١٦ی ئۆکتۆبەرو ھەژدیھاکەی ھەناوی ناسیونالیزمی کوردی

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2022-10-16     382

ناسیونالیزمی کوردی بەکاریگەری ھەژدیھای ناکۆکی و دوژمنایەتیەکەی نێوان باڵەکانی ، لە ڕۆژی ڕەشی ١٦ ی ئۆکتۆبەردا، جارێکی تر نەیتوانی وێنای کورد وەك گەلێکی خاوەن مافی مێژوویی و ھەست و ئامانج و ستراتیژی ھاوبەش، بۆ دەرەوەی خۆی و جیھان نمایش بکات وکەرامەتی بپارێزێت.

ھەندێ ڕووداوو جەنگ ووێستگەش لەژیانی میللەتاندا، لەڕوو ھەڵماڵ و دەرخەرو مێژوو دابەشکەرن.

بەحوکمی ئەوەی ساتەوەختی قەیران و شکست، ساتە وەختێکی دیموکراسی دەگمەنن.

بەومانایەی پڕۆژەو ناسیونالیزم و سیستم و ھێزو ئایدۆلۆژیاکان، بێڕتووش و بەسیما دزێوە بێ میکیاجەکەی خۆیانەوە، دەردەکەون و حەقیقەتی خۆیان دەخەنە ڕوو.

بەسروشتی حاڵیش ڕوو داوە گەورەکان بەگشتی ڕۆڵەی ساتەوەختی خۆیان نین. بەڵکو بەرەنجامی کەڵەکەبوون و زەمینەسازی پێش خۆیانن.

۱٦ی ئۆکتۆبەریش کەبەیەکێ لە ڕۆژە لەڕوو ھەڵماڵەرەکان و تاقیکردنەوەی ناسیونالیزمی کوردی لە باشوورلەقەڵەم دەدرێت.

تەنھا دەرکەوتەیەکی ئەژدیھای ئەو ناکۆکی و جەنگە ناوخۆییەیە، کەلەشەستەکانەوە، ھەناوی ئەم ناسیونالیزمەی خواردووەو توانای جوڵەو دەستپێشخەری بۆ ئاستێکی ڕۆح تاسێنەر ھێناوەتە خوارەوەو سنووردار کردووە.

لەھەندێ ڕووشەوە ھەر لەبنەرەتەوە لەناسیونالیزمی خستووە، بەھۆی ئەوعەقڵە تایەفەگەرییەی لەسەرحسابی گەشانەوەو دواڕۆژی ئەو، سڵ لە قێزەونترین مانۆڕو پێچ لێدان و خۆھەڕاجکردن ناکاتەوە!

بۆنموونە بەشێوەیەکی گشتی، کاتێك ناسیۆنالیزمێك دەکەوێتە بەر پەلاماری دەرەکی و ھەرەشەی ھاوبەش دێتە کایەوە، ھێزو توانا نیشتیمانە جییاوازەکان تواناکانییان یەك دەخەن، ھەستکردن بە ناسنامەو ئەرکە ھاوبەشەکانییان پەرە پێدەدەن، بەوەش ساتەوەختی بەرگری ھاوبەش دەگۆڕێت بۆ دەرفەتێکی مێژوویی بۆ دووبارە گەشانەوەو خۆبیناکردنەوەی ناسیۆنالیزمی میللەتێك.

کەچی لە ئەزموونە کوردییەکەی ناسیونالیزمی کوردیدا، بەشێوەیەکی گشتی، ئەم ڕێسایە لەکار دەکەوێت و ڕۆڵی خۆی بۆ سنووردارکردنی ناکۆکییەکان نابینێت! بەڵگەش بۆ ئەمە گەڕەکان شەرەکانی ناوخۆن، کەچۆن لەکاتێکدا ئەنجام دراون، کوردو ناسیونالیزمەکەی لەژێر ھەرەشەی لەناوچووندا بوون.

