یەکەی راگەیەیاندنو پەیوەندیەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بڵاویكردۆتهوه كه سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان بەدواداچون دەکات بۆ کەیسی ئەو مێردمنداڵەی کە لەبنکەی پۆلیس لهشاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.
ئاوێنه: لهڕاگهیهندراوهكهی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ههرێمدا هاتووه، "لەرێکەوتی ١٣/١١/٢٠٢٢ بەرێز سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان دادوەر کاوە فتحی معصوم دوابەدوای هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو مێردمنداڵەی کە لەبنکەی پۆلیسی سەرچنار گیانیلەدەستدا پەیوەندیکرد بەبەرێوەبەری گشتی پۆلیس بۆ بەدواداچون بۆ ئەم بابەتەو پێکهێنانی لیژنەیەک بەچاودێری دادوەری داواکاری گشتی تایبەتمەند بۆ زانینی راستیەکانو هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەم مێرد منداڵەو لەئەنجامەکان ئاگادارمان بکاتەوە".
ئاماژه بۆ ئهوهش كراوه كه سەرۆکی داواکاری گشتی لەلای خۆیەوە پەیوەندیکردووه بەبەرێوەبەری پزیشکی دادی سلێمانی داوایکردووه وێنەیەک لەراپۆرتەکانی بۆ بنێرێت، هەروەها پەیوەندی کردووه بەبەرپرسی فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی و داواکاری گشتی تایبەتمەند لەبنکەی پۆلیسی سەرچنار بۆ ناردنی راپۆرت لەسەر ئەم بابەتە.
دوێنێ شهممه، لەگەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی مێردمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ بهناوی (سەهەند ئهحمهد) لەکاتی دەستگیرکردنی گیانیلەدەستدا.
هەژار ئەحمەد، برای مێردمنداڵهكه رایگەیاند، "براکەم دوێنێ لەگەڵ چەند گەنجێکی دیکە لەگەڕەکی سەرچنار بەشەڕ هاتووە، لەدوای ئەوەی دەستگیریان کردووە هەڵاتووەو جارێکی دیکە دەستگیریان کردووەتەوە".
ئاماژەی بەوە کرد، "لەبنکەی پۆلیس بەئێمەیان وت لەو کاتەی پۆلیسەکان شوێنی کەوتون، براکەم لەشوێنێکی بەرز کەوتووەتە خوارەوەو زەبری بەرکەوتووەو بهو هۆیهوه گیانیلهدهستداوه".
باسی لەوەش کردووه، "ئێمە گومانمان لەچۆنێتی مردنی براکەم هەیە، دەمانەوێت بەبەڵگەوە هۆکاری مردنەکەیمان پێبڵێن".
ههروهها ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو پۆلیسانەی لەلایەن بنەماڵەی سەهەندەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە لەلایەن لیژنەی پۆلیسەوە دەستبەسەرکراون و وتەیان لێوەردەگیرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بەبنەماڵەی سەهەندی ووتووە، بسەلمێنرێت هەرکەسێک لەدۆسیەی گیانلەدەستدانی سەهەند کەمتەرخەمی کردووە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئەوەشی خستەڕو، لەمانگی 10ـی ئەمساڵدا کەسێک سکاڵای تۆمارکردووە کە دەستڕێژی گوللـەی لێکراوە، دوایی دەرکەوتووە سەهەندو هاوڕێکەی بون لەسەر ئەو سکاڵایە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
وتیشی، سەهەندو هاوڕێکەی بەگوێرەی مادەی 405/31 سەرەتا دەستگیرکراون.
لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی سەهەندەوە، سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەشکرد، ئەوانیش وەک پۆلیس پرسیاریان هەیە ئایا سەهەند بەهۆکاری لێدان گیانیلەدەستداوە یان هۆکاری دیکە هەیە، هەر بۆیە تەرمەکەیان رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کردووە تا توێکاری بۆبکرێت و هۆکاری مردنەکەی دەستنیشان بکرێت.
وتیشی، "سەهەند ئەحمەد لەبنکەی پۆلیس هەڵهاتووەو چووەتەدەرەوە، بەڵام دواتر لەسەر بەرزییەک دەکەوێتە خوارەوە برینداردەبێت. کاتێک دەستگیردەکرێتەوەو دەبرێتەوە بنکەی پۆلیس، گیانلەدەستدەدات، لەئێستاشدا لیژنەی لێکۆڵینەوە لەو روداوە دەستبەکاربووە."