رۆژێکی مێژویی لەژیانی گەلی کوردستان‌و مرۆڤایەتیدا

د. رەفیق سابیر
  2019-03-26     796
رۆژی 23ی ئادار هێزەکانی سوریای دیموکرات، رۆژئاڤای کوردستان و تەواوی رۆژهەڵاتی روباری فوراتی لەتیرۆریستانی داعش پاک کردەوە، بەمەش گەلی کوردستان و گەلانی ناوچەکە و جیهان، لە هەڕەشەو پەلاماری گەورەترین و ترسناکترین هێزی تیرۆریستی ئیسلامی، کە لە 54 وڵاتەوە هاتبون، دەرباز بون. ئەمڕۆ جێگری وەزیری بەرگری ئەمێریکا، لە لێدوانێکدا ئەم سەرکەوتنەی بەرزنرخاندو وتی: ئەم سەرکەوتنەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە مەیدانی جەنگدا، بۆ ئێمە ئیلهامبەخشە.. کاتی ئەوەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە رێبەرایەتی شەڕی داعشیان کردوە لە سوریا و هێزی ئەمنی عێراقی، کە رابەرایەتی شەری داعشیان کردوە لە عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان، (ئیعتیرافیان) پێ بکرێت لەو دەورەی بینیویانە.

لەسەرەتای راپەڕینی گەلانی سوریا، لە ساڵی 2011 بە دەیان هەزار تیرۆریستی ئیسلامی، سەرەتا بە ناوی (ئەلنوصرە) دواتر بە ناوی داعش و هەندێ ناوی ترەوە، لەلایەن تورکیاوە ئامادە و پڕچەک کران و دواتر گەیەندرانە سوریا و بەگژ گەلی رۆژئاڤای کوردستاندا کران. ئەوان شەڕی خۆیان، لە سوریا، بە کوشتنی کورد و وێرانکردنی ناوچەکانی سەرێ کانی و کۆبانێ و چەند ناوچەی تر دەست پێ کرد. هەر ئەو کاتە کۆمەڵێک رێکخراوی سیاسی و کۆمەڵی مەدەنی، لە سوریا و باکوری کوردستان، ئەم هێرشانەیان بە کوشتاری بەکۆمەڵ و جینۆسایدی کورد ناوبرد. ئەوان پێیان وابو کە تورکیا و هەندێک دەوڵەتی عەرەبی، ئەم ئەرکەیان بە گروپی تیرۆریستیی ئەلنوسرە و داعش و عەرەبە رەگەزپەرستەکانی سوریا سپاردوە، چونکە خۆیان ناتوانن، لە ترسی کاردانەوەی نێودەوڵەتی، کوردی رۆژئاڤای کوردستان جینۆساید بکەن. دواتر بە بەڵگەوە پەیوەندیی نێوان تورکیا و داعش و تیرۆریستانی ئیسلامی ئاشکرا بو. تورکیا تا ئێستا دەیەوێت گەلی کورد لەو ناوچە کوردییانە دەرپەڕێنێت، کە بە درێژایی نزیکەی هەشتسەد کیلۆمیتری سنوری نێوان سوریا و تورکیا دەبێت. لە جیاتیان تورکمان و تیرۆریستانی ئیسلامی و خیزانەکانیان لەو ناوچانە جێگیر بکات.

ئەگەر ئەم پلانە سەری بگرتایە، کوردی رۆژئاڤا، وەک ئەرمەنەکانی دەوڵەتی عوسمانی و ئێزیدییەکان، تاڵان دەکران و بەشێکیان لەناو دەبردران، بەشەکەی تریشیان، پەرتەوازەی نێو سوریاو وڵاتان دەبون، یان بە پێی سورەی ئەنفال و عورفی ئەسحابەکانی ئیسلام، دەکرانە کۆیلە و سەبایا و کەنیزە و غولمان، کە ئەمە لە تەواوی مێژوی دەسەڵاتی ئیسلامیدا، ئامانجی هەرە گەورەی غەزوکردن و داگیرکردنی وڵاتان بوە.

