سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ عێراق بڕیاریدا بەنرخی فەرمی دۆلار بەبازرگانە بچوكەكان بدرێت
  2023-01-22       412       


لەچوارچێوەی رێوشوێنەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلارو رێگریكردن لەبەقاچاغبردنی بۆ دەرەوەی وڵات، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد كە گرنگترینیان پێدانی دۆلارە بەبازرگانە بچوكەكان لەڕێگەی بانكی بازرگانی.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەكشەممە، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ یەكێتی ژورە بارزگانییەكانی عیراق كۆبوەوە. بەگوێرەی راگەیەنراوی نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیران، لەكۆبونەوەكەدا كە پارێزگاری بانكی ناوەندی‌و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی دەروازە سنورییەكان و گومرگ ئامادەیبون، باس لەهۆكارەكانی ناجێگیربونی نرخی دراوە بیانییەكان و كاریگەریی لەسەر بازاڕو هاوڵاتیان و چارەسەركردنی دۆخەكە كراوه‌.

له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، لەكۆبونەوەكەدا چەند بڕیارێكی نوێ دران بەئامانجی سەقامگیركردنی نرخی دۆلار، لەوانەش كردنەوەی پەنجەرەیەك لەبانكی بازرگانیی عێراق بۆ پێدانی دۆلار بەبازرگانە بچوكەكان بەنرخی فەرمی، هەروەها باربوكردنی بانكەكە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بەبڕی 500 ملیۆن دۆلار بەمەبەستی كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ بازرگانە بچوكەكان.

سەرۆكوەزیرانی عێراق راشیگەیاندووه‌، چاوخشاندنەوە بەكارەكانی دەستەی گشتی باج دەكرێت، بەجۆرێك كە كاروبارەكانی بەگوێرەی پێوەرەكانی دەستەی دەستپاكی و یاساییەوە ئەنجام دەدرێت.
 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×