لە دەستپێکی ساڵی نوێدا

د. ساماڵ مانیی
  2024-01-04     159

ئەمە پۆستی سۆشیال میدیای منە بۆ ھەموو ساڵی ٢٠٢٤. دەستپێکی ساڵە و ساڵ بریتیە لە کاتی ژیان؛ ژیانی خۆم و ئەوەی بەئەنجامی ئەگەیەنم لە ژیانمدا. 
ئەوەی زۆر دڵنیام لێی و تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتنی لە ژێر کۆنترۆڵی مندایە ئەمساڵیش، دەتوانم بە سەرکەوتوویی بیکەم: نووسینی دوو کتێبی فەلسەفیترە و بڵاوکردنەوەیانە ھەروەکو ساڵانی پێشتر، ئەوە بەشێکی کەمە لەوەی دەتوانم بیکەم  بەڵام خواستێکی منە و لە بەرژەوەندیی گشتیدان.
...............
 ئەوەی وتنی ناوێت لەو ھەوڵە کەسییەی من دا، ئەوەیە کە ھەوڵەکانم بەشێکی گرنگن لە پرۆژەی سەرخستنی یەکسانی مەعریفیی ژن و پیاو- جێندەریی ژن لە کوردستان بە گشتیی،  ھەر ھەموو نووسینەکانم دەڕژێنە ناو سەرخستنی ئەو جۆرە لە پرسی یەکسانیی جێندەریی ژن لە بواری مەعریفە و فەلسەفەدا بە تایبەتیی. 
ئەمە وایە خۆم بمەوێت یان نا، بتانەوێت یان نا، بە سروشتی ھەبوونم وەکو ژن و کایەی توێژینەوە و زەمینەی ئیشکردنەکانم وایە. ئەوە نە بە بڕیاریی زانکۆکانە و نە بە بڕیاریی شەقامە و نە بە بڕیاریی حیزبەکانە و نە بە بڕیاریی ڕێکخراوەکانی ژنانە، نە بەبڕیاریی سەنتەرە جێندەریەکان بوو کە فەشەلیان ھێنا لە خزمەتکردنی گشتیی 'پرسی یەکسانیی ژن' لە کورد دا لەبەر نەبوونی تێگەیشتن لە 'پرسی جێندەریی ژن' و کردنی بە قوربانیی کۆمەڵێک مەسەلەی لاوەکی، لەبەر نەبوونی پلانی گشتیی،  لەبەر نەبوونی ستراتیجیەک بۆ بەشدارییکردن و کۆکردنەوەی ژنە بە توانا و سەربەخۆکانی ناو توێژەرانیی کورد لەو پاکیجەدا، دەکرا  ھەر پلان و پاکیجێکی حیزبیی بوایە بەڵام بە کۆکردنەوەی دەنگە سەربەخۆکانی ژنان تیایدا شان بەشانی دەنگی ژنە حیزبیی و بنباڵیەکان، نەک قۆرخکردنی بە تەنیا؛ گرنگ نیە چۆن خۆیان لە بەرپرسیاریەتی ئەو فەشەلە دەشارنەوە و  لەبری ئەوە خۆیان خەڵاتباران دەکەن و دەیبەنە خەڵاتی ملیۆنی بەدەستھێنان. کارەساتی فەشەلەکە بۆ ئێمەو مانانی سەربەخۆ ماوەتەوە نەک بۆ خۆیان و زەمینەیەکی دژوارتر و خراپتری بۆ ئیشکردنمان دروستکردوە وەکو ژن لە کوردستاندا.
لەبەر ئەمە بوو لە ڕۆژی ٨ مارچ- لە ڕۆژی ژناندا لە ساڵی ڕابووردوو(٢٠٢٣)دا نووسیم: " ئەم ٨ مارچە ڕۆژیکی تاڵە لای من."
.................
