لەیادی سلێمانی-دا: سوتاندنی زیلە عەسکەریەکانی بەردەرکی سەرا

د. ساماڵ مانیی
  2023-11-12     299

زۆر گرنگە چی دەکەیت لە ژیانتدا،هاوشانی ئەوەش، گرنگە ئەوەی ناگونجێت لەگەڵ پرنسیپەکانتدا ڕەتیبکەیتەوە و نەیکەیت. 

 هێرشی سووتاندنی زیلە عەسکەریەکانی بەردەرکی سەرای شاری سلەیمانی وا بەرەو نیوە قەڕنێک لەمەوبەر پێهەڵدەگرێت، لە ١٩٨٢ دا بوو ، ئەو هێرشە زۆر دەنگیدایەوە و ناونرابوو 'نەورۆزی سووتاندنی زیلەکان' لای خەڵکی شارەکە. لەو هێرشەدا ئێمە تیمێکی حەوت کەسیی بووین هەموومان لە ناو کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوین و تیمێک لە نێر و مێی گەنجی ناو شاری سلەیمانی بووین: چوار پیاو و سێ ژن، ئیشێکی هەماهەنگیی نێوان ئەو تیمە نوێیەی ژنە پێشمەرگەکانی ناوشاربوو کە دروستکردنی دەستی پێکردبوو بە سەرپەرشتیاریی من، لەگەڵ ڕێکخستنەکانی ناوشار.
ئەم چەند پەڕەیە سەبارەت بەو هێرشەی بەردەرکی سەرای سلەیمانی یە لە بیرەوەریەکانمدا وەک  داتای ڕووداوە مێژووییەکە، هەندێک وردەکاری لێدەرهێنراوە هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی هەموو بیرەوەریەکانم لە کتێبێکدا.

پێشتر لە یەک دوو پەڕەیتری بیرەوەریەکانمدا کە بە سوپاسەوە لە زۆر لە ڕۆژنامە کوردیەکاندا بڵاو کراونەتەوە لە (مانگی ٥-٢٠٢٠دا) وتم کاتێک بۆ یەکەم جار داوایان لێکردم خۆم بەتەنیا هێرش بکەمە سەر پارێزگاری سلەیمانی و بیکوژم، ڕەفزمکرد و وتم "من ناتوانم کەس بکوژم و ناشمەوێت ئەو تیمەی ژنە پێشمەرگەکانی ناوشار کە من دروستی دەکەم بکرێن بە بکوژ و بۆ ئەو جۆرە کارانە بەکاربهێنرێن؛ لەبەر ئەوە من دەگەڕێمەوە بۆ شاخ."  لە کاتێکدا داوای کوشتنی پارێزگاریی سلەیمانی لە سەرکردایەتی شاخەوە نەهاتبوو بەڵکوو زادەی ناوخۆی ڕێکخستنەکانی ناو شار بوو، ئەو ڕەتکردنەوەیەی من گرنگ بوو بۆ یەکلاکردنەوە و سنوور دانان بۆ ئەوەی هێشتا نادیار بوو سەبارەت بەو تیمەی ژن کە من سەرپەرشتیاریان بووم و ڕاهێنانم پێدەکردن لە ماڵەکەی خۆمدا لەسەر بەکارهێنانی چەک. 
بەر لەوەی خۆم سیاسەت بکەم و لە سیاسەتکردنی دایک و باوکمەوە لە ئەوەڵی شەستەکاندا فێرببوم، هەمان پرنسیپی ئەوانم بەکاردەهێنا لە هەڵسەنگاندنی سیاسەتکردنم هەتا وازهێنانی یەکجارییم لە سیاسەت لە کۆتایی ١٩٩٣دا و چونە ناو بازنەی فەلسەفەی ئەکادیمی لە زانکۆی لەندەن، هەموو ئەو ساڵانە وا دەژیام لە هەر چرکەیەکدا لە پێناوی پرنسیپە گرنگەکانی 'مافی کورد' و 'مافی ژن' و 'نەهێشتنی هەژاریی'دا بکوژرێم-شەهید بکرێم ، بەڵام ئامادە نەبووم نە کەس بکوژم و نە کوشتن پەسەند بەکەم. 

 کە چوومە ناو بواری سیاسەتەوە، خۆم خاوەنی  ئەزموونێکی سیاسی کوردیی بووم لە دایک و باوکمەوە، لە خوێندنەوە شەو و ڕۆژەکانی خۆمەوە تێگەیشتنێکی باشی 'فەلسەفەی سیاسیی' و 'زانستی سیاسیی' و 'ڕەخنەگریی سیاسیی' و' زانستی ئابووریی' و 'مێژوو' و 'کۆمەڵناسیی' و 'ئازادی و مافی ژن (بە زمانی ئێستا یەکسانیی جێندەریی)' بووم. خاوەنی دوو خانوو بووم لەناو شاری سلەیمانیدا، ماڵی باوکم (لە گردی شێخ محێدین) و ماڵی خۆم (لە گەڕەگی مامۆستایان)، هەردووکیانم وەک مقەڕێک بۆ سیاسەتکردن و پێشمەرگایەتی ناوشار لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد دا بەکاردەهێنا، هەروەکو چۆن  لە چاوهەڵهێنانمدا  بە مناڵیی  بینیبووم دایک وباوکم ماڵیان کردبوو بە مقەڕی سیاسی و پێشمەرگایەتی بۆ حەوانەوەی پێشمەرگە بریندار و مەخفیەکانی سەرەتای شەستەکان و کۆبوونەوەکانی ناوشار و پێشمەرگەکان.

 جگە لە ڕاهێنانی ڕۆشنبیریی بۆ ئەندامانی شانەکان بۆ ئەوەی خۆیان ببنە خوێنەری جیدی و سیمینارکار، سیمینارەکانمم زۆر لا گرنگ بوو لەسەر ئەو بابەتانەی زۆرم لەسەر خوێندبوونەوە و تیایدا شارەزایم هەبوو. جگە لە بڵاوکردنەوەی بەیانەکان لە نیوەشەواندا بە کۆڵانەکان و ماڵەکاندا، جگە لە بەشداریی لە نووسینی دروشمی سەردیوارەکان، ئەرکی سەخت و مەترسیدارتریشم لەناو ڕێکخستنەکانی ناوشاردا جێبەجێکردبوو، وەکو یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانە گەورەکانی شار (ڕێکخەرانی زۆر بوون) ئەرکم پێ سپێردرابوو. جگەلەوەی وەکو یەکێک لە ڕێکخەرانی مانگرتنی گشتی شاری سلەیمانی لە ١٩٨١ دا(ڕێکخەرانی زۆر بوون) ئەرکم پێسپێردرا بوو و ئەو ئەرکانەم لەگەڵ ئەرکی زۆریتری لەوجۆرە پەسەند کردبوو لە ڕێکخستنەکانی ناوشاردا، ئەو دوکانانەی کە مانیان نەگرتبوو خۆم دەچووم شان بە شانی ڕێکخەرێکیتری ناو رێکخستنەکانی شار (ناوی نهێنی 'سۆران' بوو، هێشتا لە ژیاندایە و لە حیزبایەتی دوورکەوتۆتەوە) یەکە یەکە داوام لێدەکردن دوکانەکانیان دابخەن بۆ ئەوەی گشتگیر بێت مانگرتنەکە و بەشدار نەبن لە تاوانی لەسێدارەدانی ئەو خاوەن دوکانانەی کە مانیانگرتووە، هەتا ئەمان وەکو تاوانبار دواتر لە مێژوودا نەناسرێن. وەکو ئەمڕۆ لە بیرمە کە پێم دەوتن تەنها یەک ڕۆژە مانگرتنەکە زەرەری مادیی زۆری نیە و ئەرکێکی گرنگیی مێژووییە لە پێناویی ڕزگارییخوازی هەموو کوردە؛ هەموویان بەقسەیان دەکردم و دوکانیان داخست.

