چاکی بکەن بەڵام تەسفییە مەکەن!

توانا ئەمین
  2021-07-30     641
سەیر بوو لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک "دز" و "مافیا" و "جەردە" لە سلێمانی لە پۆستی باڵای حیزبیدا فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچوو! کە دواترینیان د.میرانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوو.
ئەگەر ئەم جوڵانە لەپێناو چاکسازیدا بێ جێی ستایش و دەستخۆشییە، بەڵام جێی پرسیارە د.میران بۆ ئێستا لەسەر دۆسێیەکی ٥ ساڵ لەمەوپێش دەستگیر دەکرێ؟ ئەی لەو ماوەیەدا یەکێتی خەوتبوو کە ئەم پیاوە گەندەڵی کردووە؟ ئەم پیاوە ئەگەر گەندەڵە و پارەی میلەتی خواردووە (کە من نازانم خواردویەتی یان نا و دەبێ دادگایەکی سەربەخۆ تۆمەتەکەی بسەلمێنێت) بۆ کردتان بە وەزیر، بۆ هێشتان لە وەزیریدا بمێنێتەوە؟ بۆ ساڵێک لەمەوپێش لە کۆنگرەدا دەیکەن بە ئەندامی باڵاترین دەسەڵاتی سیاسی حیزب کە مەکتەبی سیاسییە؟ ئایا ئەو کاتە نەتاندەزانی گەندەڵە و پارەی خواردووە...؟!
بە هەرحاڵ چاکسازی لە هەر سێکتەر و جومگەیەکدا بێت بۆ خەڵک جێی دەستخۆشییە، بەڵام ناکۆکی سیاسی بێت و بۆ تەسفییەکردنی کەسەکانی نزیک لە لاهور جەنگی بێت، ئەوە لە چاکسازییەوە دەبێت بە خراپسازی و سڕینەوەی یەکتر و شارەکە دەبێ بە زیندانێکی گەورە! بۆ لەو ڕەشبگیرییەی ئەم دواییەی یەکێتیدا دوو کەس نەگیرا کە نزیک و سەر بەکوتلەی ماڵی مام جەلال، یان کۆسرەت ڕەسوڵ بێت؟ ئایا ئەوانەی لەوێن هەموویان فریشتەن و ئەوانەی سەر بە لاهور جەنگین هەموویان شەیتانن؟!
تکایە چاکسازی گشتی بکەن، دەست لە کەس مەپارێزن؛ مافیا و دز و گەندەڵ بگرن، بەڵام هەر ئەوانە نا لە کوتلەکەی ترن، چاوێکتان لە بندەستی خۆشتان بێت، مەولانا واتەنی "تۆ چرا کە نابینی، دەتەوێ بە چرا چی ببینیت؟!"
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×