گەر بەتایبەتیش لەسەر پرسی جێندەریی بنووسم ئەوا لە بەشە فەلسەفیی و مەعریفیەکەیدا ھەم  و کاریگەر بووم لەو پرسەدا بە شێوە ئەکادیمیی و فەلسەفیەکەی ھەر لە دوای ١٩٩٣وە، ب دروستکردنی کۆرسی جێندەریی-ژن  لە ساڵی ١٩٨٧ /١٩٨٨  کە ئەوکات ھەر نەبوو و دژایەتیی دەکرا لە لایەن ژنان و پیاوانی ئەو حیزبەوە کە سیاسیکاربووم تیایدا. بە دروستکردنی کۆنفرانسی  ئەکادیمیی لەسەر پرسی جێندەر ی ژن و کوشتنی ژنان لە زانکۆی لەندەن لە ١٩٩٣/١٩٩٤ وە- نەک وەک باو بە کرێگرتنی ھۆڵێکی زانکۆی لەندەن بۆ کۆنفرانسی سیاسی پیاوان و ژنان و ناوھێنانی بە کۆنفرانس لە زانکۆی فڵان و فیسار-. ھەموو ئەمە کاریگەربوون لە پێش دەستپێکی سەدەی دووھەزارەوە لە دروستکردنی زەمینەی مەعریفیی و فەلسەفی پرسی یەکسانیی جێندەریی ژن لە کورد دا.
 لەم دواییانەشدا:  بۆ کتێبی " ژن و فەلسەفە؛ فەلسەفەی جێندەریی" م لە ساڵی ٢٠١٩/٢٠٢٠ دا نووسی و بڵاوکردەوە لە کوردستان؟ چونکە باس لە نەبوونی تێگەیشتن لە یەکسانیی جێندەریی ژن دەکات لە کوردستان لە لایەن ژن و پیاوەوە لە ڕووە مەعریفیەکەیەوە و لەناو بازنەی ڕۆشنبیرییدا و لەناو زانکۆکانیدا لە ئاستی بەرھەمھێنانی زانین و لە توێژینەوەکاندا و لە پلانەکانیاندا و لە  بەرنامەی کۆرسەکانیدا؛ ھەتا ئێستا -٢٠٢٤ وایە، فریوو مەخۆن.
............
 جگە لەوە، ئیشەکانی من لە کوردستاندا زۆر پەیوەندیی ھەیە بە ھەبوون و سەرکەوتنی ئازادیی ئەکادیمی لە کوردستاندا ،کە نیە ھەتا ئێستای ٢٠٢٤ ، فریوو مەخۆن.
جگە لەوانەش و گرنگترینیان، ئیشەکانم لە کوردستان پەیوەندە بە تێگەیشتن  و ھەبوونی پرنسیپیی باش و ڕێکردنەوەی حیزبەکان بۆ سەرخستنی کەسایەتی و دەنگە سەربەخۆکان لە کوردستان دا، ئەوە نەبووە و نیە بۆ ھیچ ژنێک  بە بێ ئەوەی مێرد و براکانیان بخرێتە خزمەت و بەرژەوەندیی باڵێکی سیاسی ناو حیزبەکان.
 ژن وپیاوی سیاسیکار و حیزبیی کورد بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆریان پێیان وانیە یارمەتیدان و ڕێکردنەوە بۆ ژنە بە توانا و سەربەخۆکان بەشێکە لەسیاسەت، یان دەبێت بەشێک بێت لە سیاسەتی حیزبەکەیان، لەبەر ئەوەیە پرسی یەکسانیی جێندەریی ژن ھەمیشە بەکاردەھێنن بۆ پێگە  و خەڵات بەخشین و دامەزراندنی ئەو ژنانەی دەتوانن مێرد و براکانیان بەکاربھێنرێن بۆ پشتیوانیی باڵێک یا سەرکردەیەکی ناو حیزبەکان. ھیچ پاکیجێک ھەتا ئێستا نەبووە بۆ سوود وەرگرتن و خزمەتکردنی ژنە بە توانا و سەربەخۆکان لە لایەن حیزبەکانەوە. ئەمە لەبەر ئەوەیە کە ئەو پرس و پرنسیپەیان وەر نەگرتووە وەکو پرنسیێیکی سیاسیی بنەڕەتیی پەیوەندیدار بە پلانی حیزبەکەیانەوە لە مەسەلە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکەدا، لە پلانەکانیاندا نیە ھەتا ئێستای ٢٠٢٤، فریوو مەخۆن بە خەڵاتکردن و پێشخستنی ئەو ژنانەی یان خۆیان یان مێرد و برایان حیزبین و بن باڵن، بنباڵ واتە حیزبیی و نوقتە سەری دێڕ؛ مێژووی پاش راپەرین بریتی بووە لە دەسکە گوڵ و خەڵات و شیرینی بەدەستی ئەو ژنانەوە ھەموو ڕۆژێکی ساڵەکان.
