پارێزگاری نەینەوا: ناوم لە لیستی كاندیدە دورخراوەكان لابرا
  2023-10-17       424       

پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، ناوی لە لیستی ئەو كاندیدانە لابراوە كە بە بڕیاری دەستەی باڵای نیشتمانی لێپرسینەوە و دادپەروەری لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دورخراونەتەوە. پارێزگای نەینەوا بەپاساوی ئەوەی كة پێشتر بەعسی بوە ناوی لە لیستی كاندیدە دوخراوەكاندا بو.

ئاوێنە: نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ سێشەممە، بە روداوی راگەیاند، "بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ناوم لە لیستی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری لابراوە".

 ئەوەش بەواتای ئەوەیە كە ناوبراو دەتوانێت كاندید بێت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا.

هەر لەو بارەوە ئەحمەد جبووری، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق کە نزیکە لە نەجم جبوری، ئەمڕۆ سێشەممە، لە پۆستێکدا لە فەیسبوکی تایبەتی خۆی وێنەیەکی خۆی و نەجم جبوری بڵاوکردەوە و وتی"ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ناوی هەریەکە لە نەجم جبوری و حەمەد نامس جبوری لە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری دەرهێنا."

 رۆژی 25- 09-2023، دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق نوسراوی بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و لیستێکی هاوپێچ کردبو کە لە 150 کەس پێکهاتبو و ئاماژە بەوە کرابو، ئەو کەسانە پێشتر بەعسی بون و مافی ئەوەیان نییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق كاندید بن، نەجم جبوری، پارێزگای نەینەوا یەکێک بو لەوانەی ناوی لە لیستەکەدا هەبو کە خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان كاندید کردوە کە بڕیارە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت.

ئەوەش لەكاتێكدا كە پاش ئەوەی نەجم جبوری تانەی لە بڕیارەکەی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق دابو، رۆژی 11-10-2023 دادگای پێداوونەوەی فیدراڵی عێراق کۆبوەوە و  تانەکەی جبوری رەتکردەوە و بڕیارەکەی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری پەسەندکرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×