حەشد بەرەو کوێ؟

سەردار عەزیز
  2019-08-28     272

حەشد وەک ناوێک بۆ پێکەوەبونی کۆمەڵێک هێزی جودا، لە ساتەوەختێکی تایبەتدا هاتە ئاراوە. ساتەوەختێک کە هەمو هێزە جیاوازەکانی یەکخست لە پشتیوانی کردنی. ئەم ساتەوەختە ساتەوەختی قەیرانە، ئابوریناسی گەورەی ئەمریکی میلتۆن فریدمان لە کتێبی کەپیتالیزم و سوشیالیزمدا باس لە گرنگی قەیران دەکات بۆ هێنانەئارای ئەوەی کە لە ساتەوەختی ئاساییدا هێنانەئارای ئاسان نیە. 
لە سەرەتاوە حەشد وەک دیاردەیەکی کاتی دەبینرا، بەڵام لای ئەوانەی کە چاودێری ئاسایشیی ناوچەکە دەکەن؛ ئەوە ڕون بوو کە دیاردەیەکی کاتی نیە. کۆمەڵێک فاکتەر هەبون کە حەشدیان بەرهەم هێنا، هەندێکی مێژویی، هەندێکی ستراکتچەر و هەندێکی تری دۆکترنە. وەک کینث پۆڵاک لە کتێبی سوپاکانی لمدا پێمان دەڵێت، سوپا عەرەبیەکان کاریگەرنین. کاریگەربوون گرنگترین خەسڵەتی سوپایە بە تایبەتی لە دیدی ئەمریکیەکانەوە. ئەم ناکاریگەرییەی سوپای عێراقی هەمو شایەتحاڵی بون لە کاتی روداوی کەوتنی موسڵدا. هەرچەندە هەڵەیە ئۆباڵی کەوتنی موسڵ بخەینە سەر سوپا بە تەنها چونکە کۆمەڵێک هۆکاری تری زۆرن هەن کە بەشێکن لەو پرۆسەیە، وەک گەندەڵی، پلانی خراپ، نەبونی پەیوەندی لە گەڵ خەڵكی شارەکە، فەرماندەی لاواز، و زۆر هۆکاری تر. بەڵام کەوتنی سوپای عێراق بۆ ئەمریکاییەکان مایەی پەشۆکان بو چونکە ئەوە بەرهەمی خەرجکردنی زیاتر لە ٢٠ بلیون دۆلاربوو. بەڕای من ئەو پارە زەبەلاحە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەو ڕوخانە بو، بەڵام سەرباری ئەوە شکستی پرۆسەی بونیادنانی سوپایەکی نوێ دەردەخات لە لایەن ئەمریکاوە. ئەمریکاییەکان لە ٢٠٠٣ لە بڕیاری دوەمی سی پی ئەی یان هاوپەیمانی دەسەڵاتی کاتی، سوپای عێراقیان هەڵوەشاندەوە. ئەم بڕیارە هەتا ئەمڕۆ بە یەکێک لە گەورەترین هەڵەکان ئەژمارد دەکرێت. (هەرچەندە ڕەخنەکان هێندە لۆژیکی نین) لە دەقی بەیاننامەکەدا، کە بە بەیاننامەی ژمارەی دوی سی پیئەی ناسراوە، باس لەوە دەکات کە ئەو سوپایە کە جێگرەوە دەبێت سوپایەک دەبێت کە لەلایەن مەدەنیەوە بەڕێوەدەبرێت، پرۆفیشناڵ یان پیشەیی دەبێت، کاریگەردەبێت لە ڕوی سەربازیەوە. هەموو ئەم چەمکانە زادەی کەلتوری سەربازی ئەمریکین. لە ساڵی ١٩٥٧ سامۆئێل هەنتنگتۆن چەمکی پرۆفیشناڵ لە کتێبی سەرباز و دەوڵەتدا دادەڕێژێت. 