....................
با لێرەدا ئەوە ئاشکرا بێت ئەگەر پێشتر ڕوون نەبووە بۆ گشتیی، بەڵێ من پشتگیرم لە یەکسانیی جێندەریی ژن لەناو حیزبەکاندا و بەرزکردنەوەی ژنانی ناو حیزبەکان لەناو حیزبەکانیاندا بۆ ئاستەکانی سەرکردایەتیی و بڕیاردان، لەسەرم نووسیوە و دیبەتیم کردوە ھەر لە ئەوەڵی ھەشتاکانی سەدەی ڕابووردوەوە کە خۆم سیاسیکار بووم یەکێک لەو ژنانە بووم کە قوربانیی نەبوونی ئەو پلانە بووم لەناو حیزبە کوردیەکاندا.دوای ئەوەش کە وازم لە سیاسەت ھێناوە لە ١٩٩٣ دا و ھەتا ئێستاش ھەر پشتگیرییم کردوە و لەسەرم نووسیوە بە پرنسیپ. 
بەڵام ،ھەتا سەر ئێسکم  و بە پرنسیپ، دژ بە قۆرخکردنی پێگە و وەزیفە و دامەزراندن و پرۆژەم بە تەنھا و قۆرخکردنیان بۆ ژنانی حیزبیی یا ژنانی خێزانە بن باڵەکان، بەو جۆرەی ھەتا ئەمڕۆ لە کوردستاندا ھەیە.  ئەمە  پرنسیپە و دەبێت وابێت لای ئێوەش ئەگەر ئەلفو بێی سیاسەتی باش و یەکسانیی جێندەریی ژن و  بەرژەوەندیی نیشتیمانیی و نەتەوەیی و ئازادیی ڕادەربڕین بزانن و تێی گەیشتبن. 
کێشەکە لە بە حیزبیی بوون دا نیە، من کێشەم لەگەڵ کەسایەتیی حیزبیدا نیە لە نێر و مێی، لەبەر ئەوەی کەسێک ژن بێت یان پیاو، دەکرێت کەسێکی حیزبیی بێت و کەسێکی دڵسۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانیی باش بێت و تێگەیشتوو بێت لەو بابەت و پرسەی لەسەری ئەدوێیت و ئیشی تیا ئەکات. 
کێشەکە لەوەدایە کەسانی نێر و مێی زۆرمان ھەن کە حیزبین- بە بن باڵەوە- بەڵام نە پلانەکانی خۆی و نە پلانەکانی حیزبەکەی لە بەرژەوەندیی گشتیدا نین بەڵکوو بریتین  لە قۆرخکردن و ھەلقۆستنەوە و بەرژەوەندیی کەسیی و حیزبیی. 
وەکوتر، لە ھەموو وڵاتێکدا ڕێژەیەکی کەم و  باش ھەن لەوانەی حیزبیین لەناو زانکۆکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و سەنتەرە ڕۆشنبیریەکاندا، لە کوردستانیش دەکرێت وا بێت؛ بۆ چەواشەکردن نەبوایە پێویست بە دروستکردنی "بنباڵ" و ساختەکردنی سەربەخۆبوون نەبوو لە زمانی کوردییدا و لە پۆلینکردنی کەسایەتیەکاندا.
....................
 ھیچ کام لەمانەی کە زەمینەی گونجاو  و ئاسان بۆ ئیشەکانی من دروستدەکات لە کوردستاندا ، نین لە کوردستاندا ھەتا ئێستا - ٢٠٢٤-  بۆ دەیان ساڵیتریش دروست نابن ئەگەر وا بڕوات.
 من لەوە بە ئاگام، لەو  زەمینە بەرھەڵستیەدا دەنووسم و بەردەوامم، گەرچی سیاسیکار نیم و دژایەتیی حیزبیی ناکەم و ھەر ھیچ کاتم نەداوە بە دژایەتیی حیزبیی، بەڵام  ناچارم بۆ ئەوەی ڕێ بکەمەوە و زەمینەیەکی گونجاوتری باشتر دروستبکەم، ھەڵەکانیان بەخۆیان-بە حیزبەکان بڵێم بەو ھیوایەی لێی تێبگەن.
 ئەوە بریتی یە لە ئیشکردن و نووسین لە زەمینەیەکی زۆر سەختدا: سەختییەک کە پەیوەندