کادیرێکی پارتی نهێنی لێدوانێکی وەزیری وزەی تورکیا ئاشکرادەکات
  2023-10-10       588       

لەسەرەتای مانگی 10ی ئەمساڵ وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاند، هێڵی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لەماوەی هەفتەیەکدا ئامادە دەبێت، بەڵام کادیرێکی پێشکەوتوی پارتی لەبەغدا دەڵێت، ئەو لێدوانەی وەزیرە تورکیەکە تەنها ناردنی پەیامێکی سیاسیی بوە بۆ بەغدا.

وەفا محەمەد کەریم کادیری پێشکەوتوی پارتی لەبەغدا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی وتوه‌، "ڕاگەیاندنی ئەلپ ئەرسەلان بەیرەقداری وەزیری وزەی تورکیا بەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەماوەی هەفتەیەدا دەستپێدەکاتەوە،  تەنها ڕەوانەکردنی پەیامێکی سیاسیی بوە بۆ بەغدا".

کەریم هەروەک دەڵێت، "تورکیا ویستویەتی لەو ڕێگه‌یەوە سەودایەک لەگەڵ عێراقدا بکات‌و پەیامێکی هۆشداریی ناردوە بەوەی عێراق جگە لەبەندەری جەیهانی تورکیاوە نەبێت ناتوانێت لەهیچ ڕێگه‌یەکی ترەوە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەبکاتەوە".

بەوتەی ئەو کادیرەی پارتی، نەوتی هەرێمی کوردستان نە ئەم هەفتەیەو نە هەفتەی داهاتوش هەناردە ناکرێتەوە، ئەو لێدوانەش تەنها بۆ میدیا بوەو ئامانجێکی سیاسیی لەپشتەوە بوە.

دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لەپاریس بەوەی تورکیا لەبەرامبەر ڕەوانەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ رەزامەندیی بە‌غدا دەبێت بڕی 1.5 ملیار دۆلار غەرامە بەعێراق بدات، ئەنکەرە هێڵی گواستنەوەی نەوتی بەرەو بەندەری جەیهان ڕاگرتوە، بەوپێیەی تورکیا لەبڕیارەکە نیگەرانەو ئامادەنییە ئەو پێبژاردنە بەعێراق بدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×