاتە ئامانجی خۆی."
دەشڵێت"ئێمە بە گرنگی دەزانین کە دەستپێک ئەم قۆناغە لە کۆماری تورکیا سەر بگرێت...سەرکەوتنێک لێرە بەرکەماڵ ببێت، کاریگەری لەسەر ئێران، عێراق و سوریاش دەبێت."
دەقی دیدگاكەی ئۆجەلان بۆ كۆنگرەی پەكەكە:
پێشەکی
کۆبونەوەکەمان لە پێشکۆنفرانسێک دەچێت، نیازمە ناونیشانێکی وەها ببەخشمە کارەکەمان:
"کۆتایی قۆناغێک و هەنگاونان بەرەو قۆناغێکی نوێ پەیوەست بە هەبون و پرسی کورد"
ئەم کارە زۆر دژوارو مێژویی دەبێت. ئێستە وەختێک هەنگاوهەڵدەگرین بەرەو ڕێکخستنبونێکی نوێ، پێویستە لەژێر ناونیشانی جیاوازدا لە پرسەکە بکۆڵینەوە. هەمو ئەم ناونیشانانەش، شیکاریی قوڵیان دەوێت. کاتی دەوێت، پەلەکردنی ناوێت. لێرەوە، "پێشەکی" واتە گواستنەوەی ڕۆحی دەق. کەواتە، ئەم پێشەکییە بەس دەبێت بۆ درککردنی سەرەتایی لە ناونیشانە سەرەکییەکان. وەها لە پێشەکییەکە دەڕوانین. هەڤاڵانیش دەتوانن پشتئەستور بەم پێشەکییە، پرۆسەکانی کۆنگرەکە تاوتوێ بکەن. هەڵبەت تەواوکردنی کارەکە ڕەنگە مانگێک بخایەنێت، ئەمەش ڕەنگە ببێتە مایەی دواکەوتنی پرۆسەکە و هەندێک گێرەوکێشە.
نیازمە بە تەوەری "ئاگایی و ناسنامەی بونی کورد" دەستپێبکەم. بە پرسیارە بەناوبانگەکانی وەک: "کوردان هەن یان نین؟ ئەگەر هەن، تا چ ئاستێک گەیشتون بە ئاستی بون؟ لەوەش گرنگتر، ئەم بونە و ئازادی، تا چ ڕادەیەک لێکئاڵاون و تا چ ئاستێک بەدیهاتنی یەکتر دەڕەخسێنن؟". پەکەکە تەڤگەری بون و سەلماندنی بونی کورد و کردنەوەی دەرگای ئازادییە. وایە، لەم خاڵەدا بنبەستێک هەیە. قۆناغی پاش ساڵانی نەوەدەکان، گوزارشت لەمە دەکەن. با بڕوانینە ڕابردوییەکی نزیکتر. بۆ نمونە، وتەکانی پێش سێدارەی شێخ سەعید و سەید ڕەزا، وەک دو پێشەنگی کاریگەری شۆڕشی کوردیی نەریتیی، چۆن شرۆڤە بکەین؟ دەتوانم هەندێک زیاتر ئەم وتانە ڕون بکەمەوە و بڵێم، گوزراشتە لە بەسەرچونی کوردایەتیی نەریتیی.
ئەم قسانە بەم مانایە دێن. کوردایەتیی نەریتیی، هاوکات واتە بونی کوردی نەریتیی. ئەم دو پێشەنگەی دوایین، لەبەردەم سێدارەدا، کۆتایی بونی کوردی نەریتیی دەردەبڕن و میرات و بیرەوەرییەک لەدوای خۆیان جێدەهێڵن. دوایین وتەکانی شێخ سەعید چ بون؟ دەپرسێت: "کاکی قازی، خۆ گوتت پێکەوە بەرخ دەخۆین"، ئەمە غەفڵەتێکی ئایینییە، ئاخر ئەو شێخێکی نەقشەبەندییە. ئەمە لەبنەڕەتدا دەرخەری فریوخواردنێکی تراژیدیی و خەمناکە. دەریدەخات ئەو ئایدیۆلۆژیایەی پەنای بۆ بردوە چەندە هەڵە بوە.
وتەکانی سەید ڕەزا واتادارترە: "دەرەقەتی ئێوە نەهاتم، با ئەمە داخێک بێت لە دڵما؛ وەلێ بەرانبەرتان چۆکم دانەنا، با ئەمە ببێتە داخی دڵی ئێوە". ئەمەش گوزارشتە لە فریوخواردن، هەروەها دەریدەخات تا دوا ساتەکان، ڕادەستبونی بەسەردا سەپێنراوە و پێیان وتوە: "ڕادەست ببە و خۆت ڕزگارکە لە سێدارە". دەڵێت: "نا، ڕادەست نابم، با ئەمە ببێتە داخی دڵتان". ڕاستییەکەشی، ئەمەیە کە دێرسیم وەک کانگای داخ و دەرد دەهێڵێتەوە... گوزارشتە لەمە. لەئەنجامدا، هەردو نەریتەکە، هەم نەریتی نەقشەبەندی، هەم نەریتی عەلەوی، یان نەریتی سوننی_عەلەویی، لەبنەڕەتدا دەستکرد و دروستکراون. ئەو دەمەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، لەڕوی ئایدۆلۆژییەوە لەشێوەی دەوڵەت_نەتەوە پێشکەوت، بناغەی نکۆڵیکردن لە کورد لەسەر ئەم دو چەمکە دادەنێن. لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و دەسپێکی سەدەی بیستەم، عەلەوییەتێکی وەها دەستکرد، پێکدەهێنن. ڕاستییەکەی، بەم دو فێڵە، بونی نەریتیی کوردان لەناودەبرێت. ئەمە جەوهەرەکەیەتی، بەڵام هێشتا کاریگەریی و شوێنەوارەکانی جێی سەرنجن؛ لە حاڵەتی چەولیگ و لە حاڵەتی دێرسیمدا، بەڕونی ئەمە دەبینرێت. ئەم دو پێشەنگە، گوزارشت لەم ڕاستییە دەکەن. ئەم گوزارشتکردنە لەبەردەم پەتی سێدارەدا، زۆرگرنگە. گوزارشت لە ڕاستییەکی مردو دەکەن. ڕاستییەکی نەخۆش و بریندار نا، ڕاستییەکی مردو.
هەر پەیوەست بەمەوە، قۆناغێکی دیکە هەیە، ئەم قۆناغە لە کەسێتی قازی محەمەد و موستەفا بارزانی و قاسملۆ و جەلال تاڵەبانیدا ئەزمون دەکرێت. ئەم قۆناغە گوزارشتە لە کام ڕاستی؟ بەڵێ، گوزارشتە لە ڕاستییەک. پێی دەڵێین، نەریتی فیوداڵی (دەرەبەگایەتی)، یاخود قۆناغی گواستنەوە. ئەو قۆناغەی لەوکاتەوە تا ئێستە بەردەوامە، کەسایەتی نیمچە بۆرژوازی و نیمچە ئەریستۆکرات دەگرێتەخۆ. مەبەستمان لە بۆرژوازی، ئەو قۆناغەیە کە لەپاش جەنگی جیهانیی دوەمەوە تا ئێستە ماوەتەوە. یاخود ڕاستی سەرمایەداربون و بۆرژوازیبون لە ئیسلامدا... ئایا قۆناغێکی وەها ئەزمونکراوە، یان ئەزمون دەکرێت؟ بەڵام هەیە. سەرمایەدارییەکی وەها، بونێکی نەتەوەپەرست و ئاگاییەکی ناسیۆنالیستی هەیە. نوێنەرەکانیشی دیارن. قازی محەمەد سەر بە نەریتی دەوڵەتسازی بو. هێشتاش ئەزمونی دەوڵەتسازی بارزانی پیادە دەکرێت. تاڵەبانیش هاوبەشی ئەمەیە. بەڵام هێشتا، دەوڵەت_نەتەوەیەکی کوردان کە مۆرکی خۆی لە سەردەمەکەدا بدات، نەهاتوەتە کایەوە. یا چەندە هەوڵیش هەبێت، هێشتا جێی گومانە. هەتا ئەگەر بێتەدی، هێشتا دەکرێت وەک دیاردەیەکی خۆجێی و هەرێمیی بمێنێتەوە. ئەمە جێی مشتومڕە. لەوەش گرنگتر، ئەم دیاردەیەی دوایین، دەوڵەتی فیدراڵیی کورد، دژی ئێمە پێشخراوە. ڕاستەوخۆ بەگوێرەی خواستی کۆماری تورکیا پێشخراوە. ڤێرژنێکە لە پێکهاتن. لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە، وەک ئامرازێک بەکارهات بۆ تەسفیەکردنی تەڤگەری شۆڕشگێڕ. سەرەتا پەرلەمانی فیدراڵ، پاشان هەمو ئۆرگەکانی تر، بۆ ئەم مەبەستە بەکارهاتن. هێزە سەربازییەکان، بە هاوکاری ئەم هێزانە بڵاوکراوەی تەسلیمبون، بۆ تەسلیمبونی ئێمە بڵاودەکەنەوە. ئەمە جێی سەرنجە. ئەمە قۆناغی ڕاگوزەر و گواستنەوەیە... ناسیۆنالیزمی کورد، سەرمایەی کورد، ئێمە پێیان دەڵێین بۆرژوازیی کۆمپرادۆری پاشڤەڕۆ؛ ڕەنگە هەندێک پێشکەوتوتر بن، ناوەندەکە ببێتە ئامەد، ناوەندەکە ببێتە هەولێر، ببێتە سلێمانی، یان هەتا ناوەندەکە ببێتە مەهاباد؛ بەڵام بەبڕوای من، ئەمانە پێکهاتە و ئامرازی تەسفیەکردنن، توخمی دژە شۆڕشی دەستکرد و ماوەبەسەرچون. هەم ناوەڕۆکی ئایدۆلۆژی، هەم پراکتیکیشیان بەو جۆرەیە.
هەروەها باس لە قۆناغی گواستنەوەی گواستنەوە دەکەین، قۆناغی گواستنەوەی گواستنەوە، ئەو قۆناغەیە کە تا ئێستە هاتوە. ئەوانەی گوزارشت لەم قۆناغە دەکەن و نوێنەری ئەم قۆناغەن، بریتیین لە سەعید ئاڵچی و سەعید قرمزیتۆپراک، سلێمانی موعینی و براکانی، تا سیراج بیلگین. لە ئەدەبیشدا، جگەرخوێن، لە مۆسیقادا ئارام تیگران، نوێنەرایەتی دەکەن. چ مانایەک لەم کەسانە بار بکەین؟ پێیان دەڵێین، وڵاتپارێز. بە هەندێکیان دەڵێین، سۆسیالیست. هەمویان مۆدێرنن، ڕاستگۆن، یاخود نەبون بە هاوکاری دژبەران. نەبون بە ئیرادەی هێزە دژبەرەکان، نەبونە ئامرازی دەستی هێزە دژبەرەکان، نەبونە دەنگی هێزە دژبەرەکان. بەڵام هەر وەک تاکەکەس مانەوە، زۆربەشیان لەلایەن هاوکارانەوە [ئەوانەی دەستیان لەگەڵ نەیاران تێکەڵکردوە] لەناوبراون. بۆ درککردن بە خۆیان و خۆپاراستنیان، زەحمەتی زۆریان چەشتوە؛ هەمویان بونەتە قوربانی پیلانگێڕییەکان، لە هەموشی گرنگتر، لە دەربەدەرییدا مردون. هەڵبەتە کەمێک کاریگەریشیان لەسەر ئێمە هەبوە. لە هەرکوێ لێی بڕوانین، ئەوانە نمونەی سەرەتایی ئێمە بون. بە خۆم دەڵێم، ئەمانە وەک ڕاستییەک، نمونەی سەرەتایی ئاپۆچێتی نیشان دەدەن. ویستم مانایەکی وەها ببەخشمە ئەم قۆناغە.
پاش ئەم پێشەکییە، دێینە سەر ئەو بەشەی کە پەیوەستە بە ئێمەوە. نیازمە باس لە ڕاستی خۆم بکەم، هەمان ئەو قۆناغەی مۆرکی خۆی داوە لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم. ڕاستینەی ئاپۆ هەیە، ئەمە ڕاستییەکی بەرچاوە، شیاوی نکۆڵیکردن و پەردەپۆشکردن نییە. ئەم ڕاستییەی ئاپۆ یان هەقیقەتی ئاپۆ، چۆن شرۆڤە دەکرێت؟ وەک خەیاڵ و ڕاستی، گوزارشت لە چ دەکات؟
"قۆناغی ئاپۆ" لە کارەکتەری ڕێبەرێتییدا، زۆر بەکەمی لێی تێگەیشتون، لێی تێ ناگەن. ئێوە دەڵێن "ڕاستی ڕێبەرێتی"، بەڵام ئەم ڕاستییە چییە، ئێوە لێی تێ ناگەن. گەل پەرتەوازەیە، ئیفلیج بوە، هێزی تێگەیشتنی نییە. کادرەکان بەگوێرەی پێویست نین. ٥٠ ساڵە، سەرسامی و مەسیحایەتیی کورد، گرێدراوی ئەم ڕاستییەیە. پەیدابونی ڕێبەرێتی لەنێو پەکەکەدا، خاڵی وەرچەرخانە لە مێژوی کورددا. لانیکەم، هێندەی هۆشیاربونەوەی کورد و شۆڕشی ژیانەوە، گرنگە. ئاپۆ، مەسیحێک نییە لە ئاسمانەوە دابەزیبێت، ڕێبەرێکە، بە ڕەنج و کۆششی کۆمەڵایەتی خۆی ئافراندوە. سەرهەڵدانی ڕێبەرێتیی سۆسیالیستییە لە مێژوی کورد و کوردستاندا. پەیدابونی ڕێبەرێتی لە ئاپۆدا، پەیدابونی کەڵتێکی شەخسی [پیرۆزکردنی شەخس] نییە، بەڵکو پەیدابونی ڕێبەرێتییەکی بەکۆمەڵە.
لە پرۆسەی سەرهەڵدانی ڕێبەرێتییدا، کوردایەتی پەرتەوازە کرابو، ڕێبەرێتیی نەریتیی مایەپوچ بو، کورد لە بیرکردنەوە بێبەشکرابو. بۆیە، پێشکەوتنی ڕێبەرێتی لە ڕەوشێکی وەهادا، واتای موعجیزەئاسای لێ بارکراوە، وەها لێی تێگەیشتون. بەڵام تا ئێرە و بەس! ئەوە ٥٠ ساڵە چاوەڕێی تێگەیشتنێکی ڕاستم. هەر دەیڵێم و دەیڵێم و دیسان دەیڵێمەوە. لە ڕاستی ڕێبەرێتی تێ نەگەیشتون، لە پەکەکە تێ نەگەیشتون، لە کوردی ئازاد تێ نەگەیشتون، لە کوردستان تێ نەگەیشتون. پێداگرن لەسەر پاشڤەڕۆیی. بۆیە پێشناکەون و نابنە ڕێبەر. بۆ ئەوەی بتانکەم بە بەشێک لە ڕێبەرێتیی ڕاست، ٥٠ ساڵە هەوڵ و تێکۆشانێکی بێوچانم داوە.
تا ڕاستی ڕێبەرێتی تێنەگەن و ڕونەکەنە ئەم ڕاستییە و پێشەنگایەتی کۆمەڵگە نەخەنەلاوە، ناتوانن بچنەپێش. ناتوانن خۆتانیش هەڵبگرن. توانایەکی لەڕادەبەدەرم هەیە بۆ گوفتار و کردار، پێشکەشی ئێوەی دەکەم، هەوڵدەدەم بەزۆرەملێش بێت بە ئێوەی بدەم، بەڵام ئێوە هێشتا وەری ناگرن. پێداگرن لەسەر ئەوەی خۆتان وەک بنبەستێک پیشان بدەن. بۆچی؟ ئەمە گرنگە، چونکە کارەکە جدییە. لەئێستەدا، ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕەوشێکی بەردەوام و ساتەوەختێک کە هێشتا مۆرکی خۆی لە مێژو دەدات و بەردەوامە. بۆیە گەیشتوین بە بنبەستی پەکەکە و چارەسەرمان بۆ دۆزیوەتەوە؛ واتە کۆتاییهێنان بە کاری ڕێکخستن لەژێر ناوی پەکەکە. ئەم ساتە حاڵەتێکە لە هەمو ساتێکدا تێیدا دەژیم و ئەزمونی دەکەم. بەڵام دوبارەکردنەوەی ساتێکە، بەهایەکی داهێنەرانەی ئەوتۆی نییە، پێویستە هەنگاوێکی مەزن بنرێت. ئەوە جێی سەرنجە، ئەم هەنگاوە لەلای ئێمەوە نەنرا، لەلایەن کەسێکەوە نراوە کە هەمیشە دژی من تێکۆشاوە، هەمو کاتێک بۆ لەسێدارەدانی من هەرچی لەدەستهاتوە کردویەتی؛ کەسێک لەسەر بنەمای هەستیاریی تورکبون بوەتە پارت و حزب، لەنێو حزب و دەوڵەتدا بوەتە دەنگ و دەستێکی کاریگەر، ئەویش دەوڵەت باخچەلییە؛ ئەو کەسەیە کە دەرگای بەسەر ئەم قۆناغە نوێیەدا کردەوە. دەوڵەت باخچەلی، ئەو کەسەی پێشەنگایەتیی شەڕێکی بێوچانی لە دژی ئێمە دەکرد، بە شاندی دەم پارتی گوت: "هەمو تەمەنم بۆ ئەمە تەرخان کرد، بەڵام ئێستە نیازمە دەرگا بەڕوی قۆناغێکی نوێدا بکەمەوە". بەبڕوای من، ئەمەش گوزارشتە لە بانگەوازێکی کراوە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. پێشهاتەکان زیاتر ئەمە نیشان دەدەن. تاکە ئەنجام لەمەوە دەریبهێنین ئەوەیە، تەنها ئەو کەسانەی شەڕ دەکەن دەتوانن ئاشتی بەدی بهێنن. نەوەک هێزە دوەم و سێیەمەکان، نەوەک هێزە نێوانگیر و هاوپەیمانەکان، تەنها ئەو هێزانەی بەرپرسیارێتیی شەڕیان لەئەستۆ گرتوە، دەتوانن بەرپرسیارێتیی ئاشتی لەئەستۆ بگرن. چونکە لانیکەم، ئاشتی هێندەی شەڕ ڕوداوێکی جددییە. تەنها کەسانی پلە یەک، دەتوانن بەرپرسیارێتی ڕوداوێکی وەها جددیی بگرنەئەستۆ و خاوەنداری لێ بکەن. بۆیە ئەوە دەوڵەتە کە ئەم شەڕە دەکات. بە پێویستی دەزانم، ئەم شەڕە لەگەڵ دەوڵەتدا، لەسەر بنەمای ئاشتی بگۆڕم بە تاقیکردنەوەی سەرەتایەکی نوێ. لە ٦ مانگی ڕابردو باس لەمە کرا. ئێمەش بڕیارێکی گونجاومان دا، تاکو ئەو دەستەی درێژکراوە لە هەوادا نەهێڵینەوە، ئەم دەنگەی بەرزدەبێتەوە بێ زایەڵە نەمێنێتەوە، بۆیە وەڵاممان دایەوە. ئێمە وەک بەرپرسیار و بەڕێوەبەری سەرەکی و یەکەمینی ئەم شەڕە، خۆمان بە بەرپرسیار زانی، بەبێ دواکەوتن وەڵاممان دایەوە. ئەمەش بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە. بەم جۆرەیە: ئەوانەی شەڕ دەکەن، دەتوانن ئاشتی بەدی بهێنن. موخاتەبەکانی تر، توانای بەدیهێنانی ئاشتییان نییە. ئەوان لە ڕیزی دوەمدان، یان هاوکارن. تەنها پێشەنگەکانی ئەم کارە، دەتوانن دەسپێشخەریی بکەن. ئەوەتا کەوتوەتە سەر ڕێچکەیەک، بەبڕوای من، ڕێبازێکی تەندروستە. لەسەر بناغەی ئەم ڕێبازە، سەرەتاکەمان هەندێک بەرفراوانتر کرد، لەم دانیشتنەدا لەژێر چاودێریی دەوڵەتدا، بەرنامەی خۆمان ئامادە دەکەین. ئێمە هەوڵدەدەین بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک. دەمانەوێت ئەم قۆناغە تێپەڕێنین. ئەمە چییە؟ بەتایبەت لەگەڵ کۆماری تورکیا، دەرچون لە شەڕ و پێکدادانی جوداخوازانە و گەیشتن بە پرۆسەی ئاشتی و یەکێتیی دیموکراتیک. بۆ دەوڵەتانی تریش، عێراق و ئێران و سوریا_ پرۆسەی لەم ڕەنگە دێنەپێش. بەبڕوای من، بەشداری لە دەسپێشخەرییەکەی تورکیا، هەنگاوێکی عەقڵانی و واقیعییە. دەبێت وەها بێت و هەر وەهاش دەبێت. بۆیە ئەم هەنگاوە زۆر جدییە. هەرچەن ڕوبەڕوی چەند زەحمەتییەک ببێتەوە، بەڵام هێشتا لە ڕاستترین هەنگاو دەچێت. ئایا ئەم قۆناغە تێدەپەڕێت؟ هەوڵی داهێنەرانە ئەم خواستە بەدی دەهێنێت. لەسەر ئەم بناغەیە، پرۆسەی نوێ لەژێر حەوت ناونیشاندا دەخەمەڕو. چۆن و بۆچی ئەم حەوت ناونیشانەم هەڵبژارد؟ خەریکیین تاوتوێی دەکەین.
١_ سروشت و مانا
ویستم بە شتێک دەستپێبکەم کە کەمتر بە زەینی مرۆڤدا دێت، واتە بە "سروشت و مانا" یان بە "دیالەکتیکی سروشت". هەوڵدەدەم زیاتر ڕونی بکەمەوە. مانا، ئاماژەیە بە پەیوەندی و هاوبەشی. تێگەیەکی هاوبەشێتی و کۆمەڵایەتییە. مانا، پێش هەمو شتێک، مانای شتێکە. مرۆڤ ناتوانێت باس لە مانایەکی سەربەخۆ و دەرەوەی بون بکات. باشە، مانا چۆن پێکدێت؟ مرۆڤ بە گوێگرتن لە سروشت هێزی مانا پێشدەخات. بۆیە لاسایکردنەوە (mimetik) یەکەمین تەرزی فێربونە لای مرۆڤ. بۆیە مرۆڤ بە گوێگرتن لە سروشت، لەنێو سروشتدا دەگۆڕێت.
