کورد لەنامەکانی میس بێڵ-دا
  2023-01-24       510       
میس بێڵ تەنها ژنی بەشدار لەکۆنگرەی قاهیرە لەساڵی 1921

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق - لەئینگلیزییەوە کردویەتی بەکوردی

 

بەشی دوهەم/ نامەکانی ساڵانی 1922 تا کۆتایی 1925

 

19ى كانوونى دووەمى 1922

... هەموو شتەكانی تر زۆر بە ئاسایی دەڕۆن، بێجگە لە سنوورەكانی باكووری ڕۆژهەڵات كەوا توركەكان زیاتر مایەی سەرئێشە و ماندوێتین. لە ئێستادا ئێمە دوو هێرشی بچووكمان لەلایەن كوردەكانەوە كراوەتە سەر بە فیت و پیلانی كەمالییەكان و بۆ بەدبەختیی هەردوولا زیانی گیانییان لە ئەفسەرە بەریتانییەكانی لێڤی داوە. دوا هێرشیان لە نزیك هەڵەبجە بووە و من بە ئاستەم باوەڕ بەوە دەكەم كاتێ كە بیری لێدەكەمەوە چۆن بە سواری لە نۆڤەمبەردا (1921 ـ و) بەوپەڕى ئاسوودەیى و بێباكییەوە بە چیاكانی هەوراماندا گوزەرم كردووە. ئەم كارە بە هۆى پیلان و پیاوخراپیی كوردێكەوە سازكرابوو لە دیوی ئێرانی پشتی سنوورمانەوە و بوو بە هۆى كوژرانی ئەفسەرى فەرماندەی لێڤی، كاپتن فیتزجیبۆن، كە یەكێك بوو لەوانەی لە ئاهەنگی نانخواردنی شێواندا لە كەركووك لەگەڵمان بەشدار بوو كاتێ كە من بەوێدا تیپەڕیم لە گەڕانەوەمدا لە سلێمانییەوە بۆ بەغدا. من بە زەحمەت دەتوانم خۆڕابگرم كاتێ كە بیر لەو پیاوە دەكەمەوە كە چەند پڕ بوو لە پەرۆشیی بۆ ژیان و چەند رۆشنبیر بوو و ئێستاش لە گۆڕێكی دوورەدەستدا لە هەڵەبجە راكشاوە . یادت بەخێر ئازیزم، لە پێناوی نیشتماندا خۆت بەخت كرد. باوكی ئازیزم، كەواتە ئێستا باش تێدەگەیت كە بە چ پەرۆشییەكەوە ئێمە ئاواتەخوازی ئاشتین لەگەڵ توركیادا و بەفیرۆچوونی دڵڕەقانەی ژیانی كەسێكی ئاوا چەند سەخت و تاڵە.

33

31 ى كانوونى دووەمى 1922

... شتێكى هێند بایەخدار نیە بۆ ئێمە كە چى لە ئێراندا ڕوودەدات بە ئەندازەى ئەوەى كە ئێمە ئاشتى بەرقەرار بكەین لە سنوورى باكوورمان لەگەڵ توركیادا. لە ئێستادا دۆخەكە خامۆش و بێدەنگە و كوردەكانى ئێران لە دەوروپشتى سلێمانى بۆمباران كراون لەگەڵ نیوەى هێزە توركیەكە، كە تەنها دەگاتە سەد و بیست كەسێك و لە رەواندوز پاشەكشەى كردووە. بەڵام كەمالییەكان هێزى خۆیان كۆكردووەتەوە و گریمانەى ئەوە هەیە كە لە بەهاردا هێرش بكرێت و ئێمە هیچ هێزێكمان نیە بەرەنگاریان ببینەوە بێجگە لە لێڤى و سوپاى عەرەبى، كە هەردوكیان تەواو لاوازن و ئەمەش نیگەرانى و دڵەڕاوكێى ڕاستەقینەمانە و ئەگەر چارەسەر كرا ئەوە بە ئاسانى كارەكە دەچێتە پێشەوە.

34

26ی شوباتی 1922

باوكی ئازیزم، لەمەودوا نامە نیومانگییەكەم دەست پێدەكەم و پۆستەی ئاسمانی هەفتەیەك دواكەوت بەڵام پێموایە سبەینێ بگات، پۆستەی ڕۆیشتوویش هەر دواكەوت و ئێمە لێرە باوبۆران گاڵەمان پێدەكات و كاریگەریی زۆری لە سەر گەشت هەیە، بەڵام بەگشتی خزمەتگوزاری بە زستان هەر بەردەوام بوو. هەروەها تاقمە ئۆتۆمبیلێكیشمان بە بیاباندا دەڕوات بەشێكی بۆ دەستنیشان كردنی فڕۆكەخانە و بەشێكیش بە مەبەستی زانیاری كۆكردنەوە لە سەر ئەگەرى هێڵێكی ئاسنین و بۆ ئەم مەبەستەش ئەی. تی. ویڵسن لەگەڵیان ڕۆیشتووە. من هیچ باوەڕێكم بەو هێڵە ئاسنەی بیابان نیە وەك پێشنیازی كار بەڵام ئەگەر APOC (كۆمپانیای نەوتی ئەنگلۆ  ـ فارسی Anglo – Persian Oil Company)  بڕیاری لەسەردا ئەوە عێراق پێی دەڵێ نەخێر. كۆمپانیا ناوبانگێكی باشی نیە بە هۆی ئەو نرخە زۆرەوە كە دەیخەنە سەر كیرۆسین لە بەغدا و ویڵسن لە سەر ئەو مەسەلەیە چاوی بە مەلیك كەوت و بۆ یەكەمجارە كە دەیبینێ. من بۆ سبەینێ چووم وێنەی مەلیك بگرم و پێدەچوو زۆر ڕای لە ویڵسن نەبووبێت، بۆیە پێی وتم: "ئۆی خوشكم، خۆ ئەمە دزێكی تەواوە"! ئەمەش لە بەر ئەوە بوو كە پێشنیازی كردبوو كیرۆسین لە موحەممەرە بكڕێت و خۆی بیگوێزێتەوە (ئەی. تی. ویڵسن پێیوابوو بەرزیى نرخ بە هۆى كرێى باركردن و گواستنەوەیە). ئەى. تى. وتی كەوا كارەكەی سەری نەگرتووە و من پێموایە ئەوان كۆنتراكتێكی تایبەتیان هەیە لەگەڵ مێسپێرسدا بۆ گواستنەوەی نەوت. لەو ماوەیەدا لێشاوێكی تووڕەیی خەڵك ڕوو لە هەڵكشان بوو بە هۆی ئەوەی نرخی بەروبوومی كشتوكاڵی دابەزیبوو بۆ ڕێژەی پێش جەنگ و پیترۆڵیش بۆ سێ جارانی پێش جەنگ بەرز بووبۆوە و كشتیاران لەتوانایاندا نەمابوو پەمپی ئاو بخەنە گەڕ. APOC  قازانجێكی هێجگار قەبە دەكات و پێموایە ئەو پارەیەیان بداتێ ئەگەر بە تەمای ئیمتیازاتی زیاتر بێت لە عێراقدا بۆ ڕاگرتنی بارێكی گونجاو سەبارەت بە نرخ. حاڵی حازر خوتە و بۆڵەیەكی زۆر هەیە كەوا دەبێ سامانی كانزایی وڵات لە بەرژەوەندیی وڵات خۆیدا بێت. مستەر تۆمسن وەك ئەفسەرێكی سیاسی لەگەڵ كاروانی ئۆتۆمبیلەكاندا ڕۆیشتووە و پاش ئەوەش ئێرە بەجێدێڵێت و من زۆر بیری دەكەم چونكە كەسێكی زۆر باش بوو و هاوڕێتیی خۆش بوو كە بە سواری لەگەڵت دەردەچوو. ئەی. تی. ویڵسن كەسێكی تەواو بەڕێز و خۆش مەشرەبە لەگەڵ  من و زۆر شكۆ و شانازیی حكوومەتی عەرەبی لە ڕۆژنامەدا بڵاودەكاتەوە و بە تایبەتیش لێی دەبیستم كەوا هەژدە مانگی ژیانی داوەتە ئەم حكوومەتە و كاركردن لەپێناویدا، بەڵام ئەوەی كە من بینیم كەوا ئەو هەڵەیە لەم مەسەلەیەدا. كارەكە بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەرانە دەڕوات و خەڵكانی شیاو جێگەی خۆیان دەگرن و پێگەی شەخسیی فەیسەڵ ڕۆژ بە ڕِۆژ باشتر دەبێت و تا ئێمە بەر لە هێرشی كەمالییەكان بگرین هیچ هۆیەك نابینم بۆ مەترسی لە كۆسپ و تەگەرە. ئەوەی كە دەخوازم باشتر سەرنجی بدرێتێ ئەوەیە كە ئەوانەی دڵـگەرم نەبوون و باوەڕیان بە حكوومەتی عەرەبی نەبوو ئێستا باوەشیان پێدا كردووە بۆ وەرگرتنی پلە و پایە، كە پێمخۆشە بڵێم كەوا مەلیك دایاندەمەزرێنێت. توندڕەوەكان قسە زۆر دەكەن بەڵام هیچ گەشەیەكی ڕاستەقینە ناكەن و هەر لەم رووەوە سێشەممەی ڕابوردوو ئاهەنگێكی نیوەڕۆخوانم بۆ یوسف سوەیدی ساز كرد و مەلیك داوای لێكردم بە نەرمی لەگەڵی بجووڵێمەوە. من لە بەر خاتری مەلیك وامكرد بەڵام بە كەسێكی فشەكەری خۆهەڵكێش تێیگەیشتم و جارێ هەر یەكەم قسەی بە كۆمەڵێك شتی پووچ و بێمانا دەستی پێكرد. مستەر كۆرنواڵیس، مستەر دراوەر (لە فەرمانگەى داد)، عەبدولمەجید شاوی و گەلێ كەسی تر میوان بوون و عەبدولمەجید هەندێ قسەی خۆش و بەتامی بۆ كردین.

ئەو شەوە مەلیك ئێوارە خوانێكی گەورەی ساز كرد و من خانەوادەى كۆكس و بۆردیللۆن  و خەڵكی ترم بۆ بانگهێشت كرد. ئەوان زۆر جۆر نەبوون لەگەڵ یەكتر وەك نەریتی ئەم چەشنە بۆنانە بەڵام بۆ من ئێوارە خوانێكی نایاب بوو و لە نێوان مەلیك و ساسۆن ئەفەندیدا دانیشتبووم كە زۆر كەیفیان لەگەڵ یەكتر هەبوو، دوو ڕۆژ دواتر مەلیكم برد بۆ كەڕادە بۆ بینینی باخ و گوڵی دار قەیسی و من پێشتر حاجی ناجیم ئاگادار نەكردبووەوە و بەداخەوە لەوێ نەبوو بەڵام مەلیك و یاوەرانی زۆر كەیفیان بە جوانی و ڕێكوپێكیی باخەكە هات و سەرسام بوون بە نەمامەكانی دارە بەرییەكان. یەكێك لە كوڕەكانی حاجی ناجی لەوێ  بوو و بە مەلیكی وت چ جۆرە نەمامێكی دەوێ بۆی دەنێرێ. لە گەڕانەوەدا كە من و رۆستەم حەیدەر لە یەك ئۆتۆمبیلدا بووین گەیشتینە حاجی ناجی و ئەوەمان پێوت. ئەنجام بەخۆشحاڵییەوە سێ سەد نەمام زیاتری بۆ نارد و بەهیوام پەیوەندییەكی گەرمی لەگەڵ كۆشكدا بۆ دروست ببێت. ئەمڕۆ یەكشەممە حاجی ناجی لە كاتی قاوەڵتیی بەیانیدا هاتە   لام و نامەیەكم دایە بۆ رۆستەم حەیدەر و پێموت كە تەلەفۆنێك بۆ مەلیك بكات. هەڵبەت ئەم پیاوە زۆر ئاقڵە و  شكۆ و بەخشندەییەكی گەورەی تێدایە، هەروەها ڕەعییەتێكی دڵسۆز و گوێڕایەڵی فەیسەڵە. پێویستیی مەلیك بە داری میوە بە هۆی ئەوەوەیە كەوا كێڵـگەیەكی گەورەی سپیاتیی كڕیوە (شیرەمەنی) و نیازی وایە بیكاتە پارك. لەم كارەیدا فەخری جەمیل یارمەتی دەدات بەڵام پێموایە حاجی ناجی لە هەموو كەس باشترە بۆ رێنمایى كردن لەم بوارەدا. بە هەر حاڵ من نازانم لە كوێ پارەی كڕینی بۆ پەیدا كردووە كەوا حەدداد پاشا بۆی ڕێكخستووە، چونكە بە پێی زانیاریی من فلسێكی خۆی شكنابات، بەڵام تەنانەت ئەگەر قەرزیشی كردبێت ئەوە من پێمخۆشە، چونكە یەكەم دەبێتە هۆی ئەوەی كە زیاتر ڕەگ داكوتێ لێرە و دووەمیش شتێكی دەبێ لە دەرەوە پێوەی خەریك بێت و لە خەڵكی جۆراوجۆر دووری بخاتەوە.

سەرلەبەیانیی لەگەڵ سێر پێرسى چووین بۆ ڕێوڕەسمێكی زۆر خەمناك و دڵتەزێن، ئەویش پرسەی ماتەمینیى كاپتن فیتزجیبۆن بوو كە مانگێك لەمەوپێش لە هێرشی كوردە ئێرانییەكاندا بۆ سەر هەڵەبجە كوژرا. ڕۆژێكی خۆرەتاوی خۆش بوو و گۆڕستانی سەربازی، كە بە عادەت وشك و ڕووتەنە، بەڵام بە بارانی زۆری ئەمساڵ گژوگیا و گوڵە زەنبەقی سپی و زەردی كێوی دایپۆشیوە و لە ناشتنیدا كۆمەڵێك داخ و حەسرەتم دەربڕی بۆ كۆچ و دابڕانی لە جیهانێكی پڕ لە هیوا و ئاوات. پاشان بە پەلە گەڕامەوە بۆ ئۆفیس و خێرا هێلكەیەكی كوڵاوم لووش كرد و هێندەی پێنەچوو مستەر كوك و لەگەڵ خۆی بردمی بۆ كردنەوەى بازاڕی عوكاز (سوق عكاظ). با ئەوەشت پێبڵێم كە ئەم بازاڕە زۆر گەورە و بەناوبانگ بووە لە ڕۆژگاری جاهیلیی پێش ئیسلامدا، كاتێ كە هەموو شاعیرانی عەرەب كۆبوونەتەوە و پێشبڕكێی شیعر خوێندنەوەیان كردووە و هەندێك لەو شیعرانە تا ئێستاش پارێزراون. گەنجە خوێن گەرمەكانی بەغدا پێشنیازیان كردووە وەك نەریتێكی ساڵانە بیپارێزن و لەگەڵ پێشانگای هونەر و كاری دەستڕەنگینیدا گرێی بدەن. ئەمە لە شوێنێكی تەختایی بەرفراواندا و لە ناو باخی دارخورمادا لە نزیك وێستگەیەكی شەمەندەفەری حیللە سازدرابوو. لێرە عەشاماتێكی زۆری خەڵك كۆبووبۆوە كە بە زۆری خەڵكە نەتەوە پەرستە توندڕەوەكە بوون. بەڵام  من و مستەر كوك پێشوازییەكی گەرم كراین و لە سەر كورسییەكانی ڕیزی پێشەوە دایانناین بەرانبەر بەو سەكۆ و ساباتە سوورەی كە بۆ مەلیك سازكرابوو. مەلیك ڕێوڕەسمەكەی كردەوە و ماوەی دوو سەعات بە شكۆوە دانیشت بەو پێیەی كە ئاهەنگێكی گشتی دەیخوازێت و هۆنراوە و وتار دەخوێنرانەوە و وەى خوایە كە دوورو درێژ بوون! من لێرەدا رەزامەندیی كەسەكانی دەوروبەرم وەرگرت كە لە پاشەڕۆژدا هۆنراوەكانی بازاڕی عوكاز نابێ لە 250 بەیت زیاتر بن. وتاردانی ڕەسمیش ئەوە بوو كە بۆچی من وڵاتی خۆمم خۆشدەوێ و ئەمەش بابەتێك بوو كە بەرەنگاری هەر كەسێك دەبمەوە لە سەری و نابێ گەورەترین و بلیمەتترین كەسى بێزاركەر بێت. دۆستە گەنجەكانمان لەخۆشیاندا دەستیان لە ملی یەكتر دەكرد و بە دڵـگەرمی پێشوازییان لەو هەلە دەكرد كە پێیاندرابوو. ئەوان نەك هەر بە كەش و فشەوە وتاریان دەدا بگرە هێند درێژدادڕیش بوون كە دواجار مەلیك بە تایبەتى رایسپارد كە دواهەمین كەسیان لە ناوەڕاستی قسە پڕ باق و بریقەكەیدا بیبڕێتەوە. من زۆر كەیفم بەوە دەهات چونكە هەموویانم دەناسی و پێمخۆش بوو ببینم چۆن سەكۆی وتاردانی وشكە نەتەوە پەرست كۆنترۆڵ دەكرێت . ئەمە شوێنێكی تەختایی باش بوو و ڕەخنەی چاكی لێوە دەگیرا، بەڵام بازاڕی عوكاز شوێنێكی گونجاو نیە بۆ پەرەپێدانی توندوتیژیی سیاسی. من پێمخۆش بوو بەو جۆرە خۆیان سەغڵەت كردووە و كاتێ دواجار توانیمان تەماشای نمایشەكە بكەین هەراو غەڵبە غەڵبێكی لە ڕادەبەدەر لە چوار دەوری مەلیك ئاڵابوو، بەڵام نوری پاشا بە ژیری و شكۆی خۆی لە ناو قەرەباڵغییەكەدا بەكێشی كردم و بەمە توانیمان هەموو شتێك ببینین. نمایشەكە زۆر باش ڕێكنەخرابوو، چونكە ئێمە لە ساڵی 1918دا یەكێكی لەوە باشترمان ڕێكخست لەلایەن دەسەڵاتی سەربازییەوە و جوانترین نمایش ئەوەبوو كە ڕاهیبە فەرەنسییەكان لەگەڵ كچانی بچووكی هەتیودا لە سەر زەوی دانیشتبوون و هێڵی ڕەنگاوڕەنگیان دروست دەكرد و خێوەتێك پڕ لە نیگاری هونەرمەندە خۆوڵاتییەكان بوو كە لەڕادە بەدەر خراپ بوون و ئەو بابەتەیان هەڵبژاردبوو كە بە زۆری ڕۆحی عێراقیان دەنواند لە ڕووی مەجازییەوە بەڵام لە ئاستێكى خراپدا بوون. من وایدەبینم كەوا هەندێ كاتی پێدەچێت پێش ئەوەی مایكڵ ئەنگلۆی خۆمان بەرهەم بێنین. ئەو ڕۆژەم بە ئاهەنگێكی ئێوارە خوانێك كۆتایی پێهێنا لە ماڵەكەی خۆمدا و مستەر كوك و سەید محێدین (دووەم و زیرەكترین كوڕی نەقیب) و تۆفیق ئەلخالیدیی موتەسەڕیفی بەغدا و حیكمەت سڵێمان كە پیاوێكی بەتوانای گەپجاڕ بوو و براكەی وەزیرێكی بەناوبانگی جەنگ بوو لە سەردەمی توركدا و عەبدوللەتیف نوری كە ئەندامی دەستەی ئەركانی سوپای عێراق بوو. محێدین و تۆفیق و حیكمت هەرسێكیان پیاوی    ئەقڵ و بیر فراوان بوون. ئەو كەسانەی وا بیر دەكەنەوە گوایە ڕۆژهەڵات بە تەواویی ئەقڵییەتی جیاوازە لە ڕۆژئاوا دەبێ گوێ لە پیاوانی لەم چەشنە بگرن كاتێ كە بە سەربەستی پێكەوە قسە دەكەن وەك ئێستایان لە ماڵەكەی مندا. جیاوازیی ڕاستەقینە لە  كاراكتەردایە و ئەوان هیچ حەز بەوە ناكەن لە شوێنی گشتیدا بدوێن و دەربكەون، چونكە قورسایی نەزانینی ڕەشە خەڵكەكە و خورافەیان زۆر بە سەرەوەیە. ئەم سیانە ئەو شەوە مشتومڕیان لە سەر مەسەلەیەك بوو كەوا ڕەنگە هەندێ سەرئێشە بۆ حكوومەتی عێراق دروست بكات. لە بەغدا خانوویەكی بەهائوڵڵا هەیە، كە دامەزرێنەری مەزهەبێكی ڕیفۆرمخوازی ئێرانییە و بەهاییەكان  بە شوێنێكی زۆر پیرۆزی دەزانن چونكە ماوەیەك بەهائوڵڵای تێدا ژیاوە پاش ئەوەی نزیكەی شەست ساڵێك لەمەوپێش لە ئێران هەڵاتووە. شیعەكان، كە هەمیشە دەمارگرژترین و موحافزەكارترین خەڵكن، وەك لادەر تەماشای بەهاییەكان دەكەن و زۆر دژی ئەوەن ئەم خانووە بپارێزرێت بە پێی ئەوەی لانكەی زەندیقەكانە بەڵام مەلیك و نەقیب هەردوك وەكو یەك زۆر تووڕەن لەم ورووژاندنە و نەقیب قێز لە خورافاتی شیعەكان دەكاتەوە و ئەم تێگەیشتنەى مەلیك لە سەر بیر و باوەڕى شیعەكان لە گەلێ سەرەوە باشەی خۆی هەیە. میوانە سونییەكانم، كە هەر هەموویان ئازادانە بیریان دەكردەوە و بە ڕەهایی قسەیان دەكرد و من ناتوانم هاوكارى ئەو نیازەیان بم لە مەسەلەی خانووی بەهاییەكاندا و با موجتەهیدەكان ــ نەفرەت لە هەموویان ــ هەوڵ بدەن چارەسەرێكی گونجاوی بكەن.

پاشان عەرەبەكان ڕۆیشتن و من و مستەر كوك ماینەوە و لە دەوری ئاگرەكە كەوتینە گفتوگۆیەكی دوور و درێژ و هەردوكمان كۆك بووین لە سەر ئەوەی كە هیچ شتێك لە دنیادا نیە قسە و باسی زۆر هەڵـگرێ وەك لەوەی لە ناوجەرگەی بیر و ڕۆشنبیریی ئاسیادا بیت بۆ چاودێری   كردن و هاندانی كوَششی شكست پێهێنانی كاریگەریی عیلمانییەتدا. خوا دەزانێ كەوا ئەقڵ و زیرەكییان تەواو وردە بەڵام هاندانی مۆراڵ كزە بۆ تووڕدانی دەستباڵایی دوور و درێژی یاسا و ڕێسای تیوَكراتی لە كاروباری مرۆڤایەتیدا. هەڵبەت ئەمە بۆ ئەوروپا چەندین سەدەی برد تا یەكلابووەوە تێیدا و بە ڕاستى من دەڵێم سوپاس بۆ هەوڵ و تێكۆشانی دوو نەوەی ئەم دواییە كەوا من ئێستا مەسیحی نیم و كەسیش ڕێی لێنەگرتووم، بەڵام موسڵمانەكان هێشتا چەندین شەڕ و شۆڕیان لەبەردەمدایە و ئەو ڕاستییە ئاڵۆزی كردووە كەوا تاقە ڕێگەی ڕوون بۆ ڕاپەڕاندنی جەماوەری خەڵكی نەزانی ئاسیا دژ بە حوكمی ڕەهای بێگانە ختووكەدانی بیرو باوەڕی ئاینییانە. ئەو پیاوانەی كە ختووكە دەدەن هەر خۆیانن پێشتر وەعز و ئیرشادیان دەدا و ئێستا وەك چەكێك بەكاریدێنن لە ناكۆكیی سیاسیدا، بەڵام تا شەڕەكە نەبڕێتەوە ناتوانن وازی لێبێنن.

دوێنێ نیوەڕۆ خوانێكی ئەوروپیانەم سازكرد و مستەر ناڵدەر  لە مووسڵەوە دابەزیبوو و ئێستا لە مۆڵەتدایە، كاپتن بێلی كە لە سلێمانییەوە بە فڕۆكە هاتبوو، هەروەها خانەوادەی جۆیس بۆ خۆمان بە تێر و تەسەلی قسەمان كرد. كاپتن بێلی لە شوێنی كاپتن فیتزجیبۆن دانراوە كەوا كوژراوە و مستەر ناڵدەر بەرپرسی سەنگەر و قایمكارییەكانى دژ بە هەڕەشەی توركە لە باكوورەوە. كاتێ كە هەموومان كۆبووینەوە دەمانزانی ئەم سەركێشییە چ مەترسییەكی تێدایە و ئەوانیش بە بەشێك لە كاری ڕۆژانەیان دادەنا و منیش شانازی بەوەوە دەكەم كە هاوكاریانم و تاقە هیوام ئەوەیە بتوانم هاوبەشیان بم لەو مەترسی و بەرپرسیارییەی بە سەربەرزییەوە لە ئەستۆیان گرتووە. بە لای كەمەوە حكوومەتی خاوەن شكۆ بڕیاری داوە كە دوا هێزمان لە مووسڵ نەكشێنێتەوە لە مووسڵ و، ئە وەك ئەنجامێك، من پێشبینی دەكەم كەوا تەلگرامەكەی كۆڵۆنێڵ بۆرتن، كە لە نامەیەكی پێشتردا ئاگادارم كردیتەوە و بیستوومە ئەنجومەنی فڕۆكەوانی ئەوەی ڕوونكردووەتەوە كەوا ئەگەر بیرۆى كاروبارى جەنگ نەیەوێت بەرگری لە مووسڵ بكات، ئەوە ناچار دەكرێن هەنگاوی لەو جۆرە بنێن و (ئەمە زۆر نهێنییە). هەوڵدان بۆ چارەسەرێك لەلایەن ئێمەوە بەر لە مەترسییەكە دەگرێت، چونكە كەمالییەكان تەواو سەغڵەت و نائومێد بوون. ئەگەر فەرەنسییەكان بزانن كەوا بە تەواوی هیچ شتێكیان بەدەستەوە نەماوە ئەوە هەرگیز بە ڕێككەوتننامەی ئەنكەرە ڕازی نابن، چونكە بە مەبەستى ئەوەی سنوورێك لە ئێمە بدزن سازشێكی خراپیان كردووە.

پاش نانی نیوەڕۆ بە سواری چوومە دەرەوە و لە گەڕانەوەمدا بۆ ماڵەوە جەعفەر پاشا و خێزانیم بانگهێشت كرد و لەو ماڵەدا سەرم لێدان كە تازە نوری پاشا گواستوویەتیەوە ناوى و با ئەوەش بڵێم كە نوری ژنبرای جەعفەرە و ئەمیش لەوێ بوو و بە شانازییەوە هەموو  پوورەكانی و ژن خوشكەكانی پێناساندم و بێگومان وامهەست كرد كە یەكێكم لەو خێزانە و ئەمەش زۆر خۆشحاڵم دەكات.

ئەمڕۆ بەتەما بووم بە ئەسپسواری پیاسەیەكی باش بكەم بەڵام با و تۆزێكی پیس هەڵیكردووە و ئەمشەویش كردی بە لێزمە و باران و لە بەر ئەوەى بەروبوومی باشمان بۆ مسۆگەر دەكات لێی نیگەران نیم. پاش نیوەڕۆ كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ بەشداربووانی كتێبخانەی بەغدا بەست، كە من بەڕێوەمبرد، بۆ هەڵبژاردنی كۆمیتەیەكی نوێ و ئەمەش دەرفەتێكی خۆش بوو بۆ بینینى زۆرێك لەو كەسانەی كە سیاسی نین و هەروەها كاربەدەستی دەوڵەت نین و پێمانخۆش دەبێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بزانین و ئەم كۆمیتەیەی ئێستا، كە من و مستەر كوك و ساسۆن ئەفەندیی  تێدایە، ڕەنگە بگۆڕێت. من زۆر گوێی نادەمێ، بەڵام ئەگەر هەڵبژێرامەوە ئەوە سەلماندنێكی دڵخۆشكەرە بۆ متمانە.

