مەسرور بارزانی پێویستە گوێ لە چی بگرێت؟

د.گۆران عەبدوڵا
  2023-10-13     442

بڕیارە مەسرور بارزانی لە رۆژانی 14 بۆ 17ی ئەمانگە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە لوتکەی تەندروستی جیهانیی ئامادەبێت. لوتکەی تەندروستی جیهانی، کۆبونەوەیەکی ساڵانەیە کە لە ئەڵمانیاو چەند وڵاتێکی تر ئەنجامدەدرێت. موستەشاری ئەڵمانیا و سەرۆکی فەرەنساو بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی سەرپەرشتی لوتکەکە دەکەن.

 لە پاڵ سەرۆکی حکومەت و وەزیری تەندروستییەکەی 6000 کەس بەشدار دەبن. هەروەها زیاتر لە 600 بەشداربو لە سەرو 100 وڵات وتاریان دەبێ. بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنجە، مەسرور بارزانی وەکو بەشداربویەکی ئاسایی ئامادەدەبێت و بەگوێرەی پرۆگرامی کۆبونەوەکە، هیچ وتارێکی نابێت.

ئامادەبونی سەرۆکی حکومەت لەو کۆبونەوە تەندروستییە جیهانییە لە کاتێکدایە کە سیستمی تەندروستی کوردستان بە یەکێک لە زەحمەتترین قۆناغەکانیدا تێدەپەرێت. لە ڕاستیدا، لە ئێستادا هەر بە ناو شتێک ماوە ناوی سیستمی تەندروستی بێت. لە لایەکەوە تەندروستکاران بەهۆی نەدانی موچەکانیانەوە لە لایەن حکومەتەکەی مەسرور بارزانی لە خراپترین دۆخی داراییدان. هەر چەند مانگێک جارێکیش، پەتایەک بەرۆکی هەرێم دەگرێت و سیستمەکە ئەوەندەی تر شلۆق ئەکات. کۆرۆناو کۆلێراو تای خوێنبەربون و هەوکردنی پەردەی مێشک لە تەک شێرپەنجەو نەخۆشییە درێژخایەنەکان و ڕوداوەکانی هاوتوچۆ هاوڵاتیانیان هەراسان کردوە. لەولاشەوە، بازرگانەکانی کەرتی تەندروستی و شەریکە سیاسییە چاوچنۆک و مشەخۆرەکان، بە بەرچاوی حکومەتەکەی مەسرور بارزانییەوە ئەم دۆخەیان قۆستوەتەوەو وەکو گورگ پەلاماری لاشەی نەخۆشیی هاوڵاتیان دەدەن و پارەی لێئەپچڕن. دۆخەکە بەجۆرێکە مەسرەف لە نەشتەرگەری و دەرمان و پشکنین هۆکارێکی سەرەکی هەژاریین لە کوردستان. هاوکات گومانێکی زۆر لە کواڵیتی ئەو دەرمانەی لە بازاڕدا ئەفرۆشرێ هەیەو بە بەرچاوی حکومەتەکەی مەسرور بارزانییەوە، کوردستان بوەتە زبڵدانی ساغکردنەوەی دەرمانی قاچاخ و ماوەبەسەرچو و کواڵیتی نزم. لە ڕوی ژێرخانیشەوە، دەیان پرۆژە، بەهۆی دزی و گەندەڵییەوە، تەواونەکراون (نەخۆشخانەکانی کەلار، ڕانیە، ڕواندوز...هتد). ئەوەیشی تەواوکراوە (کە زۆربەی هی زەمانی بەعسە) وردە وردە یا دەدرێتە کەرتی تایبەت (شەهید هێمن لە سلێمانی) یا بەهۆی پشتگوێخستنەوە وا خەریکە ئەڕوخێ. تەنانەت ئەو پرۆژانەی وڵاتان و خێرخوازو کۆمپانێکان دروستی ئەکەن، لە لایەن سیاسییەکان و منداڵەکانیانەوە زەوتئەکرێن (سانتیلایڤ بۆ نمونە).

ئەشێ بەشداریی سەرۆکی حکومەت لە لوتکەی تەندروستی بۆنەیک بێت بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر ئەو دۆخە خراپەی سیستمە تەندروستییەکەی. ئەگەر مەسرور بارزانی کاتی هەبێت و گوێ لە ئەزمونی وڵاتانی بەشداربو بگرێت، دەکرێت ئەو سەرنجی چەند وانەیەک بدات کە لە ئەنجامی تاقیکردنەوەو شکست و توێژینەوەیەکی زۆرەوە بەدەستهاتون.