لە ڕەوتی مێژودا، ڕێبازی فێربون لەڕێگەی گوێگرتن لە سروشتەوە، تا دێت لاوازتر بوە. چونکە زمانی سیمبولیک و زەینی شیکاریی پێشکەوت، مرۆڤ سروشتی بەگوێرەی چەمکەکانی خۆی پێناسەکرد، ئەمەش سەریکێشا بۆ نامۆبونی مرۆڤ لە سروشت. ئەم نامۆبونە لە قۆناغی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا، گەیشتە لوتکە. فیکری زاڵی هەر قۆناغێک، دەبێتە هەقیقەتی ئەو قۆناغە. واتە فیکری زاڵی هەر قۆناغێک، وەک هەقیقەتی ئەو قۆناغە قبوڵ دەکرێت. ڕاستییەک هەیە و گوزارشتی لێ دەکرێت، ئەم گوزارشتەش لەڕێگەی فیکر و خەیاڵێکەوە دەبێت. بۆ نمونە، ئەو قۆناغەی تێیدا فیکری میتۆلۆژی زاڵە، پێی دەڵێین قۆناغی میتۆلۆژیی. واتە قۆناغێک کە بە تەواوەتی لەڕێی خەیاڵەوە گوزارشتی لێ کراوە. درێژترین قۆناغە کە مرۆڤ تێیدا ژیاوە. ملیۆنان ساڵی خایاندوە. ڕەهەندی لاسایی تێیدا لەپێشە و ئاڵاوە لە غەریزەکانی لاسایکردنەوە لای گیانەوەران... ئێمە ئەم قۆناغە ملیۆنان ساڵییە ناودەبەین بە قۆناغی لاسایکردنەوە... دواتر فیکری میتۆلۆژیی پێشکەوت. ئەمەش زیاتر ڕاستی قۆناغی نیولیتیک و نیولیتیکی سەرو و میزۆلۆتیکە. هاوتا کۆمەڵایەتییەکەی، بریتییە لە کۆمەڵگەی کڵانەکان و هۆزەکان. ماڵیکردنی ڕوەک و گیانەوەران، لەبنەڕەتدا گوزارشتە لە قۆناغ و شێوە کەلتور و ژیانێکی نوێ. فیکری میتۆلۆژی، لاسایی و غەریزەی حەیوانی تێدەپەڕێنێت. بەتەواوەتی لەڕێگەی خەیاڵەوە گوزارشتی لێ دەکرێت. لە مرۆڤدا فیکرێکی سیمبولیک پێشدەکەوێت. لەڕوی فیکرییەوە لە گیانەوەران دەترازێت. فیکری سیمبولیک تەنها تایبەتمەندیی مرۆڤەکانە، مرۆڤ لەڕوی فیکری سیمبولیکەوە لە گیانەوەران جیادەبێتەوە. لە فیکری لاساییکردنەوەدا سیمبول بونی نییە، تەنها لاسایکردنەوە هەیە. ئایا لاسایکردنەوە فیکر و ئەندێشەیە یان نا، ئەمە جێی مشتومڕە. ڕەنگە گیانەوەرانیش ئاگاییان هەبێت، بەڵام ئەمە نابێتە ڕەوشێکی فیکریی. بۆیە فیکری سەردەمی میتۆلۆژیی، سیمبولیکە. جیهانی فیکری سەردەمی میتۆلۆژی، بریتییە لە چیرۆکەکان. لەوەش زیاتر، فیکری ئایینی یەکتاپەرستی یان ئەو فیکرەی لە ئایینی یەکتاپەرستی دەچێت، بەدی دەکرێت. کەمتازۆر، تا ڕۆژی ئەمڕۆمان، قۆناغێکی فیکری ئایینی و مانابەخشیی ئایینی هەیە. سەرچاوەی هەردوکیشیان، ئەو شوێنەیە کە پێی دەڵێین، ڕۆژهەڵاتی ناوین یان لانکەی شارستانییەتی میزۆپۆتامیای سەرو. لانکەی فیکری میتۆلۆژی و فیکری ئایینییش، دەکەوێتە نێوان دۆڵەکانی دیجلە و فورات. ئەفسانەکان چنراوی مانایین کە بەرهەمی بەکۆمەڵگەبونن. لەسەر بنەمای بەهێماییکردنی پێویستییە ماددیی و مەعنەوییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئەفسانەکان ڕۆڵیان گێڕاوە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەکاندا. لەشێوەی بەکۆمەڵگەبونی کڵاندا، هێزی ڕاستی زەینی بنیات دەنێن.
چەرخی ئیکۆلۆژیی مەزن، کەمتازۆر، پێش ١٥ هەزار ساڵ کۆتایی هاتوە. لەوێوە قۆناغی ئاوهەوایەکی نوێ دەست پێ دەکات. ئەمە وا دەکات نیولیتیک مومکین بێت و قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات. لێرەدا، مرۆڤ سەرەتا زمان دادەهێنێت، پاشان فیکری سیمبولیک. ئینجا هەنگاودەنێت بەرەو شارستانییەت و دەوڵەت.
ئایا فیکری ئەم قۆناغە گوزارشتە لە سروشت، مانایەک دەداتە سروشت؟ وەک ئەوەی دەبینرێت، بەڵێ وایە. ئەگەر ئیسلام بە نمونە وەربگرین، چەمکی خودا هەیە، کە هەمو شتێکی پێوە دەبەسترێتەوە. بەو پێیە، خودا سەرتاپای گەردونی گرتوەتەوە، لە هەمو ساتێکدا بەسەر هەمو شتێکدا سەروەرە، لە هەمو ساتێکدا هەمو شتێک دەئافرێنێت و هتد. پێناسەیەکی وەها بۆ خودا هەیە. تەنانەت دەگوترێت خودا پێناسە ناکرێت. گوایە ئیمانێکە کە گوزارشتی لێ ناکرێت. کاتێک دەڵێین ئیسلام، مەبەست لەمەیە. لەبنەڕەتدا ئەمە قۆناغێکە، قۆناغێکی گرنگیشە لە مێژوی مرۆڤایەتییدا. هۆکاری ئەم هەمو کاریگەرییەی ئیسلام، ئەمەیە. ئیسلام فیکرێکە لەنێوان فەلسەفە و میتۆلۆژیادا. فیکری ئیسلام، نە تەواو فەلسەفییە، نە تەواو میتۆلۆژیی. بەتوندییش دژی هەردوکییانە. لە غەزالییدا ئەمە دەردەکەوێت. ئەگەر وەک قوتابخانەیەک لێی بڕوانین، غەزالی قوتابخانەی زاڵە. لەلایەک دەرگا بەڕوی ئەو فەلسەفەیە دادەخات کە لە ئەوروپا ڕێگە بۆ زانست دەکاتەوە و بەرەو سەرکەوتنی دەبات؛ لەلایەکی ترەوە، زانستی کەلام پێشدەخات، بەڵام زانستی کەلام فەلسەفە نییە. لەلایەکی ترەوە، قۆناغی میتۆلۆژیا دادەخات. بەمەش قۆناغێکی نوێی ئیسلام دەستپێدەکات. زۆر کاریگەرە، مۆرکی خۆی لە قۆناغەکە دەدات، مەسیحییەت و تەورات و ئایینەکانی هیند و چین تێدەپەڕێنێت و گۆڕەپانێک بۆ خۆی دەکاتەوە. بۆچی؟ چونکە قۆناغێکی گرنگە. لەنێوان قۆناغی فەلسەفە و میتۆلۆژیادا، نابێت قۆناغێکی گواستنەوە و ڕاگوزەر بونی نەبێت. بۆ ئەمەش پێغەمبەرێک پێویست بو. حەزرەتی موحەمەد نوێنەرایەتی ئەمە دەکات. دەڵێن، خودا ٩٩ سیفەتی هەیە. هەمو شتێک وەک شتێکی تر مانا دەدات. لەڕاستییدا، گەردون فەلسەفەیە. ئەمە قۆناغی پێشتر بو. ٩٩ سیفەت فەلسەفەیەکە، بەرنامەیەکە. پێشەنگی فەلسەفەی مۆدێرن، پێشەنگی زانستی مۆدێرنە. بۆیە بەگوێرەی مەسیحییەت زۆر کاریگەرترە. بەڵام لەنێو خۆیدا توشی بنبەست هاتوە. چونکە دەرگای گەیشتن بە فەلسەفەی مۆدێرنی داخستوە. ناکۆکی ئیبن ڕوشد و غەزالی دەزانین. غەزالی، ئیبن ڕوشد مەحکوم دەکات، بەڵام فیکری ڕۆژئاوایی ئیبن ڕوشد بەبنەما دەگرێت و پەرەی پێدەدات، ڕۆژئاوا شۆڕشی فەلسەفی و زانستی بەدی دەهێنێت، کەچی ئیسلام بەتەواوەتی خۆی لەمانە دوردەخاتەوە. بەمە سەرکەوتنی ڕۆژئاوایی دەستپێدەکات. ئیسلام، زیاتر لە فیکری میتۆلۆژی و ئایینی تەوراتی (یەهودی) گوزارشت لە هەقیقەت دەکات. بەڵام لەبەرئەوەی ئەوپەڕی پێداگرە، هەم لەدیوی کرانەوەی مەسیحییەت و هەم لە نزیکایەتیی باوەڕی میتۆلۆژیی توندەوە ڕوبەڕوی فشارێکی دولایەنە دەبێتەوە. داخران، ئیسلام دەکاتە هێزێکی زۆر توند و پاشڤەڕۆ. سەدەی ١٥ و ١٦ لوتکەی توندی و داخران ئەزمون دەکرێت. سەدەی ٩ و ١٠ لە ئیسلامدا، سەدەی ڕێنێسانس و کاریگەریی ئیسلامە بۆ سەر جیهان. بەڵام سەدەی ١٥ و ١٦ سەدەی داخران و پاشڤەڕۆیی مەزنە، بەفیعلی ئیسلام بەرەو لەناوچون دەبات. لە کەسێتی سەفەوییەکان و بابورەکانی هیندستان و عوسمانییەکان کە ناوەندەکەیان ئیستەنبوڵ بو، داخرانێکی مەزن دەستپێدەکات، پاش سەدەیەک _سەدەکانی ١٧ و ١٨_ کۆتایی بە تەمەنی خۆی دەهێنێت. بەبڕوای من، ئیسلام لە سەدەی ١٨هەمدا کۆتایی هاتوە. ئیدی لەوکاتەوە ژینی بەبەرەوە نەماوە. دواتر بەکارهێنراوەو قۆستراوەتەوە. ئینگلیزەکان ئەم ئیسلامە بەکاردەهێنن و دەیقۆزنەوە، خۆیان دەکەن بە سەروەری جیهان، لە دورگەیەکی بچوکەوە دەبێتە هێزێکی هەژمونگەرای جیهان. ئەمە پەیوەستە بە ڕەقهەڵاتن و کۆنەپارێزیی ئیسلامەوە. بۆچی باس لەمە دەکەم؟ تاڕادەیەکیش باسم لە مەسیحییەت کرد. چونکە لەڕێی مەسیحییەتەوە، باڵادەستی ڕۆژئاوا دەستیپێکرد. ئەو ڕیفۆرمەی لە مەسیحییەتدا ڕویدا، لە ئیسلامدا بەدی نەهات. شیعە هەوڵیدا و تاقی کردەوە، بەڵام سەری نەگرت. لە ڕۆژئاوا، لە ڕیفۆرمەوە تێپەڕین بەرەو ڕۆشنگەری. پەیوەست بەم ڕێنێسانسە، ڕیفۆرم و ڕۆشنگەری، بونە مایەی سەرهەڵدان و سەرکەوتنی باڵادەستی زەینیی ڕۆژئاوا. لە سەدەی ١٨هەمدا، شۆڕشی فەرەنسا، شۆڕشی پیشەسازیی بەریتانیا، شۆڕشی سیاسیی فەرەنسا، سەریهەڵدا... ڕۆژئاوا لە سەردەمی جیهانگیرییدا، لە سەدەی نۆزدەهەم گەیشتە لوتکە. لە سەدەی بیستەمدا لە لوتکە مایەوە و ئێستە پێ دەنێتە قۆناغێکی تەواو نوێوە. بۆچی باس لەمە دەکەم؟ ئەگەر بە دروستی ڕابردو شرۆڤە نەکەین، ئەگەر مانای دروست بە ڕابردو و نەریت نەبەخشین، ناتوانین لە ئەمڕۆ تێبگەین، ئەگەر بەباشی درک بە ئێستامان نەکەین، ناتوانین مانا بە ئایندەمان ببەخشین. هەرچەند کەمالیزم، پێناسەیە بۆ زاڵکردنی فیکری پۆزەتیڤیستی، بەڵام ئێستە فیکری کۆنەپارێز بەنیازە ئیسلام باڵادەست بکات. ئەو پۆزەتیڤیزمەی لە ڕۆژئاوا تێپەڕێنرا، لە تورکیا گۆڕا بۆ پاشڤەڕۆییەکی مەزن. شتێک لە ئیسلام نەماوەتەوە. بەرانبەر ئیسرائیلێکی ٥ ملیۆن کەسی، ئیسلامی عەرەبی ٣٠٠ ملیۆن کەسی توانای هەناسەدانی نەماوە. ئیسلام بەرپرسیارە لەمە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر هێشتا بانگەشەی ئیسلام دەکەین، لێرەدا هەڵە و کەلێنێک هەیە. بۆ تێگەیشتنی ڕاست، ئاماژە بەم شتانە دەکەم. ئێستە پرسیارێک هەیە "ئایا ئیسلام باڵادەستە یان مەسیحییەت". ٩٩٪ مەسیحییەت باڵادەستە. پێویستە بەدروستی ئەمە دەرببڕین. ئەگەرنا، ئەوەی هەیە سواڵکردنە. بەرانبەر ڕۆژئاوا، بە چەمکی ڕۆژئاوایی بەرگری لە ئیسلام دەکەن. وەها بەرگری لە ئیسلام ناکرێت. ڕۆژئاوا لە فەلسەفە و زانست و تەکنیکدا زۆر پێشکەوتوە. دەتەوێت لەم ڕوە و لەو ڕوەوە سود لە بەرهەمەکانی وەربگری. ئەمەش وەک سواڵکردنێک ئەنجام دەدەیت. ڕوداوەکانی ئەم دواییەی غەززە دەریخست، ئەمە دەرفەتی سەرکەوتنی نییە. هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل. ئەو ئیسرائیلەی تۆ هێرش دەکەیتەسەری، هەژمونی بەسەر جیهاندا هەیە. دواتر لە بەرانبەر ئیسرائیلدا، داوای هاوکاری لە نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتیی ئەوروپا و کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ و نازانم کوێ، دەکەن؛ ئاخر ئیسرائیل مۆرکی خۆی داوە لەو دامەزراوانەی کە تۆ داوای هاوکارییان لێ دەکەی. ئەگەر ئیسرائیل وەک دوژمنێکی ڕاستەقینە دەناسێنیت، نابێت سواڵ لەو دامەزراوانە بکەیت. ئەگەر ڕاستەکەیت و ناتەوێت گەل فریوبدەیت، ئەم کارە مەکە. ئەو هێزێکی هەژمونییە. یان بەرانبەر هەژمونەکەی سەر نەوی بکە، یان شەڕێکی ڕاستەقینە بکە. لەبەرئەوەی ئەمە لە تورکیا ڕوی نەدا، بیروبۆچونەکان پارچە پارچە بون، سەرمایە درێژە بە کەڵەکەبون دەکات و بەهۆی ئەم شەڕەوە باڵادەستی خۆی زیاتر دەکات. بۆ تیشک خستنەسەر ئەم ڕاستییە، ئەم بەشەم کردەوە. بێگومان تێگەیشتن لەمە وابەستەیە بە تێگەیشتنی ڕاست لەم قۆناغە. ئەمەش تیشک دەخاتە سەر بابەتەکە و پێویست بە ڕونکردنەوەی زیاتر ناکات.
٢_ سروشتی کۆمەڵایەتی و کێشەکانی
بۆ پتەوکردنی فیکری فەلسەفیی، ڕەنگە هەندێک مەراقی سروست و مانا بکەن. وە مەراقێکی ڕەوایە، زانست لە مەراقەوە دەست پێ دەکات. بۆ پێشوازیکردن و کردنەوەی ڕێگەیەک بۆ ئەم مەراقە، بەبڕوای من، وەک دیالەکتیکی سروشتی، پێویستمان بە فیکرێکی فەلسەفەیی نوێیە. بۆیە بەپێویستم زانی بە هەمو فیکرێکدا گوزەربکەم و ئەنجامێک دەربهێنم. فیکرێکی گریمانەییە و ناڵێم ڕاستییەکی ڕەهایە. ڕەنگە درک بە ڕاستییەکی سروشتی دیکە بکەین. دەتوانین پێی بڵێین گەردون. هەندێک تایبەتمەندیی هەیە هێشتا لێی تێنەگەیشتوین. باسی تەقینەوە گەورەکە (بیگ بانگ) دەکەن. ئەم تەقینەوە گەورەیە، چییە، پێش تەقینەوە گەورەکە چی هەبو؟ دەڵێن دوای تەقینەوە گەورەکە، گەردون بۆ ماوەی ١٣ ملیار ساڵ کشاوە. زۆر لۆژیکی نایەتە بەرچاو. تادێت لە زانستی فیزیادا ئایدیایەک بۆ ڕونکردنەوەی پشتی پەردەی تەقینەوە گەورەکە پێش دەخرێت. ساتی تەقینەوەکە یان پێش تەقینەوەکە... شتێکی سروشتییە کە مرۆڤ بیر لەوە بکاتەوە: پێش تەقینەوەکە گەردونێک هەبوە، یان نەبوە؟ ئەم تەقینەوەیە لە هەبونگەلێک کە ملیاران جار بچوکترن لە سەرەدەرزییەک دەست پێ دەکات و گەردونی ئەمڕۆی لێ پەیدابوە. ئێستە گەلەئەستێرەکەی ئێمە، ڕێگای کاکێشان (ڕێگای شیریی) لە ٢٠٠_٣٠٠ ملیار ئەستێرە پێکدێت. لەدەوری هەر ئەستێرەیەک دەیان هەسارە هەن. وە ملیاران گەلەئەستێرە بونیان هەیە... پەیدابونی هەمو ئەمانە لە هەبونێکەوە کە هێندەی سەردەرزییەکە، پێویستی بە ڕونکردنەوەیە. زانست هەوڵدەدات لەڕێی فیزیای کوانتۆمەوە وەڵامی ئەمە بداتەوە. گوایە پرەنسیپی بەردەوامی و لۆژیکی "هەم ئەمە (ئەگەر) و هەمیش ئەوە (ئەگەر)"، بەم جۆرەیە. لەگەڵ هەمو ئەمانەش، ئەمەش هەیە. ئەو سەردەمە ماتریاڵیزمی خام ئەزمونکرا. باشبو، ئەو ماتریاڵیزمە تێپەڕێنرا. گەردون هەرگیز بەو جۆرە نەبو کە ئەوان دەیانگوت. ئەو تیۆرەی کە خۆر چەقی گەردونە، پاشان ڕێگای کاکێشان، دواتر کونەڕەشەکان، ئینجا ماددەی تاریک و وزەی تاریک... ئێستە ئەم چەمکانە زیاتریش دەبن. دەگوترا ئەتۆم بچوکترین یەکەیە، بەڵام دواتر بینیان ئەتۆمەکان چەندین تەنۆلکەیان هەیە. ئەم تەنۆلکانە لەڕێگەی ئەلیکترۆن و پرۆتۆن و نیوترۆنەوە ڕون دەکەنەوە. ئەو تەنۆلکانەش تەنۆلکەی تریان لێ دەبێتەوە. تا تەنۆلکەی خودا دەرکەوت. وەلحاسڵ هەروا بەردەوام دەبێت. بۆچی باس لەمە دەکەم؟ هێشتا لە ڕوانگەی ماتریاڵیستی و ڕوانگەی ئایدیاڵیستیشدا، ڕاستییەکی ڕەها بونی نییە. سەد لە سەد ئەمە ڕاستە، سەد لە سەد ئەوە ڕاستە، شتێکی وەها بونی نییە. دیارە لە زەینی مرۆڤدا پێشکەوتن هەیە، تەقینەوەیەک هەیە. گەڕان بەدوای هەقیقەت بەردەوام دەبێت، ئەمە شتێکی باشە.