 دەستم پێکردبوو بە دروستکردنی تیمی پێشمەرگەی ژن لە ناوشار، جگە لە خۆ ڕاهێنان، بە ڕاهێنانی پێشمەرگایەتی بۆ دوو ژنی ئازای ناو ڕێکخستنەکان و بڕیاروابوو ژنیتری بوێر و ئازای زیاتر لەناو ڕێکخستنەکانی شارەوە بنێرنە لام بۆ ڕاهێنان بۆ ئەوەی تیمەکە گەشەبکات و گەورەتر بێت. شوێنی ڕاهێنان ماڵەکەی خۆم بوو لە گەڕەکی مامۆستایان و چەکی ڕاهێنانیان دەمانچە چواردەخۆرەکەی خۆم بوو کە موڵکی من بوو (لەبەر دز هەمبوو) زۆر جاریش بۆ چەند ڕۆژێکی کورت دەخوازرا لەلایەن شەهید دڵشاد مەریوانی یەوە بۆ ئیشەکانی ڕێکخستنی ناوشار. 

ئەمەوێت یەکێک لەو ڕۆژانەی ڕاهێنانم بە ژنە ئازاکان دەکرد لەناو ماڵەکەمدا لە گەڕەکی مامۆستایان بۆ ئەو مەبەستە، زۆر بە کورتی بگێڕمەوە:
 یەکێک لەو ڕۆژانەی 'ئاوارە' و 'تارا' دەهاتنە ماڵی من جیاواز لەو ڕۆژانەی کە دەهاتن بۆ کۆبونەوە لە سیمنارەکانمدا، ڕاهێنان لەسەر چەک بوو بۆ ئاشنا کردنیان بە پێشمەرگایەتی. بەرنامەی ڕاهێنانەکەم سەرەتا بە کردنەوەی دەمانچە و پاکردنەوەی و بەیەکبەستنەوەی،  پاشان مەخزەنی دەمانچە پڕ کردن و بەتاڵکردنەوەی و شتیتری لەو جۆرە بوو، هەردووکیان باش ئەو بەشانە فێربوون. ئەم ڕاهێنانە تایبەت بە ژن بوو بۆ دروستکردنی ئەو تیمە، ئەگینا کوڕیتر هەبوون کە من سەرپەرشتیاریی ڕۆشنبیریی سیاسیم دەکردن بەو کوڕەشەوە کە بوو بە هاوژینی تارا و هەروەها کەریم شەهاب-ی ئەکتەر، بەڵام ئەم کۆبوونەوانەیتر بە گشتی لە ماڵی باوکم دەمکردن.
ئەو ڕۆژە، هەردوو کوڕە چکۆلەکانم (ئاری و دیاری) وەک هەموو جارێکیتری کۆبوونەوەی ڕاهێنانی ئەو تیمە ژنە لەسەر چەک،  لە  ژوورە تایبەتەکەی خۆیان بوون بۆ یاریکردن لە ماڵەوە، ژوورە گەورەکەم بۆ یارکردنی ئەوان تەرخان کردبوو لەبری ئەوەی بیکەم بە ژووری میوان، ئێستا ئەوان بەهەمان شێوە کام ژوورەی گەورەیە لە ماڵەکانیاندا تەرخانی ئەکەن بە تایبەتیی بۆ یاریکردنی مناڵەکانیان.
ئەو ڕۆژەیان کاتی هاتبوو چۆنیەتی 'نیشانگرتن' و ' کۆنترۆڵی دەست و ڕاگرتنی سەرنج لەسەر نیشانە' فێری تارا و ئاوارە بکەم لەکاتی بەکارهێنانی چەک/ دەمانچەدا، بەو مەبەستە مەخزەنەکەم دەرهێنابوو لە دەمانچەکەم و خستبوومە سەر مێزی نانخواردنەکە لەبەری ئەوبەری ژوورەکەدا و دوور لەو قەنەفانەی لەسەری دانیشتبووین. خۆم چەند جارێک ئەوەم کرد لەبەر دەمیاندا بێ مەخزەن، نیشانەکەم بۆ دیاری کردن کە سەعاتە گەورەکەی دیواری سەر پەنجەرەی ژووری دانیشتنەکەم بوو.
ئینجا وتم:  فەرموون، ئیتر ئێوە ئەوەی تێی گەیشتوون لە نیشانە گرتن و سەرنج لەسەر نیشانە ڕاگرتن و کۆنترۆڵی دەست دەستپێبکەن بە نیشانەگرتن لە سەعاتی سەردیواری پەنجەرەکە.
 لەو کاتەدا، ئاری کوڕم لەدەرگای ژوورەکەی دا و (بۆیان نەبوو بێنە ژوورەوە لە کاتی کۆبوونەوەکانمدا) لەو دیوی دەرگاوە پێی وتم کە دیاری برای نایەڵێت فڵانە یاری بەکاربهێنێت – لەبیرم نیە کام یاریە بوو شەڕیان بوو لەسەری-  هەردووکیان تەمەنیان زۆر نزیک بەیەک و زۆرمناڵ بوون، من چووم ئەوە چارەسەربکەم و یەکدوو چرکەم پێچوو و گەڕامەوە بۆ ژووری  دانیشتنەکە/ ڕاهێنانەکە. 
کە گەڕامەوە دەمانچەکەم بەدەستی ئاوارەوە بوو، ئاوارە زۆر بوێر بوو زۆریش حەزی دەکرد زوو فێربێت، لێی پرسیم  بە یەک چاو یان بە هەردوو چاو سەرنج لەسەر نیشانەکە ڕابگرم ؟ وتم هەندێک بۆ باشتر بینین بە یەکچاو سەرنج ڕادەگرێت و هەندێک بە هەردوو چاو، بە هەردوو جۆرەکە تاقی بکەرەوە بزانە کامیان باشترە لات.
ئەوەی کرد چەند جارێک.  
 پاشان ئاوارە ووتی: ئەی پاش سەرنج ڕاگرتن و دەست کۆنترۆڵکردن چی دەکەیت؟ 
منیش وتم: دەەست دەنێیت بە پەلەپیتکەکەدا بەرەو نیشانەکەت.
هەروام وت و ئاوارە زرمەی لە دیوارەکە هەڵساند، فیشەکەکەی نا بە تەنیشت سەعێ‌تەکەوە، بەوە پەشۆکا و دەستبەجێ دەمانچەکەشی فڕێ دایە سەر ئەرزەکە و هەردووکیان ڕەنگیان سپی بوو بە پێوە وەستابوون و سەیری دەمانچە فڕێدراوەکەیان دەکرد. دیمەنێکی زۆر جوان بوو بەلامەوە دوو ژنی زۆر بوێر وا پەشۆکابوون، ئەوە لەبەر ئەوە نەبوو کە بترسن، نەدەترسان، لەبەر ئەوە بوو پەشۆکابوون چونکە پێشتر تەقەیان نەکردبوو لەو ڕاهێنانەدا.