مانەوەی کورد و ئاسوری و ئەرمەن، لە باکوری سوریا، ئەنجامی خەبات و خۆڕاگریی کچان و کوڕانی هێزی سوریای دیموکرات و کۆمەکی هاوپەیمانانە. بەرهەمی قوربانیدانی گەلی رۆژئاڤایە ، کە یازدە هەزار شەهید و زیاتر لە بیست هەزار برینداری، لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و هاوپەیمانانی، کردە قوربانی.

بەڵام هێشتا گەلی رۆژئاڤا، لە مەترسیی شەڕ و جینۆساید، دەرباز نەبوە. تورکیا و سوریا، لە دەرفەتێکی گونجاو دەگەڕێن تا پەلاماری ئەو ناوچانە بدەن. تورکیا، سەرەتا بەهۆی داعش و ئەلنوسرە و گروپی تری تیرۆریستییەوە، ئەم کارەی دەکرد، دو ساڵێکە، راستەوخۆ پەلاماری رۆژئاڤا دەدات، ناوچەی داگیرکراوی ئافرین و جەرابلوس بە تورک دەکات.

ئەمڕۆ تورکیا کراوەتە سەنتەری پێگەیاندن و داڵدەدانی تیرۆریستانی ئیسلامی لە جیهاندا. بە پێی هەندێک سەرچاوە، لەوانە روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەشکرێکی هەشتا هەزار تا سەد هەزار چەکداری تیرۆریستیی ئیسلامی لە ئیدلیب و جەرابلوس و هەندێ ناوچەی تری سوریا هەن. هەمویان، بە سوپای ئەلنوسرەی تیرۆریستی و پاشماوەکانی داعشیشەوە، تورکیا چاودێری و سەرپەرشتی و کۆمەکیان دەکات. خەونی سوڵتانیانەی ئەردۆگان و ژیاندنەوەی ئیمپراتۆریای بەدناوی عوسمانی، پێویستیان بە لەشکرێکی تیرۆریستیی فرەنەتەوەیی لەم جۆرە هەیە.

بەڵام ئەم لەشکرە، بەلای زۆرەوە، دەبێتە بارگرانییەک بۆ تورکیا. روسیا، کە تا ئێستا دەوڵەتی سوریای پاراستوە، دەیەوێت، لە نزیکترین دەرفەتدا، ناوچەی ئیدلیب، لە سوپای ئەلنوسرە و تیرۆریستانی تر، پاک بکاتەوە. سەرەنجام زۆرینەی ئەم تیرۆریستانە، کە لەشەڕی کورد و گەلانی تری سوریادا بەهێز و پڕئەزمون بون، بە ناچاری، پەنا بۆ تورکیا دەبەن. لەوێ دەتوانن رێکخستنەکانیان، کە لەنێو تورکیادا بڵاو بونەتەوە، فراوانتر و چالاکتر بکەن و کاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن. دور نییە ئەزمونی پاکستان لەگەڵ گروپی ئەلقاعیدە، کە خۆیان پەروەردەیان کردن، لە تورکیادا، دوبارە ببێتەوە. بە رای من پلانی تورکیا بۆ داگیرکردنی قەندیل، لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە، ئەو ناوچە سەخت و عاسێیە، وەک تورابورای جارانی ئەفغانستان، بببێتە بارەگای سەرەکیی تیرۆریستانی ئیسلامی لە جیهاندا. بەم کارە هەم ئاگرەکە لەنێو ماڵی خۆی دور دەخاتەوە، هەم ئەم هێزە تیرۆریستییە، وەک هێزی پشتیوانی خۆی، سەرەتا لە دژی باشوری کوردستان و رۆژئاوا و عێراق، دواتریش، لە دژی هەر وڵاتێکی تر بەکار دەهێنێت.


