16 سزادراوی چاکسازییەکانی هەرێم بە بۆنەی جەژنەوە مۆڵەتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوەیان پێدراوە
  2025-06-06       270       

لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، زیاتر لە پێنج هەزار سزادراو هەن. لەو ژمارەیەش بەگوێرەی رێنماییەکانی رێگەپێدان و بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، 16 حوکمدراو بە مۆڵەت نێردراونەتە ماڵەوە.

ئاوێنە: ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، "لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی هەشت حوکمدراو؛ هەولێر پێنج حوکمدراو و لە دهۆکیش سێ حکومدراو مۆڵەتیان وەرگرتوە بۆ جەژن بەشێوەیەکی کاتی لە ماڵەوەبن".

 لە بەرامبەردا، هیچ کەسێک لە چاکسازییەکانی ژنان و منداڵان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک "بە مۆڵەت نەچوەتە دەرەوە."

 ئەو کەسانەی کەیسی دادگایان یەکلابوەتەوە و سزادراون لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، سێ مانگ جارێک بۆیان هەیە داوای مۆڵەتی یەک هەفتە دەرچون لە زیندان بکەن، بەو مەرجەی چارەکێکی حوکمەکەیان تەواو کردبێت و چەند مەرجێکی دیکەی لاوەکیشیان تێدا بێت.

 بە وتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، "ئەوانەی بە تاوانی تیرۆر، رفاندنی خەڵک و کوشتن حوکمدراون مافیان نییە داوای مۆڵەتی چونە دەرەوە بکەن".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×