ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی حکومەت و ڕەگی قوڵی کێشەکان

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2023-01-16     513

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی حکومەتدا، لێپرسراوێتی قۆناغەکەو دۆخی ئێستای سلێمانی خراوەتە ئەستۆی یەکێتیەوە. ناڕوونی سەرچاوەکانی داھاتی زۆنی سەوز و نەگەڕانەوەی بەگوێرەی پێویست بۆ خەزێنەی حوکمەت و کەیسی تیرۆرکردنی عەقید ھاوکار جافیشی بە کۆسپی سەرەکی سەرەڕێی چارەسەری کێشەکان لەگەڵ یەکێتی دیاریکردبوو.

(٥)خاڵەکەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی حکومەت، ئەگەر وەك بنەماش، زۆر قسە ھەڵنەگرن، چونکە، ھەرێم پێویستی بە: سەروەری یاسا، ھێزێکی نیشتیمانی یەکگرتوو، ڕوونی سەرچاوەکانی داھات و گەڕانەوەیان بۆ خەزێنەی حکومەت و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ھەیەو پێشمەرجی ھەر چاکسازییەکی ڕاستەقینەش لە دام و دەزگاکانی حکومەتی ھەرێم و بەگشتی سیستمە سیاسییەکەی پێکدەھێنن،

ئەوا لەڕووی دیاریکردنی ھۆکارە سەرەکی وڕاستەقینەکان و لەئەستۆگرتنی لێپرسراوێتیەکان و ئاستی ئامادەیی لایەنەکانی حکومەت بۆ بەکرداریکردنیان، قسە ھەڵگرە. لەو سۆنگەوەی کە کێشەکانی ھەرێم لە دوو ساڵی ڕابردووەوە دەستپێناکەن بەڵکو ڕەگ و ڕیشەیان بە مێژووی ھاوچەرخی کوردی باشوور و سەرەتای داڕشتنی پایەکانی حوکومڕانیەکەیدا ڕۆچووە. بۆیە دەبێت لە کاتی خستنە ڕوویان ئەم قوڵاییەی کێشەکان و ڕەھەندە جیاوازەکانییان فەرامۆش نەکرێت، دەنا ھەرچی ئەوەی بە چارەسەر ناودەبرێت، لە ھەندێ ھەنگاوی کاتی تێپەڕناکات.

ھەڵبەت ئەوە ڕاستە کە نەخۆشییە موزمینەکەی حوکمڕانی کوردی کەماکەکەی لە ناکۆکی و گەندەڵی و نادامەزراوەیی دەسەڵاتدا شاراوەتەوە، بەسەر جەستەی سلێمانییەوە زۆرتر دیارە، چونکە جەستەیەکی ئازاردراوتر و لاوازترە. ئەوە شاراوە نییە کە سلێمانی گەر لە ڕوویەکەوە، وەك ھەر شار و ناوچەیەکی تری ھەرێم قوربانیی قەیرانەکانی حوکمرانی ھەرێم و ئەو بنبەستە سیاسییە بێت لەسەر ئاستی قەوارە دەستورییەکەو ئەزموونە حوکومڕانییەکە لەئارادایە، لەڕوویەکی ترەوە، قوربانی سروشتی یەکێتی و کێشەکانی ناوی و بەگشتی فەزا سیاسی و لە ھەندێ ڕووشەوە فیکرییەکەشییەتی.

پێشترو لە ھەندێ بۆنەشدا ڕای خۆم دەربارەی ئەم دۆخە بە ھەندێ لە کاربەدەستە پلە یەکەکانی ناوچەکەو بنەماڵەی حوکمڕان گەیاندووە. باسی ئەوەم لەگەڵ کردوون کە:

١- دام و دەزگا حکومییەکان لە ناوچەکەدا بەرەو پووکانەوە چوون!

٢- یەکێتی وەك پارتی فەرمانڕەوای زۆنی سەوز کێشەی دیدگای ھەیەو لای ڕوون نییە کوت و مت ئەو ڕۆڵە چییە دەبێت بیگێڕێت؟ ئامانجی ناوەندی چییەو چۆن کاری بۆ دەکات و بەدیدەھێنێ؟ میکانیزمەکانی بۆ لەخۆگرتنی جیاوازی و شەبەنگەکانی ناوی چییەو کێشەکانی چۆن چارەسەری درێژمەودا دەکات و سەقامگیری ناوخۆی حیزبیی بەدەست دەھێنێت؟

٣- یەکێتی و سلێمانی وەك چوارچێوەیەکی گەورەتر لەو بە ئاست و چەشنی جیاواز وەك بەرەنجامی خاڵەکانی پێشوو بەدەست جۆرێك لە قەیرانی ناسنامەوە دەناڵێنن.

وێناو پێناسەیەکی تاڕاددەیەك ڕوون و چەسپاویان بۆ کەسێتی مەعنەوی و تایبەتمەندییەکانیان نییە یاوخود وەك ئەوەی پێویستە ڕوون نییە.

