ئا: ئاوێنە
هاوپەیمانی بەهێزی نێوان دۆناڵد ترەمپو ئیلۆن ماسک، نەک هەر کۆتاییهات، بەڵکو ئێستا شیرو تیر لەیەک دەسوون. ململانێکان کە لەکۆشکی سپییەوە دەستیپێکرد، پەلی کێشا بۆ شەڕە قسەی ئەم دوو کاراکتەرە لەسۆشیال میدیادا، بەئەندازەیەک کە هەڕەشە لەئایندەی سیاسیو بازرگانی دۆنالدو ئیلۆن دەکات.
ناکۆکی نێوان دۆناڵد ترەمپو ئیلۆن ماسک لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە ماسک ناڕەزایی توندی خۆی لەپلانە نوێیەکەی ترەمپ سەبارەت بەپلانی باج سەندن دەربڕی. ئەو پێیوابوو ئەو پلانە نەک تەنها حکومەتی ئەمریکا زیاتر قەرزدار دەکات، بەڵکو زیان بەپیشەسازی ئۆتۆمبێلی کارەباییش دەگەیەنێت. لەبەرامبەردا ترەمپ کاردانەوەی توندی نیشانداو هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی حکومەتی کرد بۆ کۆمپانیاکانی ماسک، لەوانە تێسلاو سپەیس ئێکس.
ململانێ هەر بەمەشەوە نەوەستا، بەڵکو ترەمپ نووسی "ئیلۆن ماسک کێشی دابەزاندووە (وەک توانجدان لەبەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان)، بۆیە داوام لەئیلۆن کرد لەحکومەت دەربچێتو هەروەها یاسای ئیجباری ئۆتۆمبێلی کارەباییم هەڵوەشاندەوە".
ئیلۆن ماسک لەوەڵامدا نووسی "ئەگەر پشتیوانی من نەبوایە، ترەمپ نەدەبووە سەرۆکو دیموکراتەکان ئەمڕۆ لەبری کۆمارییەکان کۆنترۆڵی کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیرانیان دەگرتە دەست. دۆناڵد ترەمپ چەند بێ منەتە".!
ترەمپ لەوەڵامدا وتی "ئاسانترین ڕێگە بۆ پاشەکەوتکردنی بودجەی حکومەت هەڵوەشاندنەوەی ملیارەها دۆلارە لەیارمەتییەکانی حکومەت بۆ ئیلۆن ماسک و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی حکومەتە لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئیلۆن ماسک".
لەچوارچێوەت ناکۆکی زارەکیدا لەنێوان ئیلۆن ماسک، ملیاردێری بەناوبانگو خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکسو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ماسک هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر حکومەت گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا سپەیس ئێکس دەستبەجێ پرۆسەی کەشتییە ئاسمانییەکەی "دراگۆن" لەکاردەخات.
کەشتی ئاسمانی دراگۆن یەکێکە لەکەشتییە ئاسمانییەکانی گواستنەوەی ناسا کە بۆ گواستنەوەی بارو کەشتیوانی ئاسمانی بۆ وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتی بەکاردێت. بەسەرنجدان لەوەی کە کەشتی ئاسمانی ستارلاینەری کۆمپانیای بۆینگ هێشتا ئامادە نییە بۆ کارکردن، ناسا پێویستی بەدراگۆن هەیە بۆ ئەوەی نەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی کەشتییە ئاسمانییەکانی روسیا.
بەڵام چیرۆکەکە بەوەوە کۆتایی نەهات، ئیلۆن ماسک کە لەڕادەبەدەر توڕە بوو لە ترەمپ، داوای لێپێچینەوەی لەسەرۆکی ئەمەریکا کرد.
لەپۆستێکیدا لەپلاتفۆرمی ئێکس، ماسک پاگەندەی کرد کە ناوی دۆناڵد ترەمپ لەدۆسیەی "جێفری ئیپشتاین"دایەو لەگەندەڵی ئەخلاقییەوە تێوەگلاوە.
ماسک وتی "کاتی ئەوە هاتووە بۆمبێکی بەڕاستی گەورە بتەقێنرێتەوە؛ ترەمپ لەبەڵگەنامەکانی ئێپشتایندایە. ئەمە هۆکاری ڕاستەقینەی بڵاونەکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەو ئازادنەکردنیانو شاردنەوەی راستییەکانە، ڕۆژێکی خۆش دۆناڵد جەی ترەمپ!".
بە گوتەی ماسک، ئەمە هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی ئەمریکا وردەکاری تەواوی دۆسیەکەی بڵاونەکردۆتەوە، ئەمەش پێچەوانەی بەڵێنێکی پێشووترە.
جێفری ئیپشتاین، ملیۆنەرێکی ئەمەریکی بوو، تۆمەتبار کرا بەوەی "تۆڕێکی بەرفراوان"ی کچانی خوار تەمەنی یاسایی بۆ سێکس بەڕێوەبردووە. تۆمەتبار کرا بەدەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لەدوورگەیەکدا کە بە"دورگەی ئیپشتاین" بەناوبانگ بوو، میوانداریی کەسایەتییە ناودارەکانی دنیای سیاسەتو بازرگانی تیا دەکرد. زۆرێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی بزنسو کەسایەتییە سیاسییەکان بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە لەدوورگەی ئیپشتاین بوون.
جێفری ئیپشتاین، لە١٠ی ئابی ٢٠١٩دا، لەسەنتەری میترۆپۆلیتان لەنیویۆرک کۆتایی بەژیانی خۆی هێناو ڕۆژێک پێش ئەم رووداوە، داواکارانی گشتی بە بەڵگەی نوێ تۆمەتی نوێیان ئاراستە کردبوو.
ئەم کەیسە یەکێکە لەئاڵۆزترین دۆسیەکان لەمێژووی ئەمریکادا، بەڵام زۆر لایەنی دۆسیەکە هێشتا بەنهێنی ماونەتەوەو ئاشکرا نەکراون.
پێش هەڵبژاردنی لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا، ترەمپ ڕایگەیاندبوو "هیچ کێشەیەکی نییە لەبڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکانی ئیپشتاین".
ترەمپ رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکی بەئیپشتاینەوە هەبێتو نووسی "هەرگیز لەفڕۆکەکەی ئیپشتاین نەبووم، یان لەدوورگە گەمژەکەیدا نەبووم. پێویستە یاسای توند دژی زیرەکی دەستکرد هەبێت، چونکە لەداهاتوودا دەبێتە کێشەیەکی زۆر گەورەو مەترسیدار!".
ئەم پاگەندە مشتومڕاوییەی ماسک تەنها چەند خولەکێک دوای ئەوە هات کە ترەمپ هەڕەشەی بڕینی گرێبەستە حکومییەکانی لەکۆمپانیاکانی ماسک کرد، ئەمەش هەنگاوێکە کە بووەتە هۆی پەرەسەندنی ناکۆکی لەنێوان هەردوو هاوپەیمانەکەی پێشووداو ئەم ڕووداوە بەگەورەترین دابڕان لەئیدارەی ترەمپ دادەنرێت.