ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد عەبای زەینەبی بۆ ژنان پەسەند کرد
  2025-06-06       512       

ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد بڕیاریداوە  عەبای زەینەبیی جلوبەرگی فەرمی پشتپێبەستراو و رێزلێگراوە لە سنوری پارێزگاکەدا.

ئاوێنە: هودا جەلیل، سەرۆکی لیژنەی ژینگە لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ و لە سەر داواکاریی ئێمە عەبای زەینەبیی وەک جلوبەرگی فەرمی بۆ ژنان لە بەغداد ناسێنرا و پەسەند کرا.

بەوتەی هودا جەلیل، بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد وەک «رێزگرتنە لە رەوشت و کەرامەت و رێزی ژنان بەتایبەتی لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکاندا، لە قوتابخانە و زانکۆو پەیمانگاکاندا». 

چالاکوانی مافەکانی ژنان، بەهار مونزیر، لەسەر بڕیاری بەفەرمی ناساندنی "عەبای زەینەبی”بە جلی ژنان لە بەغداد، دەڵێت: لە تێپەڕاندنی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ـەوە بۆ هەوڵی بەفەرمی کردنی عەبای زەینەبی، گەڕانەوە بۆ دواوە بەردەوامە لە دەوڵەتی مەزهەبی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، لێسەندنەوەی مافە سەرەتاییەکان لە کچان و ژنان، بەرنامە و دەستوری دەسەڵاتدارە پیاوسالارە ملکەچەکانی ئێرانە، وەختە ئەمانەی ئێرەش کۆپی پێستی تاوانەکانی ئەوان بکەن و دواتر پۆلیسی ئاداب دروست دەکەن بۆ سەرکوتی ژینا ئەمینییەکانی عێراق.

ئەوەشی خستەڕو، عێراق لە ئێستادا نوقمی گەندەڵی و هەزار و یەک کێشەی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و ژینگەییە، کەچی سەرقاڵی هێنانی دەستور و یاسا و رێسای ئێرانە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×