دانیشتنەکەی پەڕلەمان و کۆتایی حیزبی حوکمڕان؟!

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2021-06-30     757

دانیشتنەکەی ئەمجارەی پەڕلەمان، لەئاسێکیشدا بێت، ئاماژەیە بە دۆخ و پەرەسەندنێکی نوێ. بەتایبەتیش سەبارەت بە پارتی. لە ژیان و دۆخی پەڕلەمانی ئاساییدا، فراکسیۆنی حیزبە حوکمڕانەکان بەرگری لە سیاسەتی حکومەت دەکەن، ئۆپۆزیسیۆنیش ڕەخنە دەگرێت و بەدوای کەم و کورتیەکانەوە دەبێت و دەیانخاتە بەرچاوو ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت لەسەریان.
ھەڵبەت لە وڵاتێکی دامەزراوەیی دیموکراتدا، فراکسیۆنی حیزبی حوکمران، بەشێوەیەکی گشتی، لە ئاست گەندەڵی بەرپرسانی حیزب لەحکومەت و دەرەوەی ئەودا دوچاری ئیحراج و شەرمەزاری نایەت، لە سۆنگەی بوونی دەزگای چاودێری بەھێزو سەروەری یاساو رای گشتی و چاونەپۆشینی حیزب لە کادرەکانی خۆی لە حکومەتداو ناچارکردنیان بۆ داوای لێبوردن لە گەل و ھەندێك جاریش دەست لەکارکێشانەوەیان، چونکە حکومەت حکومەتەو حیزب حیزبەو پەڕلەمانیش پەڕلەمان.
بەڵام لای ئێمە، لە سۆنگەی تێکەڵ و پێکەڵی دۆخەکەو تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان، ناکۆکی سیاسی، فرەدەسەڵاتی و گەندەڵبوون و لەڕێلادانی ژیانی حیزبیی، مەسەلەکە بەو جۆرە نیە. حیزبە حوکمڕانەکان لە ئاستی جیاوازدا، لێپرسراوێتی ھاوبەش ناگرنە ئەستۆ؟!زۆر جار ھێڵەکانی نێوان حیزبی حوکمڕان و ئۆپۆزیسیۆن بە تەواوی کاڵ دەبنەوە؟! بەمەش ھێندەی تر زەربە لە پەڕلەمان و کاری پەڕلەمانی دەدرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا، پارتی وا خۆی نیشان دەدا کە لێپرسراوێتی حوکمڕانیەکەی دەگرێتە ئەستۆو ئامادەیە لە پاڵ دەستکەوتەکاندا ئۆباڵی کێشەو قەیرانەکان لە ئەستۆ بگرێت. بەنیمچەھەمیشەیش، گلەیی و ڕەخنەی ئاراستەی بەشێ لە پارتەکانی بەشدار لە حکومەتدا دەکرد، کە لێپرسراوێتی ھاوبەش لە حکومەتدا ھەڵناگرن و دەیانەوێت لە یەك کاتدا حوکمران و ئۆپۆزیسیۆنیش بن. ئەم پرسە بۆ پارتی بەتایبەتیش بەرامبەر یەکێتی بۆی بووبوە، خەمێکی گەورە. لەم دواییەشدا ھەستی دەکرد خۆی و حکومەت کەوتۆ نەتە ژێر فشارێکی گەورەوەو بەئامانج گیراون؟ ھەرچی دەکەن پەلامار دەدرێن و ھەمووان خۆ لە بارودۆخەکە بێبەری دەکەن و ئۆباڵەکە دەخەنە ئەستۆی پارتی. بۆیە گەر لەماوەی پێشوودا بەرگریان لە سیاسەتەکانی حکومەت دەکردو زانیاریان دەربارەی ئەرکە دراییە جێبەجێنەکراوەکان و دەروازە سنوریەکانی یەکێتی بڵاودەکردەوەو ئاماژەشیان بەوەدەکرد بەوەی بۆ کەم و کورتییەکان و ناڕوونیی سەرچاوەی داھات لە وەزیرە گۆڕانەکەی دارایی بپرسن، بەڵام ئەمجارە ئەوانیش کۆتاییان بە لە ئەستۆگرتنی لێپرسراوێتی وەکو حکومەت ھێناو ھاوئاواز ھێرشیان کردە سەر حکومەتی بەرجەستە لە وەزیرەکانداو وەك گوتار لە ئۆپۆزیسیۆن ئۆپۆزیسیۆنتر بوون؟!