لانیکەم، کرانەوەی زەینیی مرۆڤ بۆ گەڕان بەدوای هەقیقەت، شتێکی ئومێدبەخشە. هیوابەخشە بۆ ئازادی و ژیان. بۆ ژیانێکی ئازاد... بەبڕوای من، پێشخستنی ئەمە، کارێکی ڕاستە. شێوازێکی بیرکردنەوەی وەها، ئێمە دەگەیەنێت بە ڕونکردنەوە دەربارەی سروشتی کۆمەڵایەتی. ئێوە دەزانن، دەمەوێت لە ناونیشانی دوەمدا، باس لەمە بکەم. بەگشتی، پەیوەست بە بابەتی سروشت و مانا، هەڵسەنگاندێکی وەهام هەیە: هیگڵ زۆر سەرقاڵی ئەمە بوە. هیگڵ مانا لە سروشتدا دەبینێتەوە. ڕۆحی جیهان کە ناوی دەبات بە " geîst"، ڕاستییەکی دەرەوەی مێشکە. بونیش ڕاستییەکە. مانا لە هەناوی بوندایە. لەڕێی مێشکی مرۆڤەوە داناهێنرێت. بە مانایەکی تر، پێی دەڵێن ئایدیاڵیزم، ئایدیاڵیزمی هیگڵ. بەشی خۆی ڕاستی تیایە. مارکس پێچەوانەکەی دەڵێت. ئایدیا وەک ڕەنگدانەوەیەک دەناسێنێت. کات، شتێکە لەنێو مێشکی مرۆڤدا. ئەمە دەداتە دەرەوە و ئایدیا پەیدا دەبێت. هەنێکیش پێچەوانەی ئەمەن. مانا خۆی لەنێو سروشتدایە. لەم ڕوەوە، مشتومڕێکی فەلسەفیی لەئارادایە و بەردەوامە. بەردەوامبونی ئەم مشتومڕانە شتێکی باشە. قەتیسکردنی لەنێو نزیکایەتیی ماتریاڵیزم یان ئایدیاڵیزم، ڕاست و گونجاو نییە. ئەم دوالیزمە بەرەو هەڵە دەبات. بۆیە بیرکردنەوەی دیالەکتیکی ڕێگە لە دۆگمی وشک دەگرێت. وەک لە ناوەکەی دیارە، سودی دیالەکتیک لە دوالیزمەکەیدایە. لە زمانی ئارییەوە هاتوە. لە دیالەکتیکدا مانای "یەک" وابەستەیە بە "دو"ـەوە. "دو" وا دەکات "یەک" بەبیری مرۆڤدا بێت. لە بیرکردنەوەشدا، ئایدیا پێویستی بە ماددەیە، سوبێکت پێویستی بە ئۆبێکتە. بەم شێوەیە، بەردەوام دەبێت. ئەمە شتێکی بەسودە و دەرگایەک بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. پێچەوانەی دیالەکتیک، میتافیزیکە. میتافیزیک شێوازێکی بیرکردنەوەیە، بەڵام هێندەی دیالەکتیک سەرکەوتو نییە. دیالەکتیک سەرکەوتوترە. بەڵام پێویستە بەرەوپێش ببرێت. ئەو ڕونکردنەوەیەی سروشت کە پێشتر باسمان کرد، لەسایەی فیکری دیالەکتیکییەوە پەیدابوە. لەئێستەوە، دەپەڕمەوە بۆ سەر باسی "سروشتی کۆمەڵایەتی و کێشەکانی". بەڵێ کۆمەڵگەش سروشتێکە. پێی دەگوترێت، سروشتی دوەم. ڕاستە. بەبڕوای من، سروشتی کۆمەڵایەتی زۆر جیاوازە. تایبەتمەندیی سەرەکیی بریتییە لە نەرمیی بیرکردنەوە. لێرە باس لە بیرکردنەوە لەنێو سروشتدا ناکەم. بەڵام سروشتی کۆمەڵایەتی، سروشتێکە بە ئایدیا چنراوە. مرۆڤ دەسپێکە سیمبولیک و بیرکردنەوە زانستی و فەلسەفی و ئاینییەکانی ئەم سروشتەی داناوە. سروشتی کۆمەڵایەتی، بەرد و گیا و گیانەوەر نییە. لەسەر بناغەی بیرکردنەوە پەیدادەبێت. سروشتی کۆمەڵایەتی لەمەدا جیاوازە. کاتێک باسی کۆمەڵگەیەک دەکەیت، یەکسەر فیکر بەبیرتدا دێت. بڕوانن، ئەسینا بە کۆمەڵگەی فەلسەفی پێشکەوت. ڕۆژئاوا بە فیکری زانستی پێشکەوت. دوانەی لەندەن و ئەمستردام، دوانەی ئەسینا و سپارتا... مەسافەیەکی بۆ فەلسەفە کردەوە. فیکری ئیسلامی، وەک بەرهەمدارترین فیکری ئایینی، ئەم مەسافەیەی داخست. ئەمانە هەمویان قۆناغی جیاوازی کۆمەڵگەن. لێرەدا، کۆمەڵگەی سۆمەری لوتکەی میتۆلۆژیایە. ئەوەی وا دەکات کۆمەڵگەی سۆمەری وەها ببێتە کۆمەڵگەی یەکەم، ئەوەیە کە لانکەی کۆمەڵگەی دەوڵەتییە. وە میتۆلۆژیای سەرو، خاکی بەپیتی نێوان فورات و دیجلە بوەتە لوتکەی فیکری میتۆلۆژیی. ژیانی خودا و خوداوەندەکان زۆر کاریگەرە، ئەو چەمکانەی لێرەوە وەرگیراون، بەباشی پەرەیان پێ دراوە. ئەو چەمکانەی لێرەوە وەرگیراون، پاشان قورئانیان ئافراندوە. زۆربەی بیرۆکەکانی نێو قورئان لێرەوە وەرگیراون. زۆربەی ئایدیا فەلسەفییەکانی ئەسیناش لێرەوە وەرگیراون. لە باکور، لەوکاتەدا ئەوروپا لە قۆناغی بەربەرییەتدا بو. ئەسینا هەم فەلسەفەی زەردەشتی میدیا و هەمیش فیکری ئایینیی میسڕی وەردەگرێت. هیچ ڕۆشنبیرێک نەماوە کە نەهاتبێتە بابل. هەمویان میسڕ و بابل و میدیا و تەختی جەمشیدیان بینیوە. ئەو شتانەی وەریانگرتوە گۆڕیویانە بۆ سەنتێزێک. لەبنەڕەتدا، فیکری دیموکراسیشیان لێرە وەرگرتوە. لەسەر ئەم بناغەیە، شارستانییەتی گریک_هێلینی بنیات دەنرێت. هەروەها بەکۆمەڵگەبونی سەرەتا و کۆمۆنەی سەرەتایی هەیە، وەک لە مارکسیزمدا پێی دەڵێن "قۆناغی کۆمەڵگەی کێویی یان قۆناغی کێویی". پاشان سیستەمی کۆیلایەتی پێشدەکەوێت. پێش ئەوەی بێینە سەر ئەم بابەتە، پێناسەیەکی گشتییمان بۆ بەکۆمەڵگەبون کرد. بەڵام چۆن پێشكەوت؟ ئێوە دەزانن، پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی لە میتۆلۆژیای سۆمەریدا چۆن ڕون دەکرێتەوە. لە ئاییندا _سێ ئایینە یەکتاپەرستییەکە_ پەیدابون لە باوکە ئادەم و دایکە حەواوە، وەک چیرۆکی ئافراندن دەنوسنەوە. دەڵێن گوایە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٥ هەزار ساڵێک. مێژوییەک بەگوێرەی خۆیان دەگێڕنەوە. بەتەواوەتی پەیوەستە بە باوەڕی ئایینییەوە. زانست و فیکری ئەسینا، مەودایەکی لەمانە وەرگرت، کۆمەڵگەیەکی نوێی ئافراند و گەیاندی بە لوتکە. سەرمایەداری هەوساری پساندوە و دەڕوات. فیکری ڕۆژئاوا_سەنتەر، هەم بوەتە هەژمون و هەم بوەتە ماددە. بوەتە هێزێکی ماددیی. بەڵام لە قۆناغێکی تاریکدا دەمێنێتەوە. چییە؟ ئەم سروشتە کۆمەڵایەتییە چۆن پەیدابو؟ کێ بەدی هێنا؟ کۆمەڵگە تەنها بە کیانێک و گردبونەوەی کۆمەڵە مرۆڤێک پێکنایەت. کۆمەڵگە سیستەمی بەهاکانە کە مرۆڤەکان تێیدا لەدەوری یەک کۆدەبنەوە و شتگەلێکیان ئافراندوە، لەدەوری ئەم شتانەش کۆڵەکتیڤێکیان بنیات ناوە. هەوێنی هەمو تایبەتمەندییەکی بنیاتنەری شکڵگرتن و بونیادی کۆمەڵایەتیی، هەڵگرتن و پەرەپێدانی مانایە. ئۆبێکتبون و سوبێکتبون، هەر خودی بنیاتنانی کۆمەڵگەیە. ئەم بونەش خاوەن خەسڵەتێکی سەرئاوەڵایە. بەمانایەکی تر، کۆمەڵگە بنیات دەنرێت، هەڵدەوەشێتەوە، سەرلەنوێ بنیات دەنرێتەوە. لە ئەنجامدا، ئەوە مرۆڤە کە سروشتی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. سروشتی کۆمەڵایەتی، ئەو ڕاستییەیە کە لەدەوری جۆری مرۆڤ دروست دەبێت. گیانەوەرانیش بەکۆمەڵ دەژین، بەڵام ئەمە شتێکی ترە. خۆ گوتمان، زیهنیەتی لاساییکەرەوەیان هەیە. ئەم شتانە لای گیانەوەران لەڕێگەی پاڵنەری ناوەکی و لاساییکردنەوە پێشدەکەوێت. ڕاستە، لە مرۆڤیشدا پاڵنەری ناوەکی هەن. ئەنگێزەی لاسایکردنەوەی لە گیانەوەرەوە بۆ ماوەتەوە. توێژی هەرە نزمی مێشکی گیانەوەر ماوە. مێشکی بچوک بەرپرسیارە لە پاڵنەرە ناوەکییەکان. بەڵام فیکری میتۆلۆژی فیکری لاساییکردنەوە تێدەپەڕێنێت. ئەمەش لەلایەن مێشکی ناوەڕاستەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. لەژێر بەرپرسیارێتی ئەودا، مرۆڤ دەبێتە مرۆڤ. لەڕێگەی ئەمەوە مرۆڤ فیکری میتۆلۆژی ئافراندوە، بگرە خودی مرۆڤ بەرهەمی ئەم مێشکی ناوەڕاستەیە. بێگومان هەمویان لەنێو یەکدان. وەها بیری لێ مەکەنەوە کە توێژاڵ توێژاڵ بەسەر یەکەوە بن، وەک ئەوەی بە چەقۆ بڕابن. نەخێر وەها نییە. گەردونێکی سەیر هەیە. باشە، لە جۆری مرۆڤدا کێ بەرپرسیارە. لێرەوە، ڕۆڵی ژن دێتەپێش. شتێکی دیکەی جێی سەرنج، پەیدابونی نێر_مێیە. هەڵبەتە ئەمەش هەندێک ئاڵۆزە. من زۆر لێم نەکۆڵیوەتەوە. بەڵام ئەوەندەی دەزانم، زیندەوەرە سەرەتاییەکان، تاکخانەن. لەڕێگەی کەمە دابەشبونەوە، هەمو خانەیەک دابەشدەبێت. واتە یەک دەبێتە دو. ئێمە بەم شێوازە زۆربونە ئاشناین. هێشتا دابەشبونی نێر و مێ ڕوی نەداوە. ئەمە ملیۆنان ساڵ بەردەوام دەبێت. وەک ئەوەی سەلمێنراوە، پێش ٣٠٠ ملیۆن ساڵ، دابەشبونی زیندەوەران بۆ سەر نێر و مێ ڕویداوە. دەتوانن خۆتان باشتر لێی بکۆڵنەوە. من وەها بە خامی ڕونی دەکەمەوە، لێرەوە پێویستی بە گوزارشتی زانستی نییە. بەشێوەیەکی فەلسەفی تاوتوێی دەکەین. بۆچی دابەشبونێکی نێر و مێی وەها سەریهەڵدا؟ گوتمان، ئەمە دیالەکتیکی سروشتە. دیالەکتیک لەمە بەرپرسە. هەمو شتێکە دوانەیە. ماددە، چۆن لە وزەوە پەیدابو، چۆن تەنۆلکەکان لەیەک جیابونەوە. بەڵێ لە ئەتۆمیشدا تەنۆلکە هەن. بەبێ تەنۆلکەکان ئەتۆم پەیدانابێت. ماددە چۆن دەگۆڕێت بۆ وزە. ماددە، ئەو شتانەن کە بە چاو دەبینرێن... ئەستێرەکان ئەو وزانەن کە گۆڕاون بۆ ماددە. هاوکێشەکەی ئەنشتاین E=mc²، هاوکێشەی گۆڕانی وزەیە بۆ ماددە. گرنگی هاوکێشەکە ئەوەیە، وا دەکات بابەتەکە شیاوی تێگەیشتن بێت. بابەتی نێرینە و مێینەش، درێژکراوەی ئەمەیە. شتێک نییە لەدەرەوە یان دژی گەردون. بەردەوامیی ئەوەیە، ئیتر هێدی هێدی، لەبری دوالیزم لە بونێکدا، یەکبونی بونە جیاوازەکان پێشدەکەوێت. بونی نێر زیاتر دەبێت، بونی مێ زیاتر دەبێت، یەک دابەش دەبێت بۆ دو، هەروەها لەم دوانەش دیسانەوە یەکێتی بەدی دێت... تادێت نێرێتییەکی قوڵتر و مێینەییەکی قوڵتر پێشدەکەوێت. کەمتازۆر، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠٠ ملیۆن ساڵ. لە ڕوەک و گیانەوەرانیشدا، پێشکەوتنێکی وەها هەیە. هەندێک گیانەوەر بەگوێرەی گەرمی هەم دەبنە نێر و هەم مێ. بۆیە ئەمە شتێکی وشک و نەگۆڕ نییە، دەگۆڕێت؛ ڕاستییەکی دیالەکتیکییە. ئێوەش دەزانن بابەتی (LGBT) جێی مشتومڕێکی مەزنە. چەندین کەسی نێرەموک هەن، تایبەتمەندیی نێرینە و مێینەیان هەیە. لەڕێی نەشتەرگەرییەوە، دەبنە پیاو یان ژن. نەشتەرگەری وەها زۆر دەکرێن. ئەوە جێی سەرنجە، هیچ کەلێنێک لەنێوان ژن و پیاودا نییە کە شیاوی تێپەڕاندن نەبێت. هەڵبەتە ڕەهەندە فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەکەی زۆر جیاوازە. هەروەها ڕەهەندی ئەخلاقی و ڕەنگدانەوەی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەمانەش بە فیکری دیالەکتیکی تێدەپەڕێنرێن.
دەمەوێت لێرەدا لەسەر ڕۆڵی ژن ڕاوەستم، جیاوازی نێوان نێر و مێ بابەتێکی پەڕجوئاسا نییە، دەرئەنجامی دیالەکتیکی سروشتە، هیچ سەروەرییەکی نییە، نە (مێ)ـبون سەردەستییە و نە (نێر)ـبون پیرۆزییە، ئەم بابەتە هیچ ئەنجامێکی تایبەتی لێ هەڵناهێنجرێت، لە دەرئەنجامی دیالەکتیکی سروشتدا بون و دەشبن، ئێمە بەتایبەتی ناومان لێ نا جیاوازی، بێگومان جیاوازی نەبێت ژیانیش نابێت، واتای ژیان گرێدراوی جیاوازییە، چۆن دەکرێت مرۆڤێک هەم (نێر) بێت و هەم (مێ)؟ ئاشکرایە لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا ناتوانن بژین، یان پیاوی هێرمافرۆدیت (نێرەموک) چۆن دەبێت هەم (نێر) بێت و هەم (مێ)؟ ئەخلاقی نەریتیی کۆمەڵگا ئەو مرۆڤانە سەرکۆنە دەکات، بەڵام بەڕای من ئەمە کێشەیە، لایەنی پیاوێتی ڕەنگە بە نەشتەرگەری دەرکەوێت، یانیش بژاردەی ژنێتیی دەربکەوێت، ئێمە دەڵێین هەردوکیان بەنرخن.
سروشت، تۆ دابەشی سەر دو پارچە دەکات، تۆ دەبێت ئەم دۆخی پارچەبونە وەک دەرفەتی ئازادیی و جیاوازی ببینی، ئەم جیاوازبونە واتادارە، هەم واتای (مێیینە) و هەم واتای (نێرینە)ـشی هەیە، ئەمەش لەناو کۆمەڵگادا پەسەند کراوە، گرنگ ئەوەیە کە نەیانکەن بە دژبەری یەکتر، ئەمە دەبێتە کێشە، ئێستا کێشەی کۆمەڵگا وەها دەستپێدەکات، یەکێک دەڵێت (نێر) سەردەستە و یەکێکیتر دەڵێت (مێ)، ئەمەش لە سروشتی کۆمەڵگەییدا کێشەدارە.
سەردەستی (مێینە) بەڵێ هەندێک جار پێشدەکەوێت، با ئەمەش بڵێینەوە، لایەنێکیتریش وەک هێڵی دژبەر دەرکەوت و وتی: "نێر سەردەستە". لە ئەنجامدا کارەسات و فەلاکەتی ترسناک هاتە گۆڕێ و کێشەی گەورە دروست بو.
من گوتبوم؛ کە کێشەی کۆمەڵگا لەگەڵ سەرهەڵدانی شارستانییەتی دەوڵەت دەستی پێ کرد، بەڵام ئێستا وادیارە نەک لەگەڵ دەوڵەت بەڵکو زۆر کۆنتر، پێش ٣٠ هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دروست بوە. دەرئەنجام ڕێکخراوبونێکی پیاو کە هەرگیز لە ژن ناچێت و جۆرێک لە کەسایەتیی ژن؛ کە پێیوایە لەنێوان خۆی و پیاودا بە ئەندازەی چیایەک جیاوازی هەیە؛ پێشکەوت، سەرنج بدەن لەنێوان کرۆمۆسۆمی ژن و پیاودا جیاوازییەکی زۆر بچوک هەیە. دەرئەنجام ئەوەی کە ئێمە پێی دەڵێین زەین (فیکر)؛ تایبەتمەندی مرۆڤە و (ژن) و (پیاو)ـی بۆ نییە، تایبەتمەندییەکە کە هەمو ئەم دوانەی جیاوازییانە تێدەپەڕێنێت.
گۆڕەپانی سیاسەت؛ گۆڕەپانی سیاسیی تایبەت بە پیاوان یان گۆڕەپانی سیاسیی تایبەت بە ژنان، ئەمە شتێکی بێکەڵک و هیچە، گۆڕەپانی سیاسیی بە هەمو شێوەیەک تایبەتە بە مرۆڤ. ئێمە دەتوانین ئەمە زیاتریش فراوان بکەین، لە ئابورییەوە بگرە هەتا کەلتور و ئایین، جیاوازی لە نێوان ئایینی ژنان و ئایینی پیاواندا دروست کرا، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەمە ڕاستییەکی بنەڕەتییە، دەستەواژەی ( فکری تایبەتی ژن و فکری تایبەتی پیاو) مسۆگەر ئاماژەیە بۆ کێشە، لە کێشە واوەتر لەناو کێشەدا چەقیوە، بە ئەندازەیەک نکۆڵیکردنە لە فکری دیالەکتیکی. (فێمێنیزم) کە فکرێکی تایبەتی ژنە، لە بەرامبەریدا پیاوێتیی هەیە، لە پیاوێتیشدا فکرێکی تایبەت بە پیاو، ئەمانە دو مەیدانی پاشڤەڕۆن و بنەچەی خۆیان وشک دەکەن، وشکبونی وەها لە سروشتدا بونی نییە. دیالەکتیک لە سروشتدا گەشانەوەی خۆی لەسەر مرۆڤ بەدەردەخات، لەناو کۆمەڵگاش ژیانی جیاواز سەر پێ دەخات، ژیان جیاوازییە! جیاوازی پێناسەی ژیانە! ژیان بە جیاوازییەوە دەوڵەمەند دەبێت، دوالیزمێکی دژبەر و وشک دەبێتە خەرەند لەنێوانتاندا، لەسەر ئەم خەرەندە شەڕ دەکەن، لە پشت کوشتنی خێزانییەوە ئەم ڕاستییە خۆی دەنوێنێت، لە تێڕوانینی ئەو کەسانەی کە مەیلی ئەو تاوانانە دەکەن، وشکبونێکی بەم ڕەنگە هەیە: ژن هەر ژنە و پیاو هەر پیاوە، کاتێک ئەم دیالەکتیکەش پێش دەکەوێت، یەکێکیان خیانەت لەوی تر دەکات و یەکێکیان ئەوی تر دەکوژێت، کێشە لێرەوە سەرچاوە دەگرێت، وەک ئاماژەم پێدا ئەمە دەبێتە کێشەیەکی گەورە، دەبێت تێیپەڕێنین، لەو باوەڕەدام من لەژێر ئەم ناونیشانەدا ڕاستینەی کێشەم پەنجەنما کردوە. لە چوارچێوەی دەوڵەتدا ئێمە باسمان لە جیاوازی گوند و شار کرد، ویستمان پەیوەستی بکەین بە چینایەتییەوە، بەڵام ئەمە بەس نییە، بە جۆرێک هەتا کێشەکە لە چینایەتیش دەردەچێت، کێشەی دەوڵەت و (کۆمۆنە) هەیە، من ئەم باسە دەکەمەوە، ئەمانە هۆکاری جدین، بەڵام لە کۆمەڵگادا کێشەی سەرەکی لە ڕوبەڕوبونەوەی ژن و پیاودا دروست دەبێت. کاتێک فکری نێر و مێ چەقبەستو (دۆگماتیک) بو بەرچاو تاریک دەبێت و هیچ نابینێت، وەک ڕاستییەکی بنچینەیی ئێمە دەستپێک ئەمە لە ژندا دەبینین، لە (قۆناغی-ژنخوداوەند)ـەوە بەردەوامە، لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییەکان (ئارکیۆلۆژی) تا ڕادەیەک ئەمە نیشان دەدەن، پەیکەری (مێ-خوداوەندەکان) پێش ٣٠ هەزار ساڵ ئەزمونێکی وەها نیشان دەدەن، کە لە سەردەمێکدا بەرجەستە بوە. ئەمڕۆش لە ئۆراسیا هەتا ڕۆژئاوای ئەوروپا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەتا ئەفریقا، ئەوە سەلمێنراوە، کە سەردەمێکی وەها بەرجەستەبوە. باشە خوداوەندێتی بەواتای چی دێت؟ ئێمە پێشتر باسی ئەوەمان کردبو پێویست ناکات دوبارە گەنگەشەی بکەین، ژن هەبونێکە (دەزێت) زاین (لەدایکبون) لە ژندا ڕودەدات، لە مرۆڤدا زاین جیاوازە و دەبێت باش لێی تێبگەین، هەمو لێکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن کە زاین لە ڕوەکەکاندا ئاسانە، دابەشبونی خانەی یەکەم بە ئاسانی ڕودەدات، ئێوە زاینی حەیوان (ئاژەڵ)ـیش دەزانن، گوێرەکەیەک لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر لەسەر پێی خۆی دەوەستێت، لە هەمو ئاژەڵێکی تریشدا هەروایە، هەندێکیان کەمێک زوتر و هەندێکیان درەنگتر، بەڵام بەگشتیی بەخێوکردن و گەورەکردنیان ئاسانە، ماوەی شەش مانگێک چاودێرییان دەکەن و دواتر دەستیان لێ بەردەدەن و بەردەوامی بە هەبونی خۆیان دەدەن، بەڵام کاتێک تەماشای مرۆڤ دەکەین زاینێکی زەحمەتی هەیە و زۆر جیاوازترە، هەتا پێنج بۆ شەش ساڵان یارمەتی دایک نەبێت منداڵ ناتوانێت بژی، ٢٤ کاتژمێری ئاژەڵ بۆ مرۆڤ حەوت ساڵ دەخایەنێت، ئەمە پێویستی بە چییە؟ پێویستی بە کۆمەڵگەیەک هەیە لە دەوری بن، چونکە دیار نییە کە (پیاو) چییە؟ لە بنەڕەتدا دیاردەیەکی وەکو پەیوەندی نێوان باوک و منداڵ بونی نییە. ژن و پیاو یەکەمجار چۆن بەریەک کەوتن؟ لە مرۆڤ و ئاژەڵیش غەریزەی سێکسی هەیە، غەریزەی سێکسییش وەکو غەریزەی برسێتی وایە، غەریزە کاتییە، هێمای زیندوبونە، ئەگەر هەستی برسیبون نەبێت تێربونیش نابێت، کەواتە ژیانیش نابێت، ئەگەر غەریزەی سێکسی نەبێت زۆربونیش نابێت، کاتێک زۆربونیش نەبو ژیانیش نابێت. ئێمە لەوە تێدەگەین کە باوک کێیە؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە سەرەتا باوک بونی نییە، هەتا لەبارەی لەدایکبون و زایەندیشەوە، کە چۆنە و لەگەڵ کێ؟ هۆشیاری نییە، تەنها غەریزەیەکی هەیە.