٤- یەکێتی و بەگشتی قوتابخانەی جەلالیزم (گەر دەربڕینەکە گونجاو بێت) لە سۆنگەی ئەو سروشتی تاڕاددەیەك ھیولامی و قەیرانی ناسنامەیەی باسم کرد، زۆر جیاوازی لە نێوان ستراتیژ و تاکتیکدا ناکەن! بەوەش زۆر جارستراتیژ دەکرێت بەقوربانی تاکتیك و وێنایان دەشێوێت و وێنایەك لەخۆیان نیشان دەدەن، ھێزێکن کەمتر چەسپاویان ھەیەو ھەموو شتێك وەك ئامرازی ململانێی حیزبی سەیردەکەن وبەکار دەھێنن؟

بەڵام ئەمە تەنھا بەشێکی چیرۆکەکەیە، چونکە پارتی و یەکێتی پێکەوە ئیدارەی سی ساڵی رابردووی ھەرێمیان کردووەو لێپرسراوێتی ھاوبەشی دۆخەکەیان دەکەوێتە ئەستۆ:

١- گەندەڵی و ناڕوونی سەرچاوەی داھاتوو دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا.

٢- نەبوونی حوکمی دامەزراوەکان و سەروەری یاسا.

٣- بوونی چەکی حیزبی و ھەژموونی حیزب بەسەر دام و دەزگا ئەمنییەکان و قۆرخکردنیان.

٤- بوونی زۆنی حیزبی نیمچە کۆنتڕۆڵ کراو و لاوازکردنی دام و دەزگا نیشتیمانییەکان.

٥- نەبوونی ژێرخان پێشمەرجەکانی ھەڵبژاردنی ئازاد، خەمڵینی چەمکی ھاووڵاتی، شکستی پرۆسەی نیشتیمان و گەلسازی، بەگشتی چاکسازی ھەمەلایەنەو ڕاستەقینە.

٦- نائومێدبوونی زۆرینەی کۆمەڵگە لە پرۆسەی سیاسی و بایکۆتکردنی ھەڵبژاردن و باوەرنەبوون بەوەی لە ڕێی ئەوەو چاکسازی و گۆڕانکاری بێتەدی و چەندین شتی تر، تایبەتمەندی و خەسڵەتی کۆی سیستمە سیاسییەکەن لە ئاستی ھەرێمدا نەك تەنھا ناوچەیەکی دیاریکراو.

ئەگەر ھۆکاری ئەم گەرەی ئێستای ناکۆکییەکانیش تیرۆری عەقید ھاوکار جاف و دوای ئەویش، نەگەڕانەوەی بەشێ لە داھاتی زۆنی سەوز بۆ خەزێنەی گشتی بێت، بەو جۆرەی سەرۆکی حکومەت دەیڵێت، ئەوا ھەموو لایەك دەیزانێ کە ڕەگی قوڵی کێشەکان وا لەو ناکۆکییە نەفرەتی و عەبەسییەی لە ناوەڕاستی شەستەکانی ڕابردووە دەستی پێکردووەو تاکو ئێستاش بەردەوامە. ھەر ئەوەشە وا لەپشت دابەشبوونی ھەرێم و نەبوونی دەسەڵاتێکی بەھێزی ناوەندیی یەکگرتوو شێواندنی ڕەوتی گەشەکردنی کۆمەڵگەو ئەزموونە حوکومڕانییە خۆماڵییەکەوە. بۆیە ئەگەر سەرۆکی حکومەت، وەك کەسێتیەکی خاوەن بڕیاری ناو حکومەت و حیزبەکەی و نوخبەی حوکمڕان لە خەمی چارەسەرێکی دەستوریی و دامەزراوەیی و دوورمەوداو ڕیشەی کێشەکاندان، ئەرکییانە چیتر کات بەھۆی ئیدارەدانی قەیرانەکان و چارەسەری کاتی و مامەڵە لەگەڵ نیشانەکانی نەخۆشییە درێژماوەکەی جەستەی ناسیۆنالیزمی کوردی و ئەزموونە حوکمڕانییەکەی بەفیڕۆنەدەن، بەڵکوو:

١- دەستبکەن بە گفتۆگۆیەکی ڕاستەقینەی نیشتیمانی وا سازشێکی مێژوویی لەنێوان ئەم دوو ھێزەدا بەدوادابێت و پێبنێینە قۆناغی دوای ئەم ململانێ داڕزێنەرە بە میرات ماوە.

٢- ھەوڵی بەدەستھێنانی تەوافوقێکی نیشتیمانی بدەن لەسەر گەڵاڵەکردنی دەستورێکی مەدەنی و پەسەندکردنی.

٣- ڕێکەوتن لەسەر قۆناغێکی ڕاگوزەری ٤-٥ ساڵی بۆئەوەی ئەم واقیعەی ئێستا پێکەوە لە چوارچێوەی دەستوردا بگونجێنین و ڕێکبخەینەوەو دام و دەزگا نیشتیمانییەکان بەھێزکەین و لەسەر ڕێساکانی گەمەی سیاسی ڕێکبکەوین. ھەروەھا لەسەر نەخشە ڕێگایەك لەسە رئاستی:

. مەسەلە نیشتیمانییەکان

. چاکسازی

. دیموکراسی

ڕێککەوین و ھەوڵی بەدیھێنانی بدەین،؟بەدەر لەوە، تاھەرێم بەم جۆرە دابەشکراو و، نادەمەزراویی بێت و بەدەست ناکۆکی و فرە دەسەڵاتیەوە بناڵێت، باسکردن لە ھەرێمێکی بەھێز و چاکسازی و دووبارە بیناکردنەوەی لەسەر گرێبەستێکی سیاسی نوێ و گێڕانەوەی ئومێد بۆ نێو دڵی زۆرینەی ڕۆڵەکانی، جگە لە دروشمیێکی جوان، ھیچ ئاسەوارێکی قوڵی بەدواوە نابێت.

بابەتی پێشمەرگەش خوا حەزکات ھەڵدەگرم بۆ وتارێکی تر.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×