 ئیتر زانیم لەو چرکانەدا کە من چوومەتە لای دوو کوڕەکەم، یەکێکیان مەخزەنەکەی لەسەر مێزی نانخواردنەکە هەڵگرتوە و خستویەتە ناو دەمانچەکەوە وەکو هەموو کاتی پێشتر لە ڕاهێنانەکەدا. بۆ ئەوەی لە پەشۆکاویی دەریان بهێنم، یەکسەر  بە ئاوارەم ووت: "خێرا، خێرا دەمانچەکە هەڵبگرەوە و چەک فڕێ نادرێت پاش بەکارهێنانی." ئەویش خێرا هەڵیگرتەوە. پێم وت: "مەخزەنەکەی دەربهێنە و بیخەرەوە سەر مێزی نانخواردنەکە، قەت مەخزەن مەخەنەوە چەک لەکاتی ڕاهێنانی نیشانەگرتن دا". تارا کە هێشتا بە پێوە وەستابوو و حەپەسا بوو، پێم وت: فەرموون دانیشنەوە، ئەمڕۆ تێگەیشتن کە دەمانچە تەقەش ئەکات."  پەشۆکاویەکە بوو بە پێکەنین. پاشان خۆم دەمانچەکەم ڕاکێشا بۆ ئەوەی بەتاڵبێتەوە و دڵنیابم گولەی نەچۆتە بەر، تێمگەیاندن کە: دەمانچە یان چەک لە کاتی تەقاندنیدا دەنگی هەیە و دەست ڕادەتەکێنیت، بۆیە ڕاهێنان پێویستە، هەموو جۆریکی چەک وەکو چۆن ئێستا دیوارەکەی کون کردوە و هەڵدڕیوە، هەرشتێک یان مرۆڤێک بکەیت بە نیشانە و بەرەوڕووی چەک بتەقێنیت، بەو جۆرەی دیوارەکەی لێدەکات کاتێک دەست بە پەلە پیتکەدا دەنێیت، گرنگە بزانیت چی دەکەیت و بۆ دەیکەیت لە بەکارهێنانی چەکدا؛ یاری نیە و بۆ خۆشیی نیە، تەنها بۆ کاتیی زۆر پێویستیە و لەو کاتەشدا بەرپرسیاریەتێکی یەکجار گرنگە و هتد.
دەنگی تەقەکە گەورە بوو، خەمم بوو خەڵکی گەڕەک زانیبیتیان و خەبەرمان لیبدەن و بگیریێن. خۆم بە تەنیا بە خێرایی چوومە کۆڵان و سەیرم کرد چەند ماڵێکی دراوسێ ی نزیکمان هاتوونەتە دەرەوە و قسە ئەکەن لەناو خۆیاندا سەبارەت بەو تەقەیە و پرسیاری لە کوێوە بووە و چی بووە؟ منیش ناچاربووم وەکو ئەوان سەرسوڕمانم پیشان بدەم و وتم : ئەوە چی بوو؟ من لەسەربان بووم گوێم لە تەقە بوو، دوو کوڕم بینی لەسەری کۆڵانەکەوە تێپەڕ بوون، لەوانەیە ئەوان بووبن. هەموو وتیان: "لەوانەیە ئەوان بووبن". دراوسێکانم ئارام بوونەوە، یەک لە دوای یەک ئەچوونەوە ماڵەوە، منیش وەکو ئەوان دەرگای حەوشەم داخست و هاتمەوە لای تارا و ئاوارە و ڕاهێنانیان.
ئەو ڕۆژەی زەنگی یەکەم کۆبوونەوەی هێرشی سووتاندنی زیلەکانی بەردەرکی سەرام پێگەیشت، تازە لە لای بەرگدرووە دیزاینەرە هونەرمەندە نایابەکەم  دەگەڕامەوە، کاک حەمە عەلی (شاعیر مەدهۆش ١٩١٩-١٩٩٤) ی هونەرمەند و دیزاینەری جوان سەلیقە و بەکارهێنەری گۆڤاری دیزان و دروومانی  گۆڤاری فاشنی'بوردە' لە سلەیمانی، ئەو دروستکاریی ئەناقەتی بەرگپۆشینی 'فاشن'ی ژنە  گەنجە ڕەشیقەکانی ناو جەرگەی شاری سلەیمانی لە حەفتاکان و هەشتاکان دا بوو.
لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابووردودا لە کوردستان تەلەفۆنی مۆبایل و ئینتەرنێت نەبوو بۆ پەیوەندییکردن، تەنها تەلەفۆنی ماڵەوەمان هەبوو. ئەو ڕۆژەی لای مەدهۆشی شاعیر گەڕامەوە ماڵەوە ، لەگەڵ دەرگای سەرەکی چوونە ژوورەوەی ماڵەکەم کردەوە (جامخانە شوشەکەی چوونە ژوورەوە لەو ماڵانەی بە ئارکیتەکی غەربی و داخراو لەناو حەوشەیەکدا دەناسران، ئەمە بەرامبەر بە ئارکیتەکی ماڵە دێرینەکانی ناو شار وەکو ماڵی باوکم کە لە جۆری ماڵێکی کراوە بوون بەناو حەوشەیەکدا بەوجۆرەی موبەق و حەمام لەدەرەوەی بەشی دانیشتن و نوستن دا بوو) گوێم لە زەنگی تەلەفۆنی ماڵەکەم بوو، بەپەلە وەڵامم دایەوە، شەهیدی شاعیر و ئەکتەر و نووسەر و سیاسیکار و هونەرمەند دڵشاد مەریوانی بوو( ١٩٤٧-١٩٨٩).
 دوای هەواڵپرسین، من وامزانی بۆ بە بیرهێنانەوەی چونە لای هاوڕێیەکمان تەلەفۆنیکردوە،  پێم ووت: " ببورە، ئەم عەسرە بوو کە دەتویست پێکەوە بچین بۆ حەوزە وشکە بۆ لای کاک عوسمان عەلی؟"  زوو زوو پێکەوە سەردانی دوکانەکەی کاک عوسمان عەلی (١٩٤٤-٢٠٠٥) سیاسیکار و هونەرمەند و گۆرانیبێژی بەناوبانگ و ناسراوی سلەیمانیمان دەکرد لە حەوزە وشکە دوکانێکی چکۆلەی بەرگدرووی هەبوو جێگەی گفتوگۆ وکۆبوونەوەی ڕۆشنبیرانی سیاسیکاری ناو کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوو، من و کاک دڵشاد مەریوانی چەند جارێک پێشتر چوبووین و جاروبار کەبابیشمان لەگەڵ خۆمان دەبرد لەوێ پێکەوە دەمانخوارد لەگەڵ  کاک عوسمان عەلی و ئەویشی چای بانگ دەکرد بۆمان و پێکەوە دوای گفتوگۆیەکی سیاسیی هەرسێکمان ماڵئاواییمان لەیەکتری دەکرد و جیا دەبووینەوە بەرەو ماڵەکانی خۆمان. بەڵام دڵشاد مەریوانی لەو تەلەفۆنەیدا پێی ڕاگەیاندم سبەی کۆبوونەوەیەکی پێویست هەیە لە نێوان ئەو و من و سەرۆکی ڕێکخستنەکانی ناوشاری سلەیمانی لە ماڵی ئەوان و دەوری پێش نیوەڕۆ. ئەڵبەت بەو وشانە نەیووتن، کەسمان بە ڕستەی ئاشکرا لە تەلەفۆن و ناو خەڵکیدا قسەکانمان نەدەکرد، لە ترسی گوێگرتن لە تەلەفۆنەکان و زانیاریدان بە خەڵکیتر سەبارەت بە ئیشەکانمان. دڵشاد مەریوانی بەم جۆرە ووتی: "سبەی بۆ نانی نیوەڕۆ داوەتی ماڵی خۆمانیت و 'وەستا' ش داوەتە و لێرە دەبێت لەگەڵمان، بەڵام هەوڵ بدە پێش نان خواردن لێرە بیت، سەعات ١١."
وتم: بەسەرچاو و زۆر سوپاس بۆ داوەتکردنەکە.
هەر دوای تەلەفۆنەکەی ئەو، هەردوو کوڕە چکۆلەکەم برد بۆ لای باوکم (ماڵەکەی گردی شێخ محێدین) وەکو هەموو ئەو کاتانەیتر کە ئیشی سیاسیم هەبوایە یان باوکم دەهات و دەیبردن یان من دەمبردن بۆ لای، باوکم ئاگاداری سیاسەتکردنی من بوو و ماڵەکەشی کە تیا دەژیا جێی زۆربەی کۆبوونەکانم بوو، پەروەردەکار و متمانەپێکراووم بوو و هیچم لێ نەدەشاردەوە.