ئەو ڕۆژە چووم بۆ چاى خواردنەوەیەك لەگەڵ ساسۆنی ئازیز و    ژنبرا و ژنخوشكەكەیدا و خەڵكێكی تا بڵێى بەڕێز بوون و ساسۆن بردمی بۆ ماڵ و گفتوگۆیەكی دۆستانەمان كرد لە بارەى مەلیك و حكوومەتی خاوەن شكۆ و هەموو ئەو شتانەی كە بیرمان لێدەكردەوە و بە ڕاستى زۆرم خۆشدەوێ و نرخ بۆ دۆستایەتیی ئەو پیاوە دادەنێم.

با بێمەوە لای ئەو شتانەی بایەخی بچووكیان هەیە و لەم ڕۆژانەدا بە زۆری لە سەر خواردنی دۆمەڵانی بەتام دەژیم و لەم وەرزەدا دەتوانی بە شێوەیەكی ئاسایی لە بیابان بەدەستی بێنیت، بەڵام من قەت بەم زۆر و زەوەندییە نەمبینیوە چەشنی ئەم بەهارە نائاسایی و پڕ خێر و بەرەكەتە. ئێستا لە باخەكەمدا نەرگسە كێوی و گوڵە قەیفە و هەمیشە بەهار بە جارێ داویانە بەیەكدا و گوڵە باخەكانیش خەریكە دەپشكوێن.

35

22 ی حوزێرانی 1922

... كارەساتێكی ترمان بە سەرهات لە سلێمانی و دوو ئەفسەری قارەمانمان لەدەستدا بە هۆی ناپاكیی یەكێك لە ئاغا كوردەكانەوە، چونكە دەیویست یەكێك لە فەرمانبەرە كوردەكان بكوژێت و كە ئاوڕی دابووەوە لەو دوو كەسە ئینگلیزەی هاتبوون بۆ ناوبژیوانی كردنیان، كەچی هەردوكیانی كوشتبوو: یەكێك لەوانە كاپتن ماكانت  ئەفسەری لێڤی بوو و زۆر باشم دەناسی و كەسێكی تا بڵێی خۆشەویست و پیاوێكی ڕاست و ئازا و بەردەوام سەرقاڵی كاری خۆی بوو. من ساڵی پار سواری ئەسپە كەحێلەكەی بووم بە درێژایی سنووری ئێران، ئای چ نرخێكی گەورەیە ئێمە دەیدەین لەپێناو گێڕانەوەی ئەو وڵاتە لە یاسا دەرچووەدا؟

36

6ى تەمووزى 1922

... ئەنجام دەكرێ بڵێم كەوا خەریكە هەور لە باكوور كۆدەبێتەوە و توركەكان هێز لە وان كۆدەكەنەوە و لە رەواندزیش خۆ قایم دەكەن و ژمارەیەك ئەفسەرى تازەشیان بۆ ناردووە. حاڵى حازر واتەواتێكى زۆر لە ناو خێڵە كوردەكاندا بڵاوە و دەستەى ئەركانیشمان بارودۆخەكە بە مەترسیدار دەزانن. ئێمە تا ئێستا لە سلێمانى بكوژانى كاپتن بۆند و كاپتن ماكانتمان دەسگیر نەكردووە و ئەمانە پەیوەندیى ڕاستەوخۆیان بە توركەكانەوە هەیە لە رەواندز. هێزى ئاسمانیى شاهانە بۆردمانێكى چاكى گوندە یاخییەكانى كردووە لە وڵات و شوێنگەلێكى ئەوپەڕى سەخت و هەڵەتدا و بەڵام هەموو كاتى بردوون بۆ ئەوەى بڕێكى تەواوى چەك و تەقەمەنیى فڕۆكە بە خەسار نەدەن و ئەگەر ئێستا بمانەوێت بە خەستى رەواندز بۆمباران بكەین ئەوە چەك و جبەخانەمان بە تەواوى كورت دەهێنێت و تووشى كێشە و زەحمەت دەبین.

37

16 ی تەمووزی 1922

باوكی ئازیزم، دەبێ بە سەرنجی بەرچاوی كەشوهەوا دەستپێبكەم. ئەوان هەندێ شتیان چاككردووەتەوە كە بە كارەبا كار دەكات و هەر خەریكی كارەكەن و بەو پێیە تا ئێستا كە سەعات یەكی پاشنیوەرۆیە كارەبا نیە و پانكە ئیش ناكات. هەرچۆنێك بێت من ئەم بەیانییەی یەكشەممەی ناوەڕاستی تەمووز لە ژوورەوە دانیشتووم و بە تەواوی فێنكە و خەریكی نامە نووسینم بۆ تۆ. پلەی گەرما ناچێتە سەروو سەدی فەهرنهایت و وابزانم ئەمساڵ لە 110ی فەهرەنهایت   تێنەپەڕیوە و بە گشتی وەك ئەمڕۆ هەر بایەكی شەماڵی خۆشی هاتووە. بۆ بەدبەختی ئۆفیسەكەی من كەوتووەتە خراپترین شوێنی بەغداوە چونكە هیچ شنەبایەكی ناگاتێ و بەردەوامیش بە بەر خۆرەوەیە، كەچی ماڵەكەی من بە شێوەیەكی سەیر فێنكە.

پیرێ سێر پێرسى مەلیكی بینی و باس و خواسێكی دوور و درێژی لەگەڵ كردەوە. مەلیك تا ئێستاش هەر هەست بە بێزاری و ماندوێتی دەكات سەبارەت بە پەیماننامەكە ئێستا ئەو ڕاستەوخۆ هەموو ئەو چارەسەرە مەحاڵانە دەنێرێ بۆ سێر پێرسى كە هیوای وایە لە ئەنجومەن دەرچێت و بەم پێیە وەزیرەكان پێش ئەوەی پەیامی مەلیكیان پێبگات زانیاریی تەواویان لایە كە لەلایەن كۆمیسیاری باڵاوە دەركراون. پاشان ئەنجومەنیش وەلایان دەنێت و مەلیك بیر لە شتی تر دەكاتەوە! هەفتەی رابردوو سێر پێرسى ڕەزامەندیی دەربڕی لە سەر ناردنی دوا دەستكاری بۆ وڵات، كە دەستكارییەكی زۆر ئەكادیمییانە بوو. وەزارەتی دەرەوە ڕەەتیكردەوە و ڕێك وا كەوتەوە كە من بۆی چووم و دوێنێ ئەنجومەن هەرچۆنێك بوو ڕەتكردنەوەكەی پێ قووت چوو و داوای لە مەلیك كرد كە دەخوازێت چی بكات و سبەینێ وەڵامی ئەویان پێدەگات. هەر لەم ماوەیەدا خاوەن شكۆ چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕۆژنامەكانی ناوخۆدا سازكرد و تێیدا تەواوی بایەخی پەیماننامەی ماندێتی ڕوونكردەوە و دڵنیایی دا بە پرسیاركەران كەوا لە هەموو حاڵەتێكدا هیچ بێگانەیەك ناكرێ فەرمان بۆ ڕسەنزادەیەكی عەرەب دەربكات. بەڵام سێر پێرسى ئاماژە بەوە دەكات كەوا ئەندازیارێكی ئاودێریی بەریتانی كە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە دامەزراوە بە توندى فەرمان بە پیاوماقووڵە عەرەبەكان دەكات و دەبێ جێبەجێیشی بكەن. ئەندامانی ئەنجومەنیش لەمە ئاگادار    كراون و بە تەواوی ناڕازین لە سەر بابەتەكە.

وەك دەبینی كارەكە بەم شێوەیە: مەلیك و نەقیب بە ئاشكرا دەڵێن كەوا هەرگیز ماندێت قبووڵ  ناكەن و حكوومەتی خاوەن شكۆش لە وەڵامدا دەڵێ كەوا ئەوان دەتوانن بڕیار لە سەر هیچ ڕێككەوتنامەیەك نەدەن بە پێى ئەو مافەى كە لەلایەن كۆمەڵەی گەلانەوە پێیاندراوە لە سەر مەسەلەى ماندێت. بەم ڕەنگە ئەو دوو بەڕێزە كەوتونەتە بارێكی نارێكەوە كەوا یان دەبێ پەیماننامەكە ڕەتبكەنەوە یان ماندێتەكە قبووڵ بكەن. لە كێشەی یەكەمدا مەلیك   تاج و تەختەكەشی لەدەست دەدات و ئەوەش باش دەزانێت، مستەر كۆكسیش زۆر چاك دەزانێت ئەو بە ئاسانی مەملەكەتی سێهەمی بۆ نادۆزرێتەوە. با ئەوەش بڵێم كە سێر پێرسى پێشنیازی كردووە هیچ شتێك لە بارەی ماندێتەكەوە باس نەكرێت، چونكە تەنها بە چەند وشەیەك لە پەیماننامەكەدا باسیكراوە، بەڵام لە ئەنجومەندا، كە ئێستا گفتوگۆی لە سەرە، دەبێ روونیبكەنەوە كەوا دان بە پەیماننامەكەدا دەنێن وەك تاقە پەیوەندییەكی نێوان هەردوو حكوومەتی بەریتانیا و عێراق. ئەگەر ئەوان بیانەوێ مەسەلەكە ڕۆژێك زووتر كۆتایی بێت ئەوە ئێمە یارمەتییان دەدەین بۆ قەناعەت هێنان بەم و بەو وا بكەن لەگەڵ سیستەمی ماندێتدا بگونجێن، بەڵام نەقیب حەز بەوە ناكات و بە ئاشكرا دان بە بوونی ماندێتدا دەنێت لە حاڵی حازردا. بەڵام مەلیك هەمیشە دەیەوێ مەسەلەكە بەو بارەدا بشكێنێتەوە كە چارەسەرێك لەخۆ بگرێت و ماندێتی تێدا تووڕ بدرێت، وەلێ كۆمیسیاری باڵا تەیرێكی سركە و ناگیرێت و بەم پێیە گەمەكە بەردەوام دەبێت و ئەگەر لێرەدا گەمەیەك هەبێت ئەوە لە سەر فورات سازش هەڵناگریت و لەوێ كاربەدەستانی عەرەب شێوازی كارگێرییان بە تەواوی دژی ماندێتە. شێخە گەورەكان هەموو تا ڕادەیەك مەیلیان بە لای ماندێتەوەیە و بە تەواوی تووڕەن لە ناعەدالەتی و توندڕەویی كاربەدەستە عەرەبەكانی كارگێڕی و ئۆقرەیان لە بەر بڕاوە و هەڵـگیرسانی شۆڕشێك لە ئان و ساتدایە و حاڵی حازر دوو كەس كوژراون كە لەلایەن شێخەكانی دژە ماندێتەوە ئەنجامدراوە و تەنها لە بەر هۆكاری سیاسی بووە. لە هەردوو حاڵەتەكەدا سەلمان ئەلزاهیری شێخی گەورەی خەزاعیل خۆی بەوە دەزانێت كەوا شكۆ و شەرەفی لەكەدار بووە و دەڵێ موتەسەڕیف لە سەر بنەمای عەشایەری داد بەرقەرار نەكات ئەو لای خۆیەوە یاسا جێبەجێ دەكات. مستەر كۆرنوالیس تا ئێستا توانیوێتی دۆخەكە رابگرێت و ئەو پیاوە هێور بكاتەوە .

بە شێوەیەكی سروشتی ئەمە هەڵوێستی كاربەدەستانی عەرەبە لەوێ و كاربەدەستە بەریتانییەكان كەوتوونەتە بەشدارییەكی چالاك لەگەڵ لایەنەكەی تر و تەواوی تیمەكە لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە تەواوی بوونەتە دوو بەرە. مێجەر دیكسۆنی ڕاوێژكاری ناوچەكە نە زۆر زمان پاراوە و نە زۆر شكۆداریشە و هیچ شتێكی پێناكرێت و چارەسەر ئەوەیە بارودۆخەكە پینە بكرێت و پیاوانی میانڕەو دابنرێن، چ عەرەب و چ ئینگلیز. مەلیك بە ئاشكر دەڵێ ئەمەیان ناكرێت تا دواى ئەوەی پەیماننامەكە ئیمزا دەكرێت و بڵاو دەكرێتەوە، كەوا پلاتفۆرمێكی دیاریكراوی بداتێ وەك من پێشتر پەیوەندیم پێوە كردیت كەوا پرسیارە بێ وەڵامەكە هەر ماوەتەوە كە ئایا ناوچەكانی فورات ڕادەپەڕن؟ ئاخۆ ئەمە دۆخێكی سەخت نیە؟

پێموایە و پێشتریش وتوومە و ئێستاش ڕێك و ڕەوان دەیڵێم قەناعەتی تەواوم هەیە كەوا هیچ وڵاتێك لە جیهاندا ماندێت (ئینتیداب) تێیدا سەرناگرێت و یەكەمجار فەرەنسییەكان و دووەمیش ئێمە ناوی ماندێتمان لە سوریا و فەلەستیندا هەر ڕەشكردەوە. تەنانەت بێ ئەم نموونانەش ڕەنگە بەرنامە و پلانی ماندێت هەر مەحاڵ بێت. عەرەبەكان هیچ داواكارییەكی پڕ كەموكووڕیی مافەكانی سەربەخۆیی خۆیان بەرز ناكەنەوە و وەك ئەوەی بخرێنە ژێر ڕکێفی ئەم و ئەوەوە ئەوان ئامادەن كە پراكتیزەی ئەم مافانە بكەن و خۆیان ببەستنەوە بەم پەیماننامەیەوە كاتێ كە یارمەتی دەدرێن، بەڵام ئەمە شتێكی ترە و من دەزانم فەیسەڵ چەند ورد و بەمشوورە لە مامەڵە كردنى كاروباردا و:

1 ــ ئەو دەیەوێت لێرە ماندێت رەتبكاتەوە وەك هەنگاوێك بەرەو رەتكردنەوەی لە سوریا.

2 ــ مەیلی بە لای ئەوەوەیە كە دەوڵەتە سەربەخۆكەی وەك جیهانی موسڵمان بنوێنێ نەك وەك عەرەب.

3 ـ نیازی وایە خیلافەت بگێڕێتەوە دەستی عەرەب و ئەمەش بەرنامەیەكە كەوا بە ڕێكی و بە تەواوی بۆ ئێمە دەگونجێت، چونكە دەوڵەتێكی عەرەبی دۆست یان كۆمەڵە دەوڵەتێك بە شێوەیەكى لەبار بكەونە سنووری ڕۆژئاوای ئاسیاوە ئەگەر ئەوە بتوانن و مەسەلەكە كاری خۆیانە و بە دەسەڵاتی خیلافەتەوە بیرۆكەیەكی باشتر نیە؟ بەڵام ئەمە هیچ جێگە و ڕێگەیەك لەم شوێنەدا بۆ فەرەنسییەكان و زایۆنیستەكان ناهێڵێتەوە.

... ڕۆژی یەكشەممەی 8ی مانگ نوری و كاپتن كڵەیتن بۆ نانی نیوەڕۆ لام بوون و باس و خواسێكی باشی مەسەلەكانمان كرد و بۆ ئێوارەش لـــەگەڵ مستەر كۆرنوالیس و ماڵی داڤێدسندا چووین بۆ مەلە و گەشت كردن و ئێمە هەموو یەكشەممانێك ئــەمە پیشەمانە، لە  باخ و باخاتەكانی سەر دیجلە لای ئەعزەمییەوە. دواینیوەڕوانی تریش من هەمیشە خەڵكانێك بانگهێشت دەكەم كە بە زۆری خانم داڤێدسن و خانم دراوەر دێنە لام، بێجگە لە خەڵكی عەرەب، یان وەزیرەكان و پیاوماقووڵانی تر دێن بۆ چاى خوخواردنەوە، لەوانە جاری وایە خەڵكی سەیر سەیریش دێن كە خۆیان بە دەمڕاست دەزانن، بۆ نموونە ئێوارەی 7ی مانگ كابرایەكى گەوج و نەفام بە ناوی عەتا ئەمین، كە یەكێكە لە سكرتێرەكانی دیوانی پاشایەتی و خۆی خۆی بانگهێشت كردبوو. دید و بۆچوونی ئەم كابرایە لە سەر باردۆخی سیاسیی ئەوەی كە تۆ پێویستە هەمیشە بە قسەی ئەوان بكەیت چونكە خاوەن دەسەڵات و دەستڕۆن لە وڵاتدا و بۆ نموونە كەسە پەڕگرەكان. (ئەم كابرایە لە ژیانیدا لە بەغدا بەولاوە هیچ شوێنێكی تری نەدیوە و هەر بە ئەندازەى جێنتڵمانێكی یانەیەكی لەندەنی لە بارەى وڵاتەوە دەزانێت)، منیش لێمپرسی ئاخۆ بە ڕاستی پەڕگرەكان گەورەترین كاریگەرییان هەیە، لە كاتێكدا مەسەلەی ئەو پەڕگرانە ئەوەبوو كە پەیماننامەكە رەتبكەنەوە.

ئەم دواینیوەڕۆیە كارێكی گەورەمان كرد ئەویش كردنەوەی یانەیەكی ئەنگلۆ ــ عەرەبی بوو، سێر پێرسیش لەوێ بوو و بە كەیفخۆشی لەگەڵ هەموو كەس دەجووڵایەوە، بە ڕەش و سپییەوە، چونكە هەموو لەوێ بوون. ئەمە تەنها یانەی پیاوان بوو و منیش هەرچەندە بانگهێشت كرابووم بۆ ئاهەنگەكە بەڵام ئەندام نیم لەو یانەیەدا. هەروەها شێخە خۆشەویستەكانی فوراتیشمان لەوێ بوون، كە پێنج شەش كەسێك دەبوون و هەموو لە بارەی پەیماننامەكەوە دەدەوان.

ڕۆژی دووشەممەی 9ی مانگ رۆستەم حەیدەری سەرۆكی دیوانی پاشایەتیم بانگهێشت كرد بۆ چاى خواردنەوە و دەرس دادان و ئامۆژگارییەك كە ڕاستێكەی ئەمەی دواییانی باش   وەرگرت و بۆ ئەوەش ڕام لێیەتی و كۆتاییمان بەوە پێهێنا كە ببینە دوو دۆستی نزیك بەڵام ئەگەر بە خشكەیی گەڕایەوە سەر هەڵەكانی جارانی ئەوە پێدەچێت بانگهێشتی چاى خواردنەوەیەكی ترى بكەمەوە.

من راشكاوانە دەیڵێم كەوا زۆر باشم لە دەرس و موحازەراتدا و بە تایبەتى وایان لێدەكەم بە چاكى گوێ بگرن. سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە پیاوێكی گەنجی كەرۆكەی تر بە ناوی رەوف كوبەیسی یەوە كە لیوای ناسرییەی دەدا بە گوێماندا دوای ئەوەی مەلیك بە موتەسەڕیف لەوێ دایمەزراندبوو، هات بۆ چاوپێكەوتنم لە   ئۆفیسەكەمدا و دەردی كۆڵۆنێڵ رێپینگتن دەڵێ دید و بۆچوونی خۆم دا بە گوێیدا و باش تەمێم كرد. دواتر ڕاستەوخۆ چووبوو بۆ لای مەلیك و پرسیاری كردبوو ئاخۆ دەتوانێ داوای پاسپۆرتی چوون بۆ میسر بكات چونكە پیدەچێت خاتوون زۆر لێی تووڕە و ناڕازی بێت. مەلیك زۆر ئاسوودە و خۆشحاڵ بووە بەوە و هەر ئەو ئێوارەیە پێیوتم كاتێ كە بە خێزانی نانی شێوانمان پێكەوە خوارد بە ئامادەبوونی سەفوەت پاشای دیمەشقیی كۆنە مامۆستا تایبەتەكەی و ئەحمەدى كوڕە خۆشەویستە حەوت ساڵانەكەى سەفوەت. لە پاش نان خواردن كەوتینە باسكردنى مەسەلەى كورد لە هەموو بارێكەوە و پێموایە بیرو بۆچوونەكانی مەلیك زۆر باش بوو. هەرسێكمان لە باڵكۆنەكەدا كە دەیڕوانییە سەر ڕووبارەكە دانیشتبووین و لە بارەی هەموو شتێكی ئەم دونیایە دەدواین. من بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو دڵسۆزییەك بێپایانم لە سەفوەتدا بینی، خوا بیپارێزێت. ئەو تەنها پیاوێك نیە كە تەنها دید و بۆچوونەكانی میانڕەو بێت بەڵكو دشتوانێ دەستباڵا بێت لە جڵەو كردنی كۆمەڵێك ئەرگومێنتدا. لێرە بێجگە لە مەلیك كە لەوان جیاوازە، كەسانێكى وات دەست ناكەوێت كە بتوانن خۆ دوورەپەرێز بگرن لەوەی بتوانن دوو سێ پرینسیپی تەواو لێكتر جیا لە هزر و بیریاندا بپارێزن بە یەكەوە و لە یەك كاتدا، كەچی سەفوەت ئەوە دەتوانێت. سەفوەت پەیوەندیی بەهێزی من و مەلیكی زۆر لەلا پەسەند بوو و دوێنێ تەنها لە بەر ئەوە هاتبوو چایەكم لەگەڵ بخواتەوە كەوا بە پاڕانەوەوە داوام لێبكات تا بتوانم هاتوچۆی كۆشك بكەم چونكە لای ئاشكرا و ڕوونە كە من تاقە كەسێكم لێرە بە ڕاستی مەلیكم خۆشبوێت و ئەویش خۆشی بوێم. هەر لە بەر منیشە كەوا مستەر كۆرنوالیس تەواوی كار و دەسەڵاتی خۆی خستووەتە ژێر دەستی مەلیك.

 باوكی ئازیزم، هەموو ئەمانە منداڵانە دێنە بەرچاو، بەڵام وایە و زۆر تەواوە و تۆ دەتوانی هەموو شتێك لەگەڵ فەیسەڵ بكەیت ئەگەر لەوە دڵنیا بێت كە تۆ هەست و خۆشەویستیت پێبەخشیوە. ئەو ئەم خۆشەویستی و دڵسۆزییەی پێبەخشراوە و ئەمەش بۆ ئێمە و بۆ خۆی و بۆ هەموو ئەو كەسانەش باشە كە دەبێ لەمە تێبگەن.

... سەبارەت بە ڕا و بۆچوونی مەلیك لە بارەى كوردەوە جارێ بە شێوەیەكی كاتی رەتكراوەتەوە. مێجەر بۆردیللۆن بە فڕۆكە چوو بۆ سلێمانی و لەگەڵ مێجەر گۆڵدسمیسی حاكمی سیاسیدا تەواوی مەسەلەكەیان خستە بەر باس و گفتوگۆ. حاكمی سیاسی ڕای وایە كە ناتوانرێ هیچ شتێك لە بەغداوە بكرێ و هەرچۆنێك بێت پێویستە دەسبەجێ شتێك بكرێت. لە بەر ئەوە بەتەمان پەیوەندییەكی خێرا بكەن لەگەڵ جەردەیەكی ڕێگری سەركێشدا بەڵام زۆر كاریگەرە لەو سەر سنوورە و ئەویش سەید تەهایە ، بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ ئامادەیە پۆستی حوكمدار وەربگرێت لە سلێمانی و رەواندزدا لە ژێر چاودێریی    ئێمەدا و ئەمە بازدانێكی ترسناكە لە تاریكیدا. پێموایە سەید تەها ئەم پێشنیازە رەتناكاتەوە و لەم حاڵەتەدا سەرلەنوێ دێمە مەسەلەكەوە و بیر و بۆچوونی مەلیك دەخەمە ڕوو. چونكە ئێمە هەرچەندە زانیاریی زۆرمان هەبێت لەم كارەدا بەڵام قەت ناتوانین ئەوە بزانین كە ئەوان چی دەكەن بۆ قایل كردنی یەكتر پاش ئەوەی ئازادییان دەدەیتێ لە كاریاندا. مەلیك دەڵێ "من زۆر جیاواز نیم لە ئاغای كورد". چاكە، بەڵام ئێمە زۆر جیاوازین لە ئاغا كوردەكان و من پێ لەوە دەنێم كە شتێك ڕاستى لەو مەسەلەیەدا هەیە.

ڕۆژی دووشەممەی رابردوو رەواندزمان بۆردمان كرد بە بیست فڕۆكە و هەمان كردارمان ڕۆژی سێشەممە دووبارە كردەوە بە دە   فڕۆكە و هیوادارین بەمە هۆزە كوردە گەوجەكانی سەر سنوور قایل بكەین كەوا بەختی خۆیان تاقی نەكەنەوە لەگەڵ نزیكەی سێ سەد توركدا كە سەربازگەی رەواندزیان لێپێكهاتووە. ڕەنگە كەس باوەڕ نەكات كە ئەمانە هەموو ئەنجامدرا بێئەوەی هیچ زیانێكمان لێبكەوێت. چونكە لەو وڵاتە شاخاوییەدا شوێنێك نیە بۆ      دابەزاندنی و هەر ناتەواوییەك لە فڕۆكەیەكماندا رووبدات ئەوە مانای مەرگی حەتمییە. كۆڵۆنێڵ ماكنیس كەوا كاتى خۆى لەگەڵمدا بوو لە كاروبارى هێزى ئاسمانى لە فەلەستیندا و لەگەڵ خانەوادەى باومان هاتبوو چایەكم لەگەڵ بخواتەوە، فەرماندەى ئەم ئۆپەراسیۆنە   بوو و هەموو شتێكى لەبارەوە بۆ گێڕامەوە و كارێكى گەورە بوو چ لە رێكخستن و چ لە نەبەردى و ئازایەتیدا.

38

30ى تەمووزى 1922

باوكى خۆشەویستم، وا خەریكین لە بەسەرچوونى شەپۆلێكى گەرماى تاقەت پڕووكێن نزیك دەبینەوە. ئەو شەوە لە باخچەكەمدا ئاهەنگێكم سازكردبوو، لە سەرەتاوە دنیا زۆر گەرم بو بەڵام دواتر كەمێك فێنكى كرد و بە ڕاستى ئاهەنگێكى خۆش بوو و تێكەڵەیەكى سەیر تێیدا بەشدار بوو. نورى هات و یاریى كاغەزى پردى كرد و لە باخچەكەدا هەمەچەشنە خەڵكى نامۆى تێدا بوو. ئەفسەرانى ئەركانى گشتى عەرەب كە لە ئەستەمبووڵ مەشقیان كردبوو، گەنجێكى ڕوخسار قەشەنگى كورد، ناوى قادر بەگ بوو كە ئەگەر پێویست بكات لە ملت دەدات بێئەوەى ساتێكیش بیرى لێبكاتەوە، هەروەها سەیدە گەنجە بەڕێزەكانى خانەوادەى نەقیب، چەند پیاوماقووڵێكى بەڕێزى بەغداو دواجاریش عەجیل یاوەرى گەورە (كە پێشتر لە بارەیەوە قسەم بۆت كردووە بەڵام ڕەنگە لە بیرت چووبێتەوە). ئەم پیاوە سەرۆكى هۆزى شەممەرى نیشتەجێى باكوورى مووسڵە لە خێوەتێكدا دەژى و پەروەردەى ئەو خێوەتانەیە. هەروەها پیاوێكى تەواوە و سەربازێكى ئازایە و فەرماندەى لەشكرى حوشتر سوارى باكوورە و پیاوێكى  چوست و بەتواناى دەوڵەتە. بۆ تەواوكردنى وێنەكەى شەش پێ باڵایەتى و لەڕادە بەدەر  قۆز و قەشەنگە دەستوپلێكى جوان و دەنگێكى دلێرى پێوەیە و ئەمەیە عەجیل. لە پاش كاتژمێر یانزەى شەو زۆربەى میوانان ڕۆیشتن و ئاهەنگەكەیان چۆڵ كرد ئەو دووانەمان كە ماینەوە بۆ ماوەى سەعاتێك گوێمان بۆ عەجیل شلكردبوو كاتێ كە بە شێوەیەكى سەرنجڕاكێش روونكردنەوەى دەدا لە سەر نەخشە كێشانى سنوور لەگەڵ تورك و فەرەنساییەكاندا كە چۆن و بە چ شێوەیەك دابنریت. بۆ ڕۆژى دواتر بانگم كرد بۆ ئۆفیسەكەم و هاوكاریى كردم لە داڕشتنى نەخشەیەك و یاداشتێك و ناردم بۆ سێر پێرسى و بچووكترین گومانم نەبوو كەوا عەجیل ڕاستە و فەرەنسییەكان رازى نابن.

