فواد حسێن: خوازیارین رێککەوتنێکی ئەمنی هاوشێوەی ئەوەی ئێران لەگەڵ تورکیاش ئیمزا بکەین
  2023-09-22       799       

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران بۆ چەكداماڵین لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رایگەیاند، سەرجەم بڕگەكانی رێككەوتنەكە لەلایەن عێراقەوە جێبەجێكراون و راشیگەیاند، خوازیارن رێككەوتنی ئەمنی هاوشێوە لەگەڵ توركیا لەبارەی ئاسایشی سنورەكان، بكەن.

ئاوێنە: فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "ئەلحوڕە" لەبارەی رێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان عێراق و ئێران بۆ چەكداماڵین لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو خاكی هەرێم، وتی، لەلایەن عێراقەوە سەرجەم بڕگەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێكراون.

لەبارەی بایەخی سیاسی و ئەمنیی ئەو رێككەوتنە بۆ عێراق، فواد حسێن وتی، دەستهەڵگرتنی ئێران لە بۆردومانكردنی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، مەرجێكی رێككەوتنەكەیە لەبەرامبەر دورخستنەوەی چەكدارانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە سنور، ئەمەش ئەو شتەیە كە حكومەتی عێراق بە هاوكاری حكومەتی هەرێم لە پڕۆسەیەكی "گرنگ و سەركەوتو"دا پێی هەڵساون.

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەگەری هەیە رێككەوتنی ئەمنیی هاوشێوە لەبارەی پەكەكە لەگەڵ توركیا ئەنجام بدەن، فواد حسێن وتی"ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی گفتوگۆدا بوین لەگەڵ توركیا هەروەك ئەوەی گفتوگۆمان لەگەڵ ئێران كردوە. هیوادارین لەگەڵ لایەنی توركی گفتوگۆی چڕمان هەبێت بە هەمان ئەو ئامڕازانەی لەگەڵ ئێران كردومانە."

لەبارەی جیاوازییەكانی گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ توركیا هاوشێوەی ئەوەی ئێران، وتی"چالاكییەكانی هێزەكانی پەكەكە جیاوازترن لە چالاكی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران. هەروەها تاوەكو ئێستا لایەنی توركی ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخساندوین بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكەین بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە."

وتیشی"خوازیارین هەروەك ئەوەی لەگەڵ لایەنی ئێرانی كارمان كرد، دانوستان لەگەڵ توركیاش بكەین بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بەڕێگەیەكی دور لە بەكارهێنانی چەك و توندوتیژی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×