حەماس بە ئاڕاستەكردنی زیاتر لە پێنج هەزار موشەك، ئۆپەراسیۆنێكی دژی ئیسرائیل راگەیاند
  2023-10-07       550       

باڵی سەربازیی سەربە بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی، ئەمڕۆ شەممە، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی دژبە ئیسرائیل راگەیاندو دەڵێت، لە گەڕی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكەدا زیاتر لە پێنج هەزار موشەك و كاتیۆشایان ئاڕاستەی ئیسرائیل كردون. ئیسرائیل دەڵێت: كۆمەڵێك چەكدار لە كەرتی غەزەوە دزەیان كردۆتە نێو خاكی وڵاتەكەیان.

ئاوێنە: محەمەد زەیف، فەرماندەی گشتی كەتیبەكانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس لە پەیامێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەكەیان لەژێر ناوی "گەردەلولی ئەقسا" دەستپێكردوە لە وەڵامی ئەو "تاوانانەی زایۆنییەكان بەرامبەر پیرۆزییەكان و دەستگیركراوان" ئەنجامیانداون.

وتیشی، ئۆپەراسیۆنەكە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەستی پێكردوەو وەڵامە بۆ ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەكانی ئیسرائیل لە شارەكان و بەردەوامی ئابڵوقەی ئیسرائیل لەسەر غەزە.

محەمەد زەیف وتیشی، لە گەڕی سەرەتای ئۆپەراسیۆنەكەدا زیاتر لە پێنج هەزار موشەك و كاتیۆشایان ئاڕاستەی ئیسرائیل كردون كە بەقسەی ئەو موشەكەكان چەند پێگەیەكی سەربازیی ئیسرائیلیان كردۆتە ئامانج.

بەپێی قسەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەهۆی هێرشە موشەكییەكانەوە ژنێكی 70 ساڵان بەسەختی برینداربوەو هەروەها گەنجێكی 20 ساڵانیش برینداربوە.

نوسینگەی بنامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندوە، بڕیارە سەركردەی دەزگا ئەمنییەكان لەبارەی هێرشە موشەكییەكانەوە كۆببنەوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، چەند چەكدارێك لە غەزەوە چونەتە نێو ئیسرائیل تەقە دەكەن.

هێزەكانی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێن، ژمارەیەك چەكدار لە كەرتی غەزەوە دزەیان كردۆتە ناو خاكی وڵاتەكەیان و داوا لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەكەن لە ماڵەكانیان بمێننەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×