بۆ سبەی سەعات ١١ ی پێش نیوەڕۆ بوو گەیشتمە ماڵی دڵشاد مەریوانی.
کە گەیشتم کاک دڵشاد مەریوانی دەرگای حەوشەکەی لێکردمەوە ، خاتوو شیرین کاف-ی هاوژینی لە دەوام بوو،  'وەستا' هێشتا نەگەیشتبوو، کاک دڵشادیش وەکو هەموو پیاوانی چینی مام ناوەندیی شەستەکان حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابووردووی خەڵکی ناو شاری سلەیمانی، هاوکاریی یەکسانی هاوژین و خێزانەکەیان بوون لە ماڵدا (باوک و برا و زاواکانم هەروا بوون) نان و سەوزە و زەڵاتەی ئامادەکردبوو و خەریکی سوورکردنەوەی گۆشتی قوتوو بوو، ووتی: "ئەم گۆشتی قوتوانەمان تایبەتە و لە بازاڕدا دەستناکەون و لە خاریجەوە بۆ هاتووە، دڵنیام  پێشتر نەتانخواردوە و زۆر بەدڵتان ئەبێت."
هەر ئەو قسەکەی تەواو کرد و شەهید جەمال تاهیر (١٩٤٣- ١٩٨٣) سەرۆکی رێکخستنەکانی ناو شاری سلەیمانی زەنگی دەرگاکەی لێدا و گەیشت، ئەو ئەوکەسە بوو کە کاک دڵشاد مەریوانی بۆشاردنەوەی نهێنیەکانی ڕێکخستنەکانی شار لە تەلەفۆن و ناو کۆبوونەوەکانی ڕێکخستن دا ناوی نەدەهێنا و پێی دەوت 'وەستا'.
پێشتر کاک جەمال تاهیرم دەناسی و ئاگاداری ئەوە بوو کە دروستکردنی تیمێک لە پێشمەرگەی ژن لەناو شاری سلەیمانیدا دەستی پێکردوە، باسی  ئەو تیمە و مەبەست لێی گرنگیدان بوو بە ڕۆڵی زیاتری ژن لە سیاسەتدا و پرسی یەکسانیی جێندەریی ژنان بوو،  دوو سێ جاریش بە دوو بەدوو یان بە ئامادەیی کاک دڵشاد مەریوانی کۆببوینەوە. ئەو ڕۆژە هەرسێکمان پێکەوە لەسەر نانخواردنی نیوەڕۆ - کەمێک زووتر لە نیوەڕۆ، یەکەم کۆبوونەوەکەمان کرد سەبارەت بە هێرشی سووتاندنی ژمارەیەکی زۆر لە زیلە سەربازیەکانی حکومەتی حیزبی بەعسی عەرەبی عێراق (حیزبی بەعس جگە لە عێراق بەشی سوریای هەبوو و بە باڵێکی باشتر ناسرابوون لەوانەی عێراق) لەناو شاری سلەیمانیدا.
 بیرۆکە و ئەندازیاری هێرشەکە شەهید دڵشاد مەریوانی بوو( ڕێکخەری پۆلی قەڵا لە ڕێکخستنەکانی ناوشار کە من تیا ئەندام بووم)، پەسەندکاری هێرشەکە شەهید جەمال تاهیر بوو (سەرۆکی هەموو ڕێکخستنەکانی ناوشار لە هەمانکاتدا پەسەندکار و بە ئاگا بوو لە دروستکردنی تیمی پێشمەرگەی ژن لەناو شاردا)، هێرشەکە بە ئاگاداریی کاک نەوشیروان بوو سکرتێری(سەرۆکی) کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، سەرپەرشتیاریکردنی (ئەو کات بە ژنیان نەدەوت فەرماندە، دەیانووت سەرپەرشتیار) ڕۆژی هێرشەکە  سپێردرا بوو بە من لەناو خۆیاندا بەر لەم کۆبوونەوە سێ کەسیەی نێوانمان لە ماڵی دڵشاد مەریوانیی. 

