چەند سەرنجێکم لەسەر دۆخی عێراق

سەردار عەزیز
  2019-10-31     1024
یەکەم، زۆرینەی خەڵك، بە تایبەتی لاوان نازانن چییان دەوێت، بەڵام دەزانن کە بێزارن و هیچ داهاتویەک نابینن.
دووەم، نوخبەی سیاسی حاکم کە جودایە لە نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار دەزانێت چی دەبێت بکرێت بەڵام نە پێی دەکرێت و نە دەهێڵن بیکات، بۆیە هەمو هەوڵی بۆ مناوەرەیە.
سێیەم، ئابوری نەوت لە عێراقدا گەشتە بن بەست، ئەمە بۆ کوردستانیش ڕاستە، بەڵام نەوت کۆمەڵگای عێراقی گۆڕی، بۆ کۆمەڵگای شاریی، کە ئێستا سەرەتای قەیرانەکانی سەرهەڵئەدات. شۆرشی ئێرانی هەمان بنەمای هەبوو.
چوارهەم، خەڵک بە ئاگان، بەڵام بێدیدن.
پێنجەم، ئەوەی پێشکەش دەکرێت لە گۆڕینی دەستەی هەڵبژاردن و تەنانەت ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕیت. زیاتر لە دە ملیون کەس هەیە دەترسێت لە داهاتوی و نائومێدە. هیچ هەنگاوێکی خێرا نیە بتوانێت چارەسەری ئەم دۆخە بکات.
شەشەم، زۆرینەی داهاتی عێراق یان دەدزرێت یان دەچێت بۆ کەرتی ئاسایش و سەربازی، کە دوو کەرتی بێ بەرهەمن، لە ئەنجامدا هیچ داهاتێک نیە بۆ بونیادنانی ئابورییەکی نوێ.
حەوتەم، هیچ وڵاتێکی دەوروبەر نایەوێت عێراق بەهێزبێت.
هەشتەم، حکومەت کە لە ژێر فشاردایە، هیچ نیە جگە لە قاوغێکی بەتاڵ بۆ پێکەوەگرێدانی بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵێک هێز کە هیچ دیدێکیان نیە بۆ عێراق.

خوێندنەوەی هەڵبژاردنەکان
دەکرێت دروشم و سیمبولەکان ئاماژەیەکی باش بن بۆ خوێندنەوەی هەڵبژاردنەکان. زاڵترین سیمبول، ئاڵای عێراقە. ئەمە لە لایەک وەها دەخوێنرێتەوە کە گەشەی ناسیونالیزمی عێراقیە. ئەم ناسیونالیزمە تێکەڵە بە کۆمەڵێک بەهای سەدە تاریکەکان لە حوکمی ئاین و تێنەگەیشتن لە دەوڵەت و جیوپۆلەتیک و چیەتی عێراق. بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم ئاڵا هەڵکردنە ئاماژەیەکی ڕونە بۆ نەبونی عێراق. ئەگەر عێراق هەبێت ئەوا پێویست بە داکۆکیکردن ناکات. خەڵك لە ڕێگای هەڵکردنی ئاڵای عێراقەوە داوای هاتنە بونی عێراق دەکەن. بەڵام ئاڵا جگە لە سیمبولێکی فریودەر هیچی تر نیە، دەوڵەت بە ئامرازە نەرمەکان نایەتە بون.
دروشمەکان زیاتر ئەوە دەخوازن کە توێژی سیاسی و بیرۆکراتی کەم بکرێتەوە. ئەوەی پێشنیار دەکرێت کە دەوڵەت کەسێکی سەرەکی هەبێت و کارەکان بەڕێوە ببات و ئەوەندە پەرش نەبێت. دەزانین کە دەوڵەتی نوێی عێراق وەک دەوڵەتێک فرە ئاست وەک پەرچەکردارێک بۆ دیکتاتۆریەت بونیادنراوە. ئێستا خەڵك داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتێکی ناوەندی بەهێز دەکەن. ئەمە جێگای سەرسوڕمان نیە. چونکە خەڵك پەرتەوازەیی وەها دەبینن کە مایەی لاوازی و بردنی سامانە. بەڵام ئەوەی پێشنیاری دەکەن چارەسەر نیە بەڵکو پەرچەکردارە. بە تایبەتی مێژوی چەند ساڵی عێراق بە رونی پێمان دەڵێت کە چۆن هەوڵی بە دیکتاتۆربون هەبوە لە عێراقدا.
ئەوەی کرۆکی کێشەی خەڵکە و خەڵک لێی بێدەنگە، ئابوری عێراقە. ئابورییەک کە لە دەرەوەی خەڵک بەریوە دەچێت. هەردوو سیاسەت و چەک بەرهەمی ئەو ئابورییەن. بۆیە هەرچەندە دەموچاوەکانی سیاسەت و چەک بگۆڕیت، بە تایبەتی دەموچاوی حکومەت ، هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت. نوخبەی ئابوری سیاسی عێراقی باش دەزانن چۆن کارەکان دەکەن. هەر سێ سەرۆکایەتیەکە هیچ پشتیوانێکی خاوەن هێزی گەورەیان نیە لە ئاستی عێراقدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×