کاردانەوەی وڵاتانی‌ جیهان بەرامبەر هێرشەکەی بزوتنه‌وه‌ی‌ حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل
  2023-10-07       1047       

له‌كاردانه‌وه‌ی‌ هێرشەکەی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی بۆ سەر ئیسڕائیل، به‌شێك له‌وڵاتانی‌ زلهێزو وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆیان له‌نێوان ئیدانه‌و پشتیوانی‌ بۆ هێرشه‌كان ده‌ربڕی‌.

ئاوێنه‌: به‌ره‌به‌ریانی‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لەژێر ناوی "گەردەلولی ئەقسا" دژ بەئیسرائیل راگەیاندو لەگەڕی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكەدا زیاتر لەپێنج هەزار موشەكی‌ ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد. هه‌روه‌ها له‌هێرشه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی‌ سوپای‌ ئیسرائیل كوژران‌و ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌شی‌ به‌دیل گرت.

کاردانەوەی وڵاتانی‌ جیهان بەرامبەر هێرشەکەی بزوتنه‌وه‌ی‌ حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل:

ئەمریکا
کەناڵی سی ئێن ئێن لەزاری وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، "ئەمریکا بێ دودڵی سەرکۆنەی هێرشەکانی حەماس دەکات و لەپاڵ حکومەت و گەلی ئیسڕائیلدا دەوەستێت."

هه‌روه‌ها لوەید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگه‌یاند، "لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتودا وەزارەتی بەرگری کار دەکات بۆ دڵنیابونەوە لەوەی ئیسڕائیل هەرچی پێویست بێت دابین بکرێت بۆی بۆ بەرگریکردن لەخۆی و پاراستنی هاوڵاتیانی لەتوندوتیژی و تیرۆری بێ جیاکاریی."


ئەڵمانیا
ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا وتی‌، "ئەمڕۆ هەواڵی ترسێنەرمان پێگەیشت لەئیسڕائیلەوە. بەتەواوەتی توشی سەرسوڕمان بوین بەو موشەکانەی کە لەغەزەوە هەڵدەدرێن و پەرەسەندنی توندوتیژییەکانه‌. ئەڵمانیا سەرکۆنەی ئەم هێرشانەی حەماس دەکات و لەپاڵ ئیسڕائیلدا دەوەستێت."

فەڕەنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات‌و دەڵێت، "هاوسۆزی تەواویی خۆم بۆ قوربانییان و خێزانەکانییان و کەسوکارییان دەردەبڕم."

مەحمود عەباس
دەزگای هەواڵی وەفای فەڵەستینییەکان لەزاری سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباسەوە بڵاویکردەوە گەلی فەڵەستینی مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات دژی "تیرۆری نیشتەجێیەکان و هێزی داگیرکەران."

سعودیە
ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ ڕه‌سمی‌ سعودیە بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە داوای "دەستبەجێ ڕاگرتنی توندوتیژییەکان دەکات."

میسڕ
دەزگای هەواڵی میسڕ لەزاری وەزارەتی دەرەوەی میسڕەوە بڵاویکردەوە "میسڕ هۆشداریدا لەسەر دەرەنجامی مەترسیداری زیادبونی گرژییەکان." هەروەها داوای دان بەخۆداگرتنی کردو داوای کرد هاوڵاتیانی سڤیل نەخرێنە ژێر مەترسی زیاترەوە.

بەڕیتانیا
جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا ڕونیكرده‌وه‌، "بەڕیتانیا سەرکۆنەی هێرشە ترسناکەکانی حەماس دەکات بۆ سەر هاوڵاتیانی سڤیلی ئیسڕائیلی. بەڕیتانیا هەمیشە پشتگیری لەمافی ئیسڕائیل دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی."

یەکێتی ئەوروپا
ئۆرسولا ڤۆن دێر لین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا وتی، "سەرکۆنەی هێرشەکەی تیرۆریستانی حەماس دەکەم دژی ئیسڕائیل. ئەوە تیرۆرە لەپیسترین شێوازیدا. ئیسڕائیل مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات دژی ئەو هێرشە دڕندانانە."
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ لەبەیاننامەیەکدا ڕایگه‌یاند، " ئاگاداری هەواڵی ئیسڕائیلین و سەرکۆنەی هێرشەکانی حەماس دەکەین. ئەم توندوتیژییە ترسناکە دەبێت دەستبەجێ ڕابگیرێت. تیرۆر و توندوتیژی هیچ شتێک چارەسەر ناکەن."

کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان
کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر توێرک ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو، "ئەم هێرشە کاریگەرییەکی ترسناکی هەیە لەسەر هاووڵاتیانی سڤیلی ئیسڕائیل. دەبێت هاوڵاتیانی سڤیل هەرگیز نەبنە ئامانجی ئەو هێرشە."

داواشی لەئیسڕائیل کرد لەوەڵامەکەیدا هاوڵاتیانی سڤیل نەکاتە ئامانج.

تورکیا
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی، "داوای دان بەخۆداگرتنی سەرجەم لایەنەکان دەکەین."

قەتەر
وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕیش بڵاویكرده‌وه‌، تەنها ئیسڕائیل بەرپرسە لەزیادبونی توندوتیژییەکان لەگەڵ گەلی فەڵەستینیدا. وتیشی، قەتەڕ داوا لەهەردولا دەکات دان بەخۆیاندا بگرن.

عومان
دەزگای هەواڵی عومانیش لەزاری بەرپرسێکی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین "دەستبەجێ دەستوەربدەن بۆ وەستاندنی پەرەسەندنەکان و پەنابردن بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان."

هۆڵەندا
سەرۆک وەزیری هۆڵەندا مارک ڕوتێ ده‌ڵێت، "ئێستا قسەم لەگەڵ سەرۆک وەزیر نەتانیاهودا کرد سەبارەت بەهێرشە بێپێشینەکەی حەماس دژی ئیسڕائیل. پێموت هۆڵەندا بێ دودڵی سەرکۆنەی ئەم توندوتیژییە تیرۆریستییە دەکات و بەتەواوەتی پشتگیری لەمافی ئیسڕائیل دەکات بۆ بەرگریکردن لەخۆی."

ڕوسیا
دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکس لەزاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا میخایل بۆگدانۆڤەوە بڵاویکردەوە كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ سەبارەت بەشەڕەکەی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیلدا لەپەیوەندیدایە لەگەڵ ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان و وڵاتانی عەرەبیدا. وتیشی، "وەکو هەمیشە داوای دان بەخۆداگرتن دەکەین."

ئۆکرانیا
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیش سەرکۆنەی "هێرشە تیرۆریستییەکەی " سەر ئیسڕائیلی کرد، وتی " نابێت گومان لەمافی ئیسڕائیل بکرێت بۆ بەرگریکردن لەخۆی."

حیزبوڵای لوبنان
حیزبوڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری لێدەکرێت و دوژمنی سەرسەختی ئیسڕائیلە، وتی، "لەپەیوەندیدایە لەگەڵ سەرکردایەتی بەرخۆدانی فەڵەستینییەکاندا." وتیشی، " ئەوە وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ بەردەوامیی داگیرکارییەکەی ئیسڕائیل و پەیامێکە بۆ ئەوانەی کە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەدەن لەگەڵ ئیسڕائیلدا."

ئیماڕات
ئیماڕاتیش بەهەمانشێوە ڕایگەیاند، "وڵاتەکە داوای دان بەخۆداگرتنی لایەنەکان دەکات و داوا دەکات دەستبەجێ شەڕەکە بوەستێندرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×