... ئێستاش لە بارەى قادر بەگەوە باسێكت بۆ دەكەم كەوا كوردێكى خەڵكى سلێمانییە و دەچێتە سەر پیرۆزترین و لە هەمان كاتیشدا شەڕخوازترین بنەماڵەى ئەو لیوایە (مەبەستى شێخ قادرى حەفیدە ــ و). شێخ مەحموودى براى گەورەترین و توندوتیژترین كەسى ئەم بنەماڵەیە كە سەركردایەتیى یاخیبوونێكى كرد لە ساڵى 1919دا و لەلایەن جەنەراڵ ماكمونەوە دامركێنرایەوە. پاشان شێخ مەحموود دوورخرایەوە بۆ هندستان و بەم دواییەش ڕێگەى پێدرا بگەڕێتەوە بۆ كوەیت. ئەگەر بە تەواوى لە بیرم مابێت قادر بەگیش نێردرابوو بۆ هندستان بەڵام ساڵى پار ڕێگەى پێدرا بگەڕێتەوە و لە بەغدا نیشتەجێ بێت لەگەڵ كەسێكى تردا بە ناوى شێخ غەریب كە خزمى نزیكیان بوو. شێخان، وەك لە ناوچەكەدا خێزانەكەیان بەم ناوە شۆرەتیان ڕۆیشتووە، خۆیان بە دوور دەگرن لە ئاژاوە و پشێوییەكانى ئێستاى سلێمانى، بەڵام هەموویان فشار دەكەن بۆ گێڕانەوەى شێخ مەحموود و وەك جۆرێك لە ڕاگرتنى دۆخەكە حاكمى سیاسیى ڕاسپاردوە كە پێویستە قادر و غەریب بنێردرێنەوە بۆ سلێمانى و سێر پێرسى ڕەزامەندیى دەربڕى بەڵام من بەدڵم نەبوو. بە هەر حاڵ، وەك هەستێكى سۆز ئامێز بۆ ئەم دوو پیاوكوژە بچووكە من بە شەخسى زۆرم پێخۆشبوو كە متمانەیان پێبكرێت و ئاگادار بكرێنەوە كە دەگەڕێنەوە بۆ شوێنى خۆیان و خۆ ئامادە بكەن بۆ سەفەر. دواتر هەر كە زانرا ئەمانە دەگەڕێنەوە شێخان بە شێوەیەك لووتیان بەرز كردەوە و خۆیان دەنواند كەوا فەرماندەى لێڤییەكان دەیوت لەمەودوا ئیتر بەرپرس نیە لەوەى كە ڕوودەدات و منیش هەواڵم نارد بۆ ئەم داماوە كەوا مەسەلەكە دڵشكاندنى    تێدایە و لە ئێستادا ناگەڕێنەوە و پاشانیش مەسەلەكەم لاى خۆم راگرت و هیوام خواست دواخستنەكە زۆر نەخایەنێت و ڕاستێكەى ئەوانیش كــارەكەیان بە گوێڕایەڵییەوە وەرگرت.

پێدەچێت كاروباری كورد تاڕادەیەك روو لە باشە بێت و حاڵی حازر هەموو پڕۆژەكانی مەلیكیان رەتكردووەتەوە. ئەمانە هەموو شتێكیان بەجارێ لەدەستدا و كەسانی سەركێشن چەشنی عەبدولكەریم فەتاح بەگ  كەوا هێزی لێڤی و فڕۆكە بەدوایەوە بوون پاش ئەوەی دوو ئەفسەرە بەریتانییەكەی كوشت. ئێمە لای خۆمانەوە پێشنیازی نهێنیمان كردووە بۆ یەكێك لە جەردە و ڕێگرەكانی سنوور، كە سەید تەهایە. ئەم پیاوە خۆی ئەوەندە بایەخدار نیە بەڵام سەر بە سمكۆیە كە پیاوێكی زۆر گرنگە  كە ماوەی چوار ساڵ شەڕی ئێرانییەكانی   كرد و لە پێگەی سەرۆكی بزووتنەوەی نیشتمانیی كوردایە. ئەگەر سەید تەها قایل بوو بەو پێشنیازەی بۆی كراوە ئەوە سمكۆ پشتی دەگرێت و هەوڵ و تەقەلای توركەكان پەكدەخات. سمكۆ ئەو "جێنتڵمانەیە" كەوا حاكمی ورمێی ئێرانی بۆمبێكی لە نێو كاغەزدا بۆ ناردبوو كە بە نامەیەك وەسفی رووداوەكەمان بۆ دەكات و تێیدا دەڵێت "هیچ كاتم نەبوو تەنها ئەو ماوە كەمە نەبێت كە توانیم بۆ براكەمى فڕێبدەم و تەقییەوە".

39

8 ى ئابى 1922

... لەم ئێوارانەدا بۆ نانخواردنى شێوان بە خێزانى لەگەڵ مەلیك دانیشتین و سەفوەت و ئەحمەدى كوڕە بچووكیشی لەگەڵمان بوون. لە پاش شیو كردن سەفوەت بە ئەسپایی دۆعاخوازیى كرد و منیش لەگەڵ مەلیك لە باڵكۆنەكە دانیشتین كە دەیڕوانییە سەر ڕووبارەكە و ماوەى كاتژمێر و نیوێك لە بەر تریفەى مانگەشەو كە لە شەپۆلى ڕووبارەكەى دەدا قسە و دەمەتەقێمان كرد و مەلیك ناخى دڵى خۆى بۆ كردمەوە بە شێوەیەك كە هیچ خۆشحاڵ نەبووم پێى. ئەو تاڕادەیەكى زۆر هەست بە ئازارى ئەوە دەكات كە ڕێگەى پێنەدرا كارى خۆى لەگەڵ كوردى سلێمانى بكات و منیش بە تەواوەتى لەگەڵى هاوڕام. هەروەها زۆر بە توندى نیگەرانە لە هەوڵیدا بۆ گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ   كەمالییەكاندا و لەمەشدا بە تەواوى لەگەڵیم و بەڵێن دەدەم كە تا بتوانم هەموو شتێك بكەم بۆ هەماهەنگى كردنى مەلیك لەگەڵ كۆمیسیاری باڵادا. لەم خاڵەدا ئەوان وا بیردەكەنەوە كە ئێمە نزیكین لە ڕێككەوتنێك لەگەڵ كەمالییەكاندا لە سەر بنەماى گێڕانەوەى ویلایەتى مووسڵ   بۆیان و ئەمەش بە ماناى سەربڕینى عێراقە. لەگەڵ ڕێزمدا من ڕام وایە كەوا تەنانەت حكوومەتە هەلپەرستەكەمان تواناى سووكایەتى پێكردنى لەم چەشنەى نیە. بەڵام تاقە ڕێگە بۆ قەناعەت پێكردنى مەلیك و دەستە و تاقمەكەى ئەوەیە كە دەستیان واڵا بكرێت لە گفتوگۆ و دانوستاندا لەگەڵ توركەكاندا و بتوانن بە پێى بەرژەوەندیى وڵات بڕیار بدەن. حاڵى حازر وەزیرى دەرەوە (مەبەست وەزیرى دەرەوەى بەریتانیایە ــ و) برووسكەیەكى زۆر خراپ و نەعلەتیى بۆ ناردووین كەوا دەسەڵاتى تەواوى داوەتە مێجەر یۆنگ  ـ نەعلەتى خواى لێبێت  ـ و تێیدا ڕاسپاردەى ئەوە دەكات كە بەر لە هەڵبژاردنەكان ئێمە بە شێوەیەكى كردارەكى ئامۆژگاریى تەواوى ناوچە كوردییەكانى لاى عێراق بكەین بۆ خۆڕاگرى و داكۆكی كردن و پێكهێنانى دەوڵەتێكى سەربەخۆى كوردى. كۆمیسیاری باڵا لەگەڵ هەموو هەڵوێستێكیدا پێیوتم كەوا سەرنج و تێبینییەكانم لە سەر ئەم مەسەلەیە بخەمە ڕوو. من پێموایە و ئاواتەخوازیشم كە ئەو تا سەر ئێسقان بەرەنگارى ببێتەوە، چونكە ئەگەر ئێمە كار بە پێشنیازەكانى ئەم پڕۆژەیە بكەین ئەوە ماناى وایە كە نەك تەنها فەیسەڵ بەڵكو هەموو عێراقییەكى عەرەب قەناعەت بەوە دەكات كە ئێمە لیوا كوردییەكان لە لیوا عەرەبییەكان جیادەكەینەوە بۆ ئەوەى بیانگێڕینەوە بۆ توركەكان.

من سەرومڕ بێ وەستان خەریكى نووسینى یاداشتم لە سەر مەسەلەى كورد بۆ كۆمیسیارى باڵا و دوێنێ لە كەشوهەوایەكى هێجگار گەرم و دۆزەخ ئاسادا، كە وام هەست دەكرد خەریكە دەمرم، لە  ئۆفیس و لە كاتژمێر حەوتى بەیانییەوە بۆ یەك و نیوى نیوەڕۆ كارم كردووە و پاشان گەڕامەوە ماڵ و دواى نان خواردنى نیوەڕۆ بێوچان كەوتمەوە كاركردن لە كاتژمێر    دوو و نیو بۆ شەشى ئێوارە و دواى ئەوەش چووم بۆ كۆبوونەوەى كۆمیتەیەك و پاشتریش بۆ شیو كردن لە كونسوڵییەتى فەرەنسى و لەوێ تا نیوەشەو یاریى كاغەزمان كرد و كاتێ گەڕامە ماڵەوە هەستم كرد لە خێوێكى سامناك دەچم.

40

16 ى ئابى 1922

... لەم ماوەیەدا هەموو ئەم رقەبەرایەتی و دوژمنكارییانەی ناوخۆ كەوا هێند بە قورسى داگیرى كردووین ڕەنگە كاڵ  ببنەوە و لە ئاست مەترسیى پەرەگرتووى كەمالییەكان لە سەر ناوچە سنوورییەكانى باكوورمان. ئەمڕۆ هەواڵێكمان پێگەشتووە و خستووینیە حاڵەتی ئامادەباشیى تەواوەوە. سمكۆ، ئەو چەتە كوردەى ئەودیوى سنوورمان (كە لە نامەكەى ئەمدواییەمدا باسم بۆ كردوویت)، وەك بیستوومانە دواجار بە تەواوى لە سەر دەستى توركەكان شكستى خواردووە. لە ئێستادا سمكۆى چەتە و ڕێگر، نەتەوەخوازێكى كوردە و قەناعەتى هێناوە كەوا بێ یارمەتیدانى ئێمە هەرگیز ناتوانێ مەبەستى خۆى بەدیبێنێ (كە بە شێوەیەكى سەرەتایى سمكۆ بكرێتە حوكمدارى هەموو كوردستان). بەم پێیە ئێستا نەك هەر تەرەفدارى ئێمەیە بەڵكو پەیامبەرانیشی بۆ هەموو هۆزە كوردییەكانى سنوور ناردووە و كەوا ئەگەر بەرهەڵستیى ئێمە بكەن، بە دەسیسە و هاندانى تورك، ئەوە خوێنى خۆیان حەڵاڵ دەكەن. هاوزەمان لەگەڵ هەواڵى لەناوبردنیدا ئێمە برووسكەى شێتانەمان لە سلێمانییەوە پێدەگات و داوا دەكەن فڕۆكە و  لێڤى و هەموو جۆرە هێزێك بنێرینە سەر   سنوور و مەیدانى شەڕ. من هەست بە مەترسییەكى زۆر گەورە دەكەم و جارێكى تر هانى سێر پێرسیم دایەوە كە لێبگەڕێت مەلیك خۆى مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكات و ڕاستەوخۆ سلێمانى ببەستێ بە خۆیەوە چونكە هیچ چارێكى ترمان نیە لەوە زیاتر. ئەگەر ئەوە بكات پێموایە دوا هەل و دەرفەت دەبێت كە نەهێڵێ دابەشبوون ڕووبدات، بەڵام ئەگەر ئەم هەلە لە دەست بدرێت ئەوە تورك گرەوەكە دەباتەوە و كەركووكى تازە بە ئێمەوە نووساویش لە دەست دەچێت چونكە زۆربەى دانیشتووانى بە ڕەگەز توركن و لەگەڵ ئەواندا دەڕۆن. بە زۆریش ئەمە كارێكى نەشیاو و قەناعەتهاوەر نیە كەوا ئێمە بگەینە لێوارى كارەساتى بەرنەگیراو و پێموایە ئێستا لەو دۆخەداین و هەڵبەت بە شێوەیەكى لابەلاش تەواوى كاربەدەستانمان لە سلێمانى دەكوژرێن.

41

18 ى ئابى 1922

... ئاڵۆزییەكان لە سەر سنوورى كوردستان مایەى نیگەرانییەكى گەورەن و كەمالیستەكان بە دیاریكراوى بەرەوخوار دەبنەوە بۆ سلێمانى نەك بە هێزى گەورەوە بەڵكو لە ڕێگەى بڵاوكردنەوەى واتەواتى ئیسلامییەوە لە ناو تیرە و هۆزەكاندا و ئێمەش هیچمان بە دەستەوە نیە هێزێكى بچووكى لێڤى نەبێت ئەویش بە هۆى دوو مانگى پیادەڕەویى قورسەوە لە گەرمادا بە تەواوى شەكەت بووە و پرزەى لێبڕاوە و فڕۆكەكانیشمان زۆر كاریگەر نین لە ناوچەى شاخاوییدا. من زۆر هەست بە دڵەڕاوكێ و نیگەرانى دەكەم لە بارەى ئەفسەرە دابڕاوەكانمانەوە و تاڕادەیەك كەمتر لە بارەى یەك دوو ئاغاى كوردەوە كەوا كەڵەمێردانە كارمان بۆ دەكەن و ئێمەش پشتیوانییان لێدەكەین. هەڵبەت برووسكەیەكى بایەخدارى جفرەكراو لە وڵاتەوە (واتە بەریتانیا ــ و) گەیشتووە و هێشتا نەكراوەتەوە و بێگومان ئەو وەڵامەى تێدایە كە پێمانوایە بڕیار لە چارەنووسمان بدات.

42

31 ى ئابى 1922

... لە كاتێكدا كە ئێمە مشتومڕمانە لە سەر ئەم كێشانە سەربازەكانمان بەرگرى لە سنورەكانى سلێمانى دەكەن دژ بە كەمالییەكان كەوا بە هێزەوە داگەڕاونەتە خوارەوە بۆ  ڕانیە و ئێمە سەعات بە سەعات چاوەڕێى هەواڵى لەناوچوونى ئەفسەرانمان و لێڤى و پیاوانى هۆزەكانمان دەكەین.

43

8 ى ئەیلوولى 1922

باوكى خۆشەویستم، ئێمە بەردەوامین لە شەڕ و نەبەردییەكانمان لەگەڵ بارودۆخێكى ئێجگار سەخت و تووشدا و وەك دەوترێت لە نێو دەریایەكى پڕ شەپۆلدا و هەر كە لایەكیان هێور دەكەینەوە دڵنیا نین كەوا شەپۆلى داهاتوو نوقمى بن دەریامان ناكات. زۆرى   نەخایاند و ئەو سەركەوتنە بەرچاوەى لێدانەكەى سێر پێرسى بەدەستیهێنا و جێگیر كردنى ناوخۆیى مسۆگەر كرد، كەچى مەترسیى دەرەكى ئەگەرى قەبارەیەكى نوێ و ترسناكى بەخۆوە بینى. پێش هەموو شتێك، وەك خۆت بیستووتە، ئەو هێرشە خێڵەكییەى بە فیت و تەگبیرى كەمالییەكان ئەنجامدرا و بە زۆریش لە ڕێگەى كوردە بەدفەساڵەكانەوە لە ناوچەكانى سەر سنوورى ئێران ناچارى كردین ڕانیەى سەر بە ناوچەى سلێمانى بەجێبێڵین. ئەمە لە خۆیدا زیانێكى زۆر گەورە نەبوو، چونكە ناوچەكە لە باشترین حاڵەتیدا پڕ ئاژاوە و پشێوییە و هیچ شتێكمان لێ دەست ناكەوێت، تەنانەت ئەو خەرج و مەسرەفەش كە تێیدا بە فیڕۆى دەدەین، بەڵام پاشەكشە لە بەرامبەر هۆزگەلێكى یاخیدا بەردەوام بە كارێكى مەترسیدار دەژمێردرێت چونكە هەرگیز نازانیت كەى و لە كوێدا تەواو دەبێت. هەروەها ئێمە پشتى بابەكر ئاغاى پشدەریشمان بەردا، ئەو پیاوە بوێر و بەهێزەى لە ئەوەڵەوە تا ئاخر لایەنى ئێمەى گرت و نازانین چارەنووسى چی دەبێت و چی   بەسەردێت و ئەمەش جۆرە هەڵوێستێكە كە وا هەست بكەیت لە ڕووى شەخسییەوە كارێكى دزێوت كردبێت. بە دواى ئەوەشدا هەموو فەرمانبەرانمان لە سلێمانى كشاندەوە و مەحاڵە لەوە بگەین كەوا ئاژاوەگێڕیى دەرەكى ئەنجامى چى دەبێت و بێ پاساویش ژیانى كەسانێك بخەینە مەترسییەوە كە هیچ هۆكارێكمان نیە بۆ پاڕاستنیان. بەم ڕەنگە ئێمە لە سلێمانى ئەنجومەنە كوردییە هەڵبژێردراوەكانمان ڕادەست كردەوە، كە پێش ساڵێك دەستى بە كار كردبوو و شێخ قادرمان كردە بەرپرسى، كە یەكێكە لەو بنەماڵە ناوخۆییەى سەرۆكایەتیى ناوچەكە دەكات و نزیكەى شەست كەسمان بە فڕۆكە كشاندەوە، كە بریتیبوون لە ئەفسەرى بەریتانى و فەرمانبەر و نووسەرى ئێرانى و لێڤیى ئاسوورى. كارەكە بێ هیچ گرفتێك    ئەنجامدرا و هێزى ئاسمانیى شاهانە بە شێوەیەكى باش و دروست ئەركى خۆى بەجێهێنا، بەڵام ئاخۆ جارێكى تر دەگەڕێینەوە؟ ئەوە جێى گومانە و ئەگەر وایشكەوتەوە ئەوا هەرگیز لە هەمان بار و زرووفدا نابێت. ئەوە چەند ساڵیكە بە هۆى كارى نایاب و دڵسۆزانەوە لیوایەكمان لە ئاژاوە و پشێوى ڕزگار كردووە و بە شێوەیەكى لەبار و گونجاو بە ڕاڕەوى گەشەكردنى ئاشتیانەدا تێمانپەڕاندووە كەچى هەمووى بەباچوو لە ئەنجامى واتەواتێكى كەمالیى گەوجانەدا لە نێو خەڵكانێكى شاخاوى و دڕندەى سەرسنوورداو بۆچى؟ وەڵامى ئەمەش ڕوونە، لە بەر ئەوەى ئێمە لەو كاتەوە كە جاڕى ئاگربەس دراوە بە شێوەیەكى هێند خراپ مامەڵەمان لەگەڵ مەسەلەى توركیدا كردووە كەوا مایەى نائومێدییە چونكە هەر كەسێك لە ئێمە ئاگادارى بارودۆخەكە بێ لە توركیا دەیزانى كەوا پەیماننامەى سیڤەر پڕوپووچییەكى هێند سەقەت و بێمانا بوو كە ئەقڵ نەیبڕێت و هیچ كامێك لە ئێمە نەیدەتوانى كەسێك بدۆزێتەوە و گوێى لێبگرێت. دواجاریش تۆپەكانى تورك كەوا فەرەنسییەكان گوللە و پێداویستیى تەواویان بۆ دابینكردبوو ڕێگاى ڕۆژهەڵاتمانەوە بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو بێدەنگ و جێگیرە و ئاژاوە و خراپەكاریی زیاتر نەڕۆیشتووە خۆیان دۆزییەوە لە شوێنێكدا كەوا ئەقڵ و زانیارى دەستەوسانن لەوەى كونێكى بچووكى تێدا بدۆزنەوە.

تا ئێستا بارودۆخ لە سنوورەكانی. مێجەر نۆئێڵ ، كە حاكمی سیاسییە لە هەڵەبجەی ئەوپەڕی باشووری ناوچەی سلێمانی، پێداگریی دەكات لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە و باوەڕی وایە، لە سەر ئەرز دەتوانێت هۆزە لۆكاڵییەكەی ئەوێ، كە هۆزی جافە، لە سەر ڕێی ڕاست بهێڵێتەوە، وەك چۆن دەتوانێت هەر كاتێك بیەوێت سواری ئەسپەكەی دەبێت و بە هەر لایەكدا ئارەزوو بكات دەڕوات. ئەم ئەفسەرە كەسێكی لەڕادە بەدەر نائاساییە و هیچ دوور نیە بتوانێت كۆمارێك لە سلێمانیدا دروست بكات بە سەرۆكایەتیی خۆی! بەڵام پلان و بەرنامەی ئێستا گێڕانەوەى سەرۆكی بنەماڵەكەی شێخ قادرە، واتە شێخ مەحموودی برا گەورەكەی، كە ساڵی 1919 لە دژی ئێمە راپەڕی و لەو كاتەوە گیراوە و دوورخراوەتەوە بۆ هندستان و كوەیت. ڕاستە هیچ هۆكارێك نیە كەوا ئەم پیاوە ئێمەی خۆشبوێت بەڵام رق و كینەی لە تورك دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەكی دوورتر لە سێ ساڵ و جێی باوەڕە كە ڕەنگە ئامادە بێت بۆ هەماهەنگی كردن لە وەدەرنانی توركەكاندا. سلێمانی لەخۆیدا گرنگ نیە بەملا یان بەولادا بڕوات و هەمیشە كێشە و گرفتێك هەبووە چونكە ئەم شارە بە توندی ئەوەی رەتكردووەتەوە ببێتە بەشێك لە عێراق و كورد حەز بە عەرەب ناكەن. ڕاستێكەى كێشەكە لە لیوای كەركووكی دراوسێى نزیكیدایە كە نیوەی دانیشتووانی بە رەگەز تورك و نیوەكەی تریش كوردن و هەمیشە سوێندى ملكەچی و بەیعەتیان بۆ فەیسەڵ رەتكردووەتەوە.

ئێرە لە ڕووی ئابوورییەوە بەشێكی تەواوكەری عێراقە و ئەگەر توركیا بگاتە سلێمانی و لەوێوە بۆ كەركووك ئەوە كارێكی زۆر جیددى و مایەى نیگەرانییە. ئەوەی كە مەلیك لێی دەترسێ ئەوەیە كە ئەگەر كەمالییەكان و سوپاكەیان لە سەرقاڵ بوون بە دەست گریكەوە (یۆنانییەكانەوە) رزگار بن و بە دوورى مەزانە بابدەنەوە سەر عێراق و تەواوی ویلایەتی مووسڵ بۆ خۆیان رابكێشن و لە دەست ئەو و ئێمەشی دەربكەن. هەڵبەت تا ئەو كاتەی ئێمە فشاری دیبلۆماسی بەرپا دەكەین هیچ ڕێگایەكی تر نیە ببێتە بەربەستیان بۆ جێبەجێ كردنی ئەم جوامێرییە ئاسانە ئەگەر بیانەوێت. من تێبینیی ئەوەش دەكەم كە                (أ) دیبلۆماسییەتی ئێمە لە ئێستادا نەزۆكە و (ب) شكستی گریك ئێمەی خستووەتە خراپترین پێگەوە بۆ پیادە كردنی هەر هەنگاوێك. ئەنجامگیریی من لە بارەی مووسڵ و كەركووكەوە ئەوەیە كەوا ئێمە لە ڕووى پراكتیكەوە لە ژێر رەحمەتی كەمالیستەكانداین و ماوەتەوە سەر ئەوەی ئەوان چ بڕیارێك دەدەن و بە ڕاستى دۆخێكی خراپ تێكەوتووین.

44

10 ى ئەیلوولى 1922

بەیانیی ئەم یەكشەممەیە، لە كاتێكدا كە من نامەم بۆ دەنووسیت (واتە بۆ باوكی ــ و)، سێر پێرسى و مستەر كۆرنوالیس چاوپێكەوتنێكی گرنگ و مەترسیداریان لەگەڵ مەلیكدا هەیە، كە تێیدا سێر پێرسى داوای لێدەكات تەواوی كارە ئەنجامدراوەكانی بخاتە ڕوو و پڕۆژەكانی چی دەبن بۆ داهاتوو. دوێنێ ئێوارە لە سەر نانخواردن لەگەڵ مستەر كۆرنوالیسدا گفتوگۆمان لە سەر هەموو ئەگەر و بۆچوونەكان كرد تا نیوەشەو بێ ئەوەی بگەینە ئەنجامێك.

دوێنێ لەگەڵ مستەر ئێدمۆندز پێكەوە نانی نیوەڕۆمان خوارد. ئەم پیاوە ئەو حاكمە سیاسییە بوو كە بەم دواییە لە رانیە كاری دەكرد و كەسێكی ڕەفتار جوانی بەتوانایە و بە پیادەڕۆیی لەگەڵ رەتڵەكەدا پاشەكەشەی كرد لە ژێر دەسڕێژی قورسی خێڵەكاندا تا ئەو كاتەی فرۆكە هاتن و هێرشبەرانیان بێدەنگ كرد. هێزی ئاسمانیی شاهانە كارێكی سەرسامكەر ئەنجامدەدات بەڵام ناتوانێ لە ناوچە شاخاوییەكاندا هێرشبەران بوەستێنێ، چونكە كەمترین زیان دەگەیەنێ لە كاتێكدا كەوا كاری بێَشومار هەیە لە ئەستۆی بگرێت. مستەر ئێدمۆندز باوەڕی وایە كە چارەسەری گونجاو ئەوەیە كەوا شێخ مەحموود بگێڕنەوە بۆ شوێنی خۆی وەك ئەوەی كە پێشنیاز كراوە و هەڵبەت منیش ئەمە بە ڕاست دەزانم و ئەگەر ویستی ئێمە سەرپەرشتیی بكەین و ئەو كاتە دەبێ بوار بدەین یەك ئەفسەری سیاسیی بەریتانی لەگەڵ بمێنێتەوە بۆ ببێتە ئەفسەری پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و بە هیچ شێوەیەك دەست وەرنەداتە كاروباری بەڕێوەبردنەوە.

شێخ مەحموود تەنها نموونەیەكی ئاسایی سەرۆك چەتە و ڕێگری كوردە و تەنها كەمێك واوەترە و هیچ بیروبۆچوونێكی لە سەر بەڕێوەبردن نیە و هەموو دۆست و خزمەكانی دەخاتە سەر كار و دوژمنەكانیشی سەركوت دەكات ئەگەر نەیشڵێین دەیانكوژێت، ئێمە ناتوانین ئەم پیاوە بوەستێنین و تەنانەت هیچ پیاوێكی بەرپرسی ئینگلیزیش ناتوانێ ڕایبگرێت. بەڵام ئەگەر ئێمە پەیوندیی باشمان لەگەڵ هێشتەوە و بە پێی توانا پشتیوانی سەربەخۆیی ئەو پارچە بچووكەی كوردستانمان كرد كە لە ژێر ڕکێفی ئەودایە، ئەوە دەبێتە ناوبەینێكی كوردی لە نێوان عێَراق و توركەكاندا. ڕەنگە تۆ سەرسام بیت بەوەی بۆچی و چۆن شێخ مەحموود ئەو دەسەڵاتەی هەیە بە سەر وڵاتدا، لە كاتێكدا كە دەیناسین چ شەڕخواز و پیاوخراپێكە و وەڵامەكەشی ئەوەیە كە دەبێ بزانێ كەوا بە پلەی یەك ئاغای كورد كۆنترۆڵی سەرسوڕهێنەری هەیە بە سەر خێڵ و هۆزەكانیدا بە پلەی دوویش شێخ مەحموود لە ڕوویەكی ترەوە پیاوێكی پیرۆزە و ئەمەش پشتاوپشت بۆ هەموو ئەندامانی بنەماڵەكەی ماوەتەوە و باپیرە گەورەیان مەزارێكی هەیە لە سلێمانیدا.