کەوتنی سوپای عێراق شیعەی گەیاندە ئەو باوەڕە کە دەبێت سوپایەکی جیاواز هەبێت. ئەم سوپا جیاوازە لە سەر کۆمەڵێک بنەما بونیادنراوە کە لە گەڵ ئەو خەسڵەتانەدا یەکناگرێتەوە کە لە بەیاننامەکەی سی پی ئەیدا هاتوە. خەسڵەتی ئەم سوپا نوێیە یان حەشد، ناڕێکی یان ئیڕێگیولەرە. ئەم ناڕێکیە مەبەست لێی ئەوەیە کە بە شێوازی سوپای مۆدرێن ڕێکنەخراوە. ئەندامانی ئەم سوپایە هێندە جیاوازنین لە کەسانی مەدەنی. هەڵگری ئەو سیمبول و راهێنانە جەستەییە نین کە میشێل فۆکۆ لە باسی سەربازدا بۆمان باس دەکات. 
ئەمرۆ پاش تەواوبونی شەڕی داعش، قسە لە سەر چارەنوسی حەشد هەیە. بە گشتی سێ سیناریو لە ئارادایە، یەکەم، بونی عێراق بە وڵاتی جوت سوپایی، وەک زۆر وڵاتانی تری ناوچەکە. دووەم، تێکەڵکردنی حەشد بە هێزەکانی ئاسایشی عێراقی، کە سوپا و پۆلیس لە خۆی دەگرێت، سێیەم، کە لە ڕۆژانی ڕابوردودا لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی یوسف الناصری پێشنیاری ئەوەکرا کە سوپا لە ناو حەشدا بتوێتەوە. 
ئەوەی ڕونە کە هیچ کام لە هەوڵانە فەراهەم نابن. حەشد هێزێک نیە هەتا بتوانرێت لە هەناو هێزێکی تردا بتوێنرێتەوە. خەسڵەتی هەرە سەرەکی حەشد نایەکبونە. چەمکی نایەکبون لە چەمکی ئەسێمبلیجی ئینگلیزیەوە وەرگیراوە. هەرچەندە ئەسێمبلیج بەمانای پێکەوەنوسانی دوو یەکه یان زیاتر دێت، بەڵام نەک بە شێوازیك هەتا ببن بەیەک بەڵکو بەجۆرێک هەر یەکەیەک بونی خۆی دەپاریزێت. وەک دیوارێکی بەردین. بەم پێیە حەشد لە کۆمەڵێک هێز پێکهاتوە، کە هەر هێزێک ئۆتۆنۆمی خۆی هەیە، بەڵام بەیەکەوە حەشد پێکدەهێنن بەبێ ئەوەی ببن بەیەک. لێرەدا یەکبون وەها دەبینرێت کە وەک جەستە بێت. بۆ نمونە لە جەستەدا دڵ یەکەیەکە بەڵام دڵ بەتەنها ناژی لە دەرەوەی جەستە. ئەمە بۆ ئەسێمبلیج وەها نیە. کەواتە حەشد نایەکبونە، لە هەناو خۆیدا لە کێبڕکێی و ململانێدا دەژی. تەنها لە پەیوەندی دەرەوەیدا لە گەڵ ئەویتردایە. لەناوەوە میکانیزمی خۆی هەیە. بۆ زیاتر تێگەیشتن لە چەمکی ئەسێمبلیج دەکرێت سود لە کارەکانی دۆلۆز گواتاری وەربگیرێت بە تایبەتی لە کتێبی فەلسەفە چیە؟
بۆیە حەشد لێرەیە، نە دەتوێتەوە، نە سوپا دەهێنێتە ناوخۆیەوە، نە هێندەش جیاواز دەبێت لە سوپا. دەتوانێت هەمویان بێت لە هەمانکاتدا. لە هەمانکاتدا نەک تەنها لە ڕوی ستراکتۆرەوە بەڵکو لە ڕوی ئامانج و دۆکترنەوە حەشد جیاوازە.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×