نۆبڵی ئاشتی دەدرێتە ژنە چالاكوانی زیندانیكراوی ئێرانی نێرگز محەمەدی
  2023-10-06       531       
نرگز محەمەدی، ژنە چالاكوانی ئێرانی داكۆكیكار لە مافەكانی مرۆڤ كە ئێستا لە زینداندایە لە ئێران

لیژنەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ براوەی خەڵاتەكە نێرگز محەمەدی، ژنە چالاكوانی ئێرانی داكۆكیكارە لە مافەكانی مرۆڤ. نێرگز محەمەدی لە ئێستادا لە زیندانی ئێڤینی تاران زیندانییەو لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی داوادەكات ناوبراو ئازادبكرێت.

ئاوێنە: لیژنەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ، ئەمڕۆ هەینی، لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ، لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"دا خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی ئەمساڵ بە نرگز محەمەدی، ژنە چالاكوانی ئێرانی داكۆكیكار لە مافەكانی مرۆڤ، بەخشی.

نێرگز محەمەدی، لە ئێستادا لە زیندانی ئێڤینی تاران زیندانییە، بەڵام لەناو زیندانیش دەستبەرداری هەوڵەكانی نەبوە بۆ بەرگری و داكۆكی لە مافەكانی مرۆڤ لە ئێران.

لیژنەی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی رایگەیاند، پەیامی ئەم هەنگاوەیان ئەوەیە كە بە دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵێن، گوێ لە دەنگی خەڵكەكەیان بگرن.

لیژنەكە لە راگەیەندراوێكدا كە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێكردوە، رایگەیاند، لەبەرامبەر خەباتی نێرگز محەمەدی دژی سەركەوتكردنی ژنان لە ئێران و خەباتی بۆ گەشەپێدانی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی، خەڵاتەكەیان بەخشیوە بە ناوبراو.

لیژنەكە ئومێدی خواستەوە نێرگز محەمەدی ئازادبكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە رێوڕەسمی وەگرتنی خەڵاتەكەدا ئامادەبێت.

برێت رەیس، سەرۆكی لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ رایگەیاند، نێرگز محەمەدی لەدژی ئەو جیاكاری و ستەمە رێكخراوەی كە دژی ژنان هەیە، خەبات دەكات.

هەروەها تەقی رەحمانی، هاوسەری نێرگز محەمەدی و چالاكوانی سیاسی رایگەیاند، ئەم خەڵاتە بۆ خەڵكی ئێران و چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤە.

ئانالینا بێربۆك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، یەكێكە لە یەكەمین كەسایەتییە سیاسییەكانی جیهان كە بەرامبەر بەخشینی خەڵاتەكە بە نێرگز محەمەدی هەڵوێستی نیشانداوەو رایگەیاندوە، دەنگی بێ ترسی ئەم چالاكوانە سیاسییە زیندانییە لە ئێران، ناتوانرێت كپ بكرێت. وتوشیەتی، ژنانی ئێران ئایندەی وڵاتەكەیانن.

لەدوای شیرین عەبادی، نێرگز محەمەد دوەم ژنی ئێرانییە كە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەباتەوە.

نێرگز محەمەد، بەهۆی چالاكییەكانی لە بواری داكۆكی لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكانی ژنان و لەوانە رەخنەی لە سەركەوتكردنی ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێران و پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و مافی هاوڵاتیان، لەم دو دەیەی دواییدا چەندین جار زیندانی كراوەو لە ئێستاشدا لە زینداندایە.

نێرگز محەمەدی، ئەمساڵ لە ساڵڕۆژی كوژرانی ژینا ئەمینی لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەخلاقدا، لە پەیامێكدا رایگەیاند، رۆژی كوژرانی ژینا ئەمینی، "رۆژی تۆماریی ستەمی دەسەڵاتی ستەمكاریی ئایینییە دژبە ژنانی ئێران."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×