وەزیری بەرگریی عێراق گەیشتە بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار
  2023-10-20       308       

پاش ئەوەی لە دو رۆژی رابردودا بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار، كە هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان لەخۆدەگرێت، دو جار روبەڕوی هێرشی درۆن و موشەك بوەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، وەزیری بەرگریی عێراق گەیشتە بنكە ئاسمانییەكە.

ئاوێنە: وەزارەتی بەرگریی عێراق، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، بەسەردانێك گەیشتۆتە بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار بۆ چاودێریكردنی دۆخی ئەمنی و بەسەركردنەوەی یەكە سەربازییەكان لەو پارێزگایە.

سەردانەكەی وەزیری بەرگریی عێراق بۆ بنكە ئاسمانییەكە لەكاتێكدایە كە شەوی رابردو بە درۆن و موشەک هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق و دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە نێو بنکەکە بیسترا.

گروپی چەکداریی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە راگەیەندراوێکدا وتی، بنکەی عەین ئەسەدی "داگیرکاریی" ئەمریکایان بە ژمارەیەک موشەک کردوەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئامانجەکانیان بە"وردی و راستەوخۆ" پێکاوە.

رۆژی چوارشەممەش، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەماوەی 24 سەعاتی رابردو، بە سێ درۆن دو هێرشی جیا كراوەتە سەر هێزەكانیان لە عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هێرشی یەكەمیان بە دو درۆن بوە بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبارو یەكێك لە درۆنەكان تێكشكێنراوەو گورزیش لە درۆنی دوەم وەشێنراوە، لە هێرشەكەدا هێزەكانی هاوپەیمانان برینداری سوكیان هەبوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×