کەلتور، بیر و هۆشیارییەک کە لە مرۆڤدا پێشکەوتوە سەرەتا لە ژندا دەستیپێکردوە، چونکە ئەوەی منداڵ دەهێنێتە دنیاوە هەر ژنە، دواتر لە ئایینە تاکخوداییەکاندا حەوا لە پەراسوی ئادەم دەئافرێنرێت، ئەم بەشە لە میتۆلۆژیای سۆمەرییەکانیش بە بەرفراوانی ئاماژەی پێکراوە، جولەکەش ئەم بەشەیان خستوەتە تەوراتەوە، لە تەوراتیشەوە گواستراوەتەوە بۆ قورئان، ئەو ژنەی منداڵی دەبێت ناچارە ئەو منداڵە بەخێو بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەمەش بکات، پێویستی بە چنینەوە و کۆکردنەوە هەیە، ئەمەش ڕەنج و تێکۆشانێکی گەورەی دەوێت، ئێمە لێرەدا باسی یەک دو ملیۆن ساڵ پێش ئەمڕۆ دەکەین. ئەمەش لە دۆڵی ئەفریقا دەستی پێ کردوە و دواتر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو بوەتەوە، کەلتوری بنەڕەتی لە دۆڵ و نەوالەکانی زنجیرە چیای زاگرۆس- تۆرۆس پێشکەوت، مرۆڤ لێرە دەبێت بە مرۆڤ و ژنیش لێرە دەبێت بە ژن.
دەمانەوێت زیاتر لەسەر ئەم پرسە بڕۆین، لە دۆخێکی بەم ڕەنگەدا منداڵ لەلایەن ژنەوە بەخێودەکرێت، چونکە ژن دەزانێت منداڵ پارچەیەکە لە خۆی، ئەو هێناویەتییە دونیا، ژن؛ چۆن ئەو کچ و کوڕانەی کە لەگەڵیدا گەورەبون دەناسێت، ئاواش منداڵ ژن-دایک و پور و خاڵی خۆی دەناسێت. بەم ڕەنگە کەلتورێک پێشدەکەوێت، لێرەدا ژمارەی ئەم کۆمەڵەیە ٧ بۆ ١٠ یان دەگاتە ١٥ کەس، بەڵام هیچ کاتێک ژمارەیان لە ٢٠ کەس تێناپەڕێت، ئەمانە پێکەوە دەبنە کڵانێک، کڵان لە مێژوی کۆمەڵگەبوندا یەکەم فۆرمی ڕێکخستنبونە، کڵان کەلتورێکە لە دەوری تەوەرەی دایک دەخولێتەوە، کاتێک ئەمە پێشدەکەوێت بۆ قسەکردنیش فۆرمی قوڕگ شکڵدەگرێت، شیمانە دەکرێت ٣٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا زمان پێشکەوتوە، واتا زمان ٣٠ هەزار ساڵ پێش ئەمڕۆ پەیدا بوە، لێرەوە زمانی ئاماژە کۆتایی هاتوە، چیتر لە زماندا دەنگ بەکارهێنراوە، لە ئەنجامدا ڕامانی میتۆلۆژیک و زمانی سیمبولیک لە کەوانەی زێڕین پێشکەوت، ئەم قۆناغەش بە پێشکەوتنێکی گەورەی کەلتوری گۆڕاوە بۆ شارستانییەت، بەم ڕەنگە گوند و شار پێش دەکەوێت، هەروەها دەوڵەت و چین دروست دەبێت، لێرەدا کۆمەڵگای سروشتی لە دەوری تەوەرەی ژن پێشدەکەوێت، لە ڕاستیدا گرنگ ئەمەیە، دەتوانین بڵێین کۆمەڵگای سروشتی هەتا سەردەمی کۆمەڵگای سۆمەریش کەلتوری زاڵە، واتا هەتا دو هەزار ساڵ پێش ئێستاش کەلتوری کۆمەڵگای سروشتی زاڵە، لەناو ئەم کەلتورەشدا بیرۆکەی خوداوەندی ژن دەردەکەوێت، مرۆڤ دەتوانێت ئەم ڕاستییە لەسەر پەیکەر و پاشماوەی پەرستگاکان ببینێت، لە داستانی میتۆلۆژی (گلگامش و بابل و ئەنوما عەلیش) ئەم ڕاستییە بەشێوەیەکی ئاشکرا باس کراوە، لەبەر ئەم ڕاستییانە وەک ناوەند و بنەمای کۆمەڵگا، دەتوانین کۆمەڵگابونی ژن بگرینە دەست، هاوکات لەم سەردەمەدا چیتر داخراوبون لە کەسێتی ژن و پیاو بە سەختی دروستبو هەروەها (دۆگماتیزم) پێشکەوت، بەهۆی پێشکەوتنی ئەم لایەنەشەوە کێشە سەری هەڵدا، لێرەدا بنەمای ئەم ڕاستییە بەشێوەیەکی بەهێز دەرکەوتوە، هەمو لێکۆلێنەوە شوێنەوارناسییەکان (ئارکیۆلۆژی)ـیەکان دەیسەلمێنن کە ڕوەک و ئاژەڵ لێرە بەخێوکراون و پەرەیان پێ دراوە، لە سەردەمی 'مارکس'ـدا ئەم ڕاستییانە دەرنەکەوتبون، هێشتا لێکۆڵینەوە لەبارەی کۆمەڵگای سۆمەرەوە نەکرابو، لەبەر ئەمە ئێمە لەم بابەتەدا ناتوانین مارکس تاوانبار بکەین، لە سەردەمی 'مارکس'دا مێژو بە قۆناغی چینایەتی دەستی پێ دەکرد، لە ڕاستیدا کێشە لە چینایەتییەوە سەرهەڵنادات، لە دەوری کۆمەڵگابونی ژنەوە پێش دەکەوێت، ئەوەندەی تێگەیشتوین ئەم کێشەیە لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵگای شارستانییەت دەهێنێت، شار دروست دەبن و لێرەشدا شوێنپەنجەی ژن هەیە، دەبینین شاری ئور هەیە، ئەم شارە دەوڵەت و چینی یەکەمە. ئورک بۆ یەکەمجار سەرمەشقی پێشکەوتنێکی بەو جۆرەیە، داستانی گلگامش ئەم ڕاستییە دەخاتە پێش چاو، لێرەدا شەڕێکی گەورە ڕویداوە و ئەم شەڕەش لە گلگامشدا باس کراوە، یەکەم داستانی مرۆڤایەتیش ئەمەیە. بێگومان لەناو ئەم دەستپێکەدا سەدان دەستپێکیتر هەیە، چین و دەوڵەت ئافرێنراوە، ئەمانە پێشکەوتن و دەستپێکی زۆر گەورە و مێژویین. لێرەدا خوداوەندی دامەزرێنەری شاری ئورک ئینانایە، هەروەها وشەی "نینا"ـش لێرەوە هاتوە، لەبەر ئەمە خوداوەندبونی ژن دەبێتە نیشانەی ئەم پێشکەوتن و ئەم ئایینە، "ئاینیی خوداوەندەکان". خوداوەندبونی ژن هێندە بەهێز و پیرۆزە، کە گلگامش لەبەرامبەریدا دەلەرزێت، لەو ڕێوڕەسمانەی کە بۆ بەرەکەت ساز دەکران، ڕێوڕەسمی زایەندیش ساز دەکرا، نوسەری میتۆلۆژیاکە ئەم هاوسەرگیرییە پیرۆزانە وەکو ڕێوڕەسمی زۆر گرنگ پێناسە دەکات، لەم ڕێوڕەسمە زایەندییانەدا ژن و پیاو دەچونە لای یەکتر، ڕۆژی دواتر پیاوەکەیان دەکوشت، لە زۆر کەلتوردا ئەمە هەیە، کاتێک پیاو لەگەڵ ژنێک مانگێک یان ساڵێک دەمایەوە دواتر پیاوەکەیان دەکوشت، دوای کوشتنی جگەریان دەخوارد، لە شارستانییەتی ئازتەکدا نەریتێکی وەها هەیە، کاتێک ئیسپانییەکانیش بۆ داگیرکردنیان چونە سەریان، بینیان لە پەرستگاکانیاندا لە ساڵێکدا هەزاران گەنج دەکرێنە قوربانی، ئەم نەریتە لە شوێنیتریش هەبوە، بەهۆی ئاینیی خوداوەندێتییەوە ئەم نەریتە پێشکەوتوە، خوداوەند لە پاش هاوسەرگیری پیرۆز؛ ئەو پیاوەی کە لەگەڵی هاوسەرگیری دەکرد دواتر دەیکوشت، ئێمە دەتوانین لە ڕوی کۆمەڵناسییەوە وەها پێناسەی ئەم دۆخە بکەین؛ خوداوەند نەیویستوە خودا شوێنی بگرێتەوە، بەشێوەیەکی ئاشکرا دەتوانم بڵێم ئەم تێزە تێزی منە، پەرتوکەکان دەڵێن: "بەهۆی هاوسەرگیرییەکەوە پیاوەکان دەکوژرێن"، بەڵام ژن نەیویستوە خودایەکی پیاو شوێنی بگرێتەوە، دەموزی خۆشەویستی ئینانا بو، بەڵام ئینانا دەیکوژێت و دەیخاتە ژێر خۆڵەوە، یاسا و بەندەکانی ئەو سەردەمە وەهان، بۆچی؟ چونکە ژن دەزانێت ئەگەر وا نەکات چی بەسەر دێت. ئێمە لە داستانی بابل ئەم ڕاستییە دەبینین، وەک دەزانرێت چوار هەزار ساڵ پێش زاین، ئینانا لە ئورک گەورەترین خوداوەندە، لەو سەردەمەدا گلگامش بۆ ئەوەی نەکوژرێت لە هەمو لایەک لە دەستی ئینانا هەڵاتوە، چونکە ئەو بەدوای نەمریدا گەڕاوە.
سەرم لێ شێواوە! مرۆڤێکی وەکو من گەر ئەم ڕاستییەی سەلماندبێت، چۆن ئەو هەمو زانا و دانایەی مرۆڤایەتی ئەم ڕاستییەیان نەبینیوە. گلگامش بەدوای چییەوەیە؟ بۆچی دەیەوێت نەمری بەدەستبهێنێت؟ گلگامش دەیەوێت گیانی خۆی ڕزگار بکات، چونکە بەگوێرەی باوەڕو ئایینی خوداوەندی ئورک زۆر کەس ڕاهیبی خوداوەندی ئورک بون، خوداوەند لەگەڵ ئەو ڕاهیبانە هاوسەرگیری پیرۆزی ئەنجام دەدا و ڕۆژی دواتر دەیکوشتن. گلگامش لە ترسی ئەمە هەڵدەهات. بۆ ئەوەی هەڵنەبژێردرێت و نەکوژرێت. بۆ خۆ دەربازکردن چەندین پلان دادەڕێژێت. بەڵام هەر جارێک دەیگرن نایکوژن. دیارە شتێکی زۆر گرنگ و نامۆ ڕویداوە. لەبەرئەوە نەکوژراوە. من هۆکاری لێخۆشبون لە گلگامش نازانم. لێکۆڵینەوەم لەوبارەیەوە نەکردوە، لە ڕاستیدا هەر لەبەر ئەم هۆکارە داستانی گلگامش دەردەکەوێت. لێرەوە جیاوازی گلگامش لەگەڵ دەوروبەری دەردەکەوێت. چۆن؟ چیتر گلگامش ناکوژرێت، لەناو کاتیگۆری کوشتن دەرکراوە. ئەمەش دەیکات بەو داستانە. چیتر لەسەر بەرد و تاتەقوڕ و زناری چیاکان دەنوسرێتەوە. قۆناغی پیاوێتیی ئەمڕۆ لێرەوە دەستپێدەکات. چوار هەزار ساڵ پێش زایین هەتا سەردەمی حکومڕانی بابلییەکان، ئیتر وردە وردە سەروەری دەکەوێتە دەستی پیاو. لێرەوە پیاو پەرستگای گەورەی ژنان دەخاتە ژێر دەستی خۆی، گلگامش بۆ ئەنکیدۆ (بە ئەگەری زۆرەوە کوردێکی سەرەتاییە لە چیا و چۆڵ دەژی) لەشفرۆشێک دەنێرێت، ئاوا بەئاسانی لەم داستانە مەڕوانن، باش سەرنج بدەن بە لەشفرۆشێک پیاوێک بەدەستدەهێنێت! کەلتورێکی بەو ڕەنگەیە، چی دەکەن؟ ژنان دەڕازێننەوە، پەرستگاش هەیە، وەک دەزانن ژنانی پەرستگا دەستەبژێرن و ژنی ئاسایی نین. بۆ نمونە لە شاری ئورک پەرستگایەک هەیە، ئێمە دەتوانین ئەم پەرستگایە بە خانەی لەشفرۆشی ئەمڕۆ وێنا بکەین. واتا پەرستگاکان دەگۆڕن بە خانەی لەشفرۆشی و ناوی لێ دەنێن "موساقەدین" ئەمە کۆمەڵگابونی پیاوە، مەگەر ئێستاش هەروا نییە؟ زۆر سەرنجڕاکێشە هەوڵیاندا لەناو ئێمەشدا هەمان شت پێشبخەن بۆ ئەوەی پەکەکە پارچە بکەن، بەتایبەت ژنی لەو شێوەیان دەنارد. ئێمە ئەو شتانەمان بە چاوی خۆمان بینی، دور نییە بەرامبەر خودی خۆشم هەمان شت کرابێت. ئەمە ڕاستییەکە و ئێستاش بونی هەیە. بەم ڕەنگە ڕێکخستن سەرقاڵ دەکەن، هەتا هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخستنیش لە دەوری ئەم دیاردەیە دەخولێتەوە. بێگومان ئەو دیاردەیە لەسەر ئەم خاکە بنەمایەکی مێژویی هەیە.
ئەنکیدۆیان لە زاگرۆسەوە هێناوە، پیاوێکی بەهێزە و هێندەی گلگامش بەهێزە، هەتا ئەگەر ئەنکیدۆ نەبێت گلگامش ناتوانێت بژی. ئەنکیدۆ شارەکان دەپارێزێت، ئەمە لە داستانەکەدا هەیە. لێرەدا زۆر پەسنی ئەنکیدۆ دراوە، کاتێک ئەنکیدۆ دەمرێت گلگامش وەک مردنی خۆی پێناسەی دەکات و دەڵێت: " چۆن مردم، ئەم بەڵایە چی بو بەسەرمدا داباری". ئەو داستانەی کە لێرە باس دەکرێت تراژیدییە، بەڵام جەوهەری داستانەکە ئەوەیە: لە ڕێگەی ژنەوە پیاوی چیایی ڕام دەکرێت، پەرستگا دەبێتە خانەی لەشفرۆشی، گلگامش چیتر دەبێتە پاشا، هەم خودایە و هەم پاشا. گلگامش بۆ ئەوەی بتوانێت سوپایەک لە پیاوەکان دروست بکات، موساقەدیمەکان واتا خانەی لەشفرۆشی بەکاردەهێنیت. بەم ڕەنگە لە کوردەکان سوپایەک بۆ خۆی دروست دەکات. پیاوە چیاییەکان دەهێنن بۆ موساقەدیمەکان و لەگەڵ لەشفرۆشەکان دەیانخەوێنن، چیتر پیاوان ناتوانن خۆیان کۆبکەنەوە، لەبەرئەمەش هەرگیز نایانەوێت بگەڕێنەوە سەر چیاکان، بۆچی؟ چونکە چیتر فێری لای لەشفرۆشەکان بون، لەو ساتەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆمان کۆمەڵگا بەوجۆرە لەڕێ دەرکراوە. بنەمای لەشفرۆشی ژن و کەوتنی پیاو لێرەوە دێت. جەوهەری داستانی گلگامش ئەمەیە!
من بۆچی باسی ئەمە دەکەم؟
ئێمە باسی کێشەمان کرد، "ژن و کێشە" ئەم ڕاستییە دەتوانرێت وەک پرسی سەرەکی بگرینە دەست. مەگەر نکۆڵی لەم ڕاستییە دەکرێت؟ هێشتا کاریگەرییەکی زۆری بەسەر ژیانەوە هەیە، پیاو چۆن بو بە پیاو؟ من باسی ئەو قۆناغەم کرد، خوداوەندی چۆن گۆڕا بۆ ئاینی پیاو؟ من دەمەوێت ئەم ڕاستییە ئاشکرا بکەم. گلگامش کابوسێک بو، ئەنکیدۆش کوردێکی سەرەتایی ڕزیو بو، من ئەمە بە هێڵێکی گشتیی دەهێنمە سەر زمان، کێ بیەوێت دەتوانێت ئەمە فراوانتر و قوڵتر بکات.
بەڵام جەوهەری ئەم بابەتە ئەوەیە، لە تەوراتیشدا ئەمە هاتوە و لە ئینجیلیشدا هەیە، (ڕاهیپ یان ڕاهیب) لە ئیسلامیشدا حەرەم هەیە، ڕێکخستنی حەرەم لە کەلتوری عوسمانییەکاندا زۆر لە پێشە، هەمان شت بۆ موعاویەش جێی باسە، مەسیحییەتیش بەهەمان شێوەیە، چەمکی ماڵ و خێزان لای جولەکە، لە تەوراتەوە سەرچاوە دەگرێت.
تەورات بکەنەوە و تەماشای بکەن، دەبینن چۆن بە ماڵەوە زنجیر کراوە، بەچاوی خۆتان دەیبینن، بێگومان ڕیشەی ئەمە لە زەردەشتەوە دەرچوە، جولەکە لە سەردەمی بابلییەکاندا ئەم تێگەیشتنە لە زەردەشتەوە وەردەگرن، بنەمای ڕێکخستنی خێزان وەها دەرکەوتوە، ژن لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە لە ماڵدا بەند دەکرێت، واتای هاوسەرگیری ئەمەیە؛ ژن بە ماڵەوە زنجیر دەکەن، بوک دەڕازێننەوە و لە ماڵدا زیندانی دەکەن. ژن گژوگیا کۆدەکاتەوە بەڵام پیاو ڕاوشکار دەکات، گیانەوەر دەکوژێت. شەڕ؛ کوشتنە، کوشتنی ئاژەڵێک تاوانە. کۆمەڵگابونێک، کە لەلایەن ژنەوە لە دەوری توخمە (گیایی) نەباتییەکان دروست دەبێت، شتێکی زۆر جیاوازە. هاوکات بۆ بەهێزکردنی ژن کوشتنی پیاو شتێکی زۆر جیاوازە، لەسەر ئەم بابەتە فراوانتر ڕادەوەستم. لێرە پیاو لە کۆمەڵگایەکی بکوژدا ڕەنگی خۆی دەبینێتەوە، ژنیش بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵگا لەسەر پێی خۆی؛ کار دەکات، لەبەر ئەمەش کەلتوری پاراستنی کۆمەڵگا، لە دەوری ژن پێشدەکەوێت، خۆی دەسپێرێت بەم کۆمەڵناسییە.