 لە سەرەتای ئەم کۆبوونەوە سێ قۆڵیەماندا، ئەوان بەر لەوەی باسی ئەوە بکەن کە هێرشەکە چیە، کەموزۆر ئەمەیان بە من وت:  کۆبوونەوەکە سەبارەت بە هێرشێکە لەنو جەرگەی شاری سلەیمانیدا، دواتر ئەچینە ووردەکاریەکانەوە، بڕیار دراوە کە ڕۆژی هێرشەکە تۆ سەرپەرشتیاریی هێرشەکە بکەیت و دڵنیا بیت لە سەرکەوتوویی ئەنجامدانی ئەو هێرشە، ئەو دوو ژنەی ڕاهێنانت پێکردوون بە مەبەستی درووستکردنی تیمی پێشمەرگەی ژن لە ناو شاردا، وەک یەکەم ئیشیان دەبێت بەشداریی بکەن.
 من پرسیم: بە تەنیا ئەو دوو ژنەم هەیە لەو ڕۆژەدا بۆ ئەنجامدانی ئەوە؟ 
 وتیان: لەگەڵ دوو پیاوی بوێر و ئازایتر کە ئەوانیش یەکەم جاریانە بەشداریی لە هێرشی وادا بکەن و ئەوانیش لە ژێر سەرپەرشتیاریی تۆ دەبن لەو ڕۆژەدا.  بەو جۆرە بە  کۆی حەوت کەس بوو تیمی هێرشی سووتاندنی زیلەکانی بەردەرکی سەرا؛ چوار پیاو سێ ژن.
دوای ئەوە باسیانکرد هێرشەکە چیە، هەموو وردەکاریەکان و ئەرکی من هەر ئەو ڕۆژە لەو کۆبوونەوەیەدا باسکرا و تاوتوێمان کرد و ڕامان گۆڕیەوە، وەکو ئیشی هەر فەرماندەیەکی پێشمەرگە و زیاتریش چاوەڕوانیم لێدەکرا لە لای هەردووکیانەوە، هەر لەبەر ئەوەشبوو کەسی ئیحتیات دانەنرابوو بەهاناوە بێت لە کاتی پێکدادان لەو ڕۆژەدا بۆ یاریدەدانم. پێداگیریان دەکرد لەوەی لەکاتی ترساندن و شڵەژان ، یان ئامادە نەبوونی هەرکام لەو چوار کەسەیتردا لە ڕۆژی هێرشەکەدا یان نەکردنی هەر بەشێکی ئەرکی سووتاندنەکە لە ڕۆژ و کاتی هێرشەکەدا بەهەرهۆیەک بێت، ئەرکی منە کە بە تەنیا خۆم هەموو پلانی سوتاندنی زیلەکانی بەردەرکی سەرا بگرمە دەست و جێبەجێیی بکەم. وتیان ئەو پلانە نابێت نەکرێت و لە شاخ چاوەڕێی هەواڵی سەرکەوتنی ئەو هێرشەن. بەهەمان شێوەش، لەکاتی هەر پێکدادانی نەخوازراوودا، ئەرکی من بوو بە سەرکەوتووی  پارێزگاریی لە خۆم وتیمەکەم بکەم (ئەو دوو ژن و دوو پیاوەی دیارییکرابوون بەش بەشی هێرشەکە بە ئەنجام بگەیەنن) هەتا ئەوان دەرباز دەبن، بەو مەبەستەش پێویستە دەمانچەکەم لەگەڵ خۆم ببەم  لە ڕۆژی هێرشەکەدا. پاش تەواو بوونی هێرشەکە لە شوێنی دیاریکراودا 'لای شەخسەکەی پیرمەسوور (پیرمەنسور)' لە گەڕەکی سەروو شوێنی ئەنجامدانی سوتاندنی زیلەکان، دڵشاد مەریوانی ببینم و ئەنجامی هێرشەکە و بەئاگا هێنانەوەی لە  سەلامەتی  یان گرتنی هەر یەکێکمان ڕابگەیەنم، بۆ ئەوەی ئەو و ئەوانیتر کە یەکمان ناسیوە و پێکەوە ئیشێکمان کردوە، هەموویان خۆیان بشارنەوە نەکا بگیرێن.

هەموو زانیاریی و مەبەستەکەم پێکەوە لێکدایەوە لەو کۆبوونەوەیەماندا، هەڵسەنگاندنم بۆ  پالنی هێرشەکە کرد و دیاربوو ئەگەری زۆری هەبوو هێرشێکی بێ زیانی مرۆیی بێت. لە ڕووی سیاسیشەوە بەلامەوە زۆر پەسەند بوو، ترساندن و زەرەر گەیاندنێکی گرنگبوو بە زیلەکانی سوپای عێراق و پەیامێکی گرنگی سیاسی بوو بۆ حکومەت کە تەبعیس و عەرەباندنی عێراق و هەڵاواردنی نێگەتیڤی نەتەوەیی بەرامبەر کورد ڕابگرێت. لەبەرئەوە دەستبەجێ،  پێم ووتن، ئامادەم ئەرکی سەرپەرشتیاریی کردنەکەی بگرمە دەست؛ پەسەندم کرد
 لە سیاسەت و پێشمەرگایتیمدا چ لەشار و چ لە شاخ، گرنگ نەبووە دەکوژرێم یان نا، بەڵام زۆر گرنگبوو بەلامەوە چی دەکەم و چی نابێت بکەم و ڕەتیبکەمەوە. 
 لەو کۆبوونەوەیەماندا کۆی بۆچوونەکانی یەکتریمان پەسەند کرد. لە کۆتاییدا بریاردرا: دوو ژنە بوێر و ئازاکانی لای من:خاتوو  تارا (خاتوو بەهرە ڕەشید کە خانەنشین کراوە بە پلەی موقەدەم وهەتا ئێستاش هەر ئەندامی حیزبییە، خۆشحاڵم لە ژیاندایە و لە بەشێکی بیرەوەریەکانیدا لە کتێبی 'گوڵدانی ژن' ی خاتوو نەرمین عوسمان دا باسی سووتاندنی زیلەکانی سلەیمانی کردوە بەڵام بەو جۆرەی کە گوایە تەنها ئەو و ئاوارە بووبن، لەماڵی خۆیدا لە ٢٠٢٠ دا لە سەرچنار، لێم پرسی بۆ ئاماژەیەک یان بە دێڕێکیش باسی من و ئەوانیتری نەکردوە لەو هێرشەدا؟ وتی نزیکەی ٣٠ لاپەڕەی دوورودرێژی لەسەر ژیانی خۆی ناردوە وجێی نەبۆتەوە بۆ بڵاوکردنەوە. پەرلەمانی کوردستان خەڵاتیان کرد). خاتوو ئاوارە (خاتوو سەرگوڵ مەحمود کە دواتریش زیندانیی و پێشمەرگەی شاخ بوو، دوای ڕاپەڕینیش ئەفسەری پلە بەرز بوو لە هێزەکانی حەفتا دا، هێشتا ئەندامی حیزبییە، نازانم خانەنشین کراوە یان نا، خۆشحاڵم کە لە ژیاندا ماوە، شایانی ئەوەیە خەڵاتبکرێت. 
 هەروەها، دوو پیاوی زۆر بوێر و ئازا: یەکێکیان 'سۆران' (کاک شێخ عەلی شێخ ئیسماعیل، ماڵی باوکی دراوسێی دەستی ڕاستی من بوون لەگەڕەکی مامۆستایان، خۆشحاڵم لە ژیاندا ماوە، شایانی وەرگرتنی خەڵاتە). لەگەڵ ئەو پیاوە ئازایەیتر شەهید هاوڕێ (زۆر دواتر شەهیدکرا) برای خاتوو شیرین کاف-ی نووسەر و هونەرمەند بوو، کوڕی مەلا کەمالی موحامی بوو.
ئەرکی دڵشاد مەریوانی  وەکو ئەندازیاری هێرشەکە، ئەوە بوو کە زانیاریی تەواو کۆبکاتەوە لەسەر کاتی نانخواردنی سەربازەکان و شوێن  گۆڕین و نەگۆڕینی وەستانی زیلەکان، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لە ڕۆژی ئەنجامدانی هێرشەکەدا بەهەمان جۆر دەبێت، ئەوە  زۆر گرنگ بوو بۆ ڕۆژی هێرشەکەمان. هەروەهاش بڕیاردرا کاک دڵشاد کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو چوار کەسەیتر بکات و منیش بۆ هەموو کۆبوونەوەکان لەسەر ئەو هێرشە بانگ بکات و بەشدار بم بۆ ئەوەی لە هەموو زانیاری و بۆچوون و سەرنج و ڕاکان بە ئاگا بم بەر لە ڕۆژی هێرشەکە.  
ئەوە کۆبوونەوەی یەکەم و کۆبوونەوەی بڕیاردان بوو کە هێرشەکە بکرێت و پلان و تیمی هێرشەکە دیاریی کران و ئەنجامدانی پەسەند کرا و بڕیارمان دا ڕۆژەکەی پاش کۆکردنەوەی تەواوی زانیاریەکان و کۆبوونەوەی کاک دڵشاد مەریوانیی لەگەڵ ئەو چوارەیتر بێت؛ بەتەواویی لە دەستی کاک دڵشاد مەریوانیدا بوو بڵێت کام رۆژە دەبێت بکرێت.

