لوبنان..سەعد حەریری دەكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران
  2019-12-08       774       

سەمیر خەتیب، كەسایەتی بازرگان و كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، موفتی لوبنان پێی وتوە، كۆدەنگییەك هەیە بۆ ئەوەی سەعدی حەریری رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی لوبنان.

ئاوێنە: ئەو لێدوانەی سەمیر خەتیب، ئاماژەیە بۆ كۆتاییهاتنی خۆكاندیدكردنی بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی لوبنان كە بەپێی سیستمی پشكپشكێنەی تائیفی ئەو وڵاتە، پۆستەكە تایبەتە بە سوننەكان.

سەعد حەریری لە 29ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی دژبە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دەستی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كێشایەوە.

سەعد حەریری، هەفتەی رابردو رایگەیاند، پشتیوانی سەمیر خەتیب دەكات بۆ ئەوەی رابسپێردرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكومەتی نوێی لوبنان.

بەڵام ئەمڕۆ سەمیر خەتیب، دوای دیدارێكی لەگەڵ شێخ عەبدولـلەتیف دەریان، موفتی ئەو وڵاتە، رایگەیاند كە موفتی پشتیوانی لە حەریری دەكات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكە.

خەتیب وتی، موفتی پێی راگەیاندوە كە لەئاكامی دیدارو راوێژو پەیوەندییەكان لەگەڵ كەسایەتی و رۆڵەكانی تائیفەی سوننە، رێككەوتون لەسەر راسپاردنی سەعد حەریری بۆ پێكهێنانی حكومەت. 

خەتیب ئاماژەی بەوەشدا كە دەچێتە ماڵی سەعد حەریری لە بەیروت بۆ ئەوەی بابەتەكەی پێ بڵێ، چونكە سەعد حەریری پێشتر ناوی لەو ناوە بۆ پێكهێنانی حكومەت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×