ئایا ببین بە غازفرۆش؟ وانەیەک لە نەوتەوە

د. نیاز نه‌جمه‌دین
  2022-03-02     359

هەندێ جار ئەڵیم ژیان لەم وڵاتە شەقوشڕانەی لە چەشنی خۆمان بۆ ئەم سەردەمە ئاڵۆز و ترسناکە، زۆریش خراپ نییە. ئەمریکا و ئەوروپا بەردەوام لە بەردەم مەترسیی چەکی ئەتۆمییدان، رەنگە بە یەک رۆکێت بتسوتێنن ئەگەر لەوێ بژیت. بەڵام پاڵنەرێک نابینم وابکات چەکی نەوەوی بە ئێمەومانانەوە بنێن. سیمای زاڵی ئێمە ئەوەیە چەند قەبیلەیەکین پەیوەندییەکی ئەوتۆمان بە دنیاوە نییە، چەند بینا و پارکێکمان دروست کردووە و لە ناوەوە خەریکی یەکتر خواردنین، لەگەڵ بەشدارییەکی زۆر بچوک لە گەشەی ئابووریی جیهان و بەرهەمهێنانی زانین و زانست و ئەدەب و هونەر. ئایا هیچ هۆکارێک هەیە میللەتێکی لەم جۆرە لەناو ببرێت؟

باوەڕ ناکەم. تەنانەت باوەڕ ناکەم پێویست بکات بە راستەوخۆ داگیرمان بکەن مەگەر بە زۆر بمانەوێت لە گۆڕەپانی یارییە نێودەوڵەتییەکاندا یاریی بکەین، گوایە کێشە نییە بدۆڕێین و تەمەنمان بەفیرۆ بڕوات، گرنگ ئەوەیە بەشدار ئەبین لە پاڵەوانێتییەکە و خۆمان بە جیهان دەناسێنین و ئیتر حسابمان بۆ دەکەن و نرخمان زیاد ئەکات.

دۆخی سیاسیی نوێی نێوان روسیا و ئەوروپا تەنها هەڵگری مەترسیی نییە، بەڵکو دەرفەتیشی پێیە. دەرفەت وەک شەمەندەفەر وایە، دێت و بۆ کاتێکی کەم لەو وێستگەیەدا دەوەستێت کە تۆ لێوەی نزیکیت و دەتوانیت سەرکەویت. ئەگەر ئامادە نەبوویت، بە دیارتەوە ناوەستێت و جێت دەهێڵێت.

دەرفەتە نوێیەکە ئەمەیە. ئەگەر ماین و نەمردین، ئەوروپا ناچارە رێگا و شوێنی تر بۆ دابینکردنی سامانی سروشتیی (نەوت و غاز) بدۆزێتەوە. عێراق و هەرێم یەکێکن لە یاریزانەکان. بەڵام نەک بردنەوە بەڵکو بەشدارییکردن لە پاڵەوانێتییەکەش ئاسان بەدەست نایەت ئەگەر پێشمەرج و یاسا و رێسا نەبن.

تۆ بڵی چۆن؟

ئەزمونی نەوت باشترین بەڵگەیە. ناردنی نەوت خۆی خراپ نەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا بۆ هەمووان دەرکەوت درۆی گەورەی تێدا بوو. لە بری ئەوەی ببین بە خاوەنی پشکی نەوت، بووین بە خاوەنی پشکی قەرز. زیاتر لەمەش، لەگەڵ پشکەکانی چاڤی لانددا، بەشداریی کرد لەوەی بازاڕی پشک (کە گرنگە بۆ هەمەڕەنگکردنی وەبەرهێنان) لە هەنگاوی یەکەمیدا سەرسمێک بدات و بکەوێت، متمانەی خۆی لە دەست بدات.

ئێمە بە شەق و خەڵەتاندن تەواوی پلانی نەوت بەسەرماندا سەپێنرا. ئێستا ئەگەر ببینە غازفرۆش، خراپ نییە. بەڵام یەکێک لەو وانانەی ئەبێت لە فرۆشتنی نەوتەوە فێر بووبین ئەوەیە کە رەنگە بمانخاتە ناو ململانێیەکی سەختی نێوان روسیا، تورکیا، ئەمریکا و ئەوروپا و لێی دەرنەچین.

بۆیە نابێت قبوڵی بکەین هەروا با ئاسانیی ئەمجارە بمانخەنە سەر سکەی غاز گوایە ئەم رێگەیەیان بە باغەکانی خۆشگوزەرانییمان دەگەیەنێت. من ناڵێم پێویستە ئەی (A) بۆ زێد(Z) ئاگادار بین، چونکە ئەوەندە لەگەڵ یەکتر گونجاو نین شتێکی لەو شێوەیەمان پێ بکرێت. بەڵام لای کەم ئەبێت ئەی(A) بۆ کەی(K) ئاگادار بین، واتە بەشێکی. ئەگەر پلانەکە لەگەڵمان شەیر نەکەن، نەزانین مەترسیی و قازانجەکانی چیین و بۆ کێن، بەشداریی و قسەیەکمان نەبێت تیایدا، لە ئێستاوە ئەبێت دژایەتیی خۆمان بۆ پرۆژەی ناردنی غاز رابگەیەنین و لەمەشدا کەمتەرخەم نەبین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×