ترەمپ: پەیوەندییەكی تەلەفۆنی زۆر باشم لەگەڵ سەرۆكی چین ئەنجام دا
  2025-06-05       183       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆكی چین پەیوەندییەكی تەلەفۆنی "زۆر باش"یان ئەنجامداوەو گفتوگۆیان لەبارەی وردەكارییەكانی رێككەوتنی بازرگانی ئەم دواییەی نێوانیان كردوەو لەسەری رێككەوتون.

 ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا لە تۆڕی "تروس سۆشیاڵ"، ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ شی چینپینگ، سەرۆكی چین خستەڕو.

ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە كە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ سەرۆكی چین كە نزیكەی سەعات و نیوێكی خایاندوە، "زۆر باش" بوەو تێیدا گفتوگۆیان لەسەر وردەكارییەكانی ئەو رێككەوتنە بازرگانییە كردوە كە بەم دواییانە ئیمزایان كردوەو لەسەر وردەكارییەكان رێككەوتون.

سەرۆكی ئەمریكا جەختی كردۆتەوە كە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە "كۆتاییەكی زۆر ئەرێنی بۆ هەردو وڵات هەبوە." و وتوشیەتی"چیتر نابێت هیچ پرسیارێک لەبارەی ئاڵۆزیی بەرهەمە دەگمەنەکانەوە هەبێت."

ترەمپ هێمای بۆ ئەوەش كردوە "تیمە پەیوەندیدارەكانی هەردولامان بەم زوانە لە شوێنێک کۆدەبنەوە کە دواتر دیاری دەکرێت. بۆ ئەوەش سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە؛ هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانی و جەیمسن گریر، نوێنەری بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتوەکان، نوێنەرایەتی ئێمە دەكەن."

ترەمپ ئەوەشی وتوە"سەرۆک شی بانگێشتی خانمی یەکەم و منی کرد بۆ سەردانکردنی چین و منیش بە هەمان شێوە بانگێشتم کردن. وەک سەرۆکی دو نەتەوەی مەزن، ئەمە شتێکە کە هەردوکمان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەكەین."

سەرۆكی ئەمریكا هێمای بۆ ئەوەش كردوە، تەوەری سەرەكی گفتوگۆكەیان لەسەر بازرگانی بوەو باسی هیچ شتێكیان نەكردوە كە پەیوەندی بە روسیاو ئۆكرانیا یاخود ئێرانەوە هەبێت.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی میدیای رەسمی چین، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان هەردو سەرۆك لەسەر داوای ترەمپ بوە.

 لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە بەپێی راگەیەندراوی حكومەتی چین،  شی جینپینگ ئاماژەی بەوەداوە، "بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا، پێویستە ئاراستەکە دیاری بکەین، بەتایبەتی بۆ نەهێشتنی هەمو جۆرە دەستوەردان و تەنانەت تێکدانێک."

 سەرۆکی چین هەروەها وتویەتی "بەپێی پێشنیاری لایەنی ئەمریکی، سەرکردە ئابوری و بازرگانییەکانی هەردو وڵات لە جنێڤ گفتوگۆیان کرد، کە هەنگاوێکی گرنگ بو بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئابوری و بازرگانییەکان لە رێگەی گفتوگۆ و راوێژەوە. ئەمە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن هەمو کەرتەکانی هەردو وڵات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پێشوازی لێکرا، هەروەها سەلماندی کە گفتوگۆ و هەماهەنگی تاکە هەڵبژاردەی راستن."

سەرۆكی چین هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "دەبێت هەردولا بە باشی میکانیزمی راوێژی ئابوری و بازرگانی بەکاربێنن، پابەندی هەڵوێستێکی هاوسەنگ بن، رێز لە نیگەرانییەکانی یەکدی بگرن و هەوڵی سودگۆڕینەوە بۆ هەردولا بدەن. لەم روەوە، چین راستگۆ و خاوەن بنەمایە. گەلی چین هەمیشە بەڵێنەکانی خۆی بردوەتەسەر و ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "مادام رێککەوتنێک کراوە، دەبێت هەردو لا پابەندی بن. دوای گفتوگۆکانی جنێڤ، چین بە جدی رێککەوتنەکەی جێبەجێ کرد. ئەمریکا دەبێت بە شێوەیەکی واقیعی سەیری پێشکەوتنەکان بکات و ئەو رێوشوێنە نەرێنییانە بکشێنێتەوە کە دژی چین گیراونەتەبەر."

 بەگوێرەی راگەیێنراوەکەی چین، ترەمپ "رێزێکی زۆری بۆ سەرۆک شی جینپینگ دەربڕیوە و رایگەیاندوە کە پەیوەندی ئەمریکا و چین زۆر گرنگە. ویلایەتە یەکگرتوەکان دڵخۆشە بەوەی ئابوری چین بەردەوامە لە گەشەکردنی بەهێز. هاوئاهەنگیی ئەمریکا و چین دەتوانێت کاری زۆر باش بکات. ئەمریکا لەسەر سیاسەتی (یەک چین) بەردەوام دەبێت. گفتوگۆ ئابوری و بازرگانییەکانی جنێڤی هەردو وڵات زۆر سەرکەوتو بون و رێککەوتنێکی باش کرا. ویلایەتە یەکگرتوەکان ئامادەیە لەگەڵ چین کار بکات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. ویلایەتە یەکگرتوەکان پێشوازی لە خوێندکارە چینییەکان دەکات بۆ خوێندن لە ئەمریکا."

 بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەردو سەرۆک رێککەوتون کە تیمەکانی هەردو لا بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی جنێڤ و لە نزیکترین کاتدا گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×