 دوو سێ کۆبوونەوەیترمان دوا بە دوای ئەوە کرد، هەموویان بە ئامادەبوونی  من و دڵشاد مەریوانیی و ئاوارە و تارا و سۆران بوون، ئەو دوو کۆبوونەوەیە تایبەت بوون بە ووردەکاری ئیشەکانی 'سۆران' و 'ئاوارە' و 'تارا' و سەرنجەکانیان. وەکو هەموو کۆبوونەوەکانی ئەو هێرشە لە ماڵی دڵشاد مەریوانی بوون، ئیشی من چیترقابیلی تاووتوێکردن نەبوو لەو کۆبونەوانەدا و باس نەدەکرا، جگە لە باسی ئەوەی چوار پێنج میزەڵدانی بچووکی پڕ بەنزین و شقارتەیەک و دەمانچەکەم دەبەم لەگەڵ خۆمدا لە ڕۆژی هێرشەکەدا. شەهید هاوڕێ بەشدار نەبوو لە هیچ کام لەو کۆبوونەوانەدا و ناویشی نەدەهێنرا، بۆ پاراستنی نهێنی بوو بەلامەوە، بەڵام دواتر ئەگەری ئەوەم کرد کە گۆڕیبوویان بە پیاوێکیتر، هەروەهاش سەرۆکی ڕێکخراوی ڕێکخستنی شار شەهید جەمال تاهیر بەشدار نەدەبوو لە کۆبوونەوەکانی دوای کۆبوونەوەی یەکەم و باسیش نەدەکرا. 
دڵنیا نیم و نازانم  شەهید هاوڕێ گۆڕدرا بوو بۆ پیاوێکیتر یان هەر ئەو بوو لە ڕۆژی هێرشەکەدا کە من بینیم، لەبەر ئەوەی پێشتر نەمدی بوو ناتوانم بڕیار بدەم، بەڵام ئەوەی لە ڕۆژی هێرشەکەدا بینیم کوڕێکی گەنجی زۆر ئازای باڵا مام ناوەندیی بوو.

ئەرکەکانی سۆران و هاوڕێ (یا ئەو کوڕە ئازایەیتر) و ئاوارە و تارا، کە هەموویان کەسانی زۆر بوێر و ئازا بوون، بریتی بوون لەمانە:
 لە ڕۆژی هێرشەکەدا بڕیار بوو سەعێ‌ت ١٢ و نیوی نیوەڕۆ هێرشەکە بکرێت، ئیش و ئەرکی من سەرپەرشتیکردنی هێرشەکە بوو بڕرابۆوە هەر لەسەرەتاوە، سەرخستنی هێرشەکە بێت. لە جانتاکەمدا دەمانچەیەکی چواردەخۆر و چوار میزەڵدانی چکۆلەی پڕ بەنزین و چەرخێک و موستیلەیەکی سەر بەدەرزی تیادا بوو، لە حاڵەتی هەر پێکدادانی نەخوازراودا من پارێزگاریی ئەوانم دەکرد هەتا دەرباز دەبوون، لەحاڵەتی نەهاتن وترسانی هەر یەکێکێکیاندا خۆم ئەرکەکەی ئەوانم بەجێ دەگەیاند، سەرەڕای ئەوەی کە دەکرێت پێشهاتەکان جۆرێکیتر بن لە ڕۆژی ئەنجامدانی هێرشەکەدا و دەبێت ئامادە بم بۆی و دەستم ئاوەڵا بێت لەوەی چی و چۆن ئەیکەم.

 ئیش و ئەرکی هەردوو لە ' ئاوارە' و 'تارا'  سنووردار بوو بەڵام زۆر گرنگ بوو، ئەوە بوو کە بە خێرایی بەلای ریزی زیلە وەستاوەکان دا تێپەڕ بن و بەنزین بڕێژن بەسەر تایەی زیلەکاندا بەو جۆرەی  هەرزیلێک تایەیەکی دواوە و تایەیەکەی پێشەوەی بەنزینڕێژ بکرێت بۆ ئەوەی باش گڕ بگرێت وعەسکەرەکان فریای کوژاندنەوەی نەکەون. تارا لە ئەوەڵی ڕیزی زیلەکانەوە دەست پێبکات هەتا ناوەندی ڕیزەکە وئاوارە لە ناوەندی ڕیزەکەوە دەستپێبکات هەتا کۆتایی ڕیزی زیلەکان، هەردوو بە پەلە و بێ وەستان و ئاوەڕدانەوە دوای تەواوکردنی ئیشەکەیان بڕۆن و لەو شوێن و ناوچەیە نەمێنن، لە حاڵەتی هەر پێکدادانی نەخوازراوودا من پارێزگارییان لێبکەم هەتا دەرباز دەبن؛ ئەوان ڕۆیشتبوون و لەوێ نەبوون کە زیلەکان گڕیان تێبەردران و نەیانبینی.

ئیش و ئەرکی دوو کوڕە ئازاکەش 'سۆران' و 'ئەویتریان کە دڵنیا نیم هاوڕێ بوو یان کەسێکیتر'، دیاریکراو و گرنگ بوو، چونکە بێ ئەوان بەنزینەکە خۆی گڕی نەدەگرت، بڕیار وابوو کە هەریەکەیان چەرخی جگەرە داگیرسانیان پێ بێت و دڵنیا بن چەرخەکە ئیش دەکات،  سەعات ١٢ و نیو لە لای زیلە ڕاگیراوەکانی بەردەرکی سەرا بن و من لەوێ چاوەڕێیان دەبم و لە حاڵەتی هەر پێکدادانی نەخوزراودا من پارێزگارییان لێ دەکەم هەتا دەرباز دەبن. دوابەدوای ئەوەی ئەو دوو ژنە ئازایە بەنزینەکە دەڕێژن بەسەر تایەی زیلەکاندا ئەمان وەکو جگەرە کێشێک جگەرەکانیان بخەنە سەر تایەکان ئەگەر نەیانتوانی ڕاستەوخۆ چەرخ لە تایەکە بدەن تا گڕ دەگرێت، ئیشی سۆران و ئەو کوڕە ئازایەیتر، ئەوەبوو کە سۆران لە ئەوەڵی ڕیزی زیلەکانەوە دەستپێبکات هەتا ناوەندی ڕیزەکە، ئەو کوڕەیتر لە ناوەندەوە دەستپێبکات هەتا کۆتایی ریزی زیلە وەستێراوەکانی نزیک بە فولکەکەی بەردەرکی سەرا، بەهەمانشێوەی ئاوارە و تارا، بێ وەستان و ئاوڕدانەوە هەردووک لە سۆران و هاوڕێ پاش تەواوکردنی گڕتێبەردانی زیلەکان بە پەلە شوێن و ناوچەی هێرشەکە بەجێ بهێڵن و بۆ یەک چرکە لەو ناوە نەوەستن.

