نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا ناسراو بە ئێف بی ئای، پارچە شوێنەوارێكی دزراوی بۆ عێراق گەڕاندەوە كە مێژوەكەی بۆ نزیكەی 2700 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
ئاوێنە: ئێف بی ئای، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، پێدەچێت ئەم پارچە شوێنەوارە لەكاتی تاڵانكردنی مۆزەخانەی عێراق لە بەغدا لە ساڵی 2003دا دزرابێت.
شوێنەوارەكە بریتییە لە پەیكەرێكی (ئەبول هول) كە رازێندراوەتەوەو لە مۆزەخانەی (كارلۆس) لە زانكۆی (ئیموری) لە ئەتلەنتا نمایشكراوە.
پارچە شوێنەوارەكە، رۆژی چوارشەممەی رابردو لە رێوڕەسمێكدا لە واشنتۆن كە لەلایەن باڵیۆزخانەی عێراقەوە رێكخرابو، رادەستی هەڵسوڕێنەری كاروباری عێراق لە ئەمریكا كرایەوە.
لێكۆڵەرەوەكان پێیانوایە مۆزەخانەی (كارلۆس) ئەم پارچە شوێنەوارەی عێراقی لە ساڵی 2006دا لەسەر بنەمای زانیاری چەواشەكارانە كڕیوە.
ئاماژەی بەوەشداوە كە لەدوای راوێژ لەگەڵ شارەزایان كە یەكێكیان لەساڵی 1983 وێنەی ئەو پارچە شوێنەوارەی لە مۆزەخانەی بەغدا گرتبو، ساغ بۆوە كە پارچە شوێنەوارەكە هی عێراقە.