كۆمسیۆن وادەی دەستپێكردنی بانگەشەی لایەنە سیاسییەكانی بۆ هەڵبژاردن دیاری كرد
  2023-08-24       567       

ڕاوێژكاری یاسایی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، مانگێك پێش دەنگدان بانگەشەی لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەستپێ دەكات، هەروەها كۆمسیۆن سیستەمێكی تایبەت پەیڕەو دەكات، كە پێویستە سەرجەم لایەنەكان لە چوارچێوەی ئەو سیستەمە بانگەشە بكەن.

ئاوێنه‌: حكومەتی عێراق ١٨ـی كانوونی یەكەمی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دیاری كردووە، هەروەها پاڵپشتی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش دووپات كردووەتەوە، بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی و دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردن.

حەسەن سەلمان ڕاوێژكاری یاسایی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەكانی  ڕایگەیاند، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەموو پڕۆسەیەكی هەڵبژاردندا مانگێك پێش دەستپێكردنی ڕۆژی دەنگدان دەستپێ دەكات، هەروەها بانگەشەی لایەنەكان ڕۆژێك پێش دەستپێكردنی دەنگدان كۆتایی دێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، كۆمسیۆن سیستەمێكی نوێ پەیڕەو دەكات، بۆ ڕێنوێنی كردنی حزبەكان و هاوپەیمانی و كاندیدەكان بەمەبەستی ئەنجامدانی بانگەشەیەكی تەندروست و دوور لە كێشە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان ڕەچاوی ڕێنماییەكانی كۆمسیۆن بكەن لە كاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردندا.

ڕوونیشی كردەوە، سیستەمی بانگەشەی هەڵبژاردن كۆمەڵێك مادەی تێدایە، كە ئاماژەیان بە پابەندبوونی لایەنەكان كردووە، لە كاتی جێبەجێكردنی پرۆسەی بانگەشەدا، لە نێویاندا ماددەی سێیەم و چوارەمی تایبەت بە دیاری كردنی شوێنەكانی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، كە لەلایەن شارەوانییەكانی پارێزگاكانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆن دیاری دەكرێت.

سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ئاماژەی بەوەدا، ئەو بانگەشانەی كە لەلایەن حزب، هاوپەیمانی یان كاندیدەوە ئەنجام دەدرێن، پێویستە ڕەچاوی یاساكانی كۆمسیۆن بكرێت.

جەختیشی لەوە كردەوە، كۆمسیۆن لیژنەی تایبەت پێكدەهێنێت بۆ چاودێریكردنی ڕادەی پابەندبوونی لایەنەكان و هاوپەیمانییەكان لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكاندا، هەروەها هەر سەرپێچییەك سزای یاسایی لەسەرە.

حەسەن سەلمان لەكۆتایدا وتی، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تەنها بە كارتی بایۆمەتری دەتوانرێت دەنگ بدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×