ئەو کۆمەڵگایەی کە لەسەر بنەمای جەنگ و خراپەکاری دامەزراوە کۆمەڵگای پیاوانەیە، هەمو کارێکی خۆ گەیاندنە بە زێدەبەها. مارکس ئەمە بە چینایەتییەوە گرێ دەدات، لە ڕاستیدا ئەمە زۆر دروست نییە، کاتێک دەرفەتی زێدەبەها دێتە پێشەوە، دیسان لە دەوری ژن خواردن (بەرهەم) زیاد دەبێت، پیاو هەوڵدەدات دەستبگرێت بەسەر ئەم بەهایەدا. واتا پیاو هەم ڕاو دەکات و ئاژەڵ دەکوژێت، هەم دەیەوێت دەستبگرێت بەسەر ڕەنجی ژنیشدا. لە بنەڕەتدا دەیەوێت دەستبگرێت بەسەر ژن و ڕەنجی ژندا. لە ڕاستیشدا ئەم چیرۆکە دورودرێژە وەها دەست پێ دەکات. دەیەوێت بە تیرێک چەند نیشانە بپێکێت. بونیادنەری ماڵ ژنە، ماڵ لەلایەن ژنەوە دروستکراوە. لێرە ژن منداڵی خۆی پەروەردە دەکات و کڵانی هەیە. کۆمەڵگای ژن هەیە و خۆی گەیاندوەتە ئاستی خوداوەندێتی. بە تەواوی ٣٠ هەزار ساڵ کۆمەڵگای بەڕێوەبردوە. لەلایەکیترەوە پیاو و ڕاوشکار هەیە. برایەتی نێوان پیاوان دامەزراوە، پیاو ڕاو دەکات و ئاژەڵ دەکوژێت، گەر سەرکەوتوبێت ئاهەنگ دەگێڕێت. بەڵام دەبینێت ژن گەنم، جۆ و نیسک دەچێنێت، بەم ڕەنگە بە دامەزراندنی گوندەکان کۆمەڵگای (نیۆلیتیک) پێشدەخات. ماڵ سەرپێ دەخات، بۆچی؟ چونکە منداڵی هەیە و دەبێت منداڵەکانی بپارێزێت. خاڵ و پوری هەیە، منداڵی هەیە و ئەمە کڵانێکە، ژن کڵان دروست دەکات و بونیادنەرە، چاندن (کشتوکاڵ) دەکات، داهێنان دەئافرێنێت. ئینانا لە داستانی گلگامشدا بە ئەنکیدۆ دەڵێت: "تۆ سەدان "ما"ـی منت دزی." واتا ئینانا دەڵێت: "من هونەرم ئافراند و بە سەدان ڕێکخستنم دامەزراند، کەچی ئێستا تۆ خۆت کردوە بە خاوەنیان. درۆ دەکەیت و دەڵێیت؛ من ئەمانەم ئافراندوە." من ئەم میتۆلۆژیا وەها پێناسە دەکەم و دەیبینم؛ لە دەرەوەی من، کەس تا ئێستا شرۆڤەیەکی وەها ئەنجامگیری پێشنەخستوە. هەمو کەسێک ئەم ڕاستییە قەبوڵ دەکات. من ئەم ڕاستییەم بەگوێرەی شێواز و ڕێبازی خۆم هێنایە زمان و قوڵترم کردەوە. من لە گێڕانەوەی داستانی گلگامشیشدا هەمان شتم کرد. لێرە کاتێک پیاوی ڕاوچی هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگای ژن، ئەو کێشەیەی کە ئێمە باسی دەکەین خۆی دەردەخات. پێش هەمو شتێک لە ڕحا (ئورفا) ئەگەر تەماشای شوێنەوارە مێژوییەکانی بکەن، ئەو ڕاستییە دەبینن. ئەم ڕاستییە زۆر بە فراوانی بەرجەستە بوە. پیاوی بەهێز هەمو ڕۆژێک لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە ژن دەکوژێت. من نامەوێت زۆر باسی بیرەوەرییەکانی خۆم بکەم. بەڵام پەیوەست بەم ڕوداوەوە بیرەوەرییەکم هەیە؛ لە یادمە کەرێک (گوێدرێژ)ـێکمان هەبو، بەو کەرە گژوگیا و بارمان ڕادەکێشا، تا هەنوکە ئەو زەوییەمان کە گژوگیامان لێ دەهێنا لە بیرمدایە. کێشەیەک دروست بو، من دەستم لە عەینێی خوشکم بەرز کردەوە، کە دەستم هەڵبڕی عەینێی خوشکم پێی وتم: "بەم هێزەتەوە مەگەر بەس بە من بوێریت." هەرچۆنێک بێت کەمێک لە ئەو بەهێزتر بوم. لەبەر ئەوەی کاری خۆی بە باشی ڕانەپەڕاندبو ئەو مامەڵەیەم نواند. سەیرە لەوەبەدوا عەینێی خوشکم هەرگیز هەواڵی نەپرسیم، نەهاتە سەردانم، فاتمەی خوشکم هێشتا ساغە و دەژی، بەڵام عەینێی خوشکم هەرگیز هەواڵی نەپرسیم. پەیوەندی ئەو زۆر جیاواز بو، ئاین و باوەڕێکی هەبو؟ بەتەواوی نازانم، ژیانێکی کەمێک شێتانەی هەبو، زۆر جیاواز بو. دور نییە ژیانی زۆر بە ئازار بوبێت، بەڵام من وەکو برایەک هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتم. زۆر منی خۆشنەدەویست. داخۆ ئەم دۆخە بەهۆی دەست بەرزکردنەوەم لێی پێشکەوت؟ من ئەمە باش نازانم، بەڵام لەسەر ئەمە ڕادەوەستم، لێکۆڵینەوە دەکەم، ئێستا دۆخی هەنوکە وەهایە، پیاو کەی بیەوێت و توڕەببێت، ژن دەکوژێت. ئەمڕۆ چیتر گوند و شاریش وای لێ هاتوە. ئورفا و ئیستەنبوڵیش وەهایە، ڕەنگە لە ئیستەنبوڵ زیاتر بێت. ئێستا کێشەی خێزانیی کێشەی سەرەکییە. بە ڕای من سەرچاوەی ئەم کێشەیە هاوسەرگیرییە. لەبەر دەستگرتنی هەڵە بە هاوسەرگیری ئەمڕۆوە، ئەم کێشانە ڕودەدەن. خێزانی پیرۆز چیرۆکە! هیچ خێزانێکی پیرۆز نییە، بەم ڕەنگە ژن دەخەنە ژێر کۆیلایەتییەکی گەورەیەوە. لەبەر ئەمە چیتر ژیانێکی وەها پەسەند ناکات، دەتەقێتەوە و پیاویش لێیدەدات و دەیکوژێت. ڕۆژنامەکان پڕن لەم هەواڵانە، لەناو هەزار ژندا یەک ژن لە پیاو نادات. کەچی لەناو هەزار پیاودا ٩٩٩ـی لە ژن دەدات. کێ دەتوانێت نکۆڵی لەمە بکات؟ هەمو شتێک ڕونە، دەبێت مرۆڤ ڕاست نزیک ببێتەوە، ئەو کێشەیەی کە ئێمە باسی دەکەین وەها خۆی دەردەخات. واتا ئەم کێشەیە لەبەر چینایەتی سەرهەڵنادات. لە پەیوەندی ژن و پیاوەوە سەرهەڵ دەدات. ئەمە کێشەیەکی بنچینەییە، ئێمە لە داستانی گلگامش و کۆمەڵگای سۆمەردا ئەم ڕاستییەمان بینی، دواتر لە پێشکەوتنی (دەوڵەت، شار و چین)ـدا پەرەسەندنی ئەم کێشەمان بە شێوەیەکی بەهێزتر بینی. لە تەوراتدا هەیە و لە قورئانیشدا زۆر نمونەی وامان هەیە، دور نییە سەرداپۆشینی شوێنەواری خرابەڕەشک (گۆبکلی تەپە)ـیش کاری پیاوان بێت، بەڵام بۆ ئەمە ناتوانم بە مسۆگەری شتێک بڵێم، من لەسەر ئەم باسە پێشبینی بەرژەوەندیخوازانە ناکەم. خرابەڕەشک کەلتورێکی فراوانە، لەنێوان دیجلە و فوراتدا، ٢٠٠ پاشماوەی مێژویی هەیە، لە شوێنەواری کاراهانتەپە (گردی کەچەڵ) سەروەری پیاو بە ئەندامی زایەندی نێرینە نیشان دراوە، پەیکەری وای هەیە، لە میسر بگرە هەتا هیندستان، پەیکەری هاوشێوەی بڵاوبونەتەوە. سەروەری نوێی پیاو لەڕێگەی ئەم پەیکەرانەوە نیشان دەدرێت. بەڵام پێش ئەمە ڕێک ٣٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵگابون لە دەوری ژن پێشدەکەوت، داهێنانێکی زۆر دەکرا، ڕوەک و گیانلەبەری میزۆپۆتامیای سەرو زۆر دەوڵەمەندن، هەمو جۆرێکی گیای لێ دەڕوێت، دەوروبەری قەرەژداخیش لە ئورفا وەهایە، چاندنی گەنم و جۆ لە دەوروبەری قەرەژداخ پێشدەکەوێت. بزن و مەڕ لێرە بەخێوکراون، لەم ناوچەیە بارانێکی باش دەبارێت، کە لە ناوچەکانیتری دونیا زۆر کەم دەبینرێت، لێرە خاک و باران زۆر بە باشی یەکتر تەواو دەکەن. لەبەر ئەمەش گژوگیا و گیانلەبەرێکی زۆر دەرفەتی ژیانیان هەیە لێرەدا، مرۆڤ لە ئەفریقاوە دێن و لێرە کۆدەبنەوە، ڕوەک و گیانلەبەرێکی زۆر هەن، هەم بۆ کۆکردنەوە و هەم بۆ ڕاوکردن دەرفەتی زۆر گەورە هەیە. لەبەر ئەمەش لەم ناوچەیە کۆکردنەوە و ڕاوکردن پێشدەکەوێت، یەکێکیان بە ڕۆڵی ژن و ئەوتریان بە ڕۆڵی پیاو پێشدەکەوێت، لە ئەنجامدا ڕوبەڕوبونەوە دروست دەبێت، لە دەستی پیاوی ڕاوچیدا چەک هەیە و شەڕ بە بەردی گڕکان و بەردی چەخماخ دروست دەبێت. ئەم چەکە هێشتا لە دەوروبەری خرابەڕەشکێ هەیە، بازرگانی بە بەردی گڕکانییەوە دەکرێت، بازرگانییەکی گرانبەهایە. لە بنەرەتدا بەردی گڕکان چەکە، ڕۆڵی چەقۆیەکی تیژ دەبینێت. پیاو بەم چەقۆیە هەمو کەسێکی بڕیوە، ژن لەبەر ئەمە تێکچوە. کاتێک لە دەستی گروپێکی بچوکی پیاوان چەقۆی بەردی گڕکانی هەیە، ڕوبکاتە هەرکوێ دەبڕێ و دەکوژێت. منیش خاڵی خۆمم زۆر خۆشدەوێت و لای من زۆر بەنرخە، پور (خوشکی باوک)ـم ناناسم بەڵام پورەکانم (خوشکەکانی دایک)ـم باش دەناسم. لە کۆمەڵگای دایکسالاریدا خاڵ وەک برای دایک لە ناو کڵاندا زۆر کاریگەرە. بەم ڕەنگە تایبەتمەندی کۆمەڵگای دایکسالاری دەپارێزرێت. لەو شۆڕشەی پێشدەکەوێت، کۆمەڵگای دایکسالاری گورزێکی گەورە دەخوات. هەم بەهاکانی لێ دەسێنرێت، هەم منداڵەکانی بە کچ و کوڕەوە وەک کۆیلە کاریان پێ دەکرێت. ژنیش بە هاوسەرگیری پیرۆز پیاو دەکوژێت، لێرەدا وەک داستانی گلگامش پیاو دەکوژرێت. کرۆکی ئەم ڕێوڕەسمە شتێکی زۆر خراپە. تەنانەت ئەگەر پیاوەکە خۆشەویستی ژنەکەش بێت لە پاش هاوسەرگیری پیرۆز پیاوەکە دەکوژرێت. بۆچی؟ چونکە ژنەکە دەزانێت چی بەسەر دێت، بۆ ئەوەی بتوانێت پێش بەو کارەسات و فەلاکەتە بگرێت، پیاوەکە دەکوژێت. جەوهەری ئەم بابەتە ئەوەیە، ئەمە دەبێتە ماتریاڵیزمی مێژویی، فکری هەرە باش کە ئێمە بتوانین لە مارکسیزمەوە وەریبگرین ئەمەیە، ماتریاڵیزمی دیالەکتیکی وەها پێناسەی دەکات، بەڵام پیاویش لە کۆمەڵگای سۆمەردا کۆتایی بە حکومڕانی ژن دەهێنێت، لەگەڵ کۆمەڵگای سۆمەر ئیتر سەروەری پیاو دەست پێ دەکات و بە کۆیلەکردنی ژن ئەم قۆناغە تەواو دەبێت. ئەم بابەتە لە داستانی بابل و داستانی ئەنوما عەلیش هەیە. ئەگەر ئەم داستانانە بخوێننەوە شتی زۆر گرنگ دەبینن. کۆمەڵگای عیبرانی ناوەڕۆکی ئەم داستانانە وەکو ئاین ساز دەکات، کۆمەڵگای عیبرانی تەوراتیان لە داستانی ئەنوما عەلیشەوە وەرگرتوە و تێکەڵی تەوراتیان کردوە، ئەم داستانە لە کۆمەڵگای عیبرانیدا بەناو گۆڕان و گۆڕینەوەدا تێدەپەڕێت، ئەم گۆڕانکارییە هەم ماددیی و هەم مەعنەوییە. وەک واتا و ناو، مرۆڤ دەتوانێت بەم گۆڕان و گۆڕینەوەیە بڵێت تەورات. لە تەوراتیش ئینجیل و لە ئینجیلیش قورئان دەردەکەوێت. کەس ناتوانێت نکۆڵی لەم ڕاستییە بکات. دەرئەنجام لە ماڵدا ژن بەندکردن هەیە، پیاویش ئەندامی زاوزێی نێرینەی خۆی پیرۆز دەکات. بۆ ئەم بابەتەش زەردەشت پاڵپشتێکی گەورەیە. هێشتا لە هیندستان ئەمە بەرجەستەیە، بەڵام پێش ئەمە ژن خوداوەندە، ئەوەی کە گرنگە ئەمەیە. پیاو دەڵێت: ئەندامی نێرینەی من خودایە و تۆ دەبێت بۆ من بۆ ئەندامی نێرینەم کڕنوش ببەیت. لە ڕاستیدا بەم جۆرە چوەتە ناو پەرتوکەکانەوە. لە تەوراتدا ئەم ڕاستییە بە ئاشکرا باسکراوە. لێرە لە ڕوی چەمکەوە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، واتە وەک چەمک گرنگە. لە پاش پەیوەندییەکی بەم ڕەنگە چیتر لە دۆخی هەنوکەییدا گۆرانکاری دروست دەبێت.
وەکو دەرئەنجام ئایین پێشدەکەوێت، ئێستاش بەو ڕەنگەیە، بەم بۆنەیەوە ئێمە نەخۆشی مۆدێرنی ڕۆژئاواش بخەینە بەرچاو، لە پاش ئەم قۆناغە، چیتر قۆناغی موڵکایەتی دەست پێ دەکات. بێگومان ئەم بیردۆزییە کە ژن بە ماڵەوە زنجیر دەکات زۆر ترسناکە، دەبێتە کێشەیەکی گەورە، منیش پەنجەنمام کرد، لەناو کۆمەڵگادا کێشە وەها سەرهەڵدەدات. کێشەی بنەڕەتی کۆمەڵگاش ئەمەیە، لەگەڵ خۆیدا چین و دەوڵەت دەهێنێت. لە ڕاستیدا هەمو ئەمانە پیاو دەیکات. پیاو شۆڕشی ئەرستۆکراتی دەکات، شۆڕشی بورژوازی دەکات، بەڵام هەمو ئەمانە لەسەر بنەمای کۆیلەکردنی ژن دەکرێت. کاتێک پیاو دەبێت بە دەوڵەت چیتر هیچ شتێک ناتوانێت پێشی پێ بگرێت. دەوڵەت هێزی بێکۆتایە، لەسەر دەوڵەت شوێنپەنجەی پیاو هەیە، بنەمای ئازادیی ژن ئێمە خستمانەڕو، ئەمە چۆن دەتوانێت پێشبکەوێت؟ من لەبەرامبەری ژندا وەکو ڕێزێک ئەمەی وت: "ئازادیی سەرەتا لە فیکردا دەست پێ دەکات" ژن چۆنی دەوێت با ئاوا بژی. هەڵبەت گەر هێزتان هەبێت دەڵێن: دەست لە ژن و پیاو بەردە، با بەیەکتر شاد بن و ببن بە خۆشەویستی یەکتر، گەر ئێوە بتوانن ئەمە بکەن من هیچ ئاستەنگییەک ناخەمە پێشتان، بەڵام ئەوکاتە نابمە بەرپرسیار لەو شتانەی ڕودەدەن. من تەنها دەتوانم پەنجەرەی ئازادیی بکەمەوە، بەڵام تۆ لێی دەنۆڕیت هەمو لایەک گیراوە، تۆ ڕو لە هەر پیاوێک بکەیت و بتەوێت لەگەڵیدا هاوسەرگیری بکەیت، ڕوبەڕوی هەستێکی زۆر بەهێزی موڵکایەتی دەبیتەوە. واتا هێشتا لە یەکسانیی زۆر دورن. مسۆگەر تۆ لە شوێنێکدا گورزی پیاو دەخۆیت. ئێوە واز لە یەکتریش بهێنن چۆن دەژیت؟ ئەو ژنەی کە ئابوریی دامەزراندوە ئەمڕۆ ناچاری نانێکە، چاوی لە دەستی پیاوە، پیاو کار نەکات ژن برسی دەبێت، لە کاتێکدا ئابوری بەدەستی ژن دامەزراوە. ئێوە دەزانن وشەی (ئیکۆنۆمی) وشەیەکی هێلینییە؟ بە واتای (بژێوی خێزان) دێت، وشەکە بە واتای کاری ماڵ و زانستی ئابوری ماڵ دێت، ئەمەش کاری ژنە. بەم دواییانە ژن بە تەواوی لە ئابوری دابڕینرابو، باشە، ئەی ئێستا لە دەستی ژندا ئابورییەک هەیە؟ نا نییە. ئێستا ئابوری لە دەستی پیاو و کۆمپانیاکاندایە، کاتێک من ئەمە دەڵێم هەموان سەراسیمە دەبن، ژانژاک ڕۆسۆ لەسەر ئەم ڕاستییە وەستاوە، هەروەها ئادەم سمس لەمبارەیەوە هەڵوەستەی هەیە، ئەوەی کە ئابوری دەخاتە بن دەستی پیاو ڕۆژئاوایە. لە چاخی ناوین و یەکەمدا ئابورییەکی بەهێز لە دەستی ژندا بوە. بەڵام سیستەمی سەرماداری ئەم دەرفەتەی بەتەواوی لەباربرد، هەمو شتێک کەوتە دەستی کۆمپانیاکان، پارە و کۆمپانیا و سیستەمی ئابوری لە دەستی پیاودایە، قورسایی ژن بەسەر پارە و ئابورییەوە نەماوە. واتا لەم سۆنگەیەوە ژن بەتەواوی بە پیاوەوە گرێدراوە. پارە و تەکنیک و زانست لە دەستی پیاودایە، باشە لێرەدا پێگەی ژن چییە؟ من ئەم دۆخە بەو بولبولە وێنا دەکەم، کە لەناو قەفەسدا دەخوێنێت، یانیش کەرەستەی جوانکاری ماڵ بۆ پیاو. ئێستا نەک تەنها جەستەی ژن، بەڵکو لە پرچی ژنەوە بگرە هەتا نینۆکی، لە ڕۆحییەوە بگرە هەتا دەنگی هەموی دەبێتە بابەتی بازاڕیکردن و بازرگانیی. کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت، مەگەر ڕێکلام لەسەر جەستەی ژن بەڕێوەنابرێت؟ ئەمە شتێکی زۆر خراپە. خاوەندارێتی لە جەستەی خۆتان بکەن، ئەو جەستەیەی کە بەتەواوەتی لەلایەن پیاوەوە کۆنترۆڵ دەکرێت جەستەی ئێوەیە، ئێوە چی دەکەن؟ هەمو سنورەکانت، هەمو ژیانت لەلایەن پیاوێکەوە دیاری کراوە، گەر پارە نەدات تۆ برسی دەبیت، نامەوێت ئەو وێنەیە بە وتەی جیاواز سەختتر بکەم، ئەمانە هەموی ڕویداوە، من چیم وت؟ وتم سۆسیالیزم بە ئازادیی پێکدێت، مارکس لەپێناو ئەوەی کە بتوانێت لەگەڵ هاوسەرەکەی بژی جلەکانی خۆی دەفرۆشت. گرنگترین پەرتوک لەلایەن مارکسەوە دەربارەی سیستەمی سەرمایەداریی نوسراوە. پیاوێکی وەها لەبەر ئەوەی بژێوی خێزانەکەی پێ پەیدا نەدەبو، جلەکانی خۆی دەفرۆشت. خۆی دەڵێت: " لەپێناو بژێوی ژیانمان ئەم پەرتوکە دەنوسم، تا بتوانم پڕۆسەی هاوسەرگیرییەکەم لەسەر پێ ڕابگرم." ئێستا ئەگەر دامەزرێنەری سۆسیالیزم وابڵێت ئێمە چی بڵێین؟ خودا دەزانێت چی بەسەر ئێمەدا دێت، چما مارکسیزم وەها دەبێت؟ بەداخەوە وەهابو ئێمەش کڕنوشمان بۆی برد. وەکو پێغەمبەرێک تەماشامان کرد. ئێستا دەمانەوێت ئەم دۆخە تێپەڕێنین، ئەمە دۆخێکی خراپە، لە ڕاستیدا کۆتاییان بە ژن هێناوە. ئەمە لە لینین و ماو و ستالینیشدا وەها بو، ژن لەبەر ئەو ترسەی هەیەتی ناتوانێت بژی، لەم بوارەدا لینین تێکۆشانێکی گەورەی نیشاندا. من ئەو تاوانبار ناکەم، ستالینیش ژنی دەخستە پشت دەرگاوە، دەیکرد بە موڵکی پیاو، یانی نەیکوشتوە بەڵام لە مردن خراپتری بەسەردا هێناوە. دەمەوێت ئەوە بڵێم من ئەو پیاوێتییەم کوشتوە. ئەو مەیل و خواستەش لە مندا هەبو، من ئێستا وتم: "لەبارەی ئەم بابەتەوە ئەزمونم هەیە، نزیکترین هەڤاڵی خۆم داوای لێم دەکرد بیکوژم! من لە بەرامبەری ئەودا بە تەدبیر بوم، من ڕێک ١٠ ساڵ لەگەڵ ئەودا شەڕم کرد. بەڵام بە تەدبیر بوم. هەڵاتنی ئەو بۆ من بو بە ڕزگارییەکی گەورە. بەو ڕەنگە لەسەر پێ مامەوە، یەکێک لە تایبەتمەندییە جەوهەرییەکانی منیش ئەمەیە. کەچی ئەم پەیوەندییەی من هەڵە دەبینرێت، دەڵێن: "ژنی ئەو پیاوە هەڵات." بەڵام من وەهای نابینم، من وتم: " لە پاش ئەو ڕزگاربوم." چونکە لە دوای ئەو پەیوەندییەوە من ڕزگاربوم. گەر وا بڵێم دور نییە هەموان پێم پێبکەنن. بەڵام زۆر ڕاشکاوانە دەیڵیم ڕزگاربوم. لە ڕاستیدا من لە نەریتێک ڕزگارم بو، لە کێشەیەکی جەوهەری دەرچوم. گەر من ژن بکوژم چی ڕودەدات؟ دەبمە جانەوەر، لە جانەوەرێکیش سۆسیالیست دروست نابێت. ستالین دەیتوانی بیکات، بەڵام من نایکەم! ئەمە هەڵەیە، ئێوە ژنە بێ هاوسەرەکان بۆ من کێشەیەکی گەورەن، باشە سودی ئەمە چییە؟ هیچ نەبێت ئێمە دەرفەتی بیرکردنەوەی ئازادمان پێ داون، بەڕای من دەرفەتی بیرکردنەوەی ئازاد زۆر گرنگە. ئەوەی کە مرۆڤ دەکات بە مرۆڤ بیرکردنەوەی ئازادە. تا رادەیەک ئەمە لە سوقراتیشدا دەبینرێت، فکری ئازاد لای ئەو بە هاوسەرگیرییەوە بەستراوەتەوە. ئەوەی کە منی لەسەر پێ هێشتوەتەوە فکری ئازادە. ئێوەش مەگەر بەوجۆرە بتوانن لەسەر پێ بوەستن. ئەگەر فکری ئازادییان لەدەستی ئێوە وەرگرت ئەوا کۆتاییتان پێ دێت. لەبەر ئەوەی، مەگەر تەنها لەسەر ئەم بنەمایە سۆسیالیزمی نوێ پێشبکەوێت. مەگەر تەنها لەسەر ئەم بنەمایە لە ئێوەدا کوردی نوێ و ناسنامەی کوردی نوێ پێشبکەوێت. ڕەخنەمان لەسەر شارستانییەت و مۆدێرنیتە و کۆیلایەتی تادێت قوڵتر و بەهێزتر دەبێت، هیچ نەبێ دەتوانین لە ئاستی کەسایەتییدا ئەم کێشانە تێپەڕێنین، لە ئاستی بەکۆمەڵبون و فرەڕەنگیشدا پێشکەوتن هەیە، بەڕای من گەورەترین پشتیوانی بۆ سۆسیالیزم ئەمەیە. من وەکو سەرەتا لەسەر بنەمای "کێشەی ژن و کۆمەڵگابونی ژن" ئەمەم بەرباسدابو.
