محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی "تەقەدوم" رایگەیاند، ناكۆكییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بەردەوام دەبن ئەگەر لە ریشەوە چارەسەر نەكرێن و پێشی وایە چارەسەركردنیان بەندە بە پابەندیی هەردولاوە بە چەند هەنگاوێكەوە لەنێویاندا ئەوەی كەدەرهێنان و بەكارهێنان و بەبازاڕكردن و هەناردەی نەوت و غاز بەتەنیا لە دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیدایە.
ئاوێنە: محەمەد حەلبوسی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس، نوسیویەتی"ئەم ناكۆكییە دوبارەو پەرەسەندوانەی نێوان حكومەتی هەولێرو حكومەتە فیدراڵییە یەك لەدوای یەكەكان بەردەوام دەبن، ئەگەر لە ریشەوە چارەسەر نەكرێن."
حەلبوسی پێی وایە، چارەسەر لە پابەندبونی هەمو لایەنەكاندایە بە سێ هەنگاوەوە كە یەكەمیان بریتییە لەوەی "دەرهێنان و بەكارهێنان و بەبازاڕكردن و هەناردەی نەوت و غازو سامانە سروشتییەكان بەتەنیا لە دەسەڵات و تایبەتمەندییەكانی حكومەتی فیدراڵیدایە."
هەنگاوی دوەمیش بەبڕوای حەلبوسی ئەوەیە كە "بەڕێوەبردن و پاراستنی سنورو دەروازەكان و سەپاندنی باج و پێناسی گومرگیی بەتەنیا لە دەسەڵات و تایبەتمەندی حكومەتی فیدراڵیدایەو بەرپرسیارێتیی تەواوەتی دەكەوێتە ئەستۆ لە رێگریكردن لە قاچاخچێتی."
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، هەنگاوی سێیەم ئەوەیە كە "حكومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتی خەرجییەكانی گەلی عێراقی دەكەوێتە ئەستۆ لەگەڵ دابەشكردنی تەرخانكراوە داراییەكان لەناو بودجەدا (بۆ وەزارەتەكان و پارێزگاكان و هەرێم) ئەوەش بەگوێرەی نوێنەرایەتیی دادپەروەرانەی دانیشتوان، لەگەڵ ئەژماركردنی رێژەی سەدی داهاتەكانی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان و ئەو پارێزگایانەی كە دەروازەیان تێدایە، بەپێی ئەوەی رێككەوتنی لەسەر دەكرێت."
لەكۆتاییشدا حەلبوسی وتویەتی"هەر كەسێك دادپەروەری دەوێت، دەبێت پابەندی ئەو خاڵانەی سەرەوە بێت و جێبەجێیان بكات."