 بڕیار بوو ڕۆژێک پێش هێرشەکە کاک دڵشاد تەلەفۆن بۆ تارا و ئاوارە بکات و بچنە ماڵی ئەو و یەکی چوار میزەڵدانی  قەوارە بچووکی پڕ لە بەنزین لەوێوە بخەنە ناو جانتاکانیان لەگەڵ ئەو ئەڵقەیەی سەر بە دەرزی-سوژن بوو دەکرایە سەر پەنجەی دۆشاومژە (دیزاینەکەی بیرۆکەی دڵشاد مەریوانیی بوو) بۆبە ئاسانیی ڕشتنی بەنزینی ناو میزەڵدانەکان بەسەر تایەی زیلەکاندا.  هەر یەکەمان ڕۆژی هێرشەکە لە ماڵەکانی خۆمانەوە بەرەو بەردەرکی سەرا بە ڕێ بکەوین و لەوێ هەر لەو شەقامەی هێرشەکەمان تیا دەکرد کەمێک لەسەرەوەی شوێنی زیلەکاندا من چاوەڕێی گەیشتنیان بم.


ڕۆژ و کاتی هێرشەکە:

سەعات ١٢ و نیوی نیوەڕۆ کاتی دیاری کراوبوو بۆ هێرشەکە، من کەمێک پێش ئەوانیتر گەیشتم وەکو پێویست، دەستم لەسەر دڵم بوو نەکا پێش دەستپێکردنمان ئاشکرا بووبین، یان لەکاتی جێبەجێکردندا ئاشکرابین ویەکێکمان بگیرێین؛ ژنەکان بە بەنزین و دەرزی ناو پەنجەکانیانەوە، پیاوەکان بە چەرخی ئاگر کردنەوەوە، منیش  لە هەموویان خراپتر بە دەمانچەیەک و بەنزین و دەرزی ناو پەنجەکانم و چەرخی ئاگرکردنەوەوە.
 کاک دڵشاد مەریوانی دوور بوو لە شوێنی هێرشەکە، لای شەخسەکەی پیرمەنسوور چاوەڕێی من بوو دوای تەواوکردنی هێرشەکە و تەنها من دەمزانی ئەو لەوێ چاوەڕێیە نەک لە ماڵەوەی.
  بەر لەوەی ئەوانیتر بگەن، چاوم دەگێڕا نەک هەر بۆ ئەوەی دڵنیابم هاتوون، بەڵکوو بیرم لە کونج و قوژبنی شەقام وکۆڵانەکان دەکردەوە وچۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی حاڵەتی نەخوازراووم هەڵدەسەنگاند. چەند ڕۆژێک پێشتریش خۆم هاتمە ئەو شوێنە و لە یەک دوو لە چێشتخانەکانیدا دانیشتم و بۆ ئەوەی بزانم لە ڕۆژی هێرشەکەدا عەسکەرەکان هەتا چەند بە ئاگا دەبن لە زیلەکانیان، چێشتخانەکان ناوەوەیان کەمێک قوڵتربوو لە شەقامەکە و بەجۆرێک مێزەکانی ڕێکخرابوون کە قەرەباڵغی دروستدەکرد لەناوەوە، ویستم بزانم ئەگەر بێتوو هەوڵی گرتن یان بەرەوڕووبوونەوە ڕووبدات ئەوان چۆن و لە کوێوە دێنە دەرەوە بۆسەر شەقامەکە و من کام کۆڵان و شەقامم بەدەستەوە دەبێت بۆ بەرەنگاریی کردن و خۆ پارێزیی و پارێزگاریی لەوانیتر.

ئیتر کاتی قاوەڵتی نیوەڕۆ بوو، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە زیلەکان هەندێکجار نزیکەی دەرزەنێک دەبوون، بە ڕۆژ کەوتبوو، ئەو ڕۆژە ژمارەیان شەش زیل بوون، بەتاڵبوون و لەبەر دەمی شەقامی چێشتخانەی بەردەکی سەرا بە ڕیز ڕایان گرتبوون، بەرامبەر بە شوێنی گەراجەکەی لە تەنیشت بازاڕە سەرداخراوەکە بوو، هەتا ئەم دواییانەش ئەو شەقامە هەر پڕ لە چێشتخانە بوو لە مەیدانی شاردا.
ئەو ڕۆژە زۆر گەرم بوو، یەک سەرباز و تەنانەت یەک کەسیش لەسەر شەقامەکە نەبوون زۆربەی کاتەکە، سایەق و ئەو یەکدوو سەربازانەیتری کە لە زیلەکاندا بوون پێکەوە وەکو هەموو ڕۆژێکتر لە ژوورەوە لە ناو چێشتخانەکە بوون و خەریکی نانخواردنی نیوەڕۆ بوون، برنج و فاسۆلیا گرنگترین خواردنی ئەو چێشتخانانە بوو. 
گەرمەی نیوەڕۆی چلەی هاوین بوو، هێندە گەرم بوو زۆرینەی زۆری خەڵکی لە ماڵەکانیاندا لەبەردەمی ساردکەرەوە (موبەریدە) دانیشتبوون، ئێمە لەو گەرما پڕوکێنەرەی هاویندا وەکو پشکۆی ئاگر داگیرسابووین لەبەردەرکی سەرا، من و هەردوو ژنە ئازاکانیتر بە تەنوورە و کراسی بێ قۆڵ و نیوقۆڵەوە بووین لە گەرمادا، دوو پیاوەکەش بە پانتۆڵی کاوبۆ و کراسی نیوقۆڵەوە. من لەسەرەوەی  شەقامی چێشتخانەکەوە وەستابووم (شوێنی دەستپێکردنی هێرشەکە) بە پێچەوانەی بەردەرکی سەرا بۆ ئەوەی لە کاتی هەڵاتنماندا شەقام و کۆڵانی جیامان لەبەردەستدا بێت لە فولکەکەی بەردەرکی سەراوە.
 یەکەم کەس ئاوارە گەیشت و بینیم و قسەم لەگەڵ کرد سەبارەت بە چۆنیەتیی دەستپێکردنەکە، چەند چرکەیەک دوای ئەو تارا گەیشت و بینیم و ئەوەی بە ئاوارەم ووتبوو دووبارەم کردەوە بۆی، ئەو ڕۆژە سۆران و ئەو کوڕەیترم هەتا دوای بەنزین ڕشتنەکە نەدی لەبەر ئەوەی ئەرکی ئەمان دوای بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکەکانی ئاوارە و تارا بوون، خۆیان حەشار دابوو و چاوەڕیان ئەکرد سەرەی ئەرکی ئەوان بێت. 
لەگەڵ ئەوەشدا کە دوو پیاوە ئازاکانم نەدی، بە هەردووک لە ئاوارە و تارام ووت دەست پێبکەن و نە لەکاتی بەنزین ڕشتندا سەرنجیان لەسەر خەڵک بێت و نە دوای تەواوبوونی ئەرکەکەیان سەیری کەس بکەن و ئاوڕبدەنەوە، بەڵکوو بەهەمان خێرایی بڕۆن و نەوەستن و بە پەلە ئێرە بە جێ بهێڵن بە هەرجۆرێک بۆیان دەکرێت. بە تارام وت هەر لای منەوە دەستپێبکات وبە ئاوارەم وت لە ناوەڕاستەوە دەست پێبکات هەر یەکەی تەنها بەنزین بەسەر سێ زیلدا بکەن( شەش زیل ڕاگیرابوون ئەو ڕۆژە) بۆ ئەوەی زوو تەواوبن بەر لە بینیان ئەگەر سێ زیلیان بۆ نەکرا ئەوا دوو زیل بکەن، گرنگە زوو تەواوبن بەر لەوەی ببینرێن.
 ئەو دوو ژنە وەک ئەوەی چاوەڕێم لێدەکردن زۆر ئازایانە و لەچاوتروکاندنێکدا دەستیان کرد بە بەنزین ڕشتن بەسەر تایەکاندا و لەوێوە یەکسەر بەهەمان خێرایی  بەنزین ڕشتنەکە بەردوام بوون بۆ بەجێهێشتنی ناوچەی هێرشەکە، یەکەمیان کە دەرباز بوو ئاوارە بوو چونکە ئەو نزیکتر بوو لە فولکەکەی بەردەرکی سەرا و دەرباز بوو بەرەو شەقامی مزگەوتی گەورە. پاش دوو چرکەیتر تارا دەرباز بوو بەهەمان شەقامی بەرەو مزگەوتی گەورە و هەردووکیان دوور کەوتنەوە لە شوێنی سوتاندنی زیلەکان؛ لە چەند چرکەیەکدا ئیشی ئەوان تەواوبوو. 