٣- دوالیزمی دەوڵەت و کۆمۆن لە کۆمەڵگەی مێژوییدا
دەبێت لە ماتریاڵیزم و مێژودا لە جێی شەڕی چینایەتی "کۆمۆن" دابنرێت. بێگومان ئەمە تەنها نزیکایەتییەکی ڕاست نییە، بۆ ئەوەی بتوانین دەربازی سۆسیالیزم ببین، چالاکی و فکری ئازاد لە زانستی کۆمەڵناسییدا تەندروستترین ڕێگاکانە. پێناسەی ماتریاڵیزمی مێژویی و سۆسیالیزم نابێت لەسەر شەڕی چینایەتی بێت، لە جێی ئەوە پێویستە ماتریاڵیزمی مێژویی و سۆسیالیزم خۆی بسپێرێت بە دوالیزمی دەوڵەت و کۆمۆن، من ئەم نزیکایەتییە بە ڕاستتر دەبینم. یانی مێژو لەسەر شەڕی چینایەتی بونیادنانرێت؛ ناکۆکی و پێکدادانی نێوان دەوڵەت و کۆمۆن شێوە دەدەن بە مێژو. بەهۆی ئەم تیۆری چینایەتییەوە، سۆسیالیزمی بنیاتنراو ڕوخا، تەنانەت پێویستی بە ڕەخنەکردنیش نییە. بەڵام هۆکارێکی بنەڕەتی ڕوخاندنی سۆسیالیزمی بنیاتنراو ئەمەیە. باشە لێرەدا واتا دوالیزمی دەوڵەت و کۆمۆن چییە؟ ئەمە چەسپاندنێكی زۆر بەنرخە. ڕەنگە لایەنێکی ئەمە زانراو بێت، بەڵام هێشتا بە سیستەم نەکراوە. لێرەدا من ئەم فکرە بە سیستەم دەکەم، فکرێکی سیستەماتیک پێش دەخەم. دەمەوێت ماتریاڵیزمی مێژویی لەسەر بنەمای دوالیزمی ئەم دو چەمکە بونیاد بنێم. وا بیر دەکەمەوە کە خۆمان بگەیەنین بە ئەنجامێكی زۆر بەهادار. ئەمەش بەمە دەسپێرم: لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە ڕوداوێکی کۆمیناڵە. لەسەرەوە پێناسەی کڵانم کرد. ئەمە کۆمەڵگەبونە. کۆمەڵگەبون لە کۆمۆنەوە سەرچاوە دەگرێت. کڵان کۆمۆنەیەکی سەرەتاییە. ئێستا با لەسەر وشەی "کۆمۆن" بوەستین؛ چونکە دەبێت لەسەر کۆمەڵگەبون قسە بکەین، دیسان هێندەی ئێمە دەیزانین دەبێت لە گۆڕەپانی میزۆپۆتامیا لەسەر پێشکەوتنە کەلتوری، دەرکەوتنی کۆمەڵگەی سۆمەرییەکان ڕابوەستین؛ یانی دەبێت پێشکەوتنی دەوڵەت، شار، موڵکییەت و چینەکان بکەینە باسی خۆمان، پێویستە سەرەتا لەسەر دەوڵەت و کۆمۆن بوەستین. باشە کۆمەڵگەبون لە کوێیاندایە؟ کۆمەڵگە بنەمای ئەم کارەیە. چونکە ٤٠٠٠ ساڵ پێش زاینی، فۆرمی کۆمەڵایەتی کڵان بو. ئێمەش پێی دەڵێین هۆز یان عەشیرەت. عەشیرەتیش لە یەکێتی کۆمۆن پێکدێت. هۆز کۆمۆنێکە. هێشتا خانەوادە پێشنەکەوتوە. لە بنەڕەتدا مانای خانەوادە و هۆز لێک جیانین. یەک واتان. نە هۆز و نە خانەوادەش بەوشێوەیە لەیەک جیانەبون. بەپێشکەوتنی نیۆلۆتیک پێشکەوتنێکی گرنگ ڕودەدات. پێشکەوتنی هۆز زیاتر گرێدراوە بە نیۆلەتیکەوە. پێش نیۆلەتیک هۆز بونی نەبو و کڵان هەیە. لە زمانی کوردیدا "کۆم" [گروپ] هەیە. ئێمە بەمشێوەیە باشتر دەتوانین لە کۆمۆن تێبگەین. یانی کۆمۆن بە واتای "کۆم" و "کۆبونەوە" دێت. هێشتا ئەم وشەیە بەکاردەهێنین. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە زمانی ئارییش لەمەوە سەرچاوەی گرتوە. بەلایەنی کەمەوە مێژوەکەی ١٠ هەزار ساڵە. بۆیە ئاشکرایە کە زمانی ئاریەنی لە دەوروبەری ئەم کۆمۆنە دروستبوە. لە کوریدا وشەی "کۆم" ئەم ڕاستییە نیشان دەدات. داڕشتن و زیادکردنی وشەکان ئەم ڕاستییە نیشان دەدەن. "کۆماگەنە"ـش وەک ناوی دەوڵەتێک خۆی نیشان دەدات. لێرەدا دەبینین کە دەوڵەت سەرۆک هۆز پێش دەخات. ئەندامەکانی هۆزیش کۆمۆن پێش دەخەن. لە بنەڕەتییشدا ئەوە ڕاستییەکەیە. زۆری ئاسانە. من بەدواداچونێکی زۆریشم نەکرد، مارکس بەمانە دەڵێت دۆزینەوەی زانستی، ئەمانە چیرۆکن. پێشکەوتنێکی لەو شێوەیەیە لە چینی کرێکاراندا نییە. تێگەشتن لەو بابەتە ئەستەم نییە. ئەوەی کە باڵادەستی خۆی لەسەر هۆز ئاوادەکات دەبێتە دەوڵەت، ئەندامەکانیشی دەبن بە کۆم (گروپێک)، دواتر ئەمە وەک خانەوادە بەردەوام دەبێت. ئەوانەی سەرەوە دەبنە دەوڵەت، خانەدانی پێشدەکەوێت. ئەوانەی لە خوارەوەشن دەبنە ژێردەست. گەر دەوڵەت دروست ببێت ئەوا هۆزە ژێردەستەکانیش دروستدەبن. جیاوازییەکان بەوشێوەیە دەستپێدەکەن. من ئەوەی کە مارکسیزم سەبارەت بە پرۆلیتاریا وتویەتی زۆر بە ڕاست نازانم. ڕاستە، پەیوەستە بە شۆڕشی پیشەسازی، چینی کرێکاری، بورژوازییەوە هەیە، بەڵام ئەمە پەیوەندیی بە پێشکەوتنێکی ٥٠٠٠ ساڵەوە هەیە. بورژوازیی، پرۆلیتاریا-چینی کرێکار لە بابلییەکانیشدا هەیە، لە سۆمەرییەکان و ئاشورییەکانیشدا هەیە. لە ئەسینا و ڕۆماشدا هەیە. دواتر دەربازی ڕۆژئاوای ئەوروپا دەبێت. ئەمە ئەوروپای داهێناوە. هەندێکیان فراوانتریان کردوەتەوە، هەندێکیانیش کردویانە بە سیستەمێکی هەژمونی. بەناوی سەرمایەداری لەناوبەر و هەژمونی پێشدەکەوێت. ئەم هەژمونییە بە هەمو جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. ئەم پێشکەوتنە لە کۆمەڵگەی سۆمەرەوە سەرچاوەدەگرێت، یانی سەرچاوەکەی سۆمەرە. ئەمە چیرۆکی دەوڵەتدارییە، دەوڵەت وەک دەوڵەتی کۆیلایەتی، دەوڵەتی دەرەبەگ و دەوڵەتی سەرمایەداریی جیا دەکرێنەوە. نابێت بەمشێوەیە شرۆڤە بکرێت، لێرەدا ئەوەی گرنگە کۆمۆنە. لەم مێژوەدا کۆمۆن لە کوێیە؟ مارکسیش بەهۆی کۆمۆنی پاریسەوە زۆر هەڤاڵی خۆی لەدەستدا. باس لەوە دەکرێت ١٧ هەزار کۆمۆنار دەکوژرێن. لەسەر ئەم لەدەستدانانە هەڵسەنگاندنێکی هەیە بە ناونیشانی "کۆمۆنی پاریس" دەستبەرداری سەرمایەداریی دەبێت. لەبەر ئەوەی پێشبینییەکانی گورزی گەورەیان بەرکەوتبو. لە ڕوانگەی منەوە مارکس لە ناخەوە توشی شکاندن بوە. بۆیە ڕودەکاتە کۆمۆن و کاری لەسەر دەکات. لێرەدا زۆر بانگەشەی چینایەتی ناکات، زیاتر چەمکی کۆمۆن بەکاردێنێت. کرۆپۆتکین ڕەخنەی لینین دەکات، دەڵێت "سۆڤییەتەکان مەروخێنە". لە بنەڕەتدا سۆڤیەت و کۆمۆن هەمان واتان. بەڵام لینین بە پرۆگرامی سیاسەتی نوێی ئابوری (NEP) ڕو لە دەوڵەت دەکات. ستالینیش ئەم کێشەیە قوڵتر دەکاتەوە. لە کاتەکانی دوایدا چەمکی دیکتاتۆریش لەلای مارکس سارد دەبێتەوە، نایەوێت بەکاریبهێنێت. ڕو دەکاتە چەمکی کۆمۆن. دەوڵەت و کۆمۆنیش لەیەکدی جیا دەکاتەوە، بەڵام ئەم جیاکردنەوەیە زۆر بەرفراوان ناکاتەوە. لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین کە ماتریالیزمی مێژویی خۆی دەسپێرێتە شەڕی چینایەتی، لەسەر بنەمای دوالیزمی کۆمۆن و دەوڵەت شکڵ دەگرێت، هەمو مێژو بەمشێوەیە جوڵاوەتەوە. بەتایبەت مێژوی نوسراو. بە سۆمەرییەکان بنەمای خۆی دروستکردوە، ئێستا لە ڕۆژئاوادا لە ئاستێکی هەرە بەرزدایە. ئێستا شارەوانی بە مانای کۆمۆنە. بەڵام بێ ناوەڕۆک کراوە. ئێستا دەوڵەت قەیوم لەسەر شارەوانییەکانمان دادەنێت. کەسیش ناڵێت تۆ بۆ وا دەکەیت. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە بێناوەڕۆک کراوە. ڕوداوی تاڤشانتەپە پەیوەندیدارە بە هۆزەوە. کەلتوری دەستدرێژیکردنەوە سەر ئەو منداڵە بچوکە وەک کۆمەڵکوژییەک بو. ڕوداوێکی سیمبولییە بەڵام زۆر گرنگە. ئەمە هێمای کەلتورێکە. "مەلا گۆران"ـیش خانەوادەیەکی مەلایە. بەشداری فەتحکردنی ئەستەبوڵ بون. خانەوادەی گۆرانیش لە خانەوادەیەکی لەو شێوەیەوە دێت. بارودۆخی خەماویی خانەوادەی مۆڵاش لەبەرچاوە. بۆیە چەمکی کۆمیناڵی لە سەردەمی نوێدا دەبێتە دەست و پێی سۆسیالیزمی ئازادیی. ئێمە لە چواردەوری ئەم بابەتە گفتوگۆ لەسەر سەردەمی نوێ دەکەین و بەرجەستەی دەکەین.
چەمکی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی، لەهەمان کاتدا دەبێتە هەڵسەنگاندنی کۆمۆن. کۆمۆن بە چەمکی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسیی ڕوبەڕوی دەوڵەت دەبێتەوە. زمانی سەردەمی نوێی ئاشتیش بە سیاسیی دەبێت. ئێمە ئازادیی کۆمۆن بپارێزین. بۆخۆی ئەو ناوەی لەسەرە؛ ئێمە زمانی دەوڵەتپارێزی دەست لێبەردەین. دەست لە ئەو چەمکانە هەڵدەگرین کە گرێدراوی دەوڵەت نەتەوەن. چەمکی ئەخلاق و سیاسەت بۆ کۆمۆن بە بنەما بگرین. ئێمە بەمەمان وت کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسیی. ئێستا حقوقێک هەیە، یاسای شارەوانی هەیە، دەبێت ئەم یاسایە گەشەی پێبدرێت. پێیویستە ئەمە لە یاسادا هەبێت، ئێمە گۆڕانکارییەکی لەوشێوەیەمان بوێت. شەرت و ڕێبازێکمان هەبێت. گەر بەشێوەیەکی زانستی بیهێنینە سەر زمان، ئەوا دەتوانین پێی بڵێین ئازادیی کۆمۆن. ئێمە ببینە کۆمینالیست، لە جێی چینایەتی ئێمە جێی کۆمۆن بکەینەوە. شارەوانییەکانیش هێشتا کۆمۆنن، لەلای ئێمەش کۆم هەیە. مەگەر لەلای ئێمە سیاسەت و ئەخلاق نییە؟ بێگومان هەیە. هەر بۆ خۆی کۆمۆن بە ئەخلاق زیاتر بەڕێوەدەچێت وەک لە یاسا. لەلایەکی دیکەوە کۆمۆن دیموکراسیشە. سیاسەتی دیموکراتیک بێ سیاسەت نابێت. چونکە سیاسەت بە سیاسەتی دیموکراتیک دەکرێت. کۆمۆن ناوە. ئەخلاق، سیاسەت و تایبەتمەندییە. کۆمۆن ئەخلاق و سیاسەتە. یەک ناوە، یەک تایبەتمەندییە. ئێمەش پێی دەڵێین ڕادیکاڵترین پێداچونەوەی مارکسیزم. ئێمە لە جێی چەمکی چینایەتی مارکسیزم چەمکی کۆمۆن بەکاربهێنین. ڕەخنەکانی کرۆپۆتکین لە لینین ڕاستبو، ڕەخنەی باکونین لەسەر مارکس ڕاستە. ڕەخنەکانی باکونین کەمن، لاوازییان هەیە، بەڵام ڕاستن. لەم بابەتەدا بەدڵنیاییەوە ڕاوەستە و ڕەخنە لەسەر مارکسیزم دەکرێت. گەر مارکس لە باکونین تێبگەشتایە، لینینیش لە کرۆپۆتکین تێبگەشتایە. ئەوا بەدڵنیاییەوە چارەنوسی سۆسیالیزم بەمشێوەیە نەدەبو. بەهۆی ئەوەی کە نەیانتوانی ئەم سەنتێزە پێشبخەن بۆیە سۆسیالیزمی بنیاتنراو پەرەی سەند.
٤- مۆدێرنیتە
لە ئەوروپا ناوی سەردەمی نوێ مۆدێرنیتەیە، ئێمە مۆدێرنیتە لەڕێگەی سێ سوارچاکی قیامەتییەوە پێناسە دەکەین. ئەوانەش؛ سەرمایەداری، دەوڵەت-نەتەوە و پیشەسازییگەرایین. مۆدێرنیتە پێناسەی ئەم سەردەمە دەکات. پێویستە مۆدێرنیتە و سەرمایەداری وەک هەمان شت نەبیندرێن و تێکەڵ نەکرێن. مۆدێرنیتە لە سەرمایەداریی، دەوڵەت-نەتەوە و پیشەسازگەرایی پێکدێت. ئەم بونیادنراوە لە سەدەی شازدەوە دەستی پێکردوە و بوەتە بابەتێکی کۆنکرێتی. سۆسیالیزمی بونیادنراویش بەرهەمی ئەم مۆدێرنیتەیە.
پێویستبو سۆسیالیزم وەک ئەڵتەرناتیڤ-بەدیلی ئەو سێ پایەیەی مۆدێرنیتە سەریهەڵدایە. بەڵام تەنها هەوڵی شیکاریی سۆسیالیستییانە بۆ سەرمایەداری و تێکۆشان دژی سەرمایەداری هاتەپێش، ئەوەش بەرەوپێش نەبرا. هەر بۆخۆی بەم حاڵە پێشنەدەخرا. چونکە تەنها بە بەیاننامەیەک یان بە مانیفستۆی کۆمەنیست سنوردار بو. پیشەسازگەرایی بەو شێوەیەی خۆی پەسەند کرا و بەرزیان کردەوە بۆ ئاسمان. ئەمە جیابونەوەیەکی کارەساتبار و هەڵەیەکی گەورەیە. دیسان مارکس لەسەر دەوڵەت-نەتەوە هیچ شیکارییەک-ناساندێک-کاردانەوەیەکی نەبو. لەم لایەنەوە بۆشاییەکی گەورەی ئایدۆلۆژیی هەیە. بۆ ئەوەی ئەو مافەی پێبدەین ئێمە دەڵێین؛ دوای ماوەیەک مارکس درکی بەم پێناسە سەیرەی خۆی کرد و جیاوازییەکەی بینی. لە قۆناغی نوسینی پەرتوکی سەرمایەدا پەرتوکی سێیەم لەسەر دەوڵەت دەبو، بەڵام تەمەنی ڕێگەی نەدا. ئەگەر ئەو پەرتوکەیشی بنوسیایە بۆی ئەستەمبو کە ڕاستی بنوسیایە. بۆیە دیدگای هەڵسەنگاندنی مارکس بۆ دەوڵەت-نەتەوە سنوردار بو.
دەتوانرێت بوترێت مارکس ڕەخنە و هەڵسانگاندنی لەسەر پیشەسازگەرایی نەبو. ئەو تەنها لەسەر دژایەتی سەرمایەداریی شیکارییەکی سۆسیالیزمی پەرەپێدا. زۆر کەموکورتیشی لەناودا هەیە، پێش نەخراوە. ئەم تیۆرییەی سۆسیالیزم لە شیکاریی مۆدێرنیتەدا ناتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی تەواو. ئەم توانایەی نییە. هەرچەندە بەشێکە لە مۆدێرنیتە بەڵام لەناو سنوری خۆیدا دەمێنێتەوە.
کێشەی سەرەکی سەردەمەکەمان ئەمەیە؛ مۆدێرنیتە بە هەرسێ سوارچاکە قیامەتییەکەی مرۆڤایەتیی بەرەو قیامەت- پەلکێش دەکات. زالوی سەرمایەداریی ئەمڕۆ گەیشتوەتە ئاستی دڕندەیی. وەک وەرەمێكی شێرپەنجە لەسەر هەسارەکەمان-جیهان بڵاودەبێتەوە. دەوڵەت-نەتەوە هێزە چالاکەکەیەتی. لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەدا سوپای نەتەوە خۆی دەبێتە نەتەوە. لە بنەمای ئەم سیستەمەدا پێکدادان و شەڕ هەیە. دەوڵەت-نەتەوە سیستەمی کۆمەڵگەی شەڕکەر و شەڕخوازە. لەم شەڕانەشدا هەر جارێ ملیۆنان کەس دەکوژرێن.
لەسەرەتاوە پیشەسازگەرایی هەمو سەرچاوە ژینگەیی و سەرچاوە ژیانییەکانی سەرزەوی و ژێرزەوی دەخوات و بەوشێوەیە دەجوڵێتەوە. ئەمڕۆ مرۆڤایەتی گەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە ئەو ئەهریمەنەی بە دەستی خۆی دروستی کردوە وادەیخوات. ماوەیەکی درێژ لێپێچینەوە لە پیشەسازگەرایی نەکرا، یان دور خراوەتەوە. لەم بابەتەدا ئەوەی کە پێویستە سەرەتا بوترێت ئەوەیە؛ پیشەسازگەرایی هێندە بێتاوان نییە وەک ئەوەی دەبیندرێت. چونکە پیشەسازگەرایی تەونی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشتی گۆڕیوە.
بینینی پیشەسازگەرایی وەک دیاردە و چالاکییەکی ئابوریی و ئاشتییانە، نزیکایەتییەکی هەڵەیە. پیشەسازگەرایی هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ تەکنەلۆژیای شەڕ تێکەڵبوە. ئەمەیە کە دەوڵەت-نەتەوە دەکاتە مومکین. بەواتایەکی تر؛ تێکەڵکردنی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و شەڕ و یەکبونیان لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی پیشەسازگەراییە. بۆیە بەڕێکەوت نییە کە دەوڵەت-نەتەوە پێشکەوتوەکان خاوەنی پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیای شەڕن.
بە کورتی ئەگەر مرۆڤ پێشکەوتنە پیشەسازییەکان وەک خاڵێکی بێکاریگەر ببینێت و لە تێکۆشان دژی مۆدێرنیتەدا کاریگەرییەکی ڕاست نەگرێتەدەست ئەوا شانسی سەرکەوتنی ئەو تێکۆشانە نییە و دروستیش نابێت. ئەگەر مۆدێرنیتە ڕانەوەستێندرێت و بەوشێوەیە بەردەوام بێت ئەوا ٥٠ ساڵ تەمەنی هەسارەکەمان-جیهانەکەمان ماوە. من باسی دیستۆپیا و پێشبینییەکی مەترسیداریی خەیاڵی ناکەم، باسی داهاتویەکی قیامەتیی ڕاستەقینە دەکەم. مارکس درکی بەم هەڕەشە و مەترسییە کرد و دەستی کرد بە بەرپەرچدانەوەی بەڵام نەیتوانی پەرەی پێبدات. مارکس دەبوایە شەش پەرتوکی بنوسیایە بەڵام تەنها بەرگی یەکەمی پەرتوکەکەی نوسی. ئەویش بە کەموکورتییەوە نوسی. بە شیکارکردنی چینایەتی و ناساندنی ژێرخانەکانی کۆمەڵگە سنوردابو. کاتێک کە ویستی ئەو ڕاستی هەڵگەڕێندراوە پێچەوانە بکاتەوە و بیخاتەوە سەرپێیەکانی. لە دوای هیگڵیش مایەوە. ئەنگلس هەندێک هەوڵیدا مارکس تەواو بکات. دەستی خستەسەر بابەتەکانی وەک "بنەچەی دەوڵەت، خێزان و موڵکایەتی تایبەت، دیالەکتیکی سروشتی و ڕۆڵی توندوتیژیی لە مێژودا" بەڵام تەمەنی ڕێگەی نەدا. لینین هەوڵیدا لە بواری دەوڵەت و سیاسەتدا شیکارییەکی دروست بکات بەڵام ئەویش نەیتوانی، ماو ویستی ئەم تیۆرییە بگۆڕێت بۆ تێکۆشانی ژێردەستان بەڵام ئەویش سنورداربو. ماو دەیتوانی شیکارییەکی یەکگرتو لەسەر سیستەم و چارەسەرییەکی ئەڵتەرناتیڤ پەرەپێبدات، بەڵام ئەویش بەهەمان شێوە کەمی هێنا.
