گەوجاندنی پۆستمۆدرێن

سەردار عەزیز
  2020-06-16     964
ڕەنگە لە کوردستان ناوی کامبیریدج ئەنالیتیکا هێندە ناسراو نەبێت. بە کورتی کامبریدج ئەنالیتیکا ناوەندێکی شیکاری بون کە پشتیان بە لایکی فەیسبوک دەبەست بۆ ئەوەی پرۆفایلی دەرونی یان سایکۆلۆجی کەسەکان دیاری بکەن و لە ڕێگایەوە بتوانن هەست و سۆز و کرداریان ئاراستە بکەن.
کەواتە فەیسبوک ئەو پانتاییە کە زیاتر لە هەمو جێگایەکی تر، لە دونیای ئەمڕۆدا، مرۆڤەکان ئەوەی لە خۆیاندا پەنهانیانداوە دەریدەبڕن. هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە سەر فەیسبوک زۆر جیاوازە لە هەڵسوکەوتی لە ژیانی ڕۆژانەدا. جارێکیان لە سلێمانی ڕۆشتمە کافێیەک، کەسێک کە لە فەیسبوک جنێوی پێئەدام، لەوێ پارەی کۆفیەکەی بۆدام.
مەبەستم لەم ڕاوە ڕێویە ئەمەیە. ئەمڕۆ لە کوردستان فەیسبوک بەکاردێت بۆ ئاراستەکردنی خەڵکێکی زۆر لە ڕوی دەرونیەوە. ئەگەر بە ووردی تەماشا بکەیت دەبینیت دیاردە بە دوای دیاردەدا دێت، هەر چەند هەفتەیەک یان مانگێک، لە نێوان دیاردەیەک و دیاردەیەکی تردا هەیە.
بۆ نمونە هەر لەم ماوەیەدا، ماوەیەک باسی لامەرکەزی بوو، پاشان، هەڵبژاردنی پێشوەخت، ئینجا ڕوخانی حکومەت، ئێستا گواستنەوەی موچە بۆ بەغدا. هەموو ئەمانە کەمپەین نین بۆ کردارێک، ئامانجیان ئەوەنیە ئەوەی کە دەوترێت بکرێت، بەڵکو تەنها یاری دەرونین بە خەڵک دەکرێن.
وەک چۆن کامبریدج ئەنالیتیکا، پرۆفایلی بۆ لایکەران دروست دەکرد و بۆ مەبەستی دەنگدان هەوڵی دەدا کە ئاراستەیان بکات، لە کوردستانیش بەجۆرێک لەو جۆرەیە. وەک دەردەکەوێت ئەو شتانەی کە دەوروژێنرێت، ئامانج ئەنجامدانیان نیە، بەڵکو دەزانرێت کە دەرونی خەڵکی دەهەژێنێت و زیاتر توڕە و بێزار و نائومێد و ملکەچی دەکات.
ئێستا دەبێت لای خەڵك ڕون بێت کە تەمەنی ئەم دیاردە فەیسبوکیانە چەندە، بۆچی دەکرێن، بۆ پاش ماوەیەک کەس باسی ناکات؟؟؟
هەمو کەس دەزانێت کە بەغدا موچە نادات، نە بە فەرمانبەر، نە بە هیچ شوێنێکی تر، ئەمە لە سەردەمی عەبادیدا بە عەمەلی تاقیکرایەوە. بەڵام دەوروژێنرێتەوە چونکە خەڵك وەها دەستەمۆکراوە نازانێت چی واقیعیە و چی پڕوپاگەندە و چی یاری دەرونییە.
ئەم دۆخە کۆمەڵێک بواری ئاڵۆز دەوروژێنێت کە لێرەدا ناتوانین بە وردی باسیان لێوە بکەین. یەکەم، هەرکەسێک ئەو شتەی گوت کە لە ناخی تۆدایە، مەرج نیە دۆستت بێت، دەبێت لە نیاز و یاری و ئامانجەکە بنواڕیت. دووەم، دەمێکە وتراوە، ڕاستییەکە بەڵام ئامانجەکەی ناڕەوایە، ئەمەش بە هەمانشێوە، هەمیشە لە ئامانج بنواڕە. سێیەم، شتێک نیە ناوی مرۆڤی قوربانی بێت، بیرمەندە جولەکەکان بە ئازاری زۆرەوە کاریان لە سەر ئەم بوارە کردوە. بۆ نمونە تێزی گوێ بگرە پیاوی بچوک، ئەمڕۆ بۆ کوردستان زۆر گونجاوە. مرۆڤی سادە، لە ڕێگای ڕێگەپێدان بەوەی ئەوانیتر فریوی بدەن دەبێتە کەسێکی تاوانبار. لێرەدا سادە دەکرێت مامۆستایەکی زانکۆ بێت، یان دادوەرێک بێت، یان بیرۆکراتێکی گەورە. ئاینکمان ئەو کەسەیە کە هانا ئارێنت ئەم تێزەی لە سەر بونیاد دەنێت. ئاینکمان کەسێک بوو دەیویست کارەکانی بەو پەڕی باشیەوە ئەنجام بدات، کارەکەشی گواستنەوەی جولەکەبو لە ڕێگای شەمەندەفەرەوە بۆ کامپەکان. ئاینکمان کەسێک بوو کە تەنها ڕۆژنامەی دەخوێندەوە. وەک ئەمڕۆ کەسێک تەنها لە فەیسبوک یان تەلەفزیون بنواڕێت بۆ ئەوەی لە دونیا تێبگات.
هیچ ساتێک لە مێژوی مرۆڤایەتیدا هێندە داتا لە بەردەستتدا نەبوە، هیچ ساتێکیش هێندەی ئێستا فریودانی مرۆڤەکان ئاسان نەبوە.
دونیا ئاڵۆزە، لەم سەردەمەدا زۆر زۆر ئاڵۆزترە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×