ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی راگرتنی موچە نامەیەك ئاڕاستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات
  2025-06-04       279       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، بڕیاری راگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بە "نادەستوری و نایاسایی" ناودەبات و داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەكات پێداچونەوە بەو بڕیارەدا بكات. هەروەها بڕیاریشیدا نامەیەكی رەسمی ئاڕاستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی وڵاتان بكات و تێیدا داوای پشتیوانی بۆ چارەسەركردنی گرفتی موچەی هەرێم بكرێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوەو حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستۆتەڕو.

بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە، تایبەت بو بە بەدواداچونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بابەتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردوەو شەفافانە سەرجەم داتاو زانیاریەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم خستوەتەڕو و لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 ڕێککەوتنی هاوبەش لەنێوان هەردو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم ئیمزاکرا بۆ دابینکردنی تەواوی موچەی مانگەکانی ئەمساڵ ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی.

مەسرور بارزانی وتوشیەتی"بۆیە نابێت لە ژێر هیچ پاساو و بیانویەک، قوتی موچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتو رابگیرێت بەتایبەتیش کە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حکومەتی فیدڕاڵ بەم بڕیارە سیاسیەی؛ گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمە."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەر لەوبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران؛ بڕیاری راگرتنی موچەی هەرێمی کوردستان بە نادەستوریی و نایاسایی دەزانێت و داوای کرد ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی موچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان و کار بە دوا ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم بکرێت.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا بڕیاریشدرا نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستوریی و یاسایی و داراییەکان ڕونبکرێتەوەو داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەرکردنی گرفتی موچەی هەرێم بکرێت لە چوارچێوەی دەستور.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا، بڕیاردرا لە ڕۆژی هەینی 2025/6/6 تا رۆژی دوشەممەی هەفتەی داهاتو 2025/6/9 ڕۆژانی پشوی جەژنی قوربان بێت و ڕۆژی سێشەممە 2025/6/10 دەوامی فەرمیی دەستپێدەکاتەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە، تایبەت بو بە بەدواداچونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بابەتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرەتا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردوەو شەفافانە سەرجەم داتاو زانیاریەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم خستوەتەڕو و لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 ڕێککەوتنی هاوبەش لەنێوان هەردو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم ئیمزاکرا بۆ دابینکردنی تەواوی موچەی مانگەکانی ئەمساڵ ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی کە ڕێگە نادات ناکۆکییەکانی نێوان هەردو حکومەت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، هۆکار بێت بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەستوری عێراق بنەمای یەکسانی لە نێوان سەرجەم عێراقییەکان جێگیرکردوە و دادگای فیدڕاڵیش جەختی کردۆتەوە لەسەر مامەڵەکردنی موچەخۆرانی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی، بۆیە نابێت لە ژێر هیچ پاساو و بیانویەک، قوتی موچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتو رابگیرێت بەتایبەتیش کە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حکومەتی فیدڕاڵ بەم بڕیارە سیاسیەی؛ گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمە.

هەر لەوبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران؛ بڕیاری راگرتنی موچەی هەرێمی کوردستان بە نادەستوریی و نایاسایی دەزانێت و داوای کرد ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی موچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان و کار بە دوا ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم بکرێت. هەروەها بڕیاریشدرا نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستوریی و یاسایی و داراییەکان ڕونبکرێتەوەو داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەرکردنی گرفتی موچەی هەرێم بکرێت لە چوارچێوەی دەستور.

بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکە، تایبەت بو بە خستنەڕوی نوسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە پێشنیاریان کردوە لێخۆشبون بۆ کوڕو کچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی بکرێت لە پێشینەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 158 لە 2025/3/12 بۆ ئەوانەی کە سودمەند نەبون لە منحە و دیاریی هاوسەرگیریی، پاش خستنەڕوی ڕاپۆرتێک لەلایەن عەبدوڵلای حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان. ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارەکە دا.

بڕگەی سێیەمی کۆبونەوەکە تایبەت بو بە خستنەڕوی بابەتی کارمەندانی گرێبەست لەسەر بودجەی پەرەپێدان و داهات و پێشینەی بەردەوام و کرێی رۆژانە.

پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی بۆ ڕەوایەتی داواکاری ئەو کارمەندانە لەسەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ئەم بابەتە بە بڕیارێکی گشتگیر بۆ سەرجەم وەزارەتەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابوری کە ئامادەکاری باشتری بۆ بکرێت لە ڕوی یەکخستنی ژمارە و ئامارەکان لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان وسەرەڕای هەڵسەنگاندنی ئیداریی و دارایی بابەتەکە، تا لە کۆبونەوەکانی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری یەکلاییکەرەوەی لەسەر بدرێت.

لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە سەرجەم موسڵمانان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد و بەو بۆنەیەوە، بڕیاردرا لە ڕۆژی هەینی 2025/6/6 تا رۆژی دوشەممەی هەفتەی داهاتو 2025/6/9 ڕۆژانی پشوی جەژنی قوربان بێت و ڕۆژی سێشەممە 2025/6/10 دەوامی فەرمیی دەستپێدەکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×