دەقی نامەكەی ئۆجەلان بۆ كۆنگرەی پەكەكە
  2025-06-04       515       

رۆژنامەی "سەرخۆبون"، زمانحاڵی پەكەكە، دوای 44 ساڵ كاركردن، داخرا و ئەمڕۆ چوارشەممە، لەدوایین ژمارەی خۆیدا، دەقی نامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلانی بڵاوكردەوە كە ئاڕاستەی كۆنگرەی 12ی پەكەكەی كردو داوای لێكردن خۆیان هەڵبوەشێننەوە.

ئاوێنە: لە نامەكەیدا بۆ كۆنگرەی 12ی پەكەكە، ئۆجەلان رایگەیاندوە، دوای 52 ساڵ، مانگ و هەفتەیەك لە مێژوی تێكۆشانمان...دەمانەوێت لەو سۆسیالیزمەوە كە ئامانجی دەوڵەت-نەتەوەیە، تێپەڕین بەرەو قۆناغێكی مێژویی و سۆسیالیزمی كۆمەگەڵی دیموكراتیك.

ئۆجەلان لە نامەكەیدا باسی لەوە كردوە كە لەبەر چوار هۆكاری بنەڕەتی دەبێت ئەو سەردەمی تێكۆشانەی پەكەكە تێپەڕێنێت و وتویەتی، لەبەرئەوەی پەکەکە لەڕوی جەوهەرییەوە گەیشتوە بە تەمەنی سروشتی خۆی، پێویستە بە فەرمی کۆتایی بەو کارانە بێنێت، کە بە ناوییەوە کراون.

عەبدوڵا ئۆجەلان جەختیشی كردۆتەوە كە "سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوە کۆتایی هاتوە، سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک سەرکەوتوە."

دەقی نامەكەی ئۆجەلان:

هەڤاڵانی هێژا

دوای 52 ساڵ، مانگ و هەفتەیەک لە مێژویی تێکۆشانمان، بە شێوەیەکی فەرمی سەردەمێکی مێژویی لەدوای خۆمان جێ دەهێڵین، بە مانەیەکی کۆنکرێتی دیكە، دەمانەوێت لەو سۆسیالیزمەوە، کە ئامانجی دەوڵەت-نەتەوەیە، تێپەڕین بەرەو قۆناغێکی مێژویی و سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک. هەروەک چۆن هەموشتێک سەرەتا و کۆتایی هەیە.

سەردەمێک، لەبەر چوار هۆکاری بنەڕەتی دەبێت تێپەڕنرێت

1.لەبەر ئەوەی پەکەکە لە ڕوی جەوهەرییەوە گەیشتوە بە تەمەنی سروشتی خۆی، پێویستە بە فەرمی کۆتایی بەو کارانە بێنێت، کە بە ناوییەوە کراون، مەبەست لەمەش کۆتایهاتنی سۆسیالیزمی بونیادنراوە بە هۆکاری ناوخۆی، پێویست بە کردنەوەی ڕێگەیەکی نوێی سۆسیالیزم، بارودۆخی داننان و پێکهاتنی ناسنامەی کوردە.

2.تێکۆشانی چەکداری وابەستەی ستراتیژێکە، کە ئامانجەکەی دەوڵەت-نەتەوەیە، بۆ دەرچون و تێپەڕاندنی ئەم ئامانجە لەناو بەرنامەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا دەبێت خۆی بسپێرێتە یاسا و سیاسەتی دیموکراتیک، بۆیە پێویست بەوەدەکات دەستبەرداری تێکۆشانی چەکداری ببێت، پاداشت و وەڵامدانەوەی ئەمەش دانپێدانانی مافی سیاسەتی دیموکراتیکی و گەرەنتییەکەی یاسایی یەکگرتوی بەهێزە.

3.لەبەرئەوەی کۆبونەوە و دیالۆگ لەگەڵ دەوڵەتدا لەژێر فەرمییەتی پەکەکەدا قبوڵ ناکرێت، پێویستی بە کۆتایهێنان بەوکارانە هەیە، کە بە ناوی پەکەکەوە دەکرێت، کە وەک توخمێکی گرنگ بوە بە ڕۆژەڤ، ئەمەش وەک ئەنجامێک دەتوانرێت لە ڕای گشتییدا ببینرێت.

4.لە پێناو سەردەمێکی نوێدا، پەڕینەوە بۆ ناو قۆناغی ‘ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ پێویستییە، هەم لە ڕوی ناوەڕۆکەوە هەمیش لە ڕوی فۆرمەوە ئەمە وەک ئەڵتەرناتیڤی سەردەمی دەستپێک، لەو باوەڕەدام بڕیارەکانی کۆنگرە دەربارەی کۆتایهێنان بە کار و خەباتەکانی، کە بە ناوییەوە دەکران، کۆمەڵگەی دیموکراتیک، سیاسەت و یاسایی، مێژویی دەبن و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.

سوربون لەسەر مرۆڤایەتی سوربونە لەسەر سۆسیالیزم.

سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوە کۆتایی هاتوە، سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک سەرکەوتوە.

27ـی نیسانی 2025

عەبدوڵا ئۆجەلان

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×