لەم مەیدانەشدا ھەندێ وەزیریان کردە ئامانج و بەتایبەتیش وەزیری دارایی. ئەو ھەواڵانەش ڕاستبن یان نا، کە باس لەوە دەکەن پێشتر لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ فراکسیۆنی سەوزو بەشێ لە فراکسیۆنی گۆڕاندا ھەبووە، وێنەو بەرەنجامی کۆتایی بەو جۆرە شکایەوە. بەوەش زەبرێکیان لە ڕێکەوتنەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی دا، ئەوەش ئەگەریەکێتی گۆڵی لێکرابێت یاخود بەدەست ئەنقەست و بەمەبەست وای کردبێت، ئەگەری مانۆڕێکی سیاسی وتێکەکردنەوەیەکی خەستری وێنەی لەگەڵ گۆران لێدەکرێت؟ بە گشتیش، ئەوەی لەم جۆرە دۆخە پەڕلەمانیەو زاڵبوونی موزایەدەی سیاسی بە ئاستی جۆراوجۆر بە ئاستی جیاواز دەکەوێتەوە، ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١- کەم رەنگکردنی جیاوازی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە لایەك و پارتە حوکمرانەکان لەنێو خۆیاندا لە لایەکی ترەوە.
٢- کۆتاییھاتنی لێپرسراوێتی لەئەستۆگرتنی میدیاییانەی تاكلایەنەی پارتی بۆ کێشەکان و دۆخەکەو تێکەڵکردنی کارتەکان لەسەر ئاستی پەڕلەمان تا ھەڵبژاردنی داھاتوو. بێگومان ھەندێ جار فراکسیۆن بەدیوە کۆنەکەشدا ھەندێ دەور ھەردەبینێت، کە پێچەوانەی ئەم ڕۆڵە نوێیە نەبێت؟
۳- کەمکردنەوەی زیاتری ڕۆڵی پەڕلەمان و زیاتر گۆڕینی بۆ سەکۆیەك لەپێناو قسەی ناوسك دەربڕین، لێدوان و موزایەدە، کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی و بیرو ڕا دەربڕین و ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی پێش وەختە؟!
٤- گەڕان بەدوای قۆچی قوربانیدا، چونکە لەبنبەستێکی لەو جۆرەدا ھەوڵدان بۆ ئەوەی ھەندێك بکرێنە قۆچی قوربانی بۆ ئەوەی گەندەڵی و موچەلێبڕین وە سستی ھەنگاوەکانی چاکسازیان بەسەردا ساغ بکرێتەوە، بە یەکێ لە میکانیزم و پێویستیەکانی قۆناغەکە لەقەڵەم دەدرێت؟! یەکێ لە پاڵێوراوەکان بۆ ئەوەش وەزیری داراییە، بەحوکمی پێگەکەی و بابەتی ململانێکان و جۆری سیاسەتکردنی حیزبەکەی؟
پێشم وایە وەرگرتنی ئەم وەزارەتە بۆ زیاد لە جارێك بەیەکێ لەھەڵەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دادەنرێت. بەڵام وەزیرەکانی تریش بە ھەندێك وانەی پارتیشەوە گرەنتی ئەوەیان نابێت، لەسەرە پێچێکدا کێشەیەکیان تیا بەرجەستە نەکرێت و قوربانیان پێ نەدرێت، ئەوەش بەبەشێك لە قوربانیان بۆ حیزبەکەیان دانەنرێت.
گرنگ ئەوەیە ئاراستەکە بەرەو ئەوە دەڕوات حکومەت لە تاکە تاکەی وەزیرەکاندا بەرجەستە دەبێت و چووینە قۆناغی دوای لەئەستۆگرتنی لێپرسراوێتی ھاوبەشی کابینەکە، ئەوەش دەستی فراکسیۆنەکان کراوەتر دەکات، گەرچی ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرەشی لێبێت، ناتوانین ئەگەری ململانێ لەسەر تۆمەتبارکردنی وەزیرەکانی بخەینە لاوە.
لەھەموو حاڵەتێکدا، ئەم ستراتیژە نوێیە، دۆخی کوردستان، پڕژاوەژاوترو ناسکتر دەکات. کاری بەڕێوەبردنیش قورستر دەبێت. بەڵام دەکرێت لێکتێگەیشتنێکی کاتیی بەرژەوەندیخوازانەشی لێبکەوێتەوە؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×