ژیان بە دەگمەن تەمەڵ و بێ رووداوی كوتوپڕە بۆ كورد و بەردەوام پڕە لە پێشهاتی نوێ، بۆ نموونە شێخ قادری برا بچووكی شێخ مەحموود وەربگرە. تەنها مانگێك لەمەوپێش لە بەغدا گیرا، لە پاش دوو ساڵی بەند كردن و لەگەڵ من دانوستانی دەكرد لە بارەى ڕۆژی گەڕانەوەیەوە بۆ زێد و ماڵی خۆی (من لە جیاتی سێر پێرسى دانوستانم دەكرد). ئەم پیاوە بچووكە چەند جێنتڵ و چەند سوپاسگوزارە بەڵام هەمیشە چەقۆ لە سەر ملت دادەنێ و دوو هەفتە بە سەر گەڕانەوەیدا تێنەپەڕیبوو كەچی خۆی بە سەرۆكی ئیدارەی لیوایەكی تەواو بینییەوە وەك بریكاری حكوومەتی خاوەن شكۆ (واتە حكوومەتی بەریتانیا ـ و) ئەوجا لە بەر ئەوەیە كە دەڵێم ئەو هەرگیز هەست بە تەمەڵی و بەتاڵی ناكات.

مێجەر گۆڵدسمیسیش لێرەیە و لە بیرتە پار ساڵ لە سلێمانی لە لای مامەوە و ئێستا ئەو حاكمی سیاسیی لیواكەیە و بەنیازە لەگەڵ شێخ مەحموود بگەڕێتەوە، یان بە ماوەیەكی كەم دوای ئەو، بەڵام من گومانم نیە كە پیاوی ڕاستەقینە بۆ ئەركی ئەفسەری پەیوەندی مێجەر نۆئێڵە، چونكە لە مەحاڵەوە نزیكە بۆ مێجەر گۆڵدسمیس كەوا بە چاوی خۆی ببینێت هەمو ئەو دام و دەزگایەی بنیاتی ناوە تێكوپێك بدرێت و پێویستت بە كەسێكی ملهوڕی و بوێری وەك مێجەر نۆئێڵ دەبێت، كە بە خۆی وەك كورد وایە ئەو رۆڵە ببینێت و بە هەر حاڵ ئەو ئەرك و كاری سێر پێرسییە.

45

14 ى ئەیلوولى 1922

... پێش چەند ڕۆژێك سێر پێرسى و مستەر كۆرنوالیس لەگەڵ مەلیك دانیشتن و گفتوگۆیان لە سەر كۆمەڵە بابەتێك كرد و ئەویش رازی بوو بە هەموو ئەو كارانەی سێر پێرسى    كردوویەتی و پەسەندی كرد، پاشان بەڵێنی دا كە نەقیب راسپێرێت بۆ پێكهێنانی وەزراەتێكی نوێ، بەڵام زۆری ڕق هەڵسا وەختێ پێیوترا كەوا پێویستە دەست وەرنەداتە وردەكاریی كاروباری بەڕێوەبردن و بە تایبەتى كە دامەزراندنی سەرۆكی دیوان و سەرۆكی تەشریفاتەكەی لەلایەن حكوومەتەوە بوو بە بڕیارێك لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە.

... چاكە ئێستا باسی سلێمانیت بۆ دەكەم، ئەنجامی دانانی شێخ قادر بە سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن وا كەوتەوە كە هەموو ئەو هۆزانەى چووبوونە پاڵ كەمالییەكان رایانگەیاند كەوا لە بەر ئەوەی ئێستا لە وڵاتی خۆیاندا حكوومەتی كوردی فەرماندارە ئیتر ئەمان هیچ كارێكیان بە توركەكان نەماوە! شێخ قادر خۆیشی پەیامگەلێكی وای بڵاوكردەوە كەوا تەنها ئومێدی ملكەچبوونە بۆ فەرماندەكانی كۆمیسیاری باڵا. لەو كات و ساتەدا كە ئێمە سلێمانیمان چۆڵ كرد ئەو ئاغا یاخییەی كە بەرپرس بوو لە كوشتنی كاپتن بۆند و كاپتن ماكانت چووە شاری سلێمانی و داوای چەكی كرد و شێخ قادریش رازی نەبوو چەكیان بداتێ و بوو بە دەمەقاڵەیان. لە ئێستادا دوو لایەن لە شارەكەدان، شێخ قادر لە لایەكەوە بە پشتیوانیی لێڤی و پۆلیس و تەواوی هاوڵاتیانی بە شەرەف، كە بە دڵسۆزى سەر بە بەریتانیان و عەبدولكەریم فەتاح (كە تۆمەتی پیاوكوشتنی لەسەرە) كە بە دڵگەرمی سەر بە توركە، بەڵام توركەكان هەموو لە رانیە دەرچوون و پاشەكشەیان كردووە بۆ رەواندز.

لەم ماوەیەدا شێخ مەحموود گەیشتەوە بەغدا و مێجەر نۆئێڵ كە چاوی پێكەوتبوو دەڵێ زۆر نیگەران و بێتاقەتە و هەرگیز بەپەرۆش نیە قورسایی بەڕێوەبردن لەئەستۆ بگرێت بەڵكو بە شێوەیەكی گشتی حەز بەوە دەكات بگەڕێتەوە سەر ئەو ژیانە ئاسایی و هێمنەی لە دوورخراوەییدا دەیگوزەراند لە كوەیت ! دوور لە پیشاندانی هەر وەڕسی و نیگەرانییەك بۆ سێ ساڵی بەند كردنی و زۆر سوپاسگوزار و منەتبارە لەو مامەڵە باشەی كە كراوە و بە نیازە ئەم ئێوارەیە یان سبەینێ سێر پێرسى ببینێ و هەڵبەت منیش دەبیستم كەچی چووەتە نێوانیان.

ئەگەر لێمانگەڕێن كاری خۆمان بكەین، بێگومان دەتوانین عێراق و كوردستان بەڕێوەببەین، با كارەكە قورسیش بێت، بەڵام ئاخۆ لێماندەگەڕێن كاری خۆمان بكەین؟ ئەگەر كەمالییەكان گەڕانەوە سەرمان بەو لەشكر و سوپایەوە كە لە بەرەی گریك (یۆنان) دەستواڵا دەبێت ئەوە نە ئێمە و نە تەواوی ناسیۆنالیستەكانیش پێكەوە ناتوانین بەرەنگاریان بینەوە. ئەمەیە رەوشەكە و ئێمەش هەر ئەمڕۆ و سبەیمانە و نازانین ئاخۆ سبەینێ هەڵدەكۆتنە سەرمان یان نە.

46

24ى ئەیلوولى 1922

... كەسایەتییە دەركەوتووەكەی تری لای ئێمە شێخ مەحموودی سلێمانییە، كە ڕۆژی 13ى مانگ لە كوەیتەوە گەیشتە بەغدا. هەڵبەت ئەوە كاری خواوەندە كە مێجەر نۆئێڵی بۆ نارد و بوو بە ڕاوێژكاری لەو ماوە كورتەی هەنگوینە مانگمان لەگەڵی لە زستانی                  1918  ــ 1919داو دەبوو بگاتە ئێرە، پاش ئەوەی نووچیدا و شكستی خوارد. لە گفتوگۆكەی لەگەڵ سێر پێرسیدا شێخ مەحموود گیانێكی هێجگار بەجێ و لۆجیكیی نواند و پێوە دیار نەبوو كە هیچ   ڕق و كینەیەكی لە دڵدا بێت بەرانبەرمان لە سەر ئەو سێ ساڵَ بەند كردنە و هەرگیز وای دەرنەخست و بە پێچەوانەوە ئەوەی دەردەبڕی كە ئێمە چ میهرەبانییەكی گەورەمان لەگەڵ كردووە لە سەر ئەوەی كە بەرمانداوە! بەڵام كە گەیشتەوە سلێمانی بە تەواوی گۆڕا و هەڵوێستی پێچەوانەی نواند و هەڵبەت لە سەرەتادا بەشێكی لە بەر ئەوە بوو كە تا بتوانێ پارە و چەكمان لێ بستێنێ. لە بارەی حكوومەتی عێراقیشەوە زۆر بە ئاشكرا رای خۆی دەربڕی كە ئێمە قبووڵمانە و هەرچۆنێك بێت سێر پێرسى قەناعەتی پێكرد كە لە هەموو حاڵەتێكدا دەبێ باش و تەبا بێت لەگەڵ دراوسێكەیدا و دەبێ ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە و بگەنە تێگەیشتن لەگەڵ فەیسەڵدا. بەم ڕەنگە شێخ مەحموود لە پاش دوو   ڕۆژ و لە 16ی مانگدا چوو بۆ بینینی مەلیك و دواتر ڕاستەوخۆ لە چاوپێكەوتنەكەوە هاتە لای من لە ئۆفیس. بۆ دواینیوەڕۆ مەلیك ناردی بە شوێنمدا و باسی گفتوگۆكەی نێوانیانی بۆ كردم، كە بە ڕاشكاوانە قسەیان كردووە و بە شێخ مەحموودی وتووە بەرژەوەندییەكانی   عێراق و كوردستان هەر یەكن و سلێمانیی بە قەڵایەكی دژ بە تورك داناوە و هەرچییەكی پێبكرێت بۆ یارمەتیدانی درێغی ناكات. ئەوجا ئەفسەران و پیاوانی كورد لە سوپای عێراقدا دەكرێ بچنە پاڵی ئەگەر ئەم حەز بكات و دواجاریش بچنە خزمەتیەوە ئەگەر ئارەزوویان لێبێت. لە پاش ئەوە تا گەڕانەوەی بۆ سلێمانی لە 20ى مانگدا ڕۆژانە سەری لێدەدام و ڕاستێكەی من خۆشم بە چارەیدا نەدەهات و لێى لالووت بووم.

بۆ ئێوارەی ڕۆژی 20ی مانگ ڕۆیشت بۆ كفری، كە دەكەوێتە نزیك هێڵی شەمەندەفەرەوە لە ناوچەی كەركووك و ئەگەر لەبیرت مابێت و لەگەڵ خۆیدا مێجەر نۆئێڵ و پێنج ئەفسەری كورد لە سوپای عێراق و بژاردەیەك لە خەڵكی سەركێش و ساختەچی بووبوونە یاوەری. هەر كە گەیشتبووە كفری برووسكەیەكی درێژ و ڕازاوەی بۆ ناردم! لەوێ لەو لیوایە حیزبێكی بەهێزى سەر بە توركیا هەیە و هەر ئاغایەك كەوا خزمی ماڵی شێخ مەحموود نەبێت ركابەر یان دوژمنە. ئاخۆ ئەو شان و شكۆیە بە هۆى پشتگیریی ئێمەوە دەستیكەوتووە بەردەوام دەبێت یان نە، ئەوەیان نازانم.

حاڵی حازر نە مێجەر نۆئێڵ، كە شێخ مەحموود تكای لێكرد لەگەڵی بێت، نە هیچ ئەفسەرێكی بەریتانی پێ ناخەنە سلێمانییەوە تا كەریمی فەتاح بەگ، كەوا هەردوو كاپتن بۆند و ماكانتی كوشت، نەگیرێت یان لە شار نەچێتە دەرەوە. دوا هەواڵ كە ئێمە لە بارەیەوە بیستوومانە گوایە شێخ قادری برای شێخ مەحموود بە مودیر ناحیەی زاب دایمەزراندووە! هەرچۆنێك بێت ئەوەی كە روودەدات خەریكە بەو بارەدا بشكێتەوە كە تووشی ئاژاوەگێڕیی ببێتەوە و كاتی خۆی ئێمە رزگارمان كرد لەو ئاژاوەیە و ئێستا ئێمە هیچ هەوڵێك نادەین بۆ وەستاندنی. شایانی باسە بە گەیشتنی شێخ مەحموود بۆ كفری هۆزە كوردەكانی ناوچەی كەركووك بە تێكڕا مەزبەتەیەكیان ئیمزا كردووە كە لە ملكەچیی حكوومەتی عەرەبیی كاتی دەردەچن و دەڕۆنە سەر كوردستان لە ژێر ڕکێفی شێخ مەحموودا. ئەمانە خۆشحاڵی و شكۆی خۆیان لە بێ حكوومەتیدا دەبینن و ئەوە جووتیار و بازرگانەكانە كەوا گرفتار دەبن. ئەمانە كاتێ كە لە چاوەروانی دەكەون و نائومێد دەبن لە یارمەتیی ئێمە دواجار بادەدەنەوە بە لای توركدا، لە سەر ئەو بنەمایەی كە هەر حكوومەتێك بێت باشترە لە بێ حكوومەتی. نەخێر من هیچ دڵخۆش نیم بە بارودۆخی سیاسی لە سلێمانیدا بەڵام تا ئاژاوە بەردەوام بێت ئەوە شێخ مەحموود باشترین شەڕخواز و پیاوخراپە.

47

28 ی ئەیلوولی 1922

... توركەكان، نەفرەتی خوایان لێبێت، لە خۆئامادەكردندان بۆ ئەوەی ئەمجارەش هێرشێكی تر بكەنە سەر ئاكرێ، كە دەكەوێتە باكووری هەولێرەوە. ئەوان هێزێكی وایان بە دەستەوە نیە بەڵام مەقاشی دەستیان خێڵەكانن كە دەیانجووڵێنن و لە بەر ئەوەی ئێمە تا ئێستا مستەكۆڵەی خۆمان لە گیرفانماندا شاردووەتەوە بۆیە خێڵەكان وا دەزانن توركەكان تاقە لایەنن كە هێزیان بە دەستەوەیە و ئەمەش هۆكاری لەدەستدانی سلێمانی بوو بۆ ئێمە. ئێمە كارێكمان كردووە بەڵام لاى كەمەكەى لە پاش چل و هەشت كاتژمێر ئەنجامى دەردەكەوێت و هێزى ئێمە لە خێراییدایە بەڵام فەرماندەمان كەسێكە كە نازانێ ماناى خێرایى چییە و ئێستاش دەرفەتى ئەوەمان هەیە كە ئەزموونە گەورەكە تاقیبكەینەوە و بگەینە ئەو ئەنجامەى كەوا خێرایى و لەناكاو پەلاماردان دوا حوكم و بڕیار نیە لە تاكتیكدا. لەو ساتەوە كە بە پلەی یەكەم مەبەستمانە گرنگی بدەین بە واتەواتی توركەكان هیچ كەسێكی نیشتمانپەروەرمان نەخستە وەزارەتەوە و تەنها شوێنی وەزیرە كۆنەكانمان ئاڵۆگۆڕ پێكرد. حاڵی حازریش مەلیك ئاڕاستەی خۆی بەرەو ڕۆژئاوا گۆڕیوە و من ئامادە بووم شتی زۆر بكەم لە پێناوی پێكهێنانی وەزارەت لە سەر ویست و خواستی ئەو بەڵام یاسین پشتی كردە ئێمە و ئەویش. ناجی سوەیدیش كە ئەو دەیەوێت، پاش سەرنەكەوتنی لە مەسەلەی یاسیندا، كەسێكی پەسەند نیە لە لای نەقیب و سا ئیتر پەنا بە خوا!

48

8 ی تشرینى یەكەمی 1922

... ڕاوێژێكی تر لەگەڵ مەلیك سەرلەنوێ هاتنی مێجەر نۆئێڵ بوو لە سلێمانییەوە و ئەوەی ئاشكرا كرد كە بارودۆخ لەوێ لە دەستمان دەرچووە. چونكە شێخ مەحموود دەیەوێت ببێتە مەلیك لە كوردستانێكی یەكگرتوودا، ئەگەر ئەم كوردستانە بە مەلیكی بوونی رازی بێت یان نە. بە رێكەوتیش زانیمان كەوا بەشێكی گەورەی رەعییەتەكەی داهاتووی بە هیچ شێوەیەك ئەویان نەدەویست.

دوێنێ مێجەر نۆئێڵ نانی نیوەڕۆی لەگەڵم خوارد و پاشان بە شەودا گەڕایەوە بۆ سلێمانی. ئەم ئەفسەرە باسی بارودۆخێكی زۆر مەترسیداری بۆ كردم كە هەموو شەوێك سەركێشانە ژیانی دەكەوێتە مەترسییەوە. ئەو لە ژوورەكەی مندا دەهات و دەچوو و دیمەنی وای باس دەكرد كە جێی باوەڕ نەبوو و نەدەچووە ئەقڵەوە. هەڵچوونی خەڵك هەموویان بە دڵـگەرمییەكی نیشتمانپەروەرانەوە بۆ پێشوازی كردنی جەردە و ڕێگرێكی نەزان و نەخوێنەوار كە شێخ مەحموودە و لەو رێوڕەسمەدا ئاڵاى نیشتمانیى دەشەكایەوە و سروودى نەتەوەیى و نیشتمانى دنیاى پڕكردبوو. لێرەدا مێجەر نۆئێڵ مەدالیایەكى نیوەمانگى ئاڵتوونى لــە گیرفان دەرهێنا و وتى "ئەمەش باجى  كوردییە و لە بازاڕ دروستیان كردووە و ئەم دانەیەشیان داوە بە من بۆ پارێزگارى". ئەو بە ئۆتۆمبێل لە نزیكى سەد یاردەوە بە لاى ئەو سەرۆك هۆزەدا گوزەرى كردووە كە دوو كاپتنەكەى ئێمەى كوشت و ئێستا ناحەز و ركابەرى سەرسەختى شێخ مەحموودە. من باوەڕم نیە ئەم مەدالیا ئاڵتوونە یارمەتیى    بدایە و بیپاڕاستایە ئەگەر بهاتایە و كەریمى فەتاح بەگ لەسەرپێ بوایە، چونكە ئەم لە نیوە شەودا بەوێدا تێپەڕیوە. دواجار ئەم خەڵكە مەزبەتەیەكیان بە مێجەر نۆئێڵدا ناردووە بــــۆ خاوەن شكۆ (كۆمیسیاری باڵا) و تێیدا داواكارن و دەستەودامێنمان بوون كەوا پارێزگارییان لێبكەین و هەموو خەرج و مەسرەفێكیشیان دابین بكەین و لە هەمان كاتیشدا ئەوان بە   كەیف و خوایشتی خۆیان هێزەكانی ئیمپراتۆری بەكاربێنن و پارەش بەفیڕۆ بدەن. بەڵێ ئەوان دەوڵەتى كوردییان دەوێ و دەخوازن بەریتانیا پارێزگارییان لێبكات بەڵام ماندێتیش رەتدەكەنەوە. عەبدولكەریمى قادر كەرەم كە یەكێك بوو لە خزمەكانى شێخ مەحموود و ناوبژیى نێوانمانى دەكرد پرسیبووى "باشە ماندێت چیە؟"، كاتێ كە مێجەر نۆئێڵ بۆى باس كردبوو ئەمیش هاوارى كردبوو و وتبووى خۆ رێك ئەوەیە كە ئێمە دەمانەوێت بەڵام وشەى ماندێت رەتدەكرێتەوە و ناو و شۆرەتێكى باشى نیە لاى خەڵك". تۆ بیهێنە بەرچاوى خۆت ئەم تێكەڵ و پێكەڵییەى چواردە خاڵە كەوا كۆمەڵەى گەلان دەریكردووە بۆ دوورترین قوژبنى دنیا و ئەم دڕندەیى و كێوى خانەیە . دواتر ئەویش گەڕایەوە بۆ لایان و لەگەڵ كۆپییەكی لائیحەی پەیماننامەی لەگەڵ عێراق بردبوو بۆ ئەوەی پێیان بڵێ ئەمە ئەو شتەیە كە دەكرێ پێتان ببەخشین و دەتوانن وەریبگرن یان بیدەنە دواوە و دەترسم ئەمە نائومێدمان بكات.

مێجەر نۆئێڵ لەو جۆرە كەسانەیە كەوا دەست و پێوەندی ناوخۆی هەیە و دڵسۆزترین خەڵكن بۆی و لەپێناویدا خۆیان بەخت دەكەن. ئەو كەسانە تەواوی واتەوات و دەنگوباسی بازاڕی بۆ   دێنن و هەر لە ڕێگەی ئەوانیشەوە ئەو دەنگۆیانە بڵاو دەكاتەوە كە خۆی مەبەستێتی خەڵك باوەڕی پێبكەن. بۆ نموونە ئەوەی پێگەیشتووەتەوە كە سلێمانی پیرۆزبایی لە خۆی دەكات كەوا پیاوێكی ئینگلیزی وەك ئەوی تێدایە، چونكە ئەگەر كار ئاڵۆزیی تێكەوت و ئێمە بیرمان لەوە كردەوە شارەكە بۆردمان بكەین ئەوە دەتوانن ئەو بە بارمتە بگرن. لە بەر ئەوە لە ناو خەڵكدا وای بڵاوكردووەتەوە كە سازشی لەگەڵ حكوومەتی خاوەن شكۆی بەریتانیادا كردووە كەوا ئەگەر شتێكی نالەبار روویدا لە دۆخەكەدا با پشتگوێی بخەن و بایەخی پێنەدەن بەڵام ئەگەر گیانی لەدەستدا ئەوە دەبێ بڕی دە هەزار پاوەن بدەنە كەسوكاری. بەم ڕەنگە خەڵكەكە وازیان هێنا لەوەی بە بارمتە بیگرن و بیكەنە قەڵغانی پارێزگاری لە بۆردمان كردن.

49

24ى تشرینى یەكەمى 1922

... یەكشەممە وەك هەفتانە عادەتم پێوە گرتووە پێش قاوەڵتیی بەیانی و پێش ئەوەی بچمە سەر دەوامەكەم كە لە زستاندا كاتژمێر هەشت و نیو دەستپێدەكات، بە ئەسپسواری پیاسەیەكم كرد. پێداچوونەوەیەكم نووسیوە بۆ كتێبە تازەكەی دوكتۆر ویگرام "كوردستان لانكەی مرۆڤایەتی". دوێنێ لە ماڵەكەی من ئاهەنگێكی نانخواردنی ئێوارەمان ساز كرد بە ئامادەبوونی مستەر داڤیدسن، كاپتن كڵەیتن، مستەر كۆرنوالیس و خۆم. داماوە مستەر كۆرنوالیس تووشی نەخۆشییەكی سەختی لەرزوتا بوو و ماوەی دوو هەفتە لە جێگەدا خستی.

ڕۆژێكیان لەم هەفتەیەدا خێزانەكەی ساڵح بەگ سەردانێكی كردم بۆ چای خواردنەوە و دوو كوڕی بچووكی خۆی لەگەڵدا بوو، لە كاتێكدا كە منداڵان لە باخچەكەدا یارییان لەگەڵ   ئاژەڵ و باڵدارە ماڵییەكاندا دەكرد وەك (سەگ و سوێسكە و قاز و كۆترەكان) و ئەویش چیرۆك و بەسەرهاتی سەیری ژیانی خۆیی بۆ دەگێڕامەوە و لە نێو ئەو بە سەرهاتانەدا (1) لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا لە ئەستەمبووڵ لەلایەن كۆمیتەی ئیتیحاد و تەرەقییەوە   دەگیرێت و دەخرێتە زیندانەوە، لە بەر دابەشكردنی ڕۆژنامەی "مەشرووتیە"، كە ڕۆژنامەیەكی لیبراڵ بووە و شەریف پاشای باوكی لە پاریس دەریدەكرد. پاشان لەلایەن سەعید حەلیم پاشای خاڵۆیەوە رزگار دەكرێت و بە هۆى پۆستەی "ئۆریانت ئێكسپرێسەوە" دەنێردرێتە پاریس بۆ لای باوكی. (2) لە ساڵی 1913دا لە شوقەكەیاندا لە پاریس بەرەنگاری كابرایەكی زل و كەتەی ئەلبانی بوونەتەوە كە لەلایەن ئیتیحاد و تەرەقییەوە بۆ كوشتنی شەریف پاشا ناردوویانە و پاشان چۆن بینیوێتی ئەلبانییەكە لەلایەن ساڵح بەگی ئامۆزا و مێردیەوە كوژراوە. ئەم خانمە لە سەرى دایكیەوە نەوەی محەمەد عەلیی میسرە و هەموو ئەم چەرمەسەری و بەسەرهاتەی ژیانی بە شتێكی ئاسایی دەزانێ و ژنێكی تا بڵێى جوانە و خوێندنی باڵای تەواو كردووە و لە پاش رووخانی ئیتیحاد و تەرەقی بووە بە ناسیۆنالیستێكی توركی پەڕگر. بەڵام من بە شەخسی باوەڕ ناكەم توركیا هیچ دەرفەت و ئاسۆیەكی هەبێت و مستەفا كەمال، ئەو سەربازەی بەخت بووە بە یاوەری، پێدەچێت وەك دكتاتۆرێكی سەربازی سەربكەوێت و سەرپێ بكەوێت لەگەڵ دەستە و تاقمێكی خۆی لە ئەفسەرانی برسی و دڕندە.

دوێنێ نانی شێوانم لەگەڵ مستەر كۆرنوالیس و خانەوادەی ساڵح بەگدا خوارد.

... لەملاشەوە دەبێ ئەوە بڵێم كەوا من باوەڕ بە چیرۆكەكەی دۆمنوڵ ناكەم كەوا دڵنیایی دراوەتە فەرەنسا گوایە ئێمە مووسڵ دەگێڕینەوە بۆ توركەكان و هەموو بەڵـگەكان كە ئێمە هەمانە (ئێمەش لە ناوخۆداین) بەڵـگە و سەلماندنی پێچەوانەن، لە ماوەی مانگی رابوردوودا، بە هۆى كاری چالاكی فڕۆكەوە، ناوچە كوردییە سنوورییەكانمان لە توركەكان پاككردەوە و لە مەلیكەوە بۆ خوارەوە هەموو دەزانین و لە وڵاتیش (واتە بەریتانیا ـ و) هەر دەزانن كەوا دەوڵەتی عەرەبی نایەتە بوون بە بێ ناوچەكانی باكوور. بەغداش زۆر لە نزیكەوە پشتی بە مووسڵ  بەستووە و بێ مووسڵ پەیماننامەكە بێنرخ دەبێت. با ئەوەش بزانین كە رادەست كردنی هەر شوێنێك بە تورك بە واتای كوشتاری بە كۆمەڵ دێت بۆ كۆمەڵـگەی كریستیان و ئاخۆ لە بیرتە كە بە گوندەكانی كریستیاندا گوزەرمان كرد لە ڕێگەماندا بەرەو هەولێر و دواى لەناوبردنی ئاسوورییە گەڕاوەكانی بۆ وڵاتی خۆیان (بڕوانە پێداچوونەوەكەی سەردەم) كە ئەم شتانە دەبێتە بێرێزی كردنی هەتاهەتاییمان لە ئاسیادا. عیسمەت پاشا دڵنیاكردنەوەیەكی تایبەتی داوینەتێ (كە ئەمەیان ئەوپەڕی نهێنییە) كەوا كەمالییەكان بەنیاز نین داوای گێڕانەوەی خاكی عێراق بكەن و پێموایە زانیارییەكانی من لە هى دۆمنوڵ باشترە.