دوای تێکشکانی داعش هەزارانیان، کە لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە، بۆ شەڕی گەلی کوردستان و سوریا وعێراق هاتون، کەوتونەتە دەست هەسەدە. ئەوانە، تاوانی جۆراوجۆریان بەرامبەری دەیان هەزار کەس کردوە. زۆربەی ئەو تاوانانە، لەوانە جینۆسایدی ئێزیدییەکان و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی مەدەنی، بەکۆیلەکردن ژن و منداڵ و بەکارهێنانیان وەک کۆیلەی سێکسی و فرۆشتنیان، بە تاوان دژی مرۆڤایەتی دادەندرێن. ئەم تیرۆریستانە، بە پێی هەر قانونێکی نێودەوڵەتی، دەبێ لەو وڵاتە دادگایی بکرێن، کە تیایدا تاوانیان کردوە. هەسەدە داوا دەکات دادگایەکی نێودەوڵەتی، لە رۆژئاوا، دابمەزرێندرێ و لەوێ تاوانبارانی داعش دادگایی بکرێن. ئەمەش دروسترین و باشترین چارەسەرە. چونکە داعش رێکخراوێکی ناوچەیی، یان تایبەت بە سوریا و عێراق نییە، بەڵکو رێکخراوێکی جیهانییە و بە هەڕەشەیەکی جیهانی دادەندرێت، کە تا ئێستا لە دەیان وڵاتی دونیا کاری تیرۆریستیی ئەنجام داوە. هەروا، لە شەڕی دژی داعش، لە سوریا، کە هەسەدە، رابەرایەتی دەکات، نزیکەی حەفتا دەوڵەت، لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بەشداری شەڕەکەیان کردوە. هەندێکیان، لەو شەڕەدا، قوربانییان داوە، یان وڵاتەکانیان بەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش کەوتون. لە هەمان کاتدا نەتەوەیەکگرتوەکان کوشتاری بەکۆمەڵی ئێزیدییەکانی، کە داعش لێی بەرپرسە، بە جینۆساید ناساندوە. لەبەر ئەوە پێویستە داعشییە دەستگیرکراوەکان، لە دادگایەکی نیودەوڵەتیدا، دادگایی بکرێن. ئەگەر ئەم دادگایە، بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش (یان ئەگەر بشێ نەتەوەیەکگرتوەکان) دابمەزرێندرێ، زۆر باشە. بەڵام ئەگەر نەکرا، وڵاتانی هاوپەیمان، کە بەشداری شەڕی داعشیان کردوە، خۆیان دەتوانن دادگایەکی نێودەوڵەتی پێک بهینن و چاودێری و سەرپەشتی دادگاییکردنەکە بکەن.

بەڵام ئەگەر لەبەر هەر هۆکارێک ئەم دادگایە پێک نەهێندرا، دەسەڵاتی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان دەتوانێ، بە کۆمەکی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعش، دادگایەکی تایبەت دابمەزرێنێت. ئەو دادگایە، بە ئامادەبونی چاودێری نێودەوڵەتی و ئامادەبونی مێدیای جیهانی، تاوانبارانی داعش و هاوکارانیان، بە پێی قانونی سوریا، یان ئەو قانونەی لە رۆژئاوا کاری پێ دەکرێت، دادگایی بکات و سزایان بدات.

پێکهێنانی ئەم دادگایە، لە رۆژئاوای کوردستان، کۆمەک بە داد و ئازادی و مافی مرۆڤ دەکات. هەروا دەتوانێت، لە داهاتودا، رێگا لە دوبارەبونەوەی جینۆساید و کاری جانەوەرانەی وەک کارەکانی داعش بگرێت. لە هەمان کاتدا دەتوانێت هەمو ئەو وڵات و لایەن و رێکخراوانە ئاشکرا بکات، کە لەپشت دیاردەی داعشەوە بون. داعشیان پەروەردە و پڕچەک کرد و بەگژ گەلی کوردستان و گەلانی عێراق و سوریایاندا کردن.

هەسەدە، بە کۆمەکی ئەمیریکا و هاوپەیمانان، رۆژئاڤا و ناوچەکەی، لە مەترسی داعش دەرباز کرد. ئێستا پاراستنی ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان و چەسپاندنی یەکێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراسی ئەرکی گەورەی گەلی رۆژئاڤایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×