ئەمەش وادەکات ھاوشێوەی پێشەوا سەعیدی نەورەسی، بڵێین، زۆر جار باڵەکانی کوردایەتی و ناسیونالیزمی کوردی بەئاستی جیاواز نەیانتوانییوە ببنە ھەڵگری فەزیلەتی دواکەوتووترین خێڵەکانی دونیا، نەورەسی ئاماژە بەوەدەکات:

دواکەوتووترین خێڵەکانی جیھان لە مەترسی ھەرەشەی ھاوبەشی سەریان تێدەگەن، ھەربۆیە دەستبەرداری ناکۆکییەکانی نێوخۆیان دەبن و دوژمنایەتیە لاوەکییەکان لەپێناو ڕوو بەڕوو بونەوەی پەلاماری سەریان دەخەنە لاوە. بەوەش بەجوانی پەی بە بەرژوەندییە کۆمەڵاتیە ھاوبەشەکەی نێوانییان دەبەن و دەیپارێزن، لەکاتێکداھەندێ لە موسولمانان توانای لەبیربردنەوەی دوژمنایەتیە لاوەکییەکەی نێوانییان نییەو خۆیان ڕێگە بۆ دوژمنانیان خۆش دەکەن و دەیبەنە سەر یەکتر(المکتوبات ل٣٤٩)

لێرەدا وشەی کورد بخرێتە شوێنی وشەی موسوڵمان، پڕاوپڕ گوزارشت لەواقیعی ئێمەو ناسیونالیزمە کوردییە دەردەدارەکە دەکات.

ھێزە ناکۆکەکان و باڵەکانی ئەم ناسیۆنالیزمە، لەبەردەم گەورەترین مەترسیدا، ناتوانن دوژمنایەتیە لاوەکییەکانی نێوانییان لەبیر بەرنەوەو ھاوشێوەی تەوژمێکی خاوەن دیدو بەھاو بەرژەوەندی ھاوبەش بجوڵێنەوە، لەبەردەم دەرفەت و ئاڵنگارییە گەورەکانیشدا بەئاستی جیاواز ناتوانن خۆ لەو پاشخان و ناکۆکی و دوژمنایەتیەی نێوانییان دەرباز بکەن و تەنھا لەدیدی بەرژەوەندی نیشتیمانی و گەل و ناسیونالیزمەکەیانەوە بیربکەنەوەو سیاسەتەکان دابڕێژن و ئامانج و تاکتیکەکان دیاری بکەن!

بەڵکو ھەربیریان لای ئەوەیە چۆن دەرفەتە بۆ تۆلە کردنەوەو ڕسواکردنی بەرامبەری حیزبی و تایەفەیی بقۆزنەوە! چونکە ھەروەك سەرۆکی یەکێتی ڕاشکاوانە ئاماژەی پێکرد، یەکتر بەدوژمن لەقەڵەم دەدەن و بەدوای قۆستنەوەی دەرفەتن بۆ شکاندنی یەکتر!

دیاریکردنی دوژمنیش لەناو ماڵی نەتەوەیدا لەسۆنگەی ڕق و بەرژەوەندی گروپییەوە، جاڕدانی کۆتایی ناسیونالیزمی نەتەوەو نیشتیمان سازە.

ئەوەی جێگەی داخیشە لەکاتێکدا بەھۆی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کوردو ناسیونالیزمی کوردی دووچاری ڕسوایی و کارەساتێکی مێژوویی کرایەوە، کەچی نەبووە ھۆی دابەشکردنی مێژوو بۆ پێش و پاش ئەو ڕووداوە!

ھیچ بەخۆداچوونەوەیەکی جددی بەدوای خۆیدا نەھێنا، ئەو بیرکردنەوەو پەیوەندییانەی مەرگەساتی ۱٦ی ئۆکتۆبەریان بەرھەمھێنا، لەشوێنی خۆیانن! بەرەو خراپتر نەچووبن باشتر نەبوون و دۆخەکە لەبازنەیەکی خنکاوی داخراودا دێت و دەچێت؟!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×