ئێمە بۆ ئەوەی ئەو مۆدێرنیتە و سۆسیالیزمە بونیادنراوەی هەیە تێپەڕێنین، هەوڵماندا شیکارییەکی نوێ و تیۆرییەکی سۆسیالیستی ئەڵتەرناتیڤ پەرەپێبدەین. ناومان نا "مۆدێرنیتەی دیموکراتیک" لەبەرامبەر هەرسێ پایەکەی مۆدێنیتەی سەرمایەداریی، یان بڵێین لە بەرامبەر سەرمایەداری، دەوڵەت-نەتەوە و پیشەسازگەرایی ئێمە نەتەوەی دیموکراتیک، کۆمین/کۆمینالی و شیکاری ئابوری ئیکۆلۆژیی (ئیکۆ-ئیکۆنۆمی)ـمان پەرەپێدا. سیستەمی کۆمەڵگەیی ئازادییخوازمان لەسەر شیکاری ئەو سێ بوارە پەرەپێدا و وەک "مۆدێرنیتەی دیموکراتیک" پێناسەمان کرد. ئیمە نوسیمان و بینیمان هاوتەریبییەکی گرنگ لەناو کۆمەڵگەدا هەیە، بێگومان ئەم سێ بابەتەش لقیان لێ دەبێتەوە. بۆ نمونە یەکێک لە بەشە گرنگەکانی کۆمیناڵیتەی ئازادی ژنە. لەگەڵ ئەوەدا مرۆڤ دەتوانێت سیاسەت و ئەخلاق و هتد..یش بۆخۆی بکاتە بنەما. بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەم بابەتە دەخەینەڕو، بەڵام پێناسەکردنی ئەم سیستەمە بە گشتیی وەک "مۆدێرنیتەی دیموکراتیک" بەسە.
لە ئایینە تاک خوداییەکاندا وشەی قیامەت-مەحشەر تەنها بۆ کۆتایی دنیا وتراوە، ئەم وشەیە بۆ ئەم دونیایەش گونجاوە. ئەو مەحشەرەی پەرتوکە پیرۆزەکان باسی دەکەن هەر ئەمەیە. مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییش مەحشەرێک بۆ مرۆڤایەتی دەهێنێتە ئاراوە. سۆسیالیزم کە دەبوایە لە بەرامبەر ئەوەدا بوەستایەتەوە و ڕێگریی لێی بکردایە بوەتە بارگیری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و خۆراکی جانەوەری مۆدێرنیتە. یەکێتی سۆڤییەت و چین نمونەی ڕونی ئەم ڕاستییەین، چینییەکان مرۆڤی سەیر و عەجیبن، هەوڵیاندا سەرمایەداریی و سۆسیالیزم تێکەڵی یەکدی بکەن، ڕەنگە مرۆڤ بتوانێت بیربکاتەوە. بەڵام چین بەم کارەی سۆسیالیزمی خستوەتە خزمەتی سەرمایەدارییەوە.
لە ئەنجامدا بوە خزمەتکاری سەرمایەداریی و تەمەنی درێژتر کردەوە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا سەرمایەداریی چین بۆ هەژمونی یان بۆ باڵادەستبونی لە جیهاندا لەگەڵ ئەمریکا لە ڕکابەریدایە. ئەمریکا دەتوانێت بە دژواری وەڵامی ئەو هەوڵە بداتەوە. ئەمەش شەڕی ئەتۆمی لەگەڵ خۆیدا دێنێت. ئەها ئەمە مەحشەرە. ئەنیشتاین وتبوی "گەر جەنگی جیهانی سێیەم بە چەکی ئەتۆم ڕوبدات، ئەگەر هەندێک مرۆڤیش لە ژیاندا بمێننەوە، ئەوا جەنگی جیهانی چوارەم بە بەرد و دار دەکرێت"، ڕاستی وتوە. بۆ ئەم بەشە ئەوەندە بەسە.
٥-ڕاستینەی کوردو کوردستان
ماهییەتی هەر دیاردە و شتێک، لەسەر شێوە و دیالەکتیکی بون و مانەوەکەی شکڵدەگرێت. ئەم دیاردەیە چۆن پەیدابوە و شکڵی گرتوە؟ چۆن و لەسەر چ بنەمایەکی ماددیی و مەعنەوی درێژە بە هەبونی خۆی دەدات؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە، چەند پێدراوێکمان پێ دەبەخشێت لەمەڕ ماهییەتی بون و نەبونی دیاردە_شتەکە.
وەختێک مرۆڤ لەم چوارچێوەیەدا لێی دەڕوانێت، ڕاستینەی کورد بە هاتنی مۆدێرنیتە کۆتایی هاتوە و نەماوە. ڕاستینەی کورد و کوردستان وەک چەمک و دیاردە بە کۆمار_کۆماری تورک_ قڕکرا و داپۆشرا. بە گوتنی وەک "کوردستانی خەیاڵی لێرە نێژراوە" خاوەنداری لەم قڕکردنە کرا. ڕەوشی بەشەکانی تری کوردستانیش جیاواز نەبو. ڕاستییەک بە ناوی کورد و کوردستان نەمابو.
وەک تەڤگەرێکی هاوچەرخ و مۆدێرن، گرنگترین سەرکەوتنی پەکەکە زیندوکردنەوەی ئەم ڕاستییە بو. پەکەکە ڕاستی کورد و کوردستانی سەلماند، گەیاندی بە ئاستێک کە کەس نەتوانێت لەناوی ببات. (بێجگە لە پەکەکە) بزوتنەوە کوردییەکانی تر، هێزێکی ئەوتۆیان نییە. بزوتنەوەیەکی کۆنەپەرستی وەک پەدەکە، یان وەک یەنەکەی وردە بۆرژوا، ناتوانن وا بکەن کەسێک باوەڕ بە بونی خۆی بکات. گەر پەکەکە نەبوایە، هەمو ئەمانە ٣٠ ساڵ ئێستە لەناودەچون.
بەرخۆدانی مەزنی پەکەکە، بابەتی بونی کورد و کوردستانی هێشتەوە. هۆشیارییەکی بەهێز و پتەوی دەربارەی بونی کورد پێشخست. بۆ ئەوەی بزانن ئەمە چۆن پێشخراوە، دەبێت بڕواننە ئارگۆمێنتە مێژویی و سۆسیۆلۆژییەکان. من پێش ٥٢ ساڵ ومانگێک و ٤ ڕۆژ، بە گوتنی "کوردستان داگیرکراوە!" کەوتمەڕێ. وەختێک ئەمەم گوت، بێهۆش کەوتم. ئەمە دۆزینەوەیەکی دژوار بو. بە گوتنی ئەمە، ترس دەکەوتە دڵم. کاتێک ئەم وشانەم بە یەک دو هەڤاڵ گوت، وەخت بو بێهۆش بکەوم. لەوێوە گەیشتین بە ئەمڕۆ. هێزی وشە بەکەم مەگرن. کاتێک وشە لەگەڵ هەقیقەتدا یەکدەگرێت، زۆر کاریگەرە، ئافرێنەرە و مرۆڤ ئاڕاستە دەکات. ئەم وشەیە تەنها ڕێخۆشکەر نەبو بۆ بەرخۆدانێکی مەزن، بەڵکو گۆڕا بۆ وردبونەوەیەکی مێژویی مەزن. پاشان شرۆڤەکان دەربارەی نیولیتیک و ئایدۆلۆژیای ئازادیی ژن و سۆسیالیزم و هتد، بەدوای یەکدا هاتن. ئامانجی هەمو ئەمانە: دەرخستنی ڕاستی کورد و بەدیهێنانی ڕۆشنگەریی کورد بو. ئەم ئامانجەمان بەدیهێنا. گەیاندمان بە سەرکەوتن. ئەم ڕێپێوانە مێژوییە مەزن و شیکارییە سۆسیۆلۆژی و تێکۆشانە سیاسییە، ڕاستی کورد و کوردستانی سەلماند، وایکرد لای دۆست و دوژمن قبوڵ بکرێت.
باشە، ئایا پرسی ئازادکردن چارەسەرکرا؟ نەخێر. ڕاستی کورد سەلمێنرا، خۆی گەیاندە هۆشیاری ئایدۆلۆژی و ڕێکخستنی. بەڵام لە هەنگاوی ئازادبوندا چەقی. لەپشت ئەم چەقین و بنبەستەوە، ئایدۆلۆژیای سۆسیالیزمی بنیاتنراو و کاریگەرییەکانی هەن. سۆسیالیزمی سەدەی بیستەم. لە چەندین دەڤەری جیهان دەسەڵاتی گرتەدەست. یەک لەسەر سێی جیهانی بەدەستەوە بو. بەڵام نەیتوانی بمێنێتەوە، ڕوخا. ئەم ڕەوشە، بۆ ئێمەش وەک قەیرانێک کەوتەوە. سۆسیالیزمی بنیاتنراو هەڵوەشایەوە، ئێمە ماینەوە. بەڵام ئێمەش سەختییەکمان ئەزمون کرد. سۆسیالیزمی بنیاتنراو، چونکە پرسی ئازادی چارەسەر نەکرد و ئایدۆلۆژیای ئازادی پێش نەخست، هەڵوەشایەوە. دەرچون لە قەیرانی ئایدۆلۆژی زەحمەت و دژوارە. کاتێک ئەو ئارگۆمێنتە ئایدۆلۆژییانەی پشتی پێ دەبەستن شکستیان هێناوە، ئیتر پەنا دەبەن بۆ کام چوارچێوەی ئایدۆلۆژیی و کامە شیکاریی سۆسیۆلۆژی؟ سۆسیالیزمی بنیاتنراو هەڵوەشایەوە. شتێکی لێ نەماوەتەوە. هەوڵماندا هەرچۆنێک بێت باوەڕمان بە سۆسیالیزم بپارێزین. ئەودەمە هەڵسەنگاندێکم کرد بە ناونیشانی "سوربون لەسەر سۆسیالیزم، سوربونە لەسەر مرۆڤبون". دڵسۆزی و باوەڕی خۆم بە سۆسیالیزم پاراست. تێکۆشام تاوەکو ئەمە بگۆڕم بۆ هۆشیارییەک. ساڵانێکی سەخت و دژوار بون. یەکێک لە ئەنجامە ستراتیژییەکانی ئەم هەوڵەمان "نەتەوەی دیموکراتیکە"، ئەمەش بوەتە هەناسەیەک بۆ دیدگای سۆسیالیستی. ئەم هەنگاوە هەم بۆ دیدگای سۆسیالیستی وهەم بۆ پەکەکە، گۆڕا بۆ ستراتیژێک. ئەمڕۆ (لەڕێی ئەم پرۆسەیەوە) تەنها ناو لەم گۆڕانکارییە دەنرێت و فەرمییەتی پێ دەبەخشرێت. ئەوە ٢٠ ساڵە هەوڵدەدەین ئەم گۆڕانکارییە بەئەنجام بگەیەنین.
چارەسەری "نەتەوەی دیموکراتیک" دەبێتە بناغەی ئەم پرۆسەیە. دیدگای چارەسەری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک؛ نەتەوەی دیموکراتیکە. لە دەقی بانگەوازەکەدا بە "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ناوزەدمان کردوە. هەردوکیان هەمان شتن و هەمان مانان.
پەکەکە ئەو تەڤگەرەیە کە ڕاستی کوردستانی دەرخست و ئەم بونەی مسۆگەر کرد. کەس ناتوانێت ئەم ڕاستییە لەناوببات. ئەو هەنگاوەی لەمەودوا دەنرێت، بۆ بەدیهێنانی ئازادییە. کۆمەڵگەی ئازاد ئیتر لەسەر بناغەی کۆمیناڵیتە و ئەخلاق و سیاسەت شکڵدەگرێت. وا دیارە ناکرێت ئەم هەنگاوە لەڕێگەی پەکەکەوە بەدی نایەت. گەر پەکەکە نەبوایە، چ دەمایەوە لە ناوی کورد و کوردستان؟ کەلتوری کورد و کوردستانیش، وەک کەلتورەکانی ئینکا و ئازتێک لە ئەمریکای لاتین و سورپێستەکان لە ئەمریکای باکور لەنێو لاپەڕەکانی مێژو دەمایەوە، یان هەر نەدەما.
ڕاستییەکەی، ئەم مەترسییە یان ئەم ڕەوشە، هێشتا تێپەڕ نەبوە. کوردەکان لە دێرسیم و چەولیک و زاگرۆس، هێشتا پاشماوەیەکی کەلتوریین. هۆزەکان پەرتەوازە بون، زمانێکی کاریگەر نەماوە، دابەشبونی تەریقەتەکان و شەڕی نێوان عەشیرەت و بنەماڵەکان هێشتا ماوە... کاتێک سەرەڕای هەبونی پەکەکە، هێشتا ئەم ڕەوشە تێپەڕنەکراوە، هۆکارەکەی پەرتەوازەبونی قوڵی مێژویی_کۆمەڵایەتیی ڕاستینەی کوردە. لەم خاڵەوە، چیتر زانیم وشەی "ژێردەست" یان "داگیرکراو" بۆ ئەم ڕەوشە بەس نییە. ئەم ڕەوشە لە ژێردەستی ئەولاتر و قوڵترە. جۆرێکە لە "کۆمەڵگەی زبڵدان"... گۆڕستان. لە دۆڵ و ڕوبار و ئەشکەوتەکانی دێرسیمدا، هێشتا ئێسکوپروسک ماون. هێشتا گۆڕی دوایین نوێنەرانی نەریت دیار نییە. کەس نازانێت گۆڕی شێخ سەعید و سەعیدی کوردی و سەید ڕەزا لەکوێیە. ئەمانە بەهێزترین نوێنەری کوردایەتیی دێرینن.
چەند کۆمیتەیەکی جولەکەکان بە ناوی یودنرات (شورای جولەکەکان_ Jûdenrat ) هەبون، ئەم کۆمیتانە دەستیان هەبو لە جینۆسایدی جولەکەکاندا. ئەو گروپ و خێزان و توێژە جولەکانە بون کە هاوکاری فاشیستەکانیان کرد. تاوەکو بۆ ڕۆژێک تەمەنی خۆیان و خێزانەکانیان درێژبکەنەوە، جولەکەکانیان بەرەو ژورەکانی گاز ڕەوانە دەکرد. بە جولەکەکانیان دەگوت "دەتانبەین بۆ حەمام"، کەچی فریویان دەدەن و دەیانبردن بۆ ژورەکانی گاز. ئەم کۆمیتە هاوکارانەی جولەکەکان، بەگوێرەی ئەو ژمارەیەی داوا دەکرا، دەستنیشانیان دەکرد کە کێ دەچێتە ژورەکانی گاز و لیستی ناوەکانیان ئامادە دەکرد. فاشیستەکان ئەم کۆمیتانەیان دامەزراند. کاتێک بیرم لەم بابەتە کردەوە، بینیم کە ڕاستینەی کوردیش وەک ڕاستینەی یودنراتـە. ئەم ڕاستییەی کوردە کە دەڵێم لە ژێردەستی و داگیرکراوی زیاترە. ئەوەتا بنەماڵە هەرە بەناوبانگەکانی وەک بارزانی و بەدرخان و بەشێک لە نەوەکانی شێخ سەعید و سەید ڕەزا بونەتە یودنرات. بۆ ڕزگارکردنی بنەماڵەکانیان کوردایەتی دەبەن بۆ لەناوچون و سڕینەوە. کەسیان کتێبێکیان نەنوسیوە. خاوەندارییان لە بیرەوەریی باپیرانیشیان نەکردوە. دوژمنایەتیی کوردی ئازادیخواز دەکەن. دواجار لە بەدلیس پەرلەمانتارێک، لە شەرناخ قەیومێکی شارەوانییان بەخشی بە بەدرخانەکان. ئەمە ئیشی یودنراتەکانە. بەم دواییانە ئەم تێزەم پێشخست و تەواو بڕوام پێیەتی. لەبری گوتنی "ڕاستی کورد و کوردستان داگیرکراوە"، بڕوام وایە ئەم وشەیە (یودنرات) زیاتر ئەم ڕاستییە ڕاڤە دەکات. ئەمە ڕەهەندێکی نوێی کارکردنمە لەسەر چەمکەکان. ئەم ڕەهەندەی کارکردنم، دەتوانێت باشتر ئەوە پێناسە بکات کە چ شتێک لە ڕاستی کورد و کوردستاندا ڕودەدات.
لەگەڵ ئەمەدا، لای کوردان هەڵاتنێکی مەزن دەبینرێت. بیرتان نەچێت؛ ئێوە هێشتا لە ڕاستیی خۆتان هەڵدێن. لەگەڵ ئەمەدا، کوردایەتی لە حاڵەتی هەڵاتندایە. شێوازێکی سەرۆکایەتییم بۆ کوردان هەیە. چۆن دەتوانم تێیان بگەیەنم کە ئەم هەڵاتنە مانای چییە، چۆن دەتوانم هەڵاتنەکەیان (لە ڕاستی کوردایەتی) بوەستێنم، سەرقاڵی ئەمە بوم و ئێستەش پێیەوە سەرقاڵم. من هەم فێرتاندەکەم هەم وادەکەم باجی ئەم هەڵاتنە بدەن. شێوازێکی سەرۆکایەتیی وەهام هەیە. من بە ئێوەم گوت "ناتوانیت لە کوردایەتی هەڵبێیت. کوردایەتی شتێک نییە بتوانی لێی هەڵبێیت. پەناتان بردە بەر هەزار فێڵ، هەوڵدەدەن فریوم بدەن". هەمان شتم بە دەوڵەت گوت: "ناتوانن فریوم بدەن. چی دەکەن، بیکەن؛ ئەم ئاپۆیەی بەرانبەرتان فریو نادرێت". ٥٠ ساڵە بە ئێوە، بە پەکەکە دەڵێم. هەرچەند هەوڵدەن بمکەن بە مەسیح و جانەوەر، لەدەستم ڕزگارنابن. ٥٠ ساڵە سەرۆکایەتی شتێکی وەهایە.
دەوڵەت بۆچی ئەم مێزی گفتوگۆیەی دانا؟ چۆن و بۆچی توانیمان ئێوە لەسەر ئەم مێزە کۆبکەینەوە؟ ئەمە کۆبونەوەیەکی جددییە. کۆبونەوەی کوردە. لە ڕۆژانێکەوە هاتوین کە دەوڵەت سزای قورسی بەرانبەر وشەی "کورد" دانابو. ئەم کۆبونەوەیە زۆر مانای جیاواز هەڵدەگرێت. چۆن ئەمە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، خەریکین هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. چۆن گەیشتین بە ئێرە، بۆ ئەمە چ تێکۆشانێک کرا، من لە هەموان باشتر ئەمە دەزانم. کادرەکانی سەرەتاشمان، هێشتا لە تێگەیشتن لەم ڕاستییە دورن. بۆیە ناتوانن داهێنەر بن. ناتوانن ڕێبەر بن. لە گیانبەخشین و مرد ناترسێت و هەڵنایەت، بەڵام نایەوێت نزیکی ڕاستی ببێتەوە. ئیتر، ڕاستی کورد لە ژێردەستی زیاتر بوەتە شتێکی وەک "زبڵخانە"، گەیشتوین بەم ڕاستییە.
ئەفریقاش داگیرکرابو. بەڵام ئێستە هەریەکەیان (هەر وڵاتێک) بونەتە دەوڵەت_نەتەوەیەک. ئەمریکای لاتینیش وەهایە. بەڵام لە ڕاستی کورددا، شتێکی وەها نییە. نازانرێت کورد چییە. دێرین و نەریتییە یان مۆدێرن؟ بوەتە ڕاستییەکی تراژیدیی. هۆکاری ئەمە فشاری دەرەکی نییە، وەک ئەوەی حەزدەکەن وا بێت. هۆکارەکەی ناوخۆییە. ئەو تاکتیک و ستراتیژانەی من دەیخەمەڕو، بۆ ئاشکراکردنی ئەم ڕەوشە یەکلاکەرەوەن.
جوگرافیای کوردستان یەکەمجار لەلایەن سۆمەرییەکانەوە وەک "کورد، هوریی، ئور" ناوبراوە. بەمەش یەکەم پێناسەی جوگرافی خراوەتەڕو. ئەوکاتە لە هیچ جێیەکی دنیا، ناوی هیچ وڵاتێک نییە. بەڵام ئێرە (کوردستان) وەها ناونراوە. پاشان وەک "کوردیا" لە نوسینە مێژوییەکانی یۆناندا جێ دەگرێت. مێژوی هیرۆدۆت نزیکەی نیوە زیاتری دەربارەی ڕاستی کوردستانە. کۆمەڵگەی یۆنان چاو لە مادەکان دەکات. لاسایی مادەکان دەکەنەوە. لەژێر کاریگەریی مادەکاندا، دیموکراسیی خۆیان ئافراند. لە سەدەی ناوەڕاست، پاش شۆڕشی ئیسلام ناوی کورد بەتەواوەتی جێی گرت. سەلجوقییەکان بۆ یەکەمجار لە مێژودا ناوی کوردستانیان کردە دیاردەیەکی سیاسی. سوڵتان سنجەر, هەمەدان دەکاتە پایتەختی خۆی و "کوردستان" وەک ناوەندی وڵاتی هەمەدان ناودەبات. یەکەم جار لەلایەن سوڵتان سنجەرەوە، کوردستان وەک یەکەیەکی ئیداریی ناودەبرێت. حاکمێکی تورک، کوردستان بنیات دەنێت. لەم ڕاستییەوە گەیشتم بەوەی: ئایا سوڵتانی سەلجوقییەکان سوڵتانی کورد نییە؟ پایتەختەکەی لە ئەکباتانە (هەمەدان) و وەزیرەکەی نیزامولمولکە. بە وەزیرەکەی دەڵێت "بڕۆ، خێزانەکەم بپارێزە". هەتا دەڵێت "ئەگەر شکستمان هێنا، دەکشێینەوە بۆ هەمەدان". پاڵپشت بە هەمەدان شەڕی مەلازگرت دەکات. واتە ئالپئەرسەلان وەک میرێکی کورد شەڕ دەکات. ئەمەش سەرەداوێکە بۆ تێگەیشتنی نوێی ئێمە لە مێژو. ئالپئەرسەلان زیاتر میرێکی کوردە نەوەک تورک. خێزانەکەی لە هەمەدانە. وەزیرەکەی خەڵکی ئەوێیە. باشە، لەسەر بنەمای ئەم زانیارییانە، چۆن هەڵسەنگاندن بۆ سەلجوقییەکان بکەین؟ میرنشینێکی تورکە یان کورد؟ پێویستە لێکۆڵینەوە و گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەم خاڵە بکرێت. ئێستاش دەوترێت نیوەی دانیشتوانی هەمەدان تورکمانن. ئێستا زۆربەیان بونەتە کورد. لە میرنشینەکاندا، مەروانییەکان و شەدادیەکان جێگەی سەرنجن. مەروانییەکان لە نێوان فورات و دیجلە گوزارشت لە کوردبون دەکەن. ئەوانیش لەڕێگەی ئیسلامەوە بەرەوپێش دەچن. لای سەلجوقییەکانیش هەمان ڕەوش هەیە. ئالپئەرسەلان هێزی چەکداری مەروانییەکان دەداتەپاڵ خۆی و لە شەڕی مەلازگرت دژی بیزەنتییەکان دەجەنگێت. ئالپئەرسەلان فەرماندەیەکی سەربازییە، دەوروبەری پڕە لە کورد. پاداشتەکەش میرنشینێکە. ئەگەر کوردەکان لایەنگری بیزەنتییەکانیان بکردایە، ئالپئەرسەلان سەرنەدەکەوت. بێگومان، بە هاوپەیمانی لەگەڵ کوردان، ئالپئەرسەلان لەو شەڕەدا سەرکەوت. لە ساڵەکانی ١٠٥٠_١٠٦٠ لە باشوری قەوقاس، سەلچوقی و شەدادی دەبنە هاوپەیمان و ڕێککەوتنێک دەبەستن. بەرانبەر بیزەنتییەکان، نە شەدادییەکان دەتوانن بەتەنها بمێننەوە، نە سەلجوقییەکان بەتەنها دەتوانن هەنگاوبنێن. هەردولا ڕێککەوتنێکی مێژویی دەبەستن. بەرهەمی سەرەتایی ئەم ڕێککەوتنە مێژوییە، لەشکرکێشییە دژی شانشینی ئەرمەنییەکان. شارەکانی ئانی و قەرس فەتح دەکرێن. پاس ئەم شەڕە، شاری ئانی دەدەن بە مەنوچەهر و قەرس دەدەن بە توغرول. وەک پاشماوەی ئەوکاتە، هێشتا لە قەرس مزگەوتنی مەنوچەهر هەیە.