چاوم گێڕا بۆ دوو پیاوە ئازاکانی تیمەکە، بۆ چرکەیەک نەمدین، خەمی ئەوەم بوو بەنزینەکە ووشک ببێتەوە، دەستم کرد بە جانتاکەمدا کە جگە لە دەمانچەکەم، چوار میزەڵدانی بچووکی پڕ بەنزین و چەرخێک و ئەو موستیلە سەر دەرزیەی لە دەستم دەکرد تیایدا بوو، ویستم چەرخەکە دەربهێنم،  بە پەلە نزیک بوومەوە لە زیلی یەکەمی سەرەتای ڕیزەکە کە نزیک بە من بوو و ویستم خۆم  گڕبەردەمە زیلەکان، لە پڕ سۆران-م دی لەبەردەمما گڕی لە یەکەم زیل بەردا ، من  لەسەرخۆ پاشەکشەم کرد و سەیری ناوەڕاستی ڕیزی زیلەکانم کرد ئەو کوڕەیترم  بینی لە ناوەندی ڕیزی زیلەکانەوە  وەستابوو دەستی بە گڕ تێبەردان کرد، هەردووکیان پێکەوە لە چاوتروکاندێکدا گڕیان لە زیلەکان بەردا و هیچیکام لە زیلەکانیان جێنەهێشت بە بێ سووتاندن.

چاودێرییم دەکردن بۆ دڵنیایی سەلامەتییان و دەمویست دواکەس بم ئەوێ بەجێ بهێڵم، لە چاوتروکاندنێکدا گڕ و دوکەڵ چوو بە ئاسمانی شاری سلەیمانیدا، دەتووت ڕۆژی نەورۆزە و ئاگر کراوەتەوە، هەتا ئەوکاتی نەمدیبوو گڕ هێندە بە خێرایی پەرەبسەنێت، من لە عەسکەرەکان و خەڵکەکە زیاتر حەپەسابووم بەو خێرایەی پەرەسەندنی گڕگرتن، هەموو ئەوانەی لە چێشخانەکاندا بوون بە سەرباز و خەڵکەکەوە ڕایانکردبوە دەرەوە وشڵەژان دروستبوو، خەڵکی سەیری سوتانی زیلەکانیان ئەکرد. ئەوە باشبوو بەلامەوە کە قەرەباڵغی دروست بوو، چونکە لەناو قەرەباڵغیەکەدا وون دەبووین.
 سۆران ئیشی خۆی زوو تەواوکرد و خێرا ئەوێی بە جێهیشت نەمدی بەرەو کوێ، لەبەر بینیم کوڕە ئازاکەیتر پاش ئەوەی ئیشەکەی خۆی تەواوکرد بۆ یەکدوو چرکەیەک لای فولکەکەی بەردەرکی سەرا وەستابوو و لەوە ئەچوو نەیدەویست بەجێم بهێڵێت. ئەوە سەرنجی ڕاگرتبووم و نەمدەویست بوەستێت، ترسام بگەڕێتەوە  بەرەو لای من کە لەم سەرەوە وەستابووم، بەو بەردا ( لە بەرئەوەی تینی ئاگری زیلە سووتاوەکان نەگاتە بەنزینی ناو جانتاکەی من) بە خێرایی ڕۆیشتم بەرەو ڕووی ئەو و فولکەکەی بەردەرکی سەرا، هەموو ڕێگەکەم بە جووڵەی دەمم و بە کەمێک توڕەییەوە- لەبەر خاتری خۆی- پێم ووت برۆ؛ بڕۆ مەوەستە. باش بوو زوو تێگەیشت، بەر لەوەی بگەمە لای خێرا ڕۆیشت و من  چەند مەترێک بەدوایەوە دەڕۆیشتم بێ ئەوەی قسە لەگەڵ یەکتریی بکەین هەتا گەیشتینە لای بەردەمی سینەما دڵشاد - لای بازاڕی دۆلارەکەی ئێستا، لەوێ ئەو سواری تەکسیەک بوو و ڕۆیشت.
ئیتر من دڵنیا بووم کە هەموویان دەرباز بوون و بە سەلامەتی، هەر لەوێ لای بازاڕیی دۆلارەکەی ئێستا منیش سواری تەکسیەک بووم بەرەو پیرمەسوور.گەیشتمە لای شەخسەکەی پیرمەسوور و کاک دڵشاد مەریوانی لەوێ بوو چاوەڕێی ئەکردم، دڵنیام کردەوە وەکو هەموومان دەتوانێت بە سەلامەتی بچێتەوە ماڵەوە و بێ خەم بێت لە ئاشکرا نەبوونی کێ زیلەکانی بەردەرکی سەرای سلەیمانی سووتاند.
ئەو وتی هەواڵەکە دەنێرن بۆ شاخ و لە ڕادیۆ بە هێرشێکی سەرکەوتوو و سەربەرزیی بڵاو دەکرێتەوە. دوای نزیکەی هەفتەیەک یان دوو، کاک دڵشاد مەریوانی نامەی کاک نەوشیروانی بۆ هێنام، بە خەتی کاک نەوشیروان خۆی و بە مۆری سەرکردایەتی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، سوپاسی کردبووم لە نامەکەیدا بۆ سەرپەرشتیاریی ڕۆژی هێرشی سووتاندنی زیلەکانی بەردەرکی سەرا. 

د. ساماڵ مانیی ('هاوڕێ ڕابی' شاخ ، هەڵگری ناوی دایکم بووم کە پێش من ژنە سیاسیکاری ناو شار بوو لە پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابوردوودا
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×