كاپتن كڵەیتن و نوری پاشا و من لە نانخواردنی نیوەڕۆ لە ماڵەكەی من پێشنازێكی پرشنگدارمان گەڵاڵە كرد كەوا پێویستە ڕێگە بە عێراق بدرێ نوێنەری خۆی بنێرێتە كۆنگرەی ئاشتی (كە ئەمەش ئەوپەڕی نهێنییە) و هەر ئەم دواینیوەڕۆیەش پێشنیازمان كرد بۆ   مەلیك و لەخۆشیاندا راچڵەكی و داواكارییەكە بە شێوەیەكی رەسمی رەوانەی وڵات كرا و (واتە بەریتانیا ـ و) ئەگەر ئەمە رەزامەندیی لە سەر درا ئەوە یەكێتیی خاكى عێراق دەپارێزن.

ئێستا وا پەیماننامەكە  مۆر كرا و مەلیك چووەتە دەرەوە بۆ داكۆكی كردن لە هەر دێڕێكی لە بەرانبەر سادەترین دەم هەڵهێنانەوە بۆ رەخنە لێگرتنی. جاڕدانی لەلایەن خۆیەوە و برووسكەكەی بۆ مەلیك جۆرج بە وردی حاڵەتی دەروونیی ئەو دەردەبڕێت. ئیرادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەركرا و تۆمار كردنی دەنگدەران دەستی پێكردووە لەم هەفتەیەدا و نزیكەی شەش هەفتە دەخایەنێت و مەلیك بڕیاری داوە و سوورە لە سەر ئەوەی كە ئەنجومەنێكی نوێنەرانی وا هەڵدەبژێرێت كە رەزامەندیی لە سەر پەیماننامەكە دەربڕێت و پێموایە جێبەجێ دەبێت.

50

1ی تشرینى دووەمی 1922

... هێشتا هەر ئەو ئۆپرا گاڵتەجاڕییە بەردەوامە لە كاركردن لە سلێمانیدا كە شێخ مەحموود نمایشی دەكات، بەڵام بەڵـگەكان وا دەگەیەنن كە لەوانەیە بەم زوانە دەكشێنەوە. بەم دواییە شێخ مەحموود وەزارەتێكی دامەزراندووە كە لە نۆ وەزیر و فەرماندەیەكی گشتی و پشكنەرێكی گشتی بۆ كوردستان پێكدێت. سەرنجم دا كە وەزارەتی داد هێشتا پڕ   نەكراوەتەوە و ئەوان هەموو ئەو چوار لاك و نیو ڕوپیەیان خەرج كردووە كە لە گەنجینەدا بەجێمانهێشت و كەس نیە تەنانەت خەونیش بە كۆكردنەوەی باجەوە ببینێت!

لەو ماوەیەدا سمكۆ بۆ لای ئێمە هەڵات لەگەڵ سەید تەهای پاشكۆیدا، پاش شەڕ و شۆڕێكی خوێناوی لەگەڵ ئێراندا بە ناوی نەتەوەی كوردەوە و ئێرانییەكان شكستیان پێهێنا و ئەمیش خۆی گەیاندە لاى ئێمە بۆ هەولێر. لە بەر ئەوەی سمكۆ ئاڵۆزییەكی دیپلۆماتیك و پەیوەندیى نێودەوڵەتی بۆ بەرپا دەكردین بۆیە پێیڕاگەیەنرا كە لە ئێستادا نەیەتە ناو هەولێرەوە و لە دووریی چەند میلێك لەوێ بمێنێتەوە. بەڵام ئەمان ئامادەن دژ بە توركەكان بجەنگن لە سەر سنوورمان ـ چونكە وەك ئەوان دەڵێن گوایە توركەكان دەسدرێژییان كردووەتە سەر ئازادیی كوردستانی سەربەخۆ! پێموانیە سمكۆ بە چاوی سۆز و پشتگیرییەوە بڕوانێتە داخوازییەكانی شێخ مەحموود و ئەگەر لێبگەڕێین كارەكان ڕێگەی خۆیان بگرن ئەوە ڕەنگە چەقۆیەك یان دوان ڕێگەی خۆیان بدۆزنەوە بۆی و من بە هێمنی و بە وردی دەڕوانمە ئەم ئەگەرە.

ئێستا وەفدێكی كورد بەڕێوەیە بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە كێشەی كورد لەگەڵ خاوەن فەخامەت كۆمیسیاری باڵا و خاوەن شكۆ جەلالەتی مەلیك. شەمەندەفەر وەفدەكەی بەجێهێشتووە وەك زۆر جار روودەدات، بەڵام ڕەنگە سبەینێ بگات. بێگومان ئەگەر توركەكان نەبن ئەوە مەسەلەى كورد شتێك نیە لە نوكتەیەكى گەورە بەولاوە و ئێمە بۆردمانى خەستى توركەكانمان كردووە، بەڵام ئەوان لە باكوور كۆبوونەتەوە و بۆیە پێموایە ساڵ زۆر دڕەنگە بۆ جموجووڵێكى ڕاستەقینە و كردەیى لە چیاكاندا.

 51

2ی تشرینى دووەمی 1922

... وەفدە كوردییەكە گەیشت و لە چواردە كەس پێكهاتوون لەگەڵ یاوەرانیان و هەموویان چەكدارن. ئەمانە لە ئوتێلێكی بچووك دابەزیون پاش ئەوەی میوانەكانی تریان دەركردووە و پاشان خاوەنی ئۆتێلەكەش لە ترسا ڕایكردووە و لە ژێرزەمینەكەدا خۆی شاردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا مێجەر نۆئێڵ دەڵێ كەوا ڕا و بۆچوونی بەجێیان پێیە و ئێوارە روونی دەكەنەوە بۆ سێر پێرسى.

52

10 ى تشرینى دووەمى 1922

... ڕۆژی 6ی ئەم مانگە لەگەڵ كاپتن فڵاكسمان چووینە خوارەوە بۆ سەرای و سەردانی رەشید بەگی موتەسەڕیفمان كرد، كە دۆستی منیشە و یەكێكە لەو كۆمەڵە عەرەبە گەنجانەی هەست دەكەن كەنار خراون لەو كاتەوە كە سێر پێرسى لە مانگی ئابەوە كردەوە چالاكەكانی چێكردووە و زۆر بە تایبەتیش و بێ لێبواردن پیاوماقووڵان لێرە میانڕەون و بە گشتی سیاسەتەكانیان بەدڵ نیە. ئەو هەرگیز نكووڵیی نەكردووە لە پشتگیری كردنی پەیماننامەكە بەوپەڕی دڵـگەرمییەوە، سەرباری فەرمانەكانی مەلیك و بە هەندێ دوور و درێژی باسی ئەوەی بۆ كردم كە چۆن ناسیۆنالیستەكان (بۆ نموونە پەڕگرەكانیان) هەندێ بەڵـگەیان دەویست بۆ پیشاندانی ئەوەی كە بە ڕاستی حكوومەتێكی عەرەبیی سەربەخۆ لە گۆڕێدایە. ئەو هیچ بەڵـگەیەكى تایبەت نەكرد بەو مەسەلەیە بەڵام من وایبۆچووم ئەو مەبەستی یان گۆڕِینێك بوو لە كابینەی وەزاریدا یان گێڕانەوەى دوورخراوەكان بوو، كە ئەمەی دواییان مەحاڵە و هەروەها ناڕەزایی لە سەر ئەوە دەردەبرێ كە ناتوانێ بەرەنگاریی واتەواتی توركیا بێتەوە. لەولاشەوە میانڕەوەكان بە رابەرایەتیی قازیی دۆستی من پێدەچوو زیاد لە ئامادەن بۆ گێڕانەوەی پەیماننامەكە و دژ وەستانەوەی خۆیان بۆ توركەكان رادەگەیەنن ئەگەر هەر دڵنیاییەك وەربگرن كە ئێمە نامانەوێ ئەوان بەجێبێڵین بۆ كەمالییەكان. هەرچۆنێك بێت رەشید بەگ زۆر سەرقاڵ بوو بەو هەواڵەی لە زاخۆوە گەیشتبوو، كە دەكەوێتە ئەوپەڕی سنووری باكوورەوە و ڕۆژی پێشتر قایمقام گەلێ برووسكەی مەترسیداری ناردبوو كەوا هێرشێكی تورك و خێڵەكان لە ئان و ساتدایە و ئەگەر دەسبەجێ سەرباز نەنێرن ئەوە تكا دەكات دەست لە كاركێشانەوەی قبووڵ بكرێت. ئێمە زۆر هەستمان بە نیگەرانی نەكرد چونكە دەمانزانی كەوا كۆڵۆنێڵ دۆبنی پشكنەری گشتیی نوێى لێڤی دوێنێ ئێوارە گەیشتووەتە زاخۆ و ئەگەر هەر شتێكى مەترسیدار لە ئارادا بێت ئەوە برووسكەمان بۆ دەنێرێت. هەرچۆنێك بێت مێجەر موڕەی، مێجەر ویڵسن، كاپتن سڵەیتەر و من بڕیارماندا یەكەی زرێپۆشمان و چەند هێزێكی تر بنێرین بۆ پشتیوانی كردنی قایمقام.

53

19ى تشرینى دووەمى 1922

... لە 7ی ئەم مانگەدا گەشتەكەمان دەست پێكرد (لە زاخۆ  ــ و)، من و مێجەر ویڵسن و مێجەر موڕەی لە ئۆتۆمبێلێكدا بووین و كاپتن سڵاتەر شۆفێریی دەكرد، زەیاش بە جانتا و كەلوپەلەكانمانەوە شوێنمان كەوتبوو. بێگومان ڕۆژێكی خۆش بوو، تاقمەكەی ئێمەش ئاسوودە بووین. لە پاش یەك دوو كاتژمێر گەیشتینە كۆڵۆنێڵ دۆبن، مستەر رێنتن، كۆڵۆنێڵ بێنتینگ و پاسەوانێك و رێپیشاندەرێك. بۆ بێبەختی كۆڵۆنێڵ دۆبن هەواڵێكی ناخۆشی پێبوو كە شەڕ وەستاوەو توركەكان بڕیاریانداوە كەوا خێڵەكان لە هەر كاتێكدا بێت هێرش بكەن و دڵنیابوو كەوا هۆزەكان دوودڵن و بێ فشاری زۆر ناجووڵێن. بەم ڕەنگە ئێمە بەردەوام بووین لە ڕۆیشتن و گەیشتینە ڕێگای زاخۆ كەوا من بە سواریی ئەسپ ساڵی 1909 پێیدا تێپەڕیوم كە زنجیرەیەكی دوور و درێژ گرد و شاخ بوو لای ڕاستمانەوە دوای ئەوە كوتوپڕ پێچدەكاتەوە بۆ دۆڵی زاخۆ. یاڵەكان بە دەوەنی بەڕوو داپۆشرابوون و لە كۆتایی دۆڵەكەوە چەمی خابوور بەرچاو دەكەوت و لە پشتیەوە لووتكەو بەرزاییەكانی چیاكانی كورد چاو دەكران. لێرە دانیشتین و نانی نیوەڕۆمان خوارد و تاقمێك پۆلیس كە قایمقام ناردبووی بۆ چاودێریی كردنی دۆڵ و ڕاڕەوی زاخۆ لە كاتی گەشتەكەماندا ئاگادارییان دەكردین. كەمێك ئەوخوارتریش قایمقام خۆی و داود بەگ و عەبدوڵا ئاغای سەرۆكی هۆزێكی كوردی ئەو ناوچەیە لەگەڵ یاوەرێكی بەهێزی چاودێرییان دەكردین. من لەگەڵ ئەم سەرۆك هۆزە لە بەغدا ئاشناییم پەیدا كردبوو ئەو كاتەی كە هاتبوو بۆ رێوڕەسمی تاج لەسەرنان.

زاخۆ دەكەوێتە دوورگەیەكەوە كە بە لقێكی ڕووباری خابوور دەوردراوە و ئێمە وەستابووین و دەمەتەقێمان دەكرد لە سەر دیواری قەڵا كۆنەكەی دەڕوانێتە سەر ڕووبارەكەدا و دواتر لەگەڵ مێجەر ویڵسن چووین بۆ بینینی ئەو پردە هەڵواسراوەی كە دروستی كردبوو.

دواجار لەگەڵ قایمقام ڕۆیشتین بۆ چای خواردنەوە و لەوێ سەرۆك شارەوانی بردینیە لای ئاغایەكی خەڵكی شڕناخ و تاقمێك سەرۆك هۆز كە لەو شاخە بەرزانەی ئەودیوی خابوورەوە هاتبوون كەوا توركەكان لێیەوە سەرەوكاری جموجووڵ دەكەن دژ بە عێراق. ئاغاكە ژنبرای سەرۆك شارەوانی بوو و من خۆشمدەویست و ئەویش تەماشای ناوچەوانی دەكردیت و بە توندی دەستی دەگوشیت لە تەوقە كردندا. چیرۆكی ئەم پیاوە بەم جۆرە بوو: توركەكان بە هەموو شێوەیەك فشاریان خستبووە سەر كەوا لە پێش كۆنگرەی لوزاندا هێرش بكاتە سەر زاخۆ. ئاغاكانی شڕناخیش بەرهەڵستیی ئەوەیان دەكرد چونكە خەڵكی زاخۆ دۆست و خزمیان بوون و حەزیان نەدەكرد زیانیان پێبگەیەنن. بەڵام توركەكان رازی نەبوون و پێیانوتن ئێوە دەبێ یەكەمجار بڕۆن و دڵنیابن ئێمەش بە دواتاندا دێین و تۆ تەماشای ئەم گەمەیە بكە. جوولەكە دەبێ وا بنوێنێت كەوا پرۆتێست و ناڕەزاییە دژ بە زوڵم و ستەمی بەریتانیەكان. ئەی توركەكان چیبكەن؟ ئەوانیش پەیڕەویی داب و نەریتی سەردەمیانە دەكەن و دەكەونە كارەكەوە بۆ "گێڕانەوەی نیزام". من سێر پێرسیم ئاگادار كردەوە كەوا ئێمە نابێ ڕێگە بە فێڵ و تەڵەكەی توركەكان كەوا بۆ قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان پیلان بگێڕن و دەردی پەندەكە دەڵێ "سەری بۆ من و كلكی بۆ تۆ" ئەوان گرەو ببەنەوە و پێویستیشە پەیامێك بدەینە خالید ئاغاو خزمەكانی شڕناخی و روونی بكەینەوە كەوا ئێمە نامانەوێت بە هیچ جۆرێ ئازاریان بدەین ئەگەر ئەوان ئازاری زاخۆ نەدەن. بەڵام دەبێ ئەوەشیان پێڕابگەیەنین كە ئەگەر هاتن ئەوە باشترین بەخێرهاتنی ئێمە بە شێوەیەك دەبێت هەرگیز نەیانبینیبێت. هەڵبەت ناوبانگی تۆپەكانی ئێمەیان بیستووە و هێزی لێڤی ئامادەیە و ئەو فڕۆكانەش كە پشتیوانییان دەكەن بەشی ئەوە دەكەن بەری تیشكی ڕۆژیان لێبگرن. بۆ نزیكی خۆرئاوا گەیشتینە سەربازگەی لێڤی كە دەكەوتە لاپاڵی چیاكانەوە و ئاڵای بەریتانیای بە سەرەوە دەشەكایەوە. لێڤییەكان هێزێكی ئیمپراتۆرین و بریتین لە 350 ئاسووری و زۆر لەوە دەچێ تۆ لە باقووبە كاتى خۆى ئەمانەت بینیبێت (واتە باوكی ـ و) و ئێمە لە كوشتن رزگارمان كردن و ئێستا پاسەوانیی لە دوا پێگەی دووری ئێمە دەكەن. پاشان هەر كە چووینە سەربازگەكەوە ئەوان بە ڕێزەوە هاتن بۆ سڵاو لێكردنمان، بە جلی خاكی و شۆرتەوە كە جوانترین لاقی خەڵكی شاخاوی دەردەخست، بە شەبقەی پانوپۆڕ و پەڕی سپی یان جەرگیی پێوە و ئەوان بۆ هەموو دنیا وەك گورگەی قەبارە گەورە دەردەكەوتن (سیك و گورگە دوو گرووپى ئەتنیكیی هندى و نیپاڵین و كاتی خۆی لە سوپای بەریتانیدا ڕۆڵی بەرچاویان بووە ـ  وەرگێڕ)، هەڵبەت ئەمانە لە شەڕ و نەبەردیدا قەت قەت پلە نزم و ئایەخ نەبوون و ئەوان ژن و منداڵەكانیان لەگەڵ خۆیان بوون و هەموو لە زنج و كۆڵیتی باش دروستكراودا دەژیان و هەر چوار خێزان و لە خانووچكەیەكدا. ئەوان گوێی نادەنێ و خواردنیان باشترە لەوەی كە لە نێو چیا سەختەكانیاندا گوزەرانیان دەكرد و منداڵەكانیشیان دەڕۆن بۆ قوتابخانە و فێری ئینگلیزی دەبن. پیاوەكانیان تفەنگی چاكیان پێیە و مەشقیان پێكراوە بۆ شەڕكردنی تورك و كورد، ئەگەر پێویست بكات و ئەمان زیاد لە هەر خەڵقندەیەكی بنیادەم گەورەترین مەراقیان شەڕ كردنە.

پاشان ئێمە بە پەلە چووینە سەر ئەو لووتكەیەی ئاڵاكەی لێ چەسپكرابوو بۆ تەماشا كردنی خۆرئاوا بوون. لەوێ، لە دامێنی دۆڵی خابوورەوە و لەو شوێنەدا كە ئاوی خازری تێدەڕژێت، توانیمان ئاخر بنكەی پۆلیسی خۆمان ببینین و لەوبەری خازرەوە یەكەم خانووی پاسەوانیی توركیا  ببینین و زۆر لێكترەوە نزیكبووین.

... لە گەڕانەوەماندا پێچمان كردەوە بە لای گوندی دهۆكدا و لە شیوەكەدا رەتڵێكی ئاسووریمان بینی لە ئامێدییەوە دەهات و بە لاپاڵی چیاكاندا دادەگەڕا. ئەمانە لە ئۆپەراسیۆنی تەمێكردنی هێرشێكی ئەو كوردانەوە ئاڵابوون كەوا بە فیت و تەگبیری توركەكان ئەنجامیاندابوو و كوشتنی چەند گوندنشینێكی كریستیانی لێكەوتبووەوە.

ئێمە رەتڵێكی لێڤیمان كردبووە سەریان و پیاوانی عەشیرەتە دۆستەكانمان كۆكردبووەوە، لە ئاسووری و لە كورد و ئاگریان بەردابووە گوندەكانی هێرشبەران كە لە ناو دووكەڵدا نوقم بووبوون.

لە دهۆك سەردانی قایمقامە كوردە بەتەمەنەكەمان كرد كە پیاوێكی بەڕێز بوو و دەم و چاوی دەتوت هی جووتیارێكی یۆركشایەرە، هەروەها چووینە لاى كاپتن ئەلبانیی یاریدەدەری ڕاوێژكار و پاشان چووینە سەر كانیاوێك لە دامێنی زنجیرە چیاكەی دهۆكەوە و لەوێ لەگەڵ مێجەر ویڵسندا بە چیا و دەوەنە بەڕووەكاندا هەڵكشاین تا گەیشتینە شوێنەواری ریلیفە ئاشوورییەكانی سەدەی نۆیەم و لەوێ لەو پاشا و خواوەندانە ورد دەبووینەوە كە بە شێوەیەكی سەیر سواری ئەو ئاژەڵە كێوییانە بووبوون و یەك بە دوای یەكدا رێچكەیان بەستبوو. پاشان لە چیاكە داگەڕاین و نانی نیوەڕۆمان  خوارد و پێش ئەوەی تاریك دابێت گەیشتینەوە مووسڵ.

بۆ سبەینێ 10ی نۆڤەمبەر، هەینی بوو لەگەڵ ئەوەشدا سەیرم كرد موتەسەڕیف لە فەرمانگەكەیدایە (خانووەكەی مستەر ناڵدەر) و كەمێك لای دانیشتین و دواتر لەگەڵ مێجەر ماكڵین لە ڕووبارەكە پەڕینەوە و بە نێو گرد و تەپۆڵكە شوێنەوارییەكانی نەینەوادا دەسووڕاینەوە. بۆ دواینیوەڕۆ موتەسەڕیف كۆڕ و كۆبوونەوەیەكی هێجگار گەورەی ساز كرد بۆ من و مێجەر موڕەی و لەوێ چاومان كەوت بە هەموو پیاوماقووڵانی مووسڵ. ئەو ئێوارەیە لەگەڵ مێجەر ماكڵین و مێجەر موڕەی و كۆڵۆنێڵ بێنینك شێومان كرد و ئاهەنگێكی تا بڵێی خۆش بوو.

 ڕۆژی شەممە بۆ بەدواداچوونی بەرنامە و پلانەكەم چوومە دەرەوەی شار و تەواوی ڕۆژەكەم لەگەڵ مێجەر ویڵسن بەسەربرد لە دێهاتی نێوان مووسڵ و زابدا (زێی بادینان) و ویڵسن ڕێگاوبان و پردەكانی دەپشكنی. بۆ ئێوارەش موتەسەڕیف بانگهێشتێكی نانخواردنی ساز كردبوو كە تێیدا چاومان بە كاربەدەستانی ناوخۆ  كەوت و كارێكی زۆر باش بوو.

مووسڵ بە شێوەیەكی سروشتی لە ژێر كاریگەریی بارودۆخی توركیادایە و ئەو واتەواتانەی كە ئێمە دەیگێڕینە دواوە بۆ توركەكان شڵەژان و پشێویی زۆر دروست دەكات و كەس ناوێرێ خۆی پابەند بكات بە هیچ دید و بۆچوونێكەوە. لە ناوجەرگەی ئەم هەموو بەند و باوانەدا قازیی خۆڕاگرە و پیاوماقووڵانی سەر بە ئەمیش خۆ دەپارێزن لەم هەموو قسە و باسە بێسەروبەرە.

بۆ ڕۆژی 12ی مانگ بە ئوتۆمبێل لەگەڵ مێجەر ویڵسن ڕۆیشتین بۆ هەولێر و لە سەر زێ نانی نیوەڕۆمان خوارد. نازانم ئاخۆ ئەو هەموو  گرد و یاڵە گەورانەت بیر ماوە لە نێوان ڕووبارەكە و هەولێردا. لای یەكێك لەو گردە گەورانەدا وەستاین و لە جۆگە ئاوێك    پەڕینەوە و بەرەو سەر گردەكە هەڵكشاین. بە عادەت عەرەبەكان لە سەر بەرزایی مردوویان ناشتووە و هەر گۆڕێك لە خشتێكی ئاشووری دیاریكراوەو بەم ڕەنگە تەماشامان دەكرد و یەكێكمان لە باری درێژیی بینی بە نەخشی ئاشووری هەڵكۆڵرابوو، دیار بوو كێلی گۆڕی پاشایەكە و من سەرنجم دەدا كە مێجەر ویڵسن هەمیشە تێبینیی ئەوەی دەكرد كە خشتە ئاشوورییەكان هەر بەو قەبارەیەن و پیاویان تێدا نێژراوە، ئەوجا گۆڕەكەمان هەڵكۆڵی و كێل و نەخشەكەمان بردە خوارەوە و دڵنیا بووین لەوەی هی پیاوە.

بەیانیی ڕۆژی دواترم لای ئەحمەد ئەفەندیی موتەسەڕیفى هەولێر بەسەربرد و قسەم بۆ دەكرد و لەوێش چاوم بە هەندێ پیاوماقووڵ كەوت كە هاتبوون بۆ سەردانم. ئەحمەد ئەفەندی یەكێكە لە پیاوە پایە بەرز و هەڵكەوتووەكانی ئەم وڵاتە و توركمانێكی    هەولێرییە و لە هەوەڵەوە بە دڵسۆزیی لەگەڵ ئێمە كاری كردووە و ئەگەر توركەكان بێنەوە دەبێ ئەو وڵات بەجێبێڵێ. ئەم پیاوە خوێندەوارێكی باشەو رۆشنبیرێكی  تەواوە و كە قسەمان لەگەڵ دەكات وادەزانین یەكێكە لە خۆمان. بێجگە لەوە ناوچەكە لە    قولەمشتیدایە و هەر كاتێ مەسەلەی تورك روون و یەكلا بووەوە و ئەو دەتوانێ بەرەو كەناری سەلامەتی رێنمایی بكات. حاڵی حازر رووداوی بەرچاو پەیدابوونی سمكۆ و سەید تەهایە و سمكۆ سەرۆكێكی خێڵەكیی كوردە كە بۆ سەربەخۆیی كورد شەڕی لەگەڵ ئێران و  توركدا كرد و تیایدا سەرنەكەوت، سەید تەهاش پاشكۆیەتی و كاریگەرییەكی شەخسیی گەورەی هەیە لە رەواندزدا، كە لە ئێستادا توركی تێدایە. ئەوان لە سنوورەوە هەڵاتوون بۆ لای ئێمەو ئامادەن تورك لە ڕەواندز دەرپەڕێنن، ئەو كاتەش ئەگەرى ئەوە هەیە سەید تەها بە حوكمدار بمێنێتەوە و سمكۆش كاتی خۆی تەرخان بكات بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئێرانییەكان و بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی. زۆر باشە رەواندز لە ناو سنووری عێراقدا بێت و مەلیك فرە خۆشحاڵ بوو بەم پێشنیازە. سەید تەها لە بەغدا بوو كاتێ كە من چووبوومە هەولێر و خەریكە دەستە و تاقمێك كورد پێكەوەدەنێ و تۆپ و چەكیش لە سوپای عەرەبی دابین دەكات و پشتیوانیی فڕۆكەش لەلایەن ئێمەوە، بەڵام من زۆر بە گومانم لەوەی هیچی  پێبكرێت و بەڵێنی خۆی بباتە سەر.

ئەحمەد ئەفەندى ئامۆزاى مەلا ئەفەندییە و نازانم ئاخۆ ئەو پیرەمێردە پاك و پوختەت بیرە كە لە دەرەوەی شار دەژی؟ ئەو دواینیوەڕۆیە ئێمە هەموو چووینە سەردانی بۆ ئەوەی چایەكی لەگەڵ بخۆینەوە و ئەمیش وەك ئامۆزاكەی كۆڵەكەیەكی چون پۆڵا بەهێزەو پیاوێكی ڕاست و دۆغرییە. بۆ ڕۆژی دواتر، واتە چواردەی مانگ لەگەڵ مێجەر ویڵسن بە ئۆتۆمبێل چووین بۆ كەركووك و لەوێ لای مستەر ئێدمۆندز مامەوە كەوا جێگری مێجەر مارشاڵی ڕاوێژكارە و ئەمیان لە ئێستادا گەڕاوەتەوە پاش ئەوەی نەشتەرگەرییەكی رژێنى لاملى (گلاندی دەرەقی) كردبوو لە بەغدا و لە خوا بە زیاد بێت چاكبووەتەوە. مستەر ئێدمۆندز و مێجەر نۆئێڵ دەبوو یاوەریی هەڵمەتەكەی سەید تەها بكەن. ئەگەر بیرت بێ ماڵەكەی مستەر ئەدمۆنز لە كەركووك هەمان ماڵە كە تۆی تێدابوویت. سەرۆك شارەوانی و موتەسەڕیف دوو برادەری نزیكمن و یەكەم ئێوارەی گەیشتنم سەریان لێدام و بۆ ڕۆژی دواتر منیش چوومە سەردانیان بێجگە لەوانیش سەردانی سەرۆك ئەسقوفی  كلدانەكان و گەورە مورشیدی ئاینیی ئیسلام، محەمەد عەلیی تاڵەبانیم كرد كە سەرۆكی تەكێی قادرییە. لێرەش رێك هەمان چیرۆكی هەولێرە لە ڕووی نەهێشتنی گومانی تورك و ئەودوای واتەوات و مەسەلەكانی تر. محەمەد ئەفەندیی سەرۆكی شارەوانی بەنیازە ناوچەكە بەتەواوی تێكەڵ بە عێراق بكات و سەبارەت بە پێكهێنانی بەشێك وەك كوردستانێكی سەربەخۆ هیچ گوێیەكی لێناگرن.

