ساتەوەختێکی هەستیار لە پەیوەندی ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سەردار عەزیز
  2019-09-17     1301
لە پاش جەنگی جیهانی دوەمەوە، پەیوەندی ئەمریکا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە سەر سێ بنەما بونیاد نراوە: پاراستنی ئیسرائیل، بەردەوامی نەوت لە گەڵ ڕێگری لە هەر هێزێک لە ناوچەکە کە هەوڵ بدات ئەم دوانە بخاتە مەترسییەوە. لێدانی پاڵاوگەی سعودی و ڕاڕایی بونی ئەمریکا لە چۆنێتی وەڵامدانەوە، نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە لە ساتەوەختێکی وەرچەرخانداین.
دەمێکە تێزی ئەوە لە ئارادایە کە نەوت گرنگی جارانی نەماوە بۆ ئەمریکا. لە راستیدا بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە ئێستادا بە سودی پرۆسەی نەوت دەرهێنانە لە ئەمریکا. ئەم پێداویستی نەبونەی ئەمریکاش، وەهایکردوە کە ئەمریکا بە بایەخەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەڕوانێت.
ئێمە لە ڕۆژانی داهاتودا لە بەردەم ساتەوەختێکی هەستیارداین: ئایا ئەمریکا چی دەکات، یان چی ناکات؟؟ هیچ نەکردنی ئەمریکا، لە ساتەوەختێکی وەهادا کۆمەڵێک پەیام دەنێرێت: یەکەم، ئەمریکا بژاردەنی ئاسانی نیە، دوەم، ئەمریکا لەوەی ڕویدا زیانی پێنەگەیشتوە، سێیەم، ئەمریکا وەک جاران دابینکەری ئاسایشی دۆستەکانی نیە لە ناوچەکە.
بەڵام ڕەهەندێکی تریش هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەمریکا بژاردەی نیە. تاکە بژاردەیەک کە مابێت ئەوەیە کە ئەمریکا یان شەڕ بکات یان ئابلۆقەی سەربازی بخاتە سەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێران لە کەنداوی فارس. ئەم دوو بژاردەیە، کە هەردوو بژاردەی شەڕن، لە ئەجیندادا نیە. لە ڕاستیدا ماوەیەک لێدانی سەربازی لە ئەجیندادا بو بەڵام ئێستا بەشێک نیە لە ئەجیندای ئەمریکا.
لە ڕۆژانی داهاتودا پۆمپیو دێت بۆ ناوچەکە. پۆمپیو ئێستا، دەنگۆی ئەوە هەیە کە وەک کیسنجەری لێبێت کە هەردو پۆستی ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی دەرەوەش بگرێتە ئەستۆ، ئەگەر بە نافەرمیش بێت.
ئەگەر یەکێک لە هۆکارەکانی لابردنی کابرای ئەبوشوارب ئەوەبو کە پێکەوە نەدەگونجان، ئەوا هۆکارێکی ناڕاستەوخۆی دەستپێکردنی وەرزی هەڵبژاردنە و بۆڵتن بۆ هەڵبژاردن باش نەبوو. ئایا وەرزی هەڵبژاردن چۆن کاریگەری دەکاتە سەر وەڵامی ئەمریکا؟
ڕەنگە وەرزی هەڵبژاردن کاریگەربێت، بەڵام ستراتیژ نیە، ئەوەی هەیە ڕەنگە ئێمە لە بەردەم وەرچەرخانێکی ستراتیژیدابین. بە دەرچونی نەوت لە هاوکێشەی ستراتیژی ئەمریکا، وەرچەرخانێکی گەورە ڕودەدات لە هەڵوێست و ڕەفتاری ئەو وڵاتە بەرامبەر ناوچەکە، بە تایبەت ئەگەر بێتو دیموکراتەکان بە ئەجیندا ژینگە دۆستیەکانیانەوە بێنەوە کۆشکی سپی. با بزانین چی دەبێت؟؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×