بێ ھەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مەترسیدارە!

لوقمان مصطفی صالح
  2023-10-28     160

جەنگ و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆلۆنیالیزمی سەدەیەک پێش ئێستا. 

بەڵام  جەنگی نێوانیان لە ئێستادا لەکەرتی غەزەدا چڕبۆتەوە،ھەرچەندە ئەم جەنگانە ناوبەناو سەرھەڵدەدات، ھەرجارەی  بە شێوەیەک لە شێوەکان شەڕ دەست پێدەکات، ھەندێکیان ماوە کورت و ھەنێکیشیان ماوە درێژ ،لە مێژووی ئەو جەنگانەدا ئیسرائیل چوار هێرشی سەربازی درێژخایەنی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە کە بریتین لە ساڵانی :- ٢٠٠٨، ٢٠١٢، ٢٠١٤ و ٢٠٢١، ٢٠٢٣ ی ئێستا.

 هێرشەکەی ساڵی ٢٠٠٨ بریتی بوو لە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، وەک گازی فسفۆر، لە ساڵی ٢٠١٤ و لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا ئیسرائیل زیاتر لە ٢١٠٠ فەلەستینی کوشتووە کە هەزار و ٤٦٢ کەسیان هاووڵاتی مەدەنی و نزیکەی ٥٠٠ منداڵی تێدابووە.

 لە میانەی ئەو هێرشەدا کە لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە ناوی ئۆپەراسیۆنی لێواری پارێزەر بوو، نزیکەی ١١ هەزار فەلەستینی بریندار بوون و ٢٠ هەزار ماڵ وێران بوون و نیو ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.

بەڵام ھیچ جارێکیان بەقەد ئەمجارەیان ماڵوێرانکەر نەبووە.!!  ئەوەش بەھۆی  ھێرشی پێشوەختەو دەستپێشخەری بزوتنەوەی حەماس و ئەو دەسەڵاتەی کەلەوێ حوکمرانە ،جەنگ ھەڵگیرسا و لە ھەردوەلا بەتایبەت خەڵکی غەزەی سڤیل باجی ئەو ھەڵانەیاندا ،حماس و ھاوپەیمانەکانی  پێشوەختە دەیانزانی کە سوتەمەنی شەرەکە خەڵکی بێچەک و ژن و پیر و مناڵی بێتاوان دەبنە قوربانی.!

ئەوە بوو کە بینیمان ھێرشی پێچەوانە و وەڵامدانەوەی چاوەروانکراوی ئیسرائیل بوو کە بێرەحمانە و بە شێوەی عشوائی  تا ھەنوکەش لە زەوی و ئاسامان و دەریاوە بۆمب بارانی کەرتی غەزەدەکات ،دەست لە ژن و مناڵ پیرو پەککەوتە ناپارێزێ.! قەسابخانەیەکی  بۆ  خەڵکی بێ دیفاعی کەرتی غەزە دروسکردووە مەگەر بەسەر خۆیان ھاتبێ بەدەست نازیەکانەوە.

تاوانەکان ھێندە قێزەون و گورچک بڕن سنوری ھەموو تاوانە نێو دەوڵەتیەکانی بڕیوە.!! خەڵک و  خاکەکەی بەیەکەوە تەخت دەکرێن و دەسوتێن، ئا ئەم تاوانە بە ھەموو پێوەرێ جینۆسادە.!

ديارە جینۆساید لە سادەترین پێناسەیدا كوشتنی بە كۆمەڵ دەگەیەنێت. گەر تەنیا وشەی "جینۆساید" بە نموونە وەربگرین، ئەوە چەندین كاری بێویژدان و دڵڕەقانە و دوور لە هەموو بەها بەرزە مرۆڤایەتییەكان لەخۆدەگرێت.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە بێ دەنگی و بێ ھەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جھانیە لەمەر ئەم تاوانانە کە بەسەر ژن و مناڵی کەرتی غەزەدادێ.!

ھەر کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بوو لە ساڵی ١٩٤٦ لە یەکەم دانیشتنی خۆیدا بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە جینۆساید بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانە و نموونەی ئەو جۆرە ڕووداوانەی ژماردەوە (بەڵام پێناسەیەکی یاسایی تەواو بۆ تاوانەکە نەخستەڕوو). لە ساڵی ١٩٤٨، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتننامەی ڕێگری و سزادانی تاوانی جینۆساید (CPPCG)ی پەسەند کرد کە بۆ یەکەمجار تاوانی جینۆسایدی پێناسە کرد. جینۆساید ڕەتکردنەوەی مافی بوونی تەواوی گرووپە مرۆڤایەتییەکانە، وەک چۆن کوشتن ڕەتکردنەوەی مافی ژیانی تاکەکانی مرۆڤە.

کەچی ھەر ئەم رێکخراو کۆمەڵەیە ئێستا لەم گرژی و ئاڵوزیاندا بە پێش چاویانەوە جینۆساید ئەنجام دەدرێت متەقیان لێوەنایات.!!

بەراستی ئەم بێ ھەڵوێستیەی نەتەوەیەکگرتوەکان و رێکخراوی بەناو مافی مرۆڤ زۆر مەترسیدارە،چونکە ڕێگە خۆشکەرە بۆ دوژمنەکانی ئێمەی کورد کە دەکرێت لەمە بەدواوە دەستکراوەبن و بێترس ودوودڵی  ئەم ھەلە بقۆزنەوە و  ھێرشەکانیان دەست پێبکەن و چاوەروانی کوشت و برێکی ئاوەھا لەم چەشنەبین لەلایەن دوژمنە چاچنۆکەکانمانەوە.!

لانیکەم فەلەستین چەندین دەوڵەتی عەرەبی و ئیسلامی پشتیوانی مادی و لۆجستی دەکرێن و  ماکینە میدیایە زەبەلاحەکانی جیھان نەھامەتیەکانیان دەگەیەنێتە ھەموو دونیا، بەڵام ئێمەی کورد نەک  پشت و پەنامانیە  بگرە ھەموو جیھان لەدژمانن.! ئەوە حاڵ و گوزەرانی نێوخۆی خۆمان ھەر باسمەکەن کەچی پاشەگەردانیەکە لەسایەی بیری تەسکی حیزبایەتی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×