ڕۆژی پانزەی نۆڤەمبەر، لە قەرەخانەوە (جەلەولا -  و) سواری قەتار بووم و ڕۆژی 16ی مانگ بێ هیچ رووداوێك گەیشتمە بەغدا، ئەوە نەبێت كە قەتارەكە نزیكەی شەش كاتژمێر دواكەوت و خۆت دەزانی ڕێگەو بانەكانمان چۆنن. هەر كە گەیشتمەوە كەوتم بە سەر قەیرانی سیاسیی وڵاتدا و نەقیب دەستی لە كار كێشابووەوە.

54

5 ی كانوونی دووەمی 1923

... ئەم ئێوارەیە ئاهەنگێكی نانخواردنى خۆشمان ساز كردو مستەر ئێدمۆندزیشم لەگەڵ خۆم بردبوو، كە لە كەركووكەوە هاتبوو و گفتوگۆیەكی بەسوودمان لە سەر بارودۆخی كوردستان كرد. كوردەكان بە درێژایی سنووری ڕۆژهەڵات ئێستا لەو قەناعەتەدان كەوا توركەكان هیچ سوودێكیان نابێ بۆیان و لە ڕاستیدا توركەكان وتوویانە كەوا بیر لە سەربەخۆیی كوردەكان ناكەنەوە. لە بەر ئەوە تاقمەكەی كە وا مەیلیان بە لای بەریتانیەكانەوەیە فشاریان هێناوە بۆ شێخ مەحموود بۆ ئەوەی پەتەكە رابكێشێت (هەڵبەت لە جەژنی لەدایكبوونی عیسادا برووسكەیەكم لە شێخ مەحموودەوە پێگەیشت بە ئیمزای مەلیكی كوردستان ـ مەحموود) كە شتێكی نابەجێ و قێزەون بوو. فەیسەڵ وتبووی كەوا حكوومەتی عێراق پشتیوانی لە بیرۆكەی دامەزراندنی حكوومەتێكی كوردی دەكات كە حوكمی زاتی هەبێت لە چوارچێوەی عێراقدا، بە مەرجێك ئەم داڕشتن و رێكخستنە كارگێڕییە جیابوونەوەی لیوا كوردییەكان لەخۆ نەگرێت لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە. بەم ڕەنگە كالیدۆسكۆپی كوردی شێوازێكی ئەرێنی زیاتری بە خۆوە بینی بە شێوەیەكی كاتی. ئەمەش تەرتیبێكی گونجاوە چونكە "كۆنگرەی لوزان" ئەگەر شكستی هێنا، چونكە ئەگەری ئەوە هەیە كە شكست بێنێ، ئەودەم بەدڵنیاییەوە دەبێ چاوەڕێی ئەوە بن كە لە باكوورەوە هێرشێك دەكرێتە سەرمان، كەوا لە ئێستادا توركەكان سەربازو كەرەستەی سەربازی ئامادە دەكەن و ئێمەش ئەگەر وەك ئەوانمان كرد كاتێكی زۆرمان دەوێ.

شتەكان بە تەڵخى دێنە بەرچاو، وا پێدەچێت كەوا فەرەنسییەكان، بە نەعلەت بن، بەرەو رێككەوتن بڕۆن لەگەڵ توركەكاندا بۆ ئەوەى گرفتێكى گەورە بۆ ئێمە دروست بكەن كەوا نەتوانین پشتگیریى لە داواكارییە سامناكەكانیان بكەین لە بارەى ئەڵمانیاوە.

 

55

30 ى كانوونى دووەمى 1923

... هەواڵی گەیشتنی چوار بەتالیۆنی توركی لە جەزیرەی ئیبن عومەری نزیك سنوورەكانمان، ڕۆژی 21ی مانگ گەیشت و ئەوە چەند مانگێكە چاوەڕوانی زیاد كردنی هێز دەكرێت و هەموو نەخشەو پلانەكانی بەرگری، ئەگەر بتوانین ناوی بەرگریی لێبنێین، ئامادەن. سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە چووم بۆ بۆ نمایشێكی هێزەكانی بەریتانیا كەوا ڕۆژی پێنج شەممە دەڕوات بۆ مووسڵ. وەك چۆنایەتی دیمەنێكی زۆر دڵخۆشكەرە ئەگەر بێت و چەندایەتی و ژمارەی چوار هێندە بكرێتەوە و من و سێر هێنری هەردوكمان ڕامان وابوو. ئێمە هەرچیمان هەبوو رەوانەی سەرەوەمان كرد، سوپای عیراق هێڵەكانی پەیوەندیی گرتە دەست و هێزی جەندرمەی غەیرە نیزام رێكدەخات لە نێوان فورات و دیجلەدا، بە سەرپەرشتیی ئەفسەرە عەرەبەكان بۆ پشتیوانی كردنی هێزی سوارەی عێراق كە ئەوانیش بەو ئاڕاستەیەدا ڕۆیشتوون. ئەگەر توركەكان لەشكرێك یان دوانى تر نەنێرنە خوارەوە ئەوە زۆر باشە بۆ ئێمە دەنا بە پێچەوانەوە دەبێت. بێجگە لە   هەڕەشە و گوڕەشەی عیسمەت پاشا ئەوان حەز بە هێرش كردن   ناكەن و بۆچوونی ئەوان ئەوەیە كە لە پێشدا هۆزە ناوخۆییەكان بنێرن و ئەمانیش لای خۆیانەوە ئەوپەڕی دوودڵن كەوا فشار بكەن. ڕۆژی یەكشەممە 28ی مانگ زەید ڕۆیشت بۆ مووسڵ و كاپتن كڵەیتنیشی لەگەڵە و بڕیاری تەواویشی لایە و ئەو بێجگە لەوەی كەوا كوڕێكی ئازیز و ڕەفتار جوانە دڵسۆزییەكی كوێرانەی هەیە بۆ مەلیكی برای. ئەمرۆ خاوەن شكۆ مەلیك بانگی كردم چایەكی لەگەڵ بخۆمەوەو هەرچەندە زۆر ڕووخۆش و بە گفتولفت بوو بەڵام بە سروشتی نیگەران بوو لەوەی ئایا پاش هەموو شتێك ئێمە خۆمان ئامادە كردووە بۆ بەرگری كردن لە وڵات یان مەسەلەكە بەجێبێڵین بۆ ئەم. ئەو پێیوتم كە ئەگەر پێویست بكات ڕاپرسی قبووڵ دەكات بەو مەرجەی ئەو ناوچانەش بگرێتەوە كە بە زۆرینە عەرەبنشینن و ئێستا لە دەستی توركدان، وەك نسێبین و ماردین و لە هەردوو لاوە هێزە چەكدارەكان بكشێنەوە و هێزێكی بێلایەن سەرۆكایەتیی ڕاپرسییەكە بكات. بەڵام داوامان لێدەكات كەوا دەستیشی واڵا بكەین بەوەی كە دەستبەرداری ماندێت بین و پێگەی خۆمان بە تەنها بخەینە سەر پەیماننامەكە. ئەوجا ئەگەر ئەم پێشنیازە قبووڵ نەكرا ئەگەر هێزەكانی بەریتانیا لە مووسڵ كەوتنە مەترسییەوە (لە تۆی ناشارمەوە و بە ڕای من ڕەنگە هەروا بێت) و یان ئێمە پاشەكشەمان كرد و عەرەبەكانمان بەجێهێشت بە تەنها بەرگریی لە خۆیان بكەن، ئەو خۆی دەچێتە سنوور و لە دوا هەڵوێستدا گیانی خۆی بەخت دەكات و منیش بە رۆحی خۆم هیچ شتێك لەوە باشترم ناوێ كە لەگەڵیدا بڕۆم. ئەی ئاخۆ لەوە زیاتر چیبكەم؟ ئەوە حەوت ساڵە لەم ئەركەدام بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی عەرەبی و ئەگەر شكستمان هێنا ئەوە كەمێك شین و شەپۆڕە بۆ من بە شەخسی و ڕەنگە نەوەكانی داهاتوو تێیدا سەركەوتووبن و باوەڕیشم وایە هەر سەردەكەون. بە هەر حاڵ، با ڕوو وەرچەرخێنین لە چەشنی ئەم ئەگەرە ناخۆشانە، وەك لۆرد بەلفۆر ساڵی 1919 لە ساتەوەختێكدا  وتی و ئێستا بووە بە وتەیەكی بەناوبانگ.

هەڵبەت دۆخی خورۆشاوی زیاتر دەگاتە ئۆفیسەكەی من و خەڵك لێرە و لەوێ زانیاریی وا دەگەیەنن لە بارەى ئەو نامە و نووسراوانەوە كە لە نێوان توركەكان یا بریكارە موجتەهیدەكان و كەمالییەكان و بەلشەفیكەكاندا دێن و دەچن سەبارەت بە فتواكان و  وڕێنە و شتی پڕوپووچی هاوشێوە كە پەیوەندییان بە فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی تاوانەوە هەیە.

56

1 ی ئازاری 1923

... لەم ڕۆژانەدا لە ڕەیسز چاوم بە مەلیك و زەید كەوت و زەید كە تازە لە مووسڵ گەڕاوەتەوە كارێكى زۆر باشى لەوێ كردووە و بە تایبەتى هەموو كوردەكانى سنوور كۆمەڵ كۆمەڵ هاتبوونە لاى و دڵسۆزیى خۆیان دووپات كردبووەوە. ڕاستێكەى ئەوەیە كە حكوومەتى عەرەبى شكۆى لەدەستداوە و والییە توركەكە پیاوێكى زۆر بەشكۆترو گەورەتر بوو لە موتەسەڕیفى ئێستاى حكوومەت. ئامادەبوونى شازادەیەك لە بنەماڵەى شاهانە كارێكى زۆر باش بوو بۆ گێڕانەوەى هاوتایى و بێجگە لەوەش ناردنى هێزى ئیزافى بوو بە مایەى دروستكردنى متمانە. پێموایە ئەگەر واز لە زەید بێنن ئەوە لەگەڵ كوردەكانی باكوور دەكەنە رێكخستنێكی دڵخۆشكەر و ئێمە بە ڕوونی لەوە تێناگەین، بەڵام باوەڕیان وا دەبێ كە ئەوە زۆر روونە و جێی رەزامەندییە. ئەو هەڵەیەی كە ئێمە دەیكەین ئەوەیە كە پێدادەگرین لە سەر ئەوەی داوایان لێدەكەین (واتە لە عێراقییەكان) كارەكان وا رێكبخەن بەو شێوەیەی ئێمە دەمانەوێ و ئەمەش بە هیچ جۆرێ گونجاو نیە بۆ ئەوان. كەواتە ئەگەر ناوچەكانى دەوروپشتى مووسڵ و هەولێرى لابێت ئەوە پێمباشە مامەڵە لەگەڵ سلێمانیشدا بكات، كەوا دۆخەكەى لە بارى ئێستادا زۆر خراپ بووە. شێخ مەحموود پەیوەندییەكى نزیكى لەگەڵ توركەكاندا هەیە و لە ئێستادا خەریكە هۆزەكان كۆدەكاتەوە بۆ ئەوەى پەلامارى كەركووك بدەن. بەڵام خۆشبەختانە ژمارەیەكی زۆری خزم و شوێنكەوتووانی لە هۆزەكان لە دژی وەستاونەتەوە. ئەو دوا ئاگاداریى بۆ نێردراوە و ئەمڕۆ ماوەكەى تەواو دەبێ و ترسم لەوە هەیە ئەگەر حكوومەت رادەستی پیاوماقووڵان و ئەشرافی ناوخۆیی نەكات و شاری سلێمانی چۆڵ نەكات وەك فەرمانى پێ كراوە كە دەبێ جێبەجێى بكات، ئەوە ناچار دەبین بۆردمانی بكەین. هەڵبەت جەنگی ئاسمانى زۆر بێبەزەیى و دڵڕەقانەیە، بەڵام كاتێ هێزى زەمینیت تا سەر ئێسقان كەمبووبێتەوە ئەى ئیتر چیبكەیت؟

57

12ى ئازارى 1923

... تازە لە دانیشتنێكی چای خواردنەوە لەگەڵ مەلیك لە باخچەكەیدا هاتمەوە كە تێیدا نزیكەی دوو كاتژمێر گفتوگۆمان كرد و شتەكان پێدەچێت هیوابەخش بن. وا دیارە توركەكان ئاشتییان دەوێت و ئێمەش شێخ مەحموودمان وەدەرنا. هەروەها خۆشبەختانە جانتای نامەی فەرماندە توركەكەی رەواندزمان گرتووە كە ناردوویەتی بۆ بارەگای ئەركان لە جەزیرەی ئیبن عومەر لە سەر ڕووباری دیجلەو رێك ئەودیوی سنوورمان و چەند نامەیەكی شێخ مەحموودی تێدابووە لەلایەن شێخ مەحموودەوە و یەكەمیان تەنها دوای مانگێك لە گەڕانەوەی بۆ سلێمانی نووسرابوو كە بە سوێندەوە بەڵێن دەدات تا مردن لە خزمەتی توركەكاندا دەبێت و ئەوانیتریشی باس لە ئامادە  كردن و سازدانی هێرشێك دەكات بۆ سەر كەركووك و كەواتە ئێمە هەر لە بێشكەدا كۆرپەكەمان خنكاند. شتەكەی تر ئەوەی كە چۆن كەسێك لە شوێن ئەم شەڕخوازە دابنێین. مەلیك و وەزیرەكانی بەرنامە و پلانی خۆیان هەیە و بە هێزی دووبارە بوونەوە ئەوان ناتوانن ئاژاوەیەكی خراپتر بەرپا بكەن لەوەی ئێمە دەیكەین. پێموایە دەسەڵاتدارانم قەناعەت پێكردووە كە بەختی خۆیان تاقی بكەنەوە و ئەمەش گەمەیەكە لە ساڵی رابوردووەوە من كاری بۆ دەكەم و پێمخۆشە و ئەمە هەمووی بە تەواوی تایبەتە و هەرگیز ئاشكرا ناكرێت.

58

12ی نیسانی 1923

... ئەم بەیانییە گفتوگۆیەكی زۆر خۆشم هەبوو لەگەڵ پیاوێكی ئاینیی كوردستاندا كە ناوی شێخ حەسەن بوو. ئەم پیاوە بۆ ڕا و بۆچوون گۆرینەوە هاتبوو لە سەر مەسەلەی كورد. هەرچەندە ڕەنگە مەسەلەكە مایەی پێكەنین بێت كەوا بەم سادەییە بیبیستی بەڵام باوەڕم وایە ئەگەر ڕێگەمان بدەن و لێمانگەڕێن ئەوا من و مەلیك و ئەم پیاوە دەكرێ كێشەكە چارەسەر بكەین لەگەڵ سێر هێنری و مستەر كۆرنواڵیس بۆ ڕاوێژ پێكردنیان و دەتوانین بە شێوەیەك چارەسەری بكەین كە بە دڵی هەموو لایەك بێت.

لە هەمان كاتیشدا مەلیك هەوڵى دەدا پەیوەندی بە زانا شیعەكانەوە بكات (ئەمەیان زۆر نهێنییە)، بە شێوەیەكی هەڵە و بە پێچەوانەی ڕاوێژی باشترین دۆستەكانی بە سەرۆك وەزیرانەكەشیەوە. ئەوان یارییەكەیان باشتر و تۆكمەتر كرد و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ فتوایەك بە مزگەوتی كازمێندا هەڵواسرابوو كەوا بەرگریی لە عێراق دژ بە تورك حەرام  دەكات و بەیانیی زوو كۆپییەكیان لەم فتوایە بۆ هێنام و كێشەكە ئێستا ئەوەیە كەوا حكوومەتی عێراق دەبێ چیبكات. مستەر كۆرنواڵیس وایدەبینێ كە پێویستە ئەو موجتەهیدانەی ئیمزایان لە سەر فتواكە كردووە دەربكرێن بۆ ئێران ـ چونكە ئەوانە هەر هەموویان رەعییەتی ئێرانن، بەڵام بڕیارێكی مەترسیدارە و خۆزگە مەلیك لێگەڕایە و دەستی تێنەخستایە. بە نزیكبوونەوەی رەمەزان و ئەو ورووژاندنە ئاینییەی بەرپای دەكات پێدەچێت ڕۆژانی داهاتوو مەترسیدار بێت.

... توركەكانمان لە سنوورەكانی ڕۆژهەڵاتمان دەركرد و بە تەماین وا لە عەرەبەكان بكەین كەوا لەوێ تەرتیباتی پێویستی خۆیان لەگەڵ كوردەكان بكەن و ئەگەر ئەوە بەدیهات ئەوا لە ڕاستیدا بۆ یەك جاریش بێت چاكەی ئەوە بۆ خۆم دەگێڕمەوە. ئێستا وا دێتە بەر باى گوێمان كەوا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كاریگەریی پەیماننامەكە بۆ ماوەی چوار ساڵ كارا دەكات و ئەوەی كە ناسروشتییە ئەزموونی دامەزراندنی شتێك بكەین كەوا بەند بێت بە بوون و مانەوەمان لەوێ بە زەبری هێز. ئەمە و بێجگە لەوەش ئێمە شتێكمان نیە لە سەری پێكبێین لەگەڵ سەرۆكە دڕندەكانی كورددا و ئەو بابەتەش كە لە دەستماندایە، وەك جەعفەر عەسكەری دەڵێ "بابەتێكی نەفرەتییە" چونكە ئەوان هەموو پیاوی ئاینیی نیمچە خوێندەوار و نیمچە برسین و دڕندەن و هەر یەكەیان بە ئەندازەى ڕقى لە شەیتان ڕقیە لەویتر، كەواتە ئیتر چۆن دەتوانین دەوڵەتێكی كوردی دامەزرێنین؟!

59

9ى مایسى 1923

... هەفتەی رابردوو تێكڕا پڕ لە ورووژان و مشتومڕ بوو، لەوانە كێشەیەكی گەرمی پڕ لە   بێنە و بەرە وەك چۆن دەزگاكانی حكوومەت لە رەواندز دامەزرێنین كەوا تازە گرتوومانەتەوە. سێر هێنری و فەرماندەى هێزى ئاسمانى دید و بۆچونیان یەكە و بەڵام مێجەر بۆردیللۆن، حكوومەتی عێراق، مستەر كۆرنوالیس و من بە توندی ئەویتر پەسەند دەكەین. دواجار لە یەكشەممەی 30 نیساندا سێر هێنرى مێجەر بۆردیللۆن و مستەر كۆرنوالیسى بە فڕۆكە نارد بۆ گەڵاڵە كردنی ڕاو بۆچوون لە سەر  زەوی و راپۆرت و ڕاوێژكاری لە سەر بەرنامە و پلانێك دەستەبەر بكات. ئەو ڕۆژەی ئەوان سەفەریان كرد بایەكى توند هەڵیكردبوو، هەڵبەت فڕینیش بە سەر چیا كوردییەكاندا و بە هۆی لە كاركەوتنی ئامێری بێتەلەوە زۆر ترسناكە و ئێمە تا سێشەممە هەواڵی گەیشتنیانمان نەزانی. من زۆر نیگەران بووم و لەوەش زیاتر كە زانیم رەواندز  بێتەڵی كردووە بۆ كەركووك بۆ ئەوەی ئاگاداریان بكەنەوە كە نەیەن بۆ رەواندز لە بەر نالەباریى كەش و هەوا. پاشان زنجیرەیەك پێشهات ڕوویاندا و ئەوان هاتن بۆ ڕاوێژ كردن و وەرگرتنى بیروڕاو ئەمەش لەلایەن حكوومەتی عێراق و مستەر كۆرنوالیس و منەوە لەئەستۆ گیرابوو بەڵام مێجەر بۆردیللۆن لە دژی وەستایەوە. ڕۆژی دووشەممەش هەموو بەرنامەكەیان بە ورد و درشتی ناردەوە بەڵام فڕۆكەكە ڕێگەی ونكردبوو و ئێمەش تا ڕۆژی چوارشەممە هیچ نامەیەكمان پێنەگەیشت و دواجار نەك نامەكانی دووشەممە بەڵكو هەندێكی تریان سێشەممە نارد. هەرچۆنێك بێت بە مانەوە و بە هەندێ برووسكەوە توانیمان زۆر بە ئاسانی حوكم لە سەر ئەوە بدەین كە ڕاوێژیان تێدا كرد و پاشان ئاخۆ باوەڕی پێدەكەیت و سێر هێنرى ڕای وایە ئەوان هەڵەن و ڕاوێژیان بە كەس نەكردووە بەڵكو كاندیدی خۆیان ناردووە بۆ ئەوەی وەك قایمقام دابمەزرێت، كەوا كەسێكی ڕووخۆشە بە ناوی سەید تەها و هەموو خەڵكی ناوچەكە لە دژی ئەوەن! من ماوەی كاتژمێرێك قسەم بۆ كرد و هەموو بەڵـگە و پاساوێكم دایە بەڵام بێئەنجام بوو. پاشان ڕۆیشتم بۆ وەزارەتی ناوخۆ و نامەكەی مستەر كۆرنوالیسم بۆ خوێندنەوە كە ناردبووی. دواینیوەڕۆ كۆنفرانسێك دەبەسترێ و من دەیانبینم یان تەلەفۆنیان بۆ دەكەم لە بارەی نامە تایبەتیەكەوە كە ئەو بەیانیە بە فڕۆكە لە مستەر كۆرنوالیسەوە پێمگەیشتووە و بێگومان سێر هێنریشم لێئاگادار كردووەتەوە. بەشداربووانی كۆنفرانسەكە هەموو قەناعەتیان بەوە بوو كە مێجەر بۆردیللۆن و مستەر كۆرنوالیس ڕاستن. من خۆم نەڕۆیشتم بۆ كۆنفرانسەكە و تا كاتژمێر پێنج لە ئۆفیس مامەوە، پاشان كە كۆنفرانسەكە تەواو بوو هەموو هاتن بۆ لام و هەموویان، بە دوو وەزیرە عەرەبەكەشەوە زۆر پەست بوون و خۆشم دەزانم كە هەردوو هاوكارەكەم لە رەواندز زۆر بێزار و بێتاقەتن و ئاگاداریان كردم كە شەممە دەگەڕێنەوە.

لە پاش گەڕانەوەیان لە كاتێكدا مێجەر بۆردیللۆن چوو بۆ لای سێر هێنرى من لەگەڵ مستەر كۆرنوالیس نانی نیوەڕۆم خوارد و تەواوی چیرۆكەكەی بۆ گێڕامەوە هەردوكیان تووشی نیشتنەوە بوون بە ناچاری و هەر یەكە فڕۆكەیەكیان پێبووە. مێجەر بۆردیللۆن پێنج میل لە دووریی كەركووك نیشتووەتەوە و بە پێیان ڕۆیشتووە بەڵام مستەر كۆرنوالیس لە دووریی بیست میل نیشتووەتەوە و شەوی لە ژێر فڕۆكەكەدا بەسەربردووە.

بە هەر حاڵ ئەوە كۆتایی هەڵچوونەكان بوو بەڵام هەردوكیان بە تەواوی بێز لەوە دەكەنەوە كە ئەم راوەبەرازەیان پێكراوە وەك پەندەكە دەڵێ. من باوەڕ ناكەم سەید تەها بەردەوام بێت و ئەوەش زۆر گرنگ نیە چونكە خەڵكەكە هەر خۆیان دەریدەكەن و ئێمەش بادەدەینەوە سەر بەرنامەیەكی تر، بەڵام لە خوت و خۆڕایی دوو مانگی ئێمە بە فیڕۆ چوو لەگەڵ خەم و ئازارێكی باشدا كە دەبوو خۆمانی لێ بپارێزین.

60

16 ى تەمووزى 1923

... بۆ دواجار وا خەریكین سلێمانی دەگرینەوە و دوو فەوجی هێزی سوارەی عێراق، كە بە زۆری كوردن بە ڕێگەوەن بەرەو ئەوێ و ڕاو بۆچوونی زێڕینی فەرماندەی هێزی ئاسمانییان بەدەستهێناوە. ئێمە ڕێ لە ئۆپۆزسیۆن ناگرین لە هەر چەشنێك بن و خەڵك لێرە نەخۆشی دوو ساڵی پاشاگەردانی و بەرەڵایی بندەستی شێخ مەحموودن و بەپەرۆشن بێنە ژێر ڕکێفی ئیدارەیەكی باش و لێوەشاوەوە. كارێكی زۆر دڵخۆشكەرە كە وا هێزی سوارەی عێراق وا بە چاكی ئەركی خۆیان ئەنجام بدەن و ئەمە كاری خۆیانە لەئەستۆیان گرتووە و دەبێ هەرواشبێت.

61

29ى تشرینى دووەمى 1923

... كارەكان بە جۆرێك بەڕێوە دەچن و ئەوەندە باشن كە تا ڕادەیەك ئەقڵ نایبڕێت. نوێنەرێكی گەورەی شیعە و تەواوی پیاوماقووڵانی شیعەی بەغدا و كازمێن سەردانی مەلیكیان كردووەو پێیان راگەیاندووە كەوا كۆمەڵـگەی شیعە بە هەڵەی خۆیاندا چوونەتەوە و ئێستا دەخوازن پشتی پەیماننامەكە و پەیوەندیی لەگەڵ بەریتانیادا  بگرن و لە ناو ئەوانەدا پیاوانێك هەبوون كە پار ساڵ گیرابوون و دوورخرابوونەوە بۆ هەنجام لە قەیرانی پاش لێڤییەكانی مەلیكدا. موحسین شەلەشى وەزیرە شیعەكەی دارایی، دوێنێ بەیانی پەیامێكی تایبەتی بۆ ناردم كە بیدەم بە سێر هێنرى و پێی بڵێم كەوا ئەو، واتە موحسین، ئامادەیە دەست بخاتە ناو دەستمان و "یەكەم" ئەركی پەسەند كردنی پەیماننامەكە و رێككەوتنە لاوەكییەكانی وەك خۆیان. شتێكی خۆشی تر ڕوویداوە و با نهێنی بێت هێزی ئاسمانیی شاهانە پۆستەیەكی زۆر گرنگی كۆمەڵە نامەیەكی گرتووە لە موجتەهیدەكانی ئێرانەوە بۆ بریكارەكانیان لێرە و تێیاندا هاتووە كە خاوەن شكۆی مەلیك بەڵێنی داوە كەوا كابینەكەی موحسین سەعدوون  بڕووخێنێ و وەزرارەتێكی شیعە و سەرۆك وەزیرانێكی شیعە دابنێت، كە نزیك بێت لە موجتەهیدەكان و پەیماننامەكە رەتبكاتەوە. ئەوان باوەڕیان بە بەڵێنەكانی نەكردووە و فتوایەكیان دەركردووە بە قەدەغە كردنی كشانەوە لە هەڵبژاردنەكان لە سەر بنەمای ئەوەی كە خاوەن شكۆ ئەو بەڵێنانە جێبەجێ دەكات. ئەمەش بۆ ئەوەی پیشانی بدرێت بەڵام بڵاو نەكرێتەوە تا ئەو كاتەی ئەو كاری خۆی دەكات. ئێمە نازانین ئەوان چۆن متمانەیان بە پۆستە هەبوو چونكە پێشتر نامە و پەیامیان بە دەست ئاڵوگۆڕ كردووە و ئێمە پاش گەیشتنیان لەلایەن پۆلیسەوە پێماندەزانین، بەڵام هیچ كاتێ نەماندەخستە لای خۆمان و لە پاش ڕاوێژی دوور و درێژ بڕیارماندا كەوا سێر هێنرى بیانباتە لای خاوەن شكۆ بۆ بڕیاردان لە سەری.

... دواجار شێخ مەحموود كە هێشتا خەریكی بەرپاكردنی ئاژاوە و پشێوی بوو لە سلێمانی كۆتایی پێهات، هەموو شوێنكەوتووانیشی خەریكە وازی لێدەهێنن و پشتی تێدەكەن و دوا داواكاریی بۆ ئێمە ئەوەیە كە دەتوانێت خزمەتمان بكات بە هاندانی خێڵە كوردەكانی ئێران بۆ راگەیاندنی داواكردنیان بۆ ماندێتی بەریتانیا و ئێمەش بە تەواوی رەتمانكردەوە و لە هەمان كاتدا مەسەلەكەمان گەیاندە حكوومەتی ئێرانی و بەم پێیە ئێمە كارمان بۆ شێخ مەحموود كردووە بەو ئاڕاستەیە ئەگەر ئەو بخوازێت كار بكات.

