لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل رایگەیاند، لەپێناو تێك نەچونی زیاتر دۆخی هەرێمی كوردستان، بانگەز بۆ كۆبونەوەی كەسی یەكەمی هەمو لایەنەكان دەكات و كۆبونەوەكە لە سلێمانی بێت و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتیش خۆی بەشداری بكات تێیدا.
ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە رایگەیاند، "پیرۆزبایی جەژن لەکاتێکدا دەکەم بەداخەوە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی قورس و قەیراناویدا تێدەپەڕن، بێ متمانەیی خەڵک بە سیاسییەکان لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵکشاندایەو دڵنیانەبون لە داهاتوى رۆڵەکانیان شەو ڕۆژ لە زهنیاندا دەزڕنگێتەوە."
بەقسەی ئەو "بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە جگە لە قسەی بێکردار و یەکترشکاندن لە میدیاکانەوە نەمانتوانیوە وەکو پێویست خزمەتی هاوڵاتیانی کوردستان بکەین."
ئاماژەی بەوەشداوە "وەک بەرپرسیارێتی سەر شانمان لە پێناو تێکنەچونی زیاتری بارودۆخی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی خۆمان، بانگەوازێک بۆ کۆبونەوەی کەسی یەکەمی هەمو ئەو لایەنانە دەکەم کە کورسیان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر خەڵک و ئایندەی ئەم هەرێمە."
وتوشیەتی"بۆ کۆبونەوەکەش داواکارم لایەنەکان لەئاستی کەسی یەکەمیاندا بەشداربن بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە کە واپێویستە کاک مەسعود خۆی بەشداربێت و سەردانی سلێمانی بکات، با جارێکیش بڕیاری چارەنوسساز لە سلێمانییەوە بدرێت، باشترە کۆبونەوەکە لە بارەگای هیچ لایەنێک نەبێت بەڵکو لە شوێنێکی تایبەت بکرێت."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە"داواکارم لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییانەوە کەسی یەکەمی هەمو لایەنەکان ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبونەوەیەکی فراوان رابگەیەنن، تاوەکو هاوڵاتیان بزانن و ببینن لایەنەکان بەرژەوەندی حزبی خۆیان وەلا ناوەو بەرژەوەندی خەڵک و کوردستانیان خستوەتە سەرو هەمو شتێکەوە."
لە كۆتاییشدا وتویەتی"لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی ئەم بانگەوازەمان، پێشنیازی تر دەخەینەڕو کە هەر لایەنێکی سیاسی بیەوێت دەتوانین پێکەوە دەستەیەک پێکبهێنین و سەردانی لایەنە سیاسییەکانی بەغداد بکەین."
دەقی پەیامەكەی لاهور شێخ جەنگی:
بەناوی خوداى بەخشندەى میهرەبان،
بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پیرۆزبایی لە موسڵمانانی جیهان و خەڵکی کوردستان دەکەم.
پیرۆزبایی جەژن لەکاتێکدا دەکەم بەداخەوە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی قورس و قەیراناویدا تێدەپەڕن، بێ متمانەیی خەڵک بە سیاسییەکان لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵکشاندایەو دڵنیانەبون لە داهاتوى رۆڵەکانیان شەو ڕۆژ لە زهنیاندا دەزڕنگێتەوە.
هاوڵاتیانی خۆشەویست، من وەکو لاهور شێخ جەنگی کە رۆژێک لە رۆژان بەرپرسیارێتیم هەبوە لەم هەرێمەدا مافی ئەوەتان پێدەدەم نیگەرانبن لە هەموان، چونکە بەداخەوە وایلهاتوە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە جگە لە قسەی بێکردار و یەکترشکاندن لە میدیاکانەوە نەمانتوانیوە وەکو پێویست خزمەتی هاوڵاتیانی کوردستان بکەین.
دۆخی ئێستای کوردستان بە جۆرێکە بەهۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە نە پەرلەمانی هەیە ببێتە شوێنی کۆکەرەوەی هەمو لایەنەکان و نوێنەرایەتی خەڵک بکات، نە حکومەتی هەڵبژێردراوی هەیە، نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا یەک دەنگ و یەک بڕیار نین، هەمو ئەمانە وایکردوە خەڵکی کوردستان نوێنەرایەتی راستەقینەی نەبێت و هەر لایەنە و بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی باس لە دۆخی کوردستان بکات.
سەرباری ڕەخنەکانمان گۆڕانکاری و کاردانەوەکان خێران و کار گەیشتوەتە برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێنەدانی مافە داراییەکانیان.
هەربۆیە وەک بەرپرسیارێتی سەر شانمان لە پێناو تێکنەچونی زیاتری بارودۆخی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی خۆمان، بانگەوازێک بۆ کۆبونەوەی کەسی یەکەمی هەمو ئەو لایەنانە دەکەم کە کورسیان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر خەڵک و ئایندەی ئەم هەرێمە.
بۆ کۆبونەوەکەش داواکارم لایەنەکان لەئاستی کەسی یەکەمیاندا بەشداربن بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە کە واپێویستە کاک مەسعود خۆی بەشداربێت و سەردانی سلێمانی بکات، با جارێکیش بڕیاری چارەنوسساز لە سلێمانییەوە بدرێت، باشترە کۆبونەوەکە لە بارەگای هیچ لایەنێک نەبێت بەڵکو لە شوێنێکی تایبەت بکرێت.
کەسی یەکەمی لایەنەکان هەرچی هەیانە بەڕاشکاوی بەرامبەر یەکتری بیڵێن ئەگەر دەیانەوێت گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بکەن دەبێت لە قاچاخچێتی و داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە تا دەگاتە بەهەدەردانی سەروەتی ژێرخان و سەرخانی ئەم وڵاتە لەوێ باسی بکەن، رێگە چارەش بخەنە رو، تا چیتر لە رێگەی میدیاکانەوە برینەکان قوڵتر نەکەینەوە و هاوڵاتیانی کوردستان بێ ئومێدتر نەکەین.
رەنگە هەندێک لایەن ئەم بانگەوازەیان لاسەیربێت و وەڵامێکی پۆپۆلیستی بدەنەوە و بڵێن بەشدارنابین، بەڵام لایەنە سیاسییەکان ئەگەر دور لە موزایەدەی سیاسی قسەی جدی و چارەسەریان لایە با لە کۆبونەوەکەدا ئازایانە دەستبخەنە سەر برینەکان و هەرچی لە بەرژەوەندی خەڵک بو بیڵێن، نەک لە میدیاکانەوە بەبێ ئەوەی ئەنجامی هەبێت یەکتری تەخوین دەکەن و خەڵکیش بێ هیوا دەکەن.
داواکارم لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییانەوە کەسی یەکەمی هەمو لایەنەکان ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبونەوەیەکی فراوان رابگەیەنن، تاوەکو هاوڵاتیان بزانن و ببینن لایەنەکان بەرژەوەندی حزبی خۆیان وەلا ناوەو بەرژەوەندی خەڵک و کوردستانیان خستوەتە سەرو هەمو شتێکەوە.
لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی ئەم بانگەوازەمان، پێشنیازی تر دەخەینە رو کە هەر لایەنێکی سیاسی بیەوێت دەتوانین پێکەوە دەستەیەک پێکبهێنین و سەردانی لایەنە سیاسییەکانی بەغداد بکەین.