پەیمان یان ڕێککەوتنی نێوان سوڵتان سەلیم و ئیدریسی بەدلیسی زۆر گرنگە. شەڕەکانی ڕدانیە و مەرجدابق و چاڵدێران بەرهەمی ئەم ڕێککەوتنەن. لە ئەنجامی ئەم شەڕانەدا، عوسمانییەکان بونە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کوردەکان توخمێکی سەرەکیین لە پێکهێنانی ئەم ئیمپراتۆرییەتەدا. کاتێک چەلەبی محەمەد پاش بەدیلگرتنی باوکی هەڵدێت، بایەزیدی پاشای ئاماسیا ئەو دەخاتە پشتی خۆی تا ئاماسیا دەیبات. ئەویش پاشایەکی کوردە. ڕەنگە ئەمە ڕوداوێکی سیمبولیک بێت. لەوکاتەدا، لە ئاماسیا باڵی قوتلوشاهی شەدادییەکان، خانەوادەی فەرمانڕەوا بون. چەلەبی محەمەد پاشاش کە عوسمانی لە قۆناغی بنبەست ڕزگارکرد. مەلا گۆرانی و ئاقشەمسەدینیش کوردن، ئەوان سوڵتان محەمەد هاندەدەن بۆ فەتحکردنی ئیستەنبوڵ. پێویست ناکات باسی شەڕی ڕزگاریی (تورکیا) بکەم. مستەفا کەمالیش نەوەک لە شارە تورکییەکانی وەک ئەزمیر و تراکیا، بەڵکو لە ئەرزەڕۆم و فارقین، لە جوگرافیای کورد، ئەم شەڕە دەست پێ دەکات. شەڕی ڕزگاریی تورکیا بە هاوپەیمانێتی کورد و تورک گەیشتە سەرکەوتن؛ کەس ناتوانێت نکۆڵی لەم ڕاستییە بکات. ئەنجامەکەش کۆماری تورکیایە کە پێی ئاشناین. کوردەکان، وەک دامەزرێنەرانی سەرەکی کۆمار، پاش ساڵێک پەراوێزخران. ناسنامە (و ناوی کورد) قەدەغە کرا. بەم جۆرە، ئەو کوردانەی لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە بونیان لە مێژودا تۆمارکراوە، بە دامەزراندنی کۆماری تورک، نادیدە گیران.
پەکەکە بە بەرخۆدان ئەم نکۆڵییەی پوچەڵ کردەوە. ناسنامە و ڕاستیی کوردی لەڕوی مێژویی و کۆمەڵایەتییەوە پیشاندا، بۆ دۆست و دوژمنی پێناسەکرد. بەڵام هێشتا ئەنجامەکانی ئەم نکۆڵییە (لە کەسێتی ئێوەدا) بە تەواوەتی تێپەڕ نەکراوە. هێشتا لە ڕاستی خۆتان هەڵدێن. من لە ئێوەدا ناسنامە و کەسێتییەکی تەندروست و جێگیر نابینم، ناتوانم بیبینم.
ئەم کارە تەنها بە بەرخۆدان نابێت. لە قەوارەی نوێدا (ژیان و کۆمەڵگە)، کەلتوری شۆڕشگێڕی و ڕێکخراوی دیموکراتیک و ڕێکخراوی نەتەوەی دیموکراتیک و ڕێکخراوی توێژینەوە و زمان، ڕۆڵی خۆیان دەبێت. نابێت ئەم ڕێکخراوانە بە سەرمایەدارییەوە گرێدراوبن. پێویستە کۆمەڵگەی کوردی دژی سەرمایەداری بێت. دەبێت کورد بە نەتەوەی دیموکراتیک و ئیکۆ_ئابوری و کۆمۆناڵیتە خۆیان ئازاد بکەن و ژیانێکی بەردەوام مسۆگەر بکەن. ئەمەش بە تێکۆشانی بون و بنیاتنان بەدەست دەهێنرێت. بەرانبەر دەرەوە، دژی فشاری دەرەکی، بەرخۆدان کرا. یەکێک لە هۆکارەکانی تەواوبونی وادەی پەکەکە ئەوەیە، لە بەرخۆدان دژی فشارە دەرەکییەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لەمەودوا، دەبێت بەرخۆدان و تێکۆشان ڕوی لە ناوەوە بێت. دەبێت ئەم قۆناغە ببێتە قۆناغی خۆسازدانەوە. بۆ ئەمەش، پێویستمان بە ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. ئێستە ئێمە ئاستەنگێکمان لەپێشە.
٦- پەکەکە و کۆتاییهێنان بە کار و خەبات لەژێر ئەو ناوەدا
لە ساڵانی نەوەدەکان کاتێک ڕیاڵ-سۆسیالیزم (سۆسیالیزمی بونیادنراو) ڕوخا، پەکەکە زمانی ئایدۆلۆژی لەدەستدا، چونکە پەکەکە لەسەر ڕوانگەی سۆسیالیزمی بونیادنراو خۆی ڕێکخست. بەرنامە، ستراتیژ، تاکتیک و هتد.. لەسەر بنەمای سۆسیالیزمی بونیادنراو دامەزرابو. لەسەر ئەم بنەمایەش پەکەکە لە پاش ساڵانی نەوەدەکانەوە لە ڕوی ئایدۆلۆژییەوە دوچاری قەیران هات. سەرباری ئەم قەیرانەش هێشتا لەسەر ڕێگای ڕزگاریخوازی نەتەوەیی سۆسیالیستی، لەسەر پێی خۆی وەستا بو. لەبەر ئەوەی تەڤگەرەکەمان تازە بەرەوپێشەوە دەچو پێویستییەکی زۆرمان بە ڕزگاری نەتەوەیی هەبو، ئەمەش پاڵنەری مانەوەی پەکەکە بو لەسەر پێی خۆی. درێژەمان بەم ڕێبازە دا، بەردەوامیمان پێی دا، ئێمە دەمانزانی سەردەمی سۆسیالیزمی بویادنراو بەسەرچوە، بەڵام نەمان دەزانی چی بکەین بە جێگرەوەی. بەهۆی ئەمەشەوە ئێمە لە ساڵانی ١٩٩٠ تا ساڵانی ٢٠٠٠ کەوتینە قەیرانەوە، لە ساڵی ١٩٩٨ـدا من گوتبوم: "من دەست لە پارتێکی وەها هەڵدەگرم." هۆکارەکەی ئەوەبو، ئێمە نەمانتوانی قەیرانی ئایدۆلۆژیا لەناو پارتەکەماندا تێپەڕێنین." لە قۆناغی ئیمراڵیدا لەسەر ئەم کێشە و گرفتانە هەموی کەوتمە ناو لێوردبونەوە و توێژینەوەی بەرفراوان. دەرئەنجامی ئەم قاڵبونەوە و توێژینەوانەم بە پەرتوکێکی پێنج بەرگی، خستەڕو. ستراتیژی تێکۆشانی سۆسیالیست و هتد.. زۆر شتی تر کە سەرلەنوێ پێناسەم کردەوە. لەپێناو سەرلەنوێ داڕاشتنەوەی ئایدۆلۆژیا و ستراتیژ، کۆبەرهەمێکی گرنگمان نوسی. ئێمە ڕەخنەی توند لە ناوی (پەکەکە) دەگرین و خۆمان ڕەخنەدەکەین، تێکۆشانی ٥٠ ساڵە بە لایەنی باش و خراپی خۆیەوە، هەگبەی خۆڕەخنەکردنە بەبێ خۆپەڕاندنەوە. ڕاوەستانی سۆسیالیزم دۆخێکی گشتییە و لەمبارەیەوە هەندێک بەدواداچون هەیە. بەڵام قەیران و تەنگەژە بەردەوامە. شڕۆڤەکانی ئێمەتان لەسەر سۆسیالیزم پێشخست و لە دەرەوەی وڵاتیش هاوسۆزانێکی سۆسیالیست و ڕۆشنبیرتان دروست کرد و سەرنجی ئەوانتان خستە سەر خۆتان، ئەمە بە بەباشی دەبینرێت.
پرسی کۆتاییهێنان بە کار و خەبات لەژێر ناوی پەکەکە'ـدا، ئەمە بابەتێکی نوێ نییە، کاتێک داواکاری و خواستێکی وەهام لەناو دەوڵەتیش بینی، وەڵامم دانەوە. پێم گوتن: من بۆ چارەسەری کێشەکە، لەڕوانگەی ئایدۆلۆژیا و سیاسییەوە، پێویستم بە خاوەندارێتی و قورسایی کردار هەیە، لە ڕاستیدا ئەوە شەش مانگە ئێمە بەو پرسانەوە سەرقاڵین و هێناومانە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ، پێویست ناکات ئەم بابەتە زۆر بکەینەوە. پێویستە ڕەخنە و ڕەخنەدانی ناوخۆیی سەرلەنوێ و بەشێوەیەکی بنچینەیی بکرێت. بەتایبەتی ئەگەر کۆنگرەی کۆتاییهێنان بە کار و خەبات لەژێر ناوی "پەکەکە"ـدا ئەنجام درا، ئەم کۆنگرە دەتوانێت زۆر درێژە بکێشێت، کێشە تەنها کۆتاییهێنان بە کار و خەبات لەژێر ناوی "پەکەکە"ـدا نییە، پێویستە لایەنی باش و خراپی ئەم بابەتە بە چەندان مانگ وتوێژ بکرێت. هەتا پێویست ناکا لە شوێنی "پەکەکە" هیچ شتێکی نوێ دروست بکەن. هەتا پێویست ناکات بڵێن سەرلەنوێ دامەزراندنەوە. چونکە ئێمە بە تەنها باسی بینایەک ناکەین، ئێمە باسی گۆڕانکاری بنچینەیی لە هۆشمەندی و کەسایەتی دەکەین. سەرلەنوێ دامەزراندنەوە بەلایەنی زۆرەوە مومکینە پێکبهێندرێت؛ هەرچۆنێک بێت چەند مانگێک کاتی دەوێت، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە تەندروست بچێتە پێشەوە و بگاتە ئەنجام پێویستە پەلە نەکەن. حکومەت و دەوڵەت دەیانەوێت ئەم پڕۆسەیە تەنها وەک "چەکدانان" پێناسە بکەن، نیشاندانی قۆناغ و پڕۆسەکە بەمجۆرە هەڵەیە. ڕاستییەکەی ئەوەیە، کە ئێمە دەیخەینەڕو، سەردەمێکی نوێی بەڵێن (سۆز) و داخوازییەکانی ئێمەیە، بەڵام ئەمە تەنها بەگوێرەی خواستی ئەوان جێبەجێ نابێت، لەم بابەتەدا پێهەڵگرتنی هەم سیاسیی و هەم تیۆری بەرکەماڵمان هەیە و ئاڵوگۆڕێکی گەورەی ئەزمونییمان بۆ دروست بو.
ناتوانین بیڵێین، کە ئێمە هەڵسەنگاندن لەسەر کۆنگرەی کۆتاییهێنان بە کار و خەبات لەژێر ناوی "پەکەکە"ـدا دەکەین، دەزانم لە کردنەوەی ئەم گرێکوێرەوە هەتا ئەنجامدانی کۆنگرەش زۆر زەحمەت دەکێشین. وەکو وتمان: خەباتێکی گۆڕانکارییە و ماوەیەکی درێژە دەستی پێ کردوە.
٧- دیدگاکان بۆ قۆناغی نوێ
پەکەکە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای سۆسیالیزمی بونیادنراو و پرەنسیپی مافی دیاریکردنی چارەنوسی نەتەوەیی دامەزرابو. ستراتیژ و تاکتیکی تێکۆشانی بەگوێرەی ئەوە بیچمی گرتبو، وەها دامەزرا و پێشکەوت. کوردستانی یەکگرتو و سەربەخۆ ئامانجی بنچینەیی بو، ئێمە ئەم ئامانجەمان وەک "ئامین"ـکردنێک بۆ سۆسیالیزم پەسەند کرد.
بەڵام کاتێک سۆسیالیزمی بونیادنراو هەڵوەشایەوە، هەروەها لێوردبونەوەم لەسەر کێشەی دەوڵەت-نەتەوە کرد، کە لەسەر دیدگاکانی سۆسیالیزمی بونیادنراو شکڵیگرتوە، بۆمان دەرکەوت کە ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە سۆسیالیزم و ڕزگاریی نەتەوەییشەوە نییە. بەپێچەوانەوە هەرچەندە کە دەوڵەت-نەتەوە لەسەر دیدگای سۆسیالیزمی بونیادنراو دامەزرابێت، بەڵام خزمەتی بە سیستەمی سەرمایەداریی کرد. بو بە مۆدێلێکی سەرمایەداریی.
هۆکاری لێوردبونەوەی ئێمە لەسەر سۆسیالیزم و هەوڵی دیموکراتیزەکردنی لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییانە بو، لە ڕاستیدا کاتێک مرۆڤ وشەی "دیموکراتیک" دەخاتە پاڵ سۆسیالیزم، ئەم وشەیە تەواو جێگەی خۆی ناگرێت. لەبەر ئەمە سۆسیالیزم دەبێت لە ڕەگەوە دیموکراتیک بێت. بەڵام کاتێک سۆسیالیزمی بونیادنراو چاوی لە بەدەستهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەتە و ئامانجی بونیادنانی دیکتاتۆرییەتی کرێکاریی (پڕۆلیتاریی)ـیە، لە جەوهەرەکەیدا دیموکراسی لاواز دەبێت. لەسەر ئەم بنەمایەش ئێمە دەستەواژەی "سۆسیالیزمی دیموکراتیک"ـمان کرد بە پێویستی.
دەوڵەت-نەتەوە بە سروشتی خۆی دەسەڵاتپەرەستە، دەسەڵات لە دەستی پڕۆلیتار بێت یان لەدەستی بورژوازەکان، لە لایەنی سیاسەتەوە ڕەنگە گۆڕانکارییەک بئافرێنێت، بەڵام لە لایەنی کەلتوری دەسەڵاتخوازییەوە هیچ جیاوازییەک لەنێوانیاندا نییە، وەکوتر تێکۆشانی چینێک لەبەرامبەر چینێکیتریش ڕاست نییە. ئەمە تەنها دابەشکردنی کۆمەڵگا لەنێوان چینەکاندا قوڵتر دەکاتەوە. لەبری شەڕی چینێک لە بەرامبەر چینێکی تر ئێمە دوالیزمی "کۆمۆنە بەرامبەر بە دەوڵەت"مان جێگیر کرد.
دەوڵەت-نەتەوە بەپێچەوانەی جەوهەری سۆسیالیزمە، هەتا سۆسیالیزم دەڕزێنێت، لەبەرئەوە ئێمە زو تێگەیشتین، هەروەها ئێمە ئامانج و کەڵکەڵەی دەوڵەت-نەتەوەشمان پێچەوانە کردەوە. لە شوێنی ئەو "نەتەوەی دیموکراتیک"مـان دانا.
دیدگای ئێمە بۆ سەردەمی نوێ؛ نەتەوەی دیموکراتیک، ئیکۆ-ئیکۆنۆمی و سەرلەنوێ دامەزراندنی کۆمەڵگایە لەسەر بنەمای هەرەوەزیی. ئەو بەرپرسیارێتییەی لە پێشمانە ئەمەیە؛ پێشخستنی بونیادێکی فەلسەفیی، ڕەهەندە ئایدۆلۆژیکەکان، بە وردەکارییەوە دانانی چوارچێوەی چەمک و دەستەواژەکان و دانانی لەناو جەستەی کۆمەڵگادا. لە بەردەوامی خەباتماندا هەمو ئەم بابەتانە، بە سەردێڕ و کۆتایی دێڕ دەگرینە دەست. بەو واتایەی کە ئێمە هەم لە بواری بەرنامەڕێژیی و هەم لە بواری تاکتیک و ستراتیژدا هەوڵ بدەین چوارچێوەیەکی نوێ دەستنیشان بکەین.
بانگەوازی کۆتاییم، بانگەوازە بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" ئەم بانگەوازە بە مۆڵەتی کۆماری تورکیا کرا، ئەمە خاڵێکی گرنگە. چونکە ئاشتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتەدا مومکینە، کە بەرانبەری تێدەکۆشیت. کۆمەڵگای دیموکراتیک بە دیالۆگ لەناو ئەم دەوڵەتەدا دەتوانرێت دابمەزرێت. ناوی ئەمەش دەبێتە (هاوپەیمانی دیموکراتیک) پێشتر لە بانگەوازەکەمدا ئەم خاڵە هەبو.
بێ شک و گومان؛ دەبێت ئامانجی لایەنەکان لەیەکتر جیاواز بێت، بەڵام ئەو هەنگاوەی هەڵێنراوە و ئەو بانگەوازەی کە کراوە ڕاستە، لە جێی خۆیدایە، دۆخی لایەنەکانیش ئەوە نیشان دەدات کە ئەم هەنگاوە لەجێی خۆیدایە. بۆ من کۆنگرە لە مێژە تەواو بوە، بەڵام با هێزی کادرەکانمان ئەم بابەتە بکەن بە ڕۆژەڤی خۆیان و بە فەرمی ئەنجامی بدەن. باوەڕناکەم هیچ کێشەيەک دروست ببێت، لەمە گرنگتر ئەوەیە؛ کە ئێمە لە داهاتودا بونیادی فەلسەفی و ئایدۆلۆژیی و بەرنامە و بەرنامەڕێژی پراکتیک و ڕەهەندە تاکتیکی-ستراتیژییەکانی پێش دەخەین.
کۆمەڵگای دیموکراتیک بەرنامەی سیاسیی ئەم قۆناغەیە، دامەزراندنی دەوڵەت ناکاتە ئامانجی خۆی، سیاسەتی کۆمەڵگای دیموکراتیکیش سیاسەتی دیموکراتیکە، کۆمین خۆی لە خۆیدا دیموکراتیکە، جیاکردنەوەیان لە یەکتر نابێت، دروست نییە. کۆمەڵگای کۆمین کۆمەڵگای دیموکراتیکە. پێویستە ئەم کۆمەڵگەیە ناوی لێبنرێت کۆمەڵگای دیموکراتیک، سۆسیالیزمی دیموکراتیکیش پارێزەری کۆمەڵگای دیموکراتیکە، چۆن مێژوی دەوڵەت هەیە ئاواش مێژوی کۆمین هەیە. بابەتی کۆمین زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا، لەبەر گرنگییەکەی ئێمە بە دور و درێژی لێکۆلێنەوەی لەسەر بکەین، ژیانی ئازادی گەلان بە کۆمین بەرکەماڵ دەبێت، چۆن دەوڵەت-نەتەوە چەکی سیستەمی سەرمایەدارییە، ئاواش کۆمین چەک و زمانحاڵی گەلانە. لە ڕێگەی شارەوانییەکانیشەوە ئەم کۆمەڵگایە دەتوانرێت ڕێکبخرێت، لە بواری تیۆر و پراکتیکیشدا بەرکەماڵە، بەڵام بە هەستیارییەکی زۆر و تێکۆشانێکی ڕاست لە دژی سیستەمی سەرمایەداری بەدی دێت. ئەگەر مێشکی کادری جێبەجێکار تێکەڵوپێکەڵ بێت و ئیرادەی پەرش و بڵاو بێت، ئەم کارە سەر ناگرێت.
ئێمە بە گرنگی دەزانین کە دەستپێک ئەم قۆناغە لە کۆماری تورکیا سەر بگرێت، کۆبونەوەکانمان هەتا ئێستا، ئەم کارەی گەیاندوەتە ئەم خاڵە. ئەمە قۆناغێکی گرنگە، ئەم کۆبونەوانە بۆخۆی نیوەی چارەسەرە، لە ئێستا بەدواشەوە کار و خەباتی ڕژدی دەوێت لە دڵەوە. هیوا و باوەڕم بە سەرکەوتن بەرزە، نەک تەنها بۆ کورد و کوردستان بەڵکو بۆ هەمو گەلانی ناوچەکە ڕێگە لەبەردەم دەستکەوت و سەرکەوتنی گەورە بکرێتەوە. سەرکەوتنێک لێرە بەرکەماڵ ببێت، کاریگەری لەسەر ئێران، عێراق و سوریاش دەکات، بۆ کۆماری تورکیاش شانسی خۆتاجدارکردن بە دیموکراسیی و پێشەنگایەتیکردنی هەرێمەکە هاتوەتە پێشەوە.
دەتوانم بڵێم ئەوانەی دژایەتی ئەم پڕۆسەیە دەکەن بێبەهان (گوزارشت لە هیچ بەهایەک ناکەن) و دوچاری شکست دەبن، هاوکات تێپەڕاندنی ئەو دژایەتییەش بەرپرسیارێتی دەخاتە سەر شانتان.
دەزانم لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێونەتەوەییش ئەم پڕۆسەیە ئەنجامگیر دەبێت، کۆنفیدراڵیزمبونی ناوچەکە وەکو پێویستییەکی ڕەها-مسۆگەر خۆی نیشان دەدات. دژە ژەهری شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین و شەڕ و دەمارگیرییە مەزهەبییەکان و ناکۆکییەکانی دەوڵەت-نەتەوە، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە.
ئەم چارەسەرە بەهەمان شێوە پێویستی بە ئەنتەرناسیۆنالێکی نوێش هەیە، لەگەڵ دۆستەکانتان بەبێ دواکەوتن، دەستپێکردنی خەباتی ئەنتەرناسیۆنال دەبێتە قەڵەمبازێکی ڕاست و مێژویی.
عەبدوڵا ئۆجالان
٢٥ـی نیسانی ٢٠٢٥