62

31ی كانوونی یەكەمی 1923

... پێموایە هیچ دەرچوون و سەیرانێكمان لە عێراقدا لەمەی ئەمجارە خۆشتر و كەیفسازتر نەبوو، هەرچەندە سێر هێنرى پێی ناخۆش بوو لە بەر ناچاریی مانەوەی لە بەغدا بە هۆی هەندێ ئەركی كۆمەڵایەتییەوە. بە شێوەیەكی گشتی شتێكی تایبەت و ئەوتۆی سەرنجڕاكێش رووی نەداوە ئەمە نەبێت: دواجار بیروڕای لە سەر ئەوە گیرسایەوە كە بۆردمانی شێخ مەحموود بكات لە سلێمانی، چونكە ئەم كابرایە سەرقاڵی پیلانگێڕان بوو لەگەڵ توركەكان (دژ بە ئێمە) و ناو بە ناو ئەو كارەشی تێكەڵ بە هەندێ نمایش دەكرد بۆ ڕاكێشانی كوردەكانی ئێران بە لای حكوومەتی بەریتانیادا. بەم ڕەنگە مارشاڵی فڕۆكەوانى لە ڕۆژی جەژنی لەدایكبووندا كارەكەی بەوپەڕی نهێنییەوە لەئەستۆ گرت و بە فڕۆكە لە بەرزیی تەنها سەد و پەنجا پێ لە زەوییەوە بە سەر سلێمانیدا سووڕایەوە و لە نێو ماڵەكانی تردا ماڵەكەی شێخ مەحموودی دەسنیشان كرد و پاشان ژمارەیەكی زۆر بۆمبى بە سەردا بەردایەوە و بە مژدەوە گەڕایەوە بۆ بەغدا كەوا كۆتایی بە ژیانی ئەم كابرا شەڕخوازە هێناوە. بەڵام بۆ ڕۆژی دواتر برووسكەیەك لە شێخ مەحموودەوە گەیشت و تێیدا دەڵێ كەوا لەوپەڕی تەندروستی و لەشساغیدایە و لەوە تێناگات كە ئێمە بۆچی سلێمانیمان بۆمباران كردووە.

63

6 ی شوباتی 1924

... هەفتەى پێشوو بیرم چوو لە بارەى چەند كەسێكى بەڕێزەوە ئاگادارت بكەمەوە و ڕۆژێكیان لە كاتێكدا دەچوومە ژوورەوە بۆ لای وەزیری ناوخۆ بە مەبەستی گفتوگۆ كردن و بە ڕێكەوت لە ژووری چاوەڕوانی پیاوێكم بینی و دەسبەجێ هاوارم لێكرد "بابەكر ئاغا!"، ئەمە ئەو پیاوە بوو كە گەورەترین مێزەری كوردیی دەبەستە سەرەوە و چاوی چەپی بە گرانترین فەقیانەی سپی دادەپۆشی و بەم ڕەنگە ناسیمەوە. ئەم پیاوە بەناوبانگترین پیاوانی سەر سنوورە كە لە خۆشی و ناخۆشیدا لە كێشەكانی شێخ مەحموودا لەگەڵ ئێمەدا بوو. ئەوجا لە بەر ئەوەی روخساری من زۆر ئاشكرا و بە دەرەوە نەبوو نەیناسیمەوە و ئەو سڵاو لێكردنە گەرمەی منی بە زمانی فارسی پێ كوتوپڕ بوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ماریفەتێكی جوانی وەرگرت. كاتێ لە لای وەزیر هاتمە دەرەوە، ئەو زانیاریی لە بارەمەوە وەرگرتبوو و ئەوەی كە پێیبەخشیم لەوە باشتر و زیاتر بوو كە من پێشتر پێمدابوو. ئەو بە سروشتی خۆی پێشتر نەدەهات بۆ ئێرە و هیچكام لە ئەندامانی بنەماڵەكەی بابەكر ئاغا لە ڕۆژگاری توركدا نەدەهاتن بۆ بەغدا و ئەگەر هەندێكیشیان هاتبن ئەوە ئێستا كەسیان لە ژیاندا نەماون. یەك لە سیفەتەكانی ئەم پیاوە ئەوە بوو كە بە هەموو جۆرێك رەتیدەكردەوە كە سەرسام بێت بە هەر شتێك - بۆ نموونە بەغدا. بە هەر حاڵ بەغدا شارێكى پڕ لە قوڕ و قوڕاو بوو و ئەو شوێنى جوانترى لە چیاكانی كورددا دەبینی. ئەی سینەما؟ بێگومان ئەم شتانە رەشەخەڵكەكە پێی سەرسامن، بەڵام وامبیستووە كەوا جارێكیان لە سینەمادا خەریكبووە لە سەر لۆجەكەی بەربێتەوە لە تاو پێكەنین بە چەند دیمەنێكی دزی و گیرفان بڕین و بە كەیف و خۆشحاڵییەوە وتوویەتی "خۆ ئەمانە هەموو دزن". بێگومان دواتر هەستی بە هیچ شتێكی سەیر و سەمەرە نەدەكرد و پیاوێكی لەگەڵ خۆی هێنابوو بە ناوی حاجى شێخ عارفی سەرگەڵوو كە سەیدێك بوو لە پلەیەكی بەرزی پاكیدا و زۆر بە كەمی خواردن یان خواردنەوەیەكی ئەم وڵاتە حاڵ و بار نادیارەى دەخوارد لە ترسی ئەوەی پاك نەبێت و خەریكبوو لە برسا دەمرد. بەڵام جارێكیان بۆ رمبازێنی ئەسپ (ڕەیسز)یان بردبوو و لە كاتی نوێژی نیوەڕۆدا نوێژی خۆی لە سەر پلە پلانەكان دابەستبوو ـ ئەم پیاوانە لەو جۆرە كەسانە بوون كە من بە ڕاستى خۆشمدەویستن.

 64

17 ى نیسانى 1924

... سێر هێنرى تازە لە مووسڵ گەڕاوەتەوە و من بە پەرۆشەوەم بۆ ئەوەی بانگم بكات. ئێمە ئێستا لە سلێمانی لە شەڕداین بە عادەت و من هەوڵ دەدەم قەناعەتی پێبكەم (واتە بە سێر هێنرى ـ و) كە ئەم  ئاژاوە و پشێوییە لە كۆڵی هەموومان بكاتەوە.

65

21ى نیسانى 1924

... ئەو بەیانییە كەس نەهات بۆ بینینى من بەڵام یەكێك لە كوردەكان هات بۆ بینینی كاپتن هۆڵتی سكرتێری خاوەن شكۆ (كە بە كوردی قسەی دەكرد) و پێیوتم كەوا كوردەكان بێزار بوون لە تەواوی ورووژان و هەڵچوون و دەیانەوێت پەیماننامەكە بە یەكجاری تێپەڕێت و كاری پێبكرێت.

66

29 ى نیسانى 1924

... ئەمڕۆ نوری پاشا و ئیلتید هاتنە لام و پێكەوە نانی نیوەڕۆمان خوارد و گفتوگۆمان لە سەر  پڕۆژە و بەرنامەكەی من كرد كە لە سەر ئەو بناغەیە داڕێژرابوو كە ناكرێ كەسێك لە پۆستێكی باڵادا دابنێیت و متمانەت پێ نەبێت. گفتوگۆكە زۆر قەناعەتبەخش بوو، پاشان داود بەگی حەیدەری، كە یەكێك لە نوێنەرانی كوردی ئەنجومەنە (ئەنجومەنی نوێنەران  ــ و) و پێیوتم كەوا هەر هەژدە كوردەكە هەڵوێستیان یەكە لە پشتگیری كردنی پەیماننامەكەدا.

67

21 ى مایسى 1924

... بیرم چوو شتێكت لە بارەی مەسەلەی ئاسوورییەكانەوە لە كەركووك بۆ بنووسم. ئەوە ڕەنگە لە هەر شوێن و هەر كاتێكدا ڕووبدات وەك دەمەقڕە و شەڕێكی ناو بازاڕ وایە، بەڵام دوو ڕاستی هەن دەبێ ئاماژەیان پێبدرێت، (ئە) مەسەلەكە لە نێوان موسڵمان و مەسیحییەكاندا بوو، (بێ) هەڵـگەڕانەوە و یاخیبوونی بەتالیۆنێكی لێڤی مەسەلەكەی شەڵەژاند و ناشیرینی كرد. ئەمەش هەموو شەڕخواز و خراپەكارێك گوێقوڵاخ دەكاتەوە.

شێخ مەحموود ئێستا سەرقاڵە بە وەعز و ئامۆژگاری دانەوە بۆ جیهاد و شاری سلێمانی ئێستا لەبارە بۆ بۆردمان كردن بەڵام پێشتر هۆشداریی دراوە بە دانیشتووانی بۆ ئەوەی چۆڵی بكەن. فەرماندەی هێزی ئاسمانی، كە من زۆر زۆر خۆشمدەوێت دەڵێ "ئامادەم لە سلێمانیدا بۆمبارانی هەر شتێك بكەم كە لە چوار پێ بەرزتر بێت" و ئەم پیاوە زۆر وردە و ئەقڵی بە هەموو شتێك دەشكێت و یەك لە تێبینییە راگوزەكانی ئەوەیە كەوا "هەرگیز نابێت ساتێكی تەمەڵی و بێزاربوونت لە عێراقدا ببێت".

68

28 ى مایسى 1924

باوكی ئازیزم، دوانامەت كە لە 14ى مایسدا ناردبووت زۆر مایەی خۆشی و ئاسوودەییم بوو، نازانم ئەگەر مستەر تۆماست ناسیبێت و ئەو ئێستا نەخۆشە و هەموو ئەو شتانەی كە بە چارڵست وت زۆر ڕاستن تەنها یەك خاڵ نەبێت ئەویش كەركووكە كە لە پار ساڵەوە لە ژێر ڕکێفی سەرۆكە جێمتمانە و بەڕێزە ناوخۆییەكەدایە و (ئێستا پێیدەوترێ موتەسەڕیف) كە ئێستا باشترین و ئارامترین بەشی عێراقە. كەركووك گەلێ ئیمتیازی تایبەتی خۆی هەیە وەك زمانی لۆكاڵیی خۆی و كاربەدەستی خۆوڵاتی و لەم بارودۆخەی تەواو قایلە ببێتە بەشێك لە عێراق بۆ ئەوەی سوودد و قازانجی پەیماننامەیەك بەدەستبێنێ لەگەڵ ئێمەدا و بە پێچەوانەوە هەرگیز نەبووە بەشێك لە عێراق. هەڵبەت هیچ رووداوێكی تێدا نەدەبوو ئەگەر بهاتایە و هێزە بەریتانییەكان یان هندییەكان لێرە بوونایە، بەڵام نەكرا لێرەیان دابنێین و ئەمەشیان كێشەیە و كەركووكلییەكان هەمیشە داوای دەكەن. ئێستاش باسێكی لێڤیت بۆ دەكەم و ئەمانە زۆر سەیر و بەرەڵان و ئەوە پلانێكی لە ڕادەبەدەر خراپە كەوا بكەیت هێزێكت لە كریستیانەكان هەبێت و هێزێك لە موسڵمانەكان، هەرچەندە ئەمان كەمێك ئەهوەنترن، لە ژێر سەرپەرشتیی ئەفسەرە بەریتانیەكاندا. ئەوانە بە شێوەیەكی رەها دەبنە ناحەز و دوژمنی دانیشتووان و ئێرەیی نێوان ئەمان و سوپای عێراق و حكوومەت زۆر گەروەیە، ئەمانە كەش و فشی ئەوە دەكەن كەوا بوون بە سەربازی بەریتانی و عەرەب و كوردی پیس نین و ئێمەش بە ناچاری و فشاری دۆخەكە لەم كێشەیەوە تێگلاوین.  ساڵی 1920 و كاتێ لە دوای یاخیبوونەكە ئێمە كوتوپڕ بەرەوڕووی كشانەوەی هێزەكانی بەریتانیا بووینەوە، دەبوو لێڤییەكان بەكاربێنین بۆ پاسەوانی كردنی هێڵی شەمەندەفەر و ئەو دەمە ژمارەیان زۆر بوو و نەمانتوانی بیانخەینە ناو سوپای عێراقەوە لە بەر كۆمەڵێك هۆكار و پاساو، كە لە نێوانیاندا، نەبوونی پارەی پێویست بوو بیاندەینێ. ئەوان بارێكی گران بوون بە سەر باری دارایی بەریتانیاوە و گەنجینە نەیدەتوانی لەڕووی یاساییەوە كاری بۆ بكات و بە هیچ شێوەیەك نەیدەتوانی یارمەتیی هێزە ناوخۆییەكانی خەڵكی خۆوڵاتی بدات كە لە ژێر سەرپەرشتیی ئەفسەرە بەریتانییەكاندا نەبوون، بۆیە گەیشتینە ڕێگەیەكی داخراو و دەبوو پەنا بەرینە بەر ئەو لێڤییانە كە لە ژێر سەرپەرشتیی ئەفسەرانی بەریتانیدا بوون و لەو كاتەدا ژمارەیەكی كەمی ئاسوورییەكانمان هەبوو بەم جۆرە بن و دواتر هەڕەشەی توركیا هاتە پێشەوە لە شوباتی 1923دا و ئێمە دوو بەتالیۆنی زیادەمان بە سەرباز گرت و بە تایبەتى بۆ پاسكردنی سنوور، هەر كە هێزەكانمان بە شێوەیەكی بەرچاو هاتنە كەمی ئەمانە ناونووس كران و مەشقیان پێكرا بۆ ئەوەی جێگەیان  بگرنەوە و ئەم لێڤییانە بێ جیاكاریی لە لیواكانی باكووردا بەكاردەهێنران و بێ جیاوازی كردن بەگشتی دوودڵی و نیگەرانییەك هەبوو لە بەكارهێنانی هێزە كریستیانەكان لە شارە موسڵمان نشینەكاندا، بەڵام لە ژمارە كەمییەكی ئاوهای هێزەكاندا تا ڕادەیەك ئەم مەسەلەیە پەیرەوی نەدەكرا و بوونیان لە كەركووك لەم سۆنگەیەوە بوو، هەروەها وا ڕێكەوتبوو كە بەتالیۆنەكەی ئەوێ لە هۆزە كێوییەكانی ئاسوورییەكان ناونووس كرابوو بەڵام ئەفسەرەكانیان بە تەواوی  جێمتمانە و ڕەفتار جوان بوون. شەڕێكی لەناكاو دروست بوو و كوتوپڕیش گۆڕا بە هات و هاوار دژ بە موسڵمانان و دیسپلین و توندوتۆڵیی سەربازی بابردی و ئەوەی ڕوویدا ڕوویدا. بۆ بەدبەختی ئەوە بوو كە بۆ ڕۆژی دواتر وا بڕیار درابوو كە ئەم بەتالیۆنە ئاسوورییە بنێردرێتە دەرەوەی كەركووك بۆ گوندی چەمچەماڵی سەر ڕێگەی سلێمانی و نیوەیان ڕۆژی پێشتر ڕۆیشتبوون و وا ئێستا هەموویان لەوێن. بە ڕای من، كە ئەمە تەنها ڕایەكی تایبەتییە، كەوا لە پاشەڕۆژدا دەكرێ ئاسوورییەكان تەنها لە ناوچەكانی خۆیان خزمەت بكەن و پاسەوانیی سنوورەكانی خۆیان بكەن، كە لە هەمان كاتدا سنووری عێراقیشە و ئەودواشیان دەبێ بڵاوەیان پێبكرێت و بەهیوام لە كاتێ خۆیدا بەشێكیان لە سوپای عێراقدا دابمەزرێن. هەڵبەت ئەوان لە ناو پۆلیسی عێراقدا بە قەناعەتەوە لە ژێر ڕکێفی ئەفسەرانی عێراقیدا كار دەكەن و من پێمخۆشە ئەم مەسەلەیە بۆ چارڵس روونبكەیتەوە.

هێزە خۆوڵاتییە تایبەتیەكانی لەم چەشنە هەمیشە ئەگەری سەرچاوەی مەترسین، بە تایبەتى ئەگەر ئاینەكەشیان جیاواز بێت. بە بۆچوونی من حكوومەتی بەریتانیا دەبوو بە شێوەیەكى ڕاست ئەم هێزە دروست بكات و بە ستراتیجێك كە پارە لە خزمەتی سوپای عێراقدا خەرج بكات، كە مەشقیان بەریتانییە و بەڵام ئەفسەرانیان عێراقین، بە هەر حاڵ ئەم پڕۆژە خرابووە بەر باس و ڕەتكرابووەوە.

ئێمە دوێنێ و ئەمڕۆ كاری خۆمان دژ بە شاری سلێمانی جێبەجێ   كرد و شێخ مەحموود دەرفەتی رووداوەكەی كەركووكی قۆستەوە بۆ جاڕدانی جیهاد و كاری لەم چەشنە دەبوو دەسبەجێ بوەستێنرێ. تۆ بڕوانە ئەو هۆزە كێوییانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەیت، موسڵمان و مەسیحیی دانیشتووانی شارەكە (واتە كەركووك  ـ و) هۆشدارییەكی توندیان درایە و بەو پێیە ئاواتەخوازین زیانی گیانی كەم بێت یان هەر نەبێت. ئەوان تەنها زۆر نیگەرانی ئەوەن بۆ دەركردنی شێخ مەحموود و دوای ئەوەش نەهێڵن بگەڕێتە دواوە و بێگومان ئەو لە ئێستادا هەڵاتووە بۆ چیاكان. هەڵبەت تێدەگەیت كەوا هێزی تەواومان نیە بۆ جێگیر  كردن و پاڕاستنی شوێنێكی دووری وەك سلێمانی. فەوجێكی سوارە ئامادە كراوە كە بە زۆری لە كوردەكان پێكدێت و نێردراوە بۆ كەركووك. دواجار من باوەڕم وایە كە سوپای عێراق لە توانایدا دەبێت سلێمانی بگرێت، بەڵام لە حاڵی حازردا تاقە چەك كە هەمانبێت فڕۆكەیە.

با ئەوەشمان لا روونبێت كە ئەگەر سەرچاوەكانمان هێندە لاواز نەبوایە ئەوە هۆكاری تر دەبوو بۆ پاڕاستنی وڵات، بەڵام سەبارەت بە توركەكان و كۆكردنەوەی هێزەكانیان لە سەر سنووری باكوور ئەوە دەبێ لە بەرانبەردا تا لە توانادا بێت سوپای عێراق لە ناوچەی مووسڵ كۆبكرێتەوە و پێگەی بەهێز بكرێت.

69

11 ى حوزێرانى 1924

... ڕۆژی یەكشەممە عەلی سڵێمان ڕاستەوخۆ دوای قاوەڵتیی بەیانی هاتە لام بۆ هەندێك باس و ئامۆژگاری، من پێموت هێشتا وای بیر لێدەكەمەوە كە دەبێ ئەوان كۆششی خۆیان بكەن بۆ متمانە بەخشین بە پەیماننامەكە و ئەگەر وا نەكەن ئەوە بیر و بۆچوونێك لەلایەن نوێنەرە كوردەكانەوە گەڵاڵە كراوە بۆ ڕێگرتن لە ڕەتكردنەوەی و دەنگدان بۆ دواخستنی تاوەكو مەسەلەی مووسڵ چارەسەر دەكرێت. بێگومان ئەوەش بە واتای هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دێت و گریمانەی كۆنترۆڵ كردنی تەواوی دەبێت لەلایەن نەیارانەوە، بەڵام من ئەوەم بە عەلی نەوت.

... هەموو نوێنەرانی عەمارە دەنگیان داوە بە پەیماننامەكە و هەروەها ئەوانی بەسرەش بەڵام پارێزەرێك و كوردەكان هەڵوێستیان توندە و نوێنەرانی هەولێر نەبێت كەوا ئیمزایان لە سەر چارەسەرێك كردووە كە ڕێگەیان پێنادات دەنگی پێ نەدەن و هەموو ئەوانی مووسڵیش، سێ كەسی لێدەرچێت. پێویستە ئەوەشت پێبڵێم كەوا هەموو ناسیۆنالیستە دەستەمۆكانی مەلیك كە ساڵی 1920 لە دژمان یاخیبوون و ساڵی 1922 چوونە پاڵ هاندەرانی دژە ماندێت، لە دژی دەنگیان داوە. ئەمەش دەرسێكی چاك بوو بۆ مەلیك،   یاسین و ناجی سوەیدی لە دژی دەنگیان داوە، بەڵام رەوف چادرچی و عەلی سڵێمان و عەجیل دەنگیان پێداوە و عەجیل پێشتر لۆبییەكی زۆر باشی بۆ  كرد و من خۆشحاڵم بەوەی عەجیل تا كۆتایی رێك و ڕاست ڕۆیشت.

... شێخ و وەزیرانی لایەنگری پەیماننامەكە زۆر شانازیی دەكەن و خۆیان هەڵدەكێشن و كوردەكانی سلێمانیش، كە یەك لەوان براكەی شێخ مەحموودە، زۆر خۆشحاڵیی خۆیان دەردەبڕی و هەقی خۆشیانە چونكە هەرگیز ئەم دۆخەیان بە خۆیانەوە نەبینیوە.

70

30ى تەمووزی 1924

... مەلیك ئێستا باشترە بەڵام هەر لاوازە و وازى لە بیرۆكەى چوون بۆ فەلەستین هێناوە و حاڵى حازر بیر لە گەشتێك دەكاتەوە بۆ شوێنێك لە باكوورى دهۆكەوە، بەڵام هەندێك پێیانوابوو كە بۆ مەلاریا خراپە. ڕاستێكەى من بیرم دێتەوە یەكەم ساڵ كە پەنابەرە ئاسوورییەكان لەو شوێنەدا نیشتەجێ كران زۆربەیان نەخۆش كەوتن و وەك مێش لێیان دەمرد. ئەوجا لە پاش پرسیار و سۆراخ كردن ئەڵتەناتیڤەكە بوو بە شەقڵاوە كە دەكەوێتە نێوان هەولێر و رەواندزەوە و وەك بۆیان باس كردووم شوێنێكى خۆش و دڵـگیرە و هەڵبەت داواى لێكردم منیش لەگەڵى بچم بەڵام ناتوانم و ئەوەندە بێتاقەتم خەریكە بگریم و ڕەنگە یەكەمجار بێت لە ژیانمدا واملێهاتبێت.

كێشەی سلێمانی ئێستا لە دۆخێكی زۆر باشدایە و پێموایە شێخ مەحموود شكستی هێنا و دواجار هەڵات بۆ دەرەوەی وڵات. سوارەی عێراقی بێ هیچ بەرگرییەك چوونە ناو سلێمانییەوە و شێخ مەحموود نزیكەی دوو سەد سواری لەگەڵدایە و هەڵاتووە بۆ چیاكانى دەوروپشت، بەڵام چەند تفەنگچییەك لە پیاوەكانی هەموو شەوێك شارەكە بەر دەسڕێژی گوللە دەدەن و تەنگیان بە هێزی سوارە هەڵچنیوە و نایەڵن بە شەودا   بخەون و بە ڕۆژیش پاسەوانی دەكەن، بەڵام كاری باش ئەنجامدەدەن و ئەمانە هەواڵی باشن دەیبیستین و لە ئێستادا شوێنكەوتووانى شێخ مەحموود لێیدەتەكێنەوە و هەڵدێن و دەستە دەستە دێنەوە و چەك و جبەخانەى كزبووە و وا چاوەڕوان دەكەم كە ڕێگەی باكوورى بەرەو توركیا گرتبێتەبەر و ڕەنگە بەم زوانە بگاتە ئەوێ. هەڵبەت لەو چیا سەختانەدا زەحمەتە كەسێك دەسگیر بكرێت و ئەمەش لە دیدو بۆچوونی ئێمەوە بە شێوەیەكی گشتی باشترین كارە كە ئەو بیكات، یان ئەوەیە كە خۆی بمرێت، چونكە تۆ بە هیچ شێوەیەك نازانی چیبكەیت لە پیاوێكی لەم چەشنە كاتێ كە دەسگیری دەكەیت و پاشان بە داواكاری و مەزبەتە تەنگت پێهەڵدەچنن بۆ بەردانی و تەنانەت ئەوانەش كە ڕقیان لێیەتی لە ترسا لەگەڵ ئەوانیتر داواكارى و عەرزەوحاڵەكان ئیمزا دەكەن بۆ ئەوەی ئازاریان نەدات ئەگەر ڕۆژێك هات و بەربدرێت بە هۆی بەشدار نەبوونیان لە پێشكەش كردنی داواكاریی بەردانیدا.

71

30ى ئەیلوولی 1924

... ئێوارەی ئەو ڕۆژەی كە لۆرد تۆمسن گەیشت (واتە پێنجشەممە) ئێوارە ئاهەنگێكی ڕەسمی لە "موقیمییەتدا" سازدرا و دەسبەجێ سڵاوی لێكردم و پاش نانخواردنی ئێوارەش زۆر بە رووخۆشی و ئەوپەڕی نێوان خۆشیی كۆمەڵایەتییەوە كەوتە گفتوگۆ كردن لەگەڵم. بۆ ڕۆژی دواتر مەلیك بانگهێشتی كردم بۆ چاى خواردنەوە و بۆ ئەوەی وەرگێڕانی بۆ بكەم، بەڵام ژمارەیەك لە وەزیرەكان لەوێ بوون و لە بەر ئەوە گفتوگۆكە تەنها شتێكی رووكەش بوو و هیچیتر. بۆ ڕۆژی شەممە لۆرد تۆمسن  بە فڕۆكە چوو بۆ مووسڵ پاشان ڕۆژی یەكشەممە بە سەر سنوورەكانی ڕۆژهەڵاتدا فڕی و سەری لە هەولێر و كەركووكیشداو شەوێكیشی لە كەركووك بەسەربرد و بۆ ڕۆژی دووشەممە بە فڕۆكە ڕۆیشت بۆ سلێمانی و ماوەی دوو كاتژمێری تێدا مایەوە و پاشان گەڕایەوە بۆ بەغدا و نانی نیوەڕۆی لە موقیمییەتدا خوارد. ئاخۆ ئەمە سەرسوڕهێن نیە؟ بۆ ئێوارەش بانگهێشتێكی تایبەتی نانخواردن لە كۆشكی شاهانە سازكرا و ئاهەنگێكی هێجگار خۆش و كەیفساز بوو، پاشان لە باخچەكەدا مەلیك كەوتە گفتوگۆ لەگەڵ لۆرددا و وەرگێڕی نێوانیان ساسۆن ئەفەندی بوو و مستەر هێنری پێیوتم كەوا لۆرد تۆمسن لە دۆخێكی زۆر خۆشحاڵیدا بووە و هەروەها باسی ئەوەش دەكات كە لە سلێمانی پێشوازییەكی زۆر گەورە كراوە و سەرۆكە كوردەكان هەموو هاتوون بۆ سڵاو   لێكردنی و سەدان كەس لە شوێنكەوتووانیان لەگەڵدا بووە بە چەك و خەنجەر و دەمانچە و ڕەزنە فیشەكەوە و مەوكیبى پێشوازییەكە هێند درێژ بووە كەوا ئەمسەر و ئەوسەری لێكیداوەو لێرەدا كێشەیەكی قورسی كێ لەو سەرۆكانە پێش ئەویتر بكەوێ دروستبووە! و لۆرد تۆمسن دەگێڕێتەوە كە لەوێ هەستێكی وای لا دروستبووە كە ئیمپراتۆرێكی بچووكە لە ئیمپراتۆرەكانی رۆمان و ئەم بەیانییە بە فڕۆكە سەفەرى كرد و دۆعاخوازیى لێكردین.

