مالیكی داوا لە كۆمسیۆن دەكات رێگری بكات لە خۆكاندیدكردنی ئەوانەی بانگەشە بۆ هزری بەعس دەكەن
  2025-06-06       223       

نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و دەستەی لێپێچێنەوە و دادپەوەری دەكات رێكاری وردبینیكردنی ئەمنی لەبارەی باكگرواندی كاندیدەكانی هەڵبژاردن بگرنەبەر بۆ رێگریكردن لە خۆكاندیدكردنی ئەوانەی بانگەشە بۆ هزریی حزبی بەعس دەكەن.

ئاوێنە: نوری مالیكی، ئەمڕۆ هەینی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، نوسیویەتی، دەستوری عێراقی لە ماددەی حەوتدا، قەدەغەی هەر قەوارەیەك یان رەوتێكی كردوە كە پشتیوانی لە رەگەزپەرستی و تیرۆر بكات یاخود هاندەرو رێگەخۆشكەرو ستایشكەرو بانگەشەكار بێت بۆی، بەتایبەت بۆ حزبی بەعسی سەدامی و رەمزەكانی لە عێراق ئیدی لەژێر هەر ناوێكدا بێت.

وتوشیەتی، لەم روانگەیەو لەپێناو پاراستنی ئەزمونی دیموكراسی لە عێراق جەخت دەكەینەوە لەسەر پێویستی پابەندبونی دامەزراوەكانی دەوڵەت بە رێگریكردن یاخود دزەكردنی هەر یەكێك لەوانەی كە ماددە دەستورییەكە باسی كردون.

ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە لەسەر دەستەی لێپێچینەوەو دادپەروەری و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رێكاری وردبینیكردنی ئەمنی بەپێی دەستور بگرنە بەر لەبارەی باكگراوندی كاندیدو حزبەكان ئەوەش لەچوارچێوەی بێگەردی پڕۆسەی هەڵبژاردنداو هەروەها ئەوانە ئاشكرابكەن كە بانگەشە یاخود پاساو بۆ هزری حزبی بەعس دەهێنێنەوە و رێگرییان لێ بكەن لە خۆكاندیدكردنیان یاخود بەشداری هەر كەس و قەوارەیەك كە دەچێتە چوارچێوەی قەدەغە دەستورییەكان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×