١. سیستمێکی ئاڵۆزو هەستیاری وەکو تەندروستی تەنها بە کادیری حیزبی و گوێڕایەڵی سەربە حیزب و کوتلەکەی خۆت بەڕێوەنابرێت. بۆی هەیە ئەوانە لە خەڵک بەڕێکردن و دەمکوتکردن و دەمچەورکردن و خۆدەرخستن لێزان بن. بەڵام سیخنانکردنی کەرتی تەندروستی بە کادیری حیزیی هیچ سودێک بە خەڵک ناگەیەنێت. فەرمو ئایا وەزیری تەندروستییەکەت لەودیو دێگەڵە بەدواوە یەک قسەی ئەڕوا؟

٢. بەتایبەتکردنی بێ کۆنترۆلی کەرتی تەندروستی نە سود بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت نە بە ئابوری وڵاتیش. سەرۆکی حکومەت وا نەزانی ئەو پارەیەی خەڵک لە پشکنین و چارەسەر خەرجیدکات لە کوردستان ئەمێنێتەوەو سود بە ئابوری هەرێم ئەگەیەنێت. نەخێر، سەرباری ئەوەی هاوڵاتی نەخۆشییەکەی چارە ناکرێت، پارەکەش ئەچێتە گیرفانی بازرگانی بیانییەوەو هیچ سودێکی بۆ ئابوری کوردستان نییە. بۆیە پێویستە یا ئەوەتا چاو لە بریتانیاو ئەو وڵاتانەی دیکە بکرێ کە باج بەکارئەهێنن بۆ کۆکردنەوەی داهات بۆ تەندروستی. یانیش سیستمی بیمەی کۆمەڵایەتی (وەکو ئەڵمانیاو فەرەنسا) جێبەجێبکرێت. هەڵبەتە کۆپیکردن نەک نەگونجاوە بەڵکو کاری نەکردەیەو پێویستە بارودۆخی کوردستان لە هاوردەکردنی هەر سیستمێک لەبەرچاوبگیرێت. بەڵام یەک شت پێویستە رونبێت کە سیستمی بیمەی تایبەت (لەڕێگای کۆمپانیاوە) دۆخەکە ئەوەنەی تر خراپتر ئەکات و پێویستە خۆمانی لێ بەدور بگرین.

٣. ئەم وەزارەتەی ئێستا هی نەخۆشییە نەک هی تەندروستی. ئەو تیڕوانینە سواوە بۆ تەندروستی کە خۆی لە دەرزی و دەرمان و نەخۆشیدا قەتیس ئەکات، نەک تەنها هەڵەیە بەڵکو ئاکامی کوشندەیشی هەیە بۆ خەڵکی کوردستان. تەندروستی هی وەزارەتی تەندروستی نییە بە تەنها. تەندروستی پێویستە لە پلان و بەرنامەو بیرکردنەوەی هەمو وەزارەتەکان ئامادەیی هەبێت بەتایبەتی پەروەردە و کاروباری کۆمەڵایەتی و شارەوانی و سەرچاوەکانی ئاو و پلاندانان. گرنگیی هەماهەنگی وەزارەتەکان و هەبونی 'تەندروستی لە هەمو سیاسەتەکاندا' بەڕونی لە کاتی کۆرۆنادا دەرکەوت. دروستکردنی لیژنەکانی باڵای کۆرۆنا لە ئاستی حکومەت و پارێزگا و ئیدارەکان گرنگی خۆی هەبو لە هەماهەنگی زیاتر لە ئاستەکانی حکومەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەتاکە. ئەم مۆدێلە پێویستە بەردەوامی پێبدرێت لە ئێستاو لە داهاتویش لە ئەگەری زۆری ڕودانی پەتای دیکە.

٤. چارەسەرنەکردنی کێشەی دەرمانی قاچاخ و ماوەبەسەرچو نەنگییەکی گەورەیە بۆ حکومەتەکەی مەسرور بارزانی. سەرۆکی حکومەت پێویستە لە لوتکەکەدا گوێ لە ئەزمونی وڵاتان بگرێت لەسەر ئەم بابەتە. دەیان سیستم هەیە کە لە وڵاتانی دیکە تاقیکراونەتەوە و سودیان هەبوە و پێویستە کوردستان چاویان لێبکات.

٥. ئەو ژێرخانە تەواونەکراوەی تەندروستی کە خۆی لە دەیان پرۆژەی نیوەناچڵ دەبێنێتەوە، چانسێکی گەورەی وەبەرهێنان و هەلی کارە. دەکرێت مۆدێلی Private  Initiative Finance ی بریتانیا بەهەند وەربگیرێت و سودی لێببینرێت بۆ چارەسەری ئەم کێشە گەورەیە.

هیوادارم سەرۆکی حکومەت بۆ ئەو چەند رۆژەی لوتکەکە فراوانتر لە تیڕوانینێکی سیاسیانە بۆ تەندروستی گوێ لە ئەزمونی وڵاتان بگرێت و بە پرۆژەو بەرنامەی سەردەمییانەی ئەوتۆ بگەڕێتەوە هەرێم کە لە خزمەتی خەڵکی وڵاتەکەمان بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×