... مەلیك پارچە زەوییەكی لە نزیك خانەقین كڕیوە (گوندی عەلیاوا ــ وەرگێڕ) و ئەمڕۆ داوای لێكردم پێكەوە بە ئۆتۆمبیل بچین بۆ ئەوێ چونكە دەیەوێت شوێنێك هەڵبژێرێت بۆ دروستكردنی كۆشكێك لە كاتی راودا تێیدا بحەوێتەوە، بەڵام من لەگەڵ سێر هێنریدا وام ڕێكخست بە شەمەندەفەری شەو بڕۆین و بۆ كاتژمێر شەشی بەیانی بگەینە ئەوێ و ڕۆژەكە لەگەڵ خاوەن شكۆدا بەسەربەرین و پاشان بە شەمەندەفەرەی شەوی داهاتوو بگەڕێینەوە و بەیانیی پێنجشەممە لە لە ئۆفیس دەوام بكەین و مەلیك ئێستا لەوێ لە خێوەتدا دابەزیوە. ئەمڕۆ بۆ یەكەمجارە لە دواى مانگێك باى شەماڵ لە باكوورەوە هەڵیكردووە و پێدەچێت لەمەودوا كەشوهەوا بەرەو فێنكیى بڕوات، ئەگەرچى ئێستا مانگى ئەیلوولە و دنیا هێشتا هەر زۆر گەرمە.

... هێشتا شەڕوشۆڕمان لە باكوور هەر بەردەوامە، بەڵام توركەكان بایەخی خۆیان لە كوشتاری ئاسوورییەكاندا چڕكردووەتەوە و ئەوان (واتە ئاسوورییەكان) پاش پەرتوبڵاوییەكی بەكۆمەڵی كوتوپڕ لە سەرەتاوە خۆیان گرتەوە و كەوتنە بەرگری كردن. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو گوندەكانی ئەوپەڕی باكوور سووتێنران و شەش هەزار پەنابەرمان لا كۆبووەتەوە لە ئامێدی. باشە ئەمە كارێكی لە سنوور بەدەر و سامناك نیە كەوا ئێمە جارێكی تر بكەوینەوە ئەنجامدانی هەموو قۆناخەكانی فریاكەوتن و دووبارە نیشتەجێ كردنەوە. ئەوان بەمدواییە سەرلەنوێ گوندەكانیان ئاوەدانكردەوە كەچى دووبارە ماڵوێران بوونەوە.

72

15 ی تشرینى یەكەمی 1924

 ... بەڵام سەبارەت بە جەنگ و شەڕوشۆڕ لای ئَێمە ئەوە ئێوە وەك ئێمەی لێدەزانن و ڕەنگە زیاتریش. ئێستا دەزانین كەوا توركەكان ڕاڤەی زاراوەی "دۆخی ئێستا ــ الوضع الراهن" یان هەواڵەی كۆمەڵەی گەلان كردووە و ئەمە باشترە و پێموانیە شەڕیان بوێت، چونكە لە بارودۆخێكی ناسكدان لەگەڵ كوردەكانی لای خۆیاندا و باشترین بەشی كەتیبەیەكیان هەڵـگەڕایەوە و لە ساتەوەختی ناردنیاندا بۆ وڵاتی ئاسوورییەكان هەڵاتن و ئەفسەرەكانیان حاڵی حازر لە مووسڵن. ئەوەی تێبینی دەكرێ بزووتنەوەی كورد كەوا قۆناخی باشی بڕیوە لە ڕەوتی خۆیدا، هەرچەندە من باوەڕم وایە كە ئەم بزووتنەوەیە هیچی تێدا بەستە نیە و بیرۆكەی بوونی كوردستانێكی سەربەخۆ بیرۆكەیەكی تەواو خەیاڵییە، بەڵام دەتوانێت تا ڕادەیەكی باش توركەكان سەرقاڵ بكات. ئێمە باوەڕمان بە لای ئەوەدا دەچێت كەوا هێرش كردنە سەر ئاسوورییەكان ڕەنگە بەو نیاز و ئارەزووەی حكوومەتی تورك بێت بۆ ئەوەی بیرو ئەندێشەی كوردەكان بە ئاڕاستەی تردا ببات و ئەگەر مەسەلەكە وابێت ئەوە پێدەچێت ئەو پلانە سەركەوتنێكی ئەوتۆى بە دەست نەهێنابێت.

73

18ى شوباتى 1925

... هەواڵەكان لە باكوورەوە دڵخۆشكەرن و ڕاستیەكەی هەولێر زۆر باش ڕەفتاری كردووە و كەركووكیش لەو باشتر بوو كە چاوەڕوانی بووین و وەك دەزانیت ژمارەیەكی باشی توركمان لەوێ هەن و پێمانوابوو رێژەیەكی گەورەیان داوا دەكەن بگەڕێنەوە بۆ توركیا، بەڵام كەمێكیان ئەوەیان كرد. وەرگێڕە هۆڵەندییەكە، وەك چاوەڕێم دەكرد، تەواو بێتوانا بوو لە وەرگێڕانی زمانی ئاسایی هەر زمانێكدا و تەنانەت كوردیش! ئێمە بیستوومانە كەوا "پسپۆڕانی" زمانی توركی تادێت گرژ و مۆنتر دەبن.

هەرچۆنێك بێت ئێمە ئێستا لە گەرمەی قەیرانێكی وەزاریداین لە سەر مەسەلەی ئیمتیازی كۆمپانیای نەوتی توركی. پێموایە لە بارەى ئەم كۆمپانیاوە باسم بۆ كردوویت و ئەمە كۆمپانیایەكی ئێنتەرناشناڵ و بەریتانی و فەرەنسی و ئەمریكییە و گرووپێكی زۆر گەورەیە و هێند قەبە و بەتوانایە كە دەتوانێت سەرمایەى زەبەلاحی پێویست پەیدا بكات بۆ بە بۆریی ڕاكێشانی نەوت بە ناو دەریای ناوەڕاستدا. لە دیدی ئێمەوە مەسەلەی گەورە ئەوەیە كەوا گەشە كردنی وڵات دەبێ دەستپێبكات و سەرمایەی دەرەكیش پەرەبسێنێت. بەشداریی   فەرەنسا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پارێزگارییەكی ئیزافییەو ئێمە پێمان خۆشە و باوەشی بۆ دەكەینەوە. بەڵام هەڵچوون و دنەدانێكی گەوجانە و نەزانانە سەری هەڵداوە و بە شێوەیەكى سەرەكی لەلایەن كەسانی دەرەوەی حوكم و وەك كوتەكێك بەكاریدێنن بۆ هاندانی گشت كۆمپانیاكانی تر تا وەكو ڕێگەیان پێبدرێت بۆ كێبەركێ و بەدەستهێنانی ئیمتیاز ئەگەر هەل و مەرجی باشتر پێشكەش بكەن و ئەنجامەكەشی وادەبێت كە ئەوان تا ڕادەیەك هەر مەرجێك پێشكەش بكەن بە لای خۆیانەوە گونجاو بێت كە دواجار بیفرۆشنەوە بە كۆمپانیای نەوتی توركی وەك سێر جیم. كادمان بۆی دەچێت. ئەمەش دواخستنی دوو سێ ساڵ و ناهاوتایی ئابووریی گشتی دەگەیەنێت. مەلیك كارێكی زۆر گران دەكات بۆ ئەوەی كابینەكە ڕاستیی مەسەلەكەی بۆ دەربكەوێت بەڵام سیان لە وەزیرەكان هێشتا هەر هەڕەشەی دەست لە كار كێشانەوە دەكەن و بە سێر هێنرییان وتووە كەوا ئەوان مەترسییەكان لە پێشەوە دەبینن ئەگەر كۆمپانیای نەوتی توركییان رەتكردەوە، بەڵام متمانەیان بە حكوومەتی خاوەن شكۆیە (واتە بەریتانیا ـ و) بۆ دەرباز كردنیان لەم هەرا و ئاژاوەیەی تێیكەوتوون و بەم پێیە داوا كراوە لە حكوومەتی خاوەن شكۆ دیدو بۆچوونی خۆی لە بەهێزترین تێرمدا بە برووسكەیەك رەوانە بكات.

74

4ى ئازارى 1925

... ڕۆژی شەممە، دوو كەسی ئەمەریكی، كە لە خانووی موقیمییەتدا ماونەتەوە، لەگەڵ خۆم بردمن و هەندێ دیمەنی شارم پیشاندان و پاشان سەردانی مەلیكیان كرد. یەك لەمانە ملیۆنێرەو ناوی كراڤاسە و ئەویتر پارێزەرێكی هەڵكەوتووە و ناوی ویلیامزە. تۆ قەت ناوی ئەم مستەر كراڤاسەت بیستووە؟ ئەمە ملیۆنێرێكی ناودار نیە و سەر بە پارتی كۆمارییە و دۆستی پەرلەمانی خۆمان و ویڵسنە و سپرینگی و ڕەنگە بڵێم هەموو كەس دەناسێت و پیاوێكی كەتەی سەر ماش و برنج و پڕە لە زانیاری. ئەو پرسیاری پڕوپووچ ناكات لە سەر سوننی و شیعە چونكە هەموو شتێكیان لەبارەوە دەزانێت، بەڵام ئەو پرسیارانەی كە دەیكات هەموویان بایەخدارو سەرنجڕاكێشن و من زۆر پێی ئاسوودەم، مستەر ویلیامزیش پیاوێكی خۆش مەشرەبە بەڵام من زۆر قسەی لەگەڵ ناكەم. مستەر كراڤاس وەك باوكێك لەگەڵ مەلیكدا دەدوا لە بارەى ئیمیتازاتی نیشتمانییەوە و سەرۆك وەزیرانیش لەوێ بوو و ئەو بە شەخسی زۆر سەری لە مەسەلەی نەوت دەرناچێت بەڵام وەك هەموو كەسێك دەزانێت كەوا نەوت بۆ عێراق بایەخێكی بەرچاوی هەیە و كارێكی گرنگە ئەگەر ئەم گرووپە نێودەوڵەتییە گەورەیەی كۆمپانیای نەوتی توركی رابكێشێتە وڵاتەوە. ئەم خاڵە كـــــــۆمیسیاری بـــاڵا (المندوب السامـــی) زۆر جەختی لـە سەر دەكات و دەكاتەوە بەڵام كابینەی وەزارەت هێشتا هەر دوودڵە و ئەوان بیرۆكەیەكی گەوجانەیان كەوا پێویست دەكات نەوتی مووسڵ بە پارچە پارچە دابەش بكرێت بە سەر ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای بچووكدا بۆ هاندانی كێبەركێ و دابەزاندنی نرخی نەوت. بێگومان مەسەلەكە زۆر گەورەیە و پێویست بە راكێشانی بۆرییە نەوتێك دەكات بۆ سەر دەریای ناوەڕاست بەم ڕەنگە هیچ لایەك ناتوانێ بچێتە ژێری و تەنها گرووپی گەورەی كۆمپانیاكان دێنە پێشەوە و دەرەنجام كۆمپانیا بچووكەكان پاش   زیان و كات بەفێڕۆدان ناچارن پشكی خۆیان بفرۆشنە هەندێ لە گرووپی زەبەلاحی وەك كۆمپانیای نەوتی توركی. پێدەچێت یاسین پاشا خۆی ئامادە كردبێت بۆ هەڵوێست وەرگرتن لە چەند وەزیرێكی هاوكاری، ئەگەر بتوانێت ئاڵۆگۆڕیان پێبكات، كە پێموایە دەتوانێت و چاپەمەنیی نیشتمانیش دەستیان كردووە بە قسە و باس و ئەمەش ئاماژەیەكی باشە.

... كۆمیسیۆنی نەخشەكێشانی سنوور بێجگە لە تێلاكی، كە تەندروستیی تەواو نەبوو، ڕۆیشت بۆ سلێمانی و لەوێ حوكمێكی كۆدەنگی چاكی بەدەستهێنا لە بەرژەوەندیی عێراق. شێخ مەحموود لەم پرۆسەیەدا بەشدار نەبوو لە بەر ئەوەی هەڵاتبوو و ئاودیوی سنوور بووبوو بۆ ئێران. كۆمیسیۆن لە ئێستادا بەرەو شارۆچكەكانی سنووری باكوور دەچێت بۆ تەواوكردنی ئەو كار و ئەركەی پێی سپێردراوە.

75

22 ى نیسانى 1925

... پێناچێت شتەكان زۆر دڵخۆشكەر بن چونكە كۆبوونەوەیەكی سەربازیی گەورەی تورك لە ئارادایە كە بە ناو بۆ كۆتایی پێهێنانی یاخیبوونی كوردە، كە پێدەچێت ئەنجامدرابێت، بەڵام وا دیارە بۆچوونێكی بۆ ترساندنی ئێمە و عیرَاقە كاتێ كە كۆمەڵەی گەلان دەگاتە بڕیاری خۆی. ئەمەش هاوشانە لەگەڵ واتەواتێكی بەربڵاو لەم وڵاتەدا كەوا كاریگەرییەكی زۆری هەیە. سەردانی كۆمیسیۆن لە خۆیدا پاڵنەر و هۆكارە بۆ بێ یاسایی. كاتێ كە ژمارەیەك لە جێنتڵمانی بەساڵاچووی ئەوروپایی دێنە ئەم ناوە و بە ڕێز و شكۆیەكی زۆر گەورەوە پرسیارت لێدەكەن ئاخۆ تۆ حكوومەتەكەی خۆت   خۆشدەوێت و ئاخۆ حكوومەتێكی ترت پێ باشتر نیە و تۆ بە شێوەیەكى سروشتی دەكەویتە بیركردنەوەی ئەوەی كە ڕا و بۆچوونت بەهایەكی گەورەی هەیە.

... با جارێكی تر بێینەوە لاى سلێمانی. شێخ مەحموود سەری بەرز كردووەتەوە پاش ئەوەی كردبووی بە خۆڵدا كاتێ كەوا لیژنەی سنوور ڕۆیشتبووە ئەوێ و یەكدەنگیی دژە توركیای بەدەستهێنابوو. ئەمە بەشێكی واتەواتە و بەشێكیشی قورسایی كۆنی كۆنترۆڵ كردنی باندەكانی چەتەیە لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە. من دوێنێ لە كەركووك بووم و دواتر بۆت باس دەكەم و زۆرم پێناخۆشە ئەوەی كە بیستم، ئەم شتانە دەبێ دەسبەجێ و زۆر بەپەلە مامەڵەی لەگەڵ بكەیت كە پێموانیە بەمجۆرە مامەڵەمان كردبێت، كە بەشێكی بە هۆى ئەوەوە بووە كەوا خاوەن شكۆ پلانی گەشتێكی هەبوو بۆ چیا سنوورییەكانی باكوور و ویستی بڕیار دوابخات تا خۆی دەچێتە كەركووك و ئەوەش تا 2ی مایس رێكناكەوێت. لە ئێستادا ئاژاوە و پشێوی لە سلێمانیدا زیادی كردووە و ئاواتەخوازین كپ بكرێتەوە و مەترسیی كەمتر بێت لەوەی كە چاوەڕێی لێدەكرێت.

... مەلیك داوای لێكردم دوو ڕۆژێكی پپشووی جەژنی ڕەمەزان لەگەڵی بچم بۆ باخەكەی لە نزیك خانەقین و خاوەن شكۆ نیازیە دواینیوەڕۆی هەینی بڕوات و ڕەنگە ئەوان پێنجشەممە مانگ ببینن و پێموایە بڕۆم باشە.

76

29 ى نیسانى 1925

... دوێنێ بەیانی لە كاتژمێر حەوتدا و پاش قاوەڵتیی بەیانی خاوەن شكۆ جەلالەتی مەلیك (كە بە عادەت بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستێ) و من و ئیلتید و كڵەیتن بە تەكسییەكی شەق و شڕ (باوەجوو زیاتر خەتای ڕێگەكە بوو) چووین بۆ خانەقین بە مەبەستی سەردانی پارچە مڵكێك لەوێ كە مەلیك بەنیازە خانووە بچكۆلەیەكی لە سەر دروست بكات. شوێنەكە زۆر جوان بوو و لە سەر گردێك و چوار میل لە ڕۆژئاوای خانەقینەوە بوو، جۆگە ئاو بە بنی گردەكەدا ڕێیدەكرد و دیمەنێكی دڵڕفێنی بەرزاییەكانی ئێران، كە زنجیرە بە دوای زنجیرە شاخدا درێژ بووبۆوە.

ئێمە لە ژێر خێوەتێكی كراوەدا دانیشتین، كە یەكێك لە بریكارەكانی خاوەن شكۆ تێیدا دەژیا و پیاوێكی خەڵكى سوریا بوو بە ناوی ئەحمەد مرێوید و پێموایە دانی بەوەدا ناوە كە پاسەوانێكی كوشتووە و پاش شوێنگۆڕكێیەكی زۆر لێرە گیرساوەتەوە و مەلیكیش دوور لە سوریا لێرە داڵدەی داوە. پاشان من و ئیلتید پیاسەیەكمان كرد و بۆ ڕۆژی دواتریش سەرلەبەیانییەكەی جەی. ئێم. ویڵسن گەیشت و هەموو دڵخۆش بووین كە لە گەرمای بەغدا رزگارمان بووە. بانگهێشتەكە لە ماڵەوە بوو بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ و مەلیك زۆر لە دۆخەكە ڕازی بوو وەك خانەخۆییەكی رووسوور و تا پەڕی ئەوپەڕ وێڵ و ماریفەتی نواند و من دواتر زانیم كە نەیانهێشتووە زەیا (خزمەتكارەكەی میس بێڵ ـ و) پارەی تكتی قەتار بدات و هەمووی لە سەر خۆیان بووە. بۆ سبەی بەیانیی لە پاش قاوەڵتیی كردن گەشتێكمان بەو دەشت و مێرگە پڕ گوڵ و گوڵزارەدا كرد بۆ پردەكەی سەر ئەڵوەند، واتە ڕووباری  خانەقین و لەوێ بە قەراخ ڕووبارەكەدا هەر دەهاتین و دەچووین و مشتومڕمان بوو لە سەر دروستكردنی ڕێگای سەرەكیی ناو مڵكەكە. لە پاش پەڕینەوە بەرەو رۆخی ئەوبەر جووتیارانمان دەبینی ڕاوەماسی دەكەن. لێرە لە چەمی دیالە "سیروان"دا ڕاوە بەرازێكی زۆر خۆشمان كرد، كەوا  كوڕ و كاڵ و سەگەل شوێنیان كەوتبوون و پاشان مەلیكی خاوەن شكۆ بە تفەنگی پۆلیسێك تەقەی لێكرد.

... هێشتا سێر هێنرى هەر خەریكی گەشت كردنە و هێشتا شێخ مەحموود هەر بێزاركەر و هۆكاری نائارامی و ناجێگیریی ئاسایشە، لە كاتێكدا كە وەزیرەكان هەر خەریكی ناكۆكیی ناوخۆیانن و پێموانیە ئەم وەزارەتە ماوەیەكی دوور و درێژ بەردەوام بێت لە حوكمدا.

 

 

بەرهەمە چاپكراوەكانى وەرگێڕ    

 

1. جینوَساید لە عێراقدا .. پەلامارى ئەنفال بوَ سەر كورد.

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە (چاپى یەكەم 1999 بە ناوى خوازراوى سیامەندى موفتى زادەوە، 600 لاپەڕە ، ناوەندى چاپەمەنیى خاك ـ سلێمانى.  چاپى دووەم 2004 ، 460 لاپەڕە، خانەى وەرگێڕان ـ  سلێمانى). چاپى سێهەم 2013، دەزگاى رۆشنبیریى جەمال عیرفان، سلێمانى، 470 لاپەڕە. چاپى فارسى (نسل كشى در عیراق، هجوم أنفال بە كردها) لە دەقە كوردییەكەیەوە لە لایەن (رشید حیدرى)یەوە وەرگێڕراوە، ساڵى 2014 ، دەزگاى رۆشنبیریى جەمال عیرفان چاپى كردووە، 500 لاپەڕە.

2. ڕۆمانى كیژى كاپیتان، نووسینى:  ئەلێكساندەر پووشكین، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، چاپى یەكەم، ساڵى 1999، 156 لاپەڕە، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، سلێمانى. چاپى دووەم، ساڵى 2013، دەزگاى رۆشنبیریى جەمال عیرفان، 261 لاپەڕە.

3. خـوریـى زێـڕیـن "ئەفسانەكانى گەلانى قەوقاز"

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ساڵى 2000 ، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، سلێمانى، 260 لاپەڕە.

4. هۆنراوە و چیروَكى فوَلكۆریى كوردەوارى "بەرگى یەكەم"

كۆكردنەوە و لێكۆڵینەوە، ساڵى 2000، وزارەتى رۆشنبیرى، بەڕێوەبەرێتیى گشتیى چاپ و بڵاوكردنەوە، سلێمانى، 442 لاپەڕە.

5. kurdish folktales، (چیرۆكى فۆلكلۆریى كوردی) كۆكردنەوە، وەرگێڕانى لە  كوردییەوە بۆ ئینگلیزى پرۆفیسۆر ویلەر تاكستۆن wheeler thackston لە زانستگەى هارڤارد، ساڵى 1999،  چاپى یەكەم، ئەمەریكا ـ نیویۆرك ـ دەزگاى كتێبخانەى كوردى،  118 لاپەڕە. چاپى دووەم، ساڵى 2006، وەزارەتى رۆشنبیرى ــ خانەى وەرگێڕان، سلێمانى، 139 لاپەڕە.

6. گۆڕینى ڕژێم ، كۆمەڵە وتارێكى سیاسییە لە سەر عێراق ، نووسینى كریستۆفەر هیچنس، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە. ساڵى 2004، خانەى وەرگێڕان ــ سلیمانى، 192 لاپەڕە.

7. ڕێبەرى یارمەتیدانى كەمینەى نەتەوەیى بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەى هەڵبژاردندا. ئامادە كرنى ئۆفیسى دەزگاكانى دیموكراتى و هەڵبژاردن، وەرگێڕانى لە ئینگلیزییەوە، چاپكردنى پەیمانگاى كوردى بۆ هەڵبژاردن، ساڵى 2004،  122 لاپەڕە.

8. قبور غیر هادئە: البحپ عن المفقودین فى كردستان العراق / تقریر منڤمە مراقبە حقوق الأنسان، الترجمە من الإنكلیزیە. الگبعە الأولى، دار الترجمە ـ السلیمانیە، 2004، 101 صفحە. الگبعە الپانیە، مۆسسە جمال عرفان الپقافیە، السلیمانیە، 2013، 124 صفحە.

9. دلیل لمساعدە الأقلیە القومیە للمساهمە فى العملیە الأنتخابیە. إعداد مكتب المۆسسات الدیقراگیە وحقوق الأنسان، الترجمە من الإنكلیزیە، من منشورات المعهد الكردى للإنتخابات، السلیمانیە، سنە 2004 ، 104 صفحە.

10. رۆمانى دۆنى ئارام، نووسینى: میخائیل شۆڵوَخۆڤ، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە. خانەى وەرگێڕان ـ  ساڵى 2005، سلێمانى، 563 لاپەڕە.

11. ئەمەیە ئەمەریكا.. یادەوەریی كوردێك لە ئەمەریكادا، (یاداشت). دەزگاى خەندان بۆ پەخش و وەشاندن، ساڵى 2005، 147 لاپەڕە.

12. میر ئیڤان و گورگە بۆر، (كۆمەڵێك ئەفسانە و چیرۆكى میللیى گەلان)، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، ساڵى 2005،  164 لاپەڕە.

13. كارێكى ژەهراوى: ئەمەریكا و عێراق و گازبارانى هـەڵـەبـجـە، نووسینى یووست هیڵتەرمان، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ساڵى 2008، كۆمپانیاى ئاوێنە بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، سلێمانى، 437 لاپەڕە.

14. كەركووك لە دوو راپۆرتى گرووپى قەیران نێودەوڵەتیدا، وەرگێڕان لە ئینگلیزی و عەرەبییەوە بە هاوكاریى لەگەڵ ئازا حەسیب قەرەداخى، دەزگاى توێژینەوە و بڵاوكردنەوەى موكریانى، ساڵى 2009، هەولێر، 208 لاپەڕە.

15. رێبازى سۆفیگەریى نەقشبەندیى ـ خالیدى، لە بڵاوكراوەكانى دیدارى جیهانیى مەولانا خالید، نووسینى كۆمەڵێك توێژەر، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، چاپكردنى دەزگاى چاپ و بڵاوكردنەوەى ئاراس، چاپى یەكەم، ساڵى 2009، هەولێر، 468 لاپەڕە. چاپى دووەم، ساڵى 2014، دەزگاى رۆشنبیریى جەمال عیرفان، سلێمانى، 466 لاپەڕە.

16. گەلە بەشخوراوەكانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، كۆكردنەوە و ئامادەكردنى: دێڤید ئەندرۆس، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، لە بڵاوكراوەكانى مەڵبەندى كوردۆلۆجى، ساڵى 2009، سلێمانى، 164 لاپەڕە.

17.  ڤاسیلیساى نازدار ، (چیرۆكى میللیى رووسى)، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە (بە هاوكاریى كانیى كچم و بە ناوى ئەویشەوەیە)، ساڵى 2006، وەزارەتى رۆشنبیری، خانەى وەرگێڕان، سلێمانى، 202 لاپەڕە.

18. شێخ مەحموود: سەرهەڵدان و شكستى سەربەخۆیى باشوورى كوردى پاش جەنگى جیهانیى یەكەم، نووسینى وەدیع جوەیدە، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، (55 لاپەڕەیە لە كتێبى یادنامەى شێخ مەحموودى حەفید، لە بۆنەى پەنجا ساڵەى كۆچى دوایى شێخدا)، بنكەى ژین، سلێمانى، ساڵى 2006.

19. لە گاسنەوە بۆ كۆمپیوتەر (گۆڕان، ڕەفتارى بەكۆمەڵ، بزووتنەوەى كۆمەڵایەتى)، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، سلێمانى، ساڵى 2010، كتێبى گیرفان، 116 لاپەڕە.

20. هژه هى أمریكا .. مژكرات وخواگر كوردى فى أمریكا، كتابە: محمد حمه صالح توفیق، ترجمە: رحیم حمید عبدالكریم بالتعاون مع المۆلف، من منشورات الجمعیە الپقافیە فى كركوك، 2013، 240 صفحە.

21. أوجه الشبه بین جینوساید الكورد والهنود الحمر والهولوكوست النازى (بحپ مقدّم الى مۆتمر الجینوساید المنعقد فى أربیل 26  ـ  28 كانون الپانى 2008)، من منشورات مۆسسە ماركریت، 2013، السلیمانیە، 96 صفحە.

22. الأنفال .. الكورد ودولە العراق، تألیف: شورش حاجى رسول، الترجمە من الكوردیە: محمد حمه صالح توفیق و حسن عبدالكریم و دلیر میرزا، دار الترجمە، 2005، السلیمانیە، 212 صفحە.

23. پشیلە سپییە بچكۆلە (چیرۆكى منداڵان)، نووسینى: مابوا (چینى)، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، خانەى سمۆرە بۆ رۆشنبیریى منداڵان، ساڵى 2009، سلێمانى، 24 لاپەڕە.

24. میشكا و چێشتى سمۆلینا (چیرۆكى منداڵان)، نووسینى: نیكۆڵاى نۆسۆڤ (رووسى)، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، خانەى سمۆرە بۆ رۆشنبیریى منداڵان، ساڵى 2010، سلێمانى، 32 لاپەڕە.

25. a brief study on: anfal as kurdish genocide. margaret publication center, sulaimaniya, 2014.

ئەم باسە لە ئۆكتۆبەرى 1913لە كۆرێكدا لە  شارى فرانكفۆرتى ئەڵمانیا و لە تەمووزى 2014 لە كۆنفرانسى لێكۆڵەرەوانى جینۆساید لە شارى وینیپیگى كەنەدا و لە مارتى 2015 دا لە بەشى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى زانكۆى یاگیلۆنیا لە شارى كراكۆڤى پۆڵەندا پێشكەش كراوە.

26.  كورد لە نامەكانى میس بێڵ دا، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، چاپكردن و بڵاوكردنەوەى دەزگاى رۆشنبیریى جەمال عیرفان، ساڵى 2016، سلێمانى، 340 لااپەڕە.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×