بانكی ناوەندی: لە بەنزینخانەكان ئامێری پارەدانی ئەلیكترۆنی دادەنرێت
  2023-03-16       524       

بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتوەوە وەك قۆناغی یەكەم، ئامێری خوێندنەوەی كارتی بانك بۆ پارەدانی ئەلیكترۆنی لە كۆمەڵێك بەنزینخانەی بەغدای پایتەخت دادەنرێن، ئەوەش بە ئامانجی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی پارەی كاش.

ئاوێنە: بانكی ناوەندیی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، لە سەرەتای مانگی داهاتوەوە لە كۆمەڵێك بەنزینخانەی بەغدای پایتەخت ئامێرەكانی پارەدانی ئەلیكترۆنی دادەنرێن كە هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێگەی كارتی بانكییەوە، بەشێوەی ئەلیكترۆنی پارە بدەن.

ئەوەشی خستۆتەڕو، دانانی ئەو ئامێرانە لەو كۆمەڵە بەنزینخانەیە، قۆناغی یەكەمی پڕۆژەیەكی گەورەترە بە پشتبەستن بە راسپاردەكانی حكومەت بۆ گشتاندنی دانانی خاڵەكانی پارەدانی ئەلیكترۆنی و كەمكردنەوەی بەكارهێنانی پارەی كاش.

بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەم دەستپێكە دەبێتە مایەی بڵاوكردنەوەی كولتوری پارەدانی ئەلیكترۆنی كە ئامانج لێی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی پارەی كاش و پاراستنی پارەی هاوڵاتیانە.

بانكی ناوەندیی عێراق ناوی ئەو كۆمەڵە بەنزیخانەیەی بڵاوكردونەتەوە كە دیاریكراون بۆ ئەوەی لەسەرەتای مانگی داهاتوەوە ئامێری پارەدانی ئەلیكترۆنییان تێدا دابنرێت كە پێكدێن لە نۆ بەنزینخانەو چواریان دەكەونە بەری كەرخ و پێنجیان دەكەونە بەری رەسافەی بەغدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×