محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌کۆبونەوەی لوتکەی "ئاشتی قاهیرە" ڕایگه‌یاند، روداوه‌كانی غه‌ززه کاریگەری لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی‌و تەشەنەکردنی ململانێکان دەبێت لەسەر ئاستی ناوچەیی. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه ئاڵۆزییه‌كان هەڕەشە لەدابینکردنی وزە بۆ بازاڕە جیهانییەکان دەکات‌و قەیرانە ئابورییە جیهانییەکان چەند هێندەتر دەکات.
ئاوێنه: ئه‌مڕۆ شه‌ممه کۆبونەوەی لوتکەی "ئاشتی قاهیرە" کە تایبەت بو بەتاوتوێکردنی پێشهاتەکانی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل - فه‌ڵه‌ستین‌و دۆخی مرۆیی كه‌رتی غه‌ززه، به‌به‌شداری به‌شێكی به‌رچاو له‌سه‌رۆك‌و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و ئیسلامی ده‌ستیبه‌كاره‌كانیكرد.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق به‌شداری له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا كرد‌و وتارێكی پێشكه‌شكرد. سودانی ڕایگه‌یاند، "گەلی فەڵەستین دەخرێتە ژێر پرۆسەیەکی جینۆسایدەوە خەڵکی مەدەنی له‌شوێنه‌كانی وه‌كو کڵێساو نەخۆشخانەکان به‌ئامانج ده‌گیرێن".
وتیشی، "کۆمەڵکوژیی نەخۆشخانەكه‌ی غه‌ززه ڕوخساری ڕاستەقینەی داگیرکاریی زایۆنیستی نیشاندا، کە هەمو هێڵە سورەکانی بەزاندوە، ئەوەی دەگوزەرێت تاوانێکی جەنگی تەواوەتییە، کە بەکوشتنی خەڵکی بێ‌دیفاع و بێبەرگری دەستیپێکرد".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، روداوه‌كانی غه‌ززه کاریگەری لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و تەشەنەکردنی ململانێکان دەبێت لەسەر ئاستی ناوچەیی، هەڕەشە لە دابینکردنی وزە بۆ بازاڕە جیهانییەکان دەکات، قەیرانە ئابورییە جیهانییەکان چەند هێندەتر دەکات و دەرگا بەڕوی ململانێی قوڵتر و فراوانتردا دەکاتەوە.
جەختیشی کردەوە، "عێراق بە توندی هەوڵەکانی چۆڵكردنی کەرتی غەززە لە گەلەکەی رەتدەکاتەوە، بەو پێیەی هیچ بوارێک نییە بۆ باسکردنی نیشتەجێکردن، یان دروستکردنی کەمپی پەنابەران، هەروەها هیچ شوێنێک بۆ فەڵەستینییەکان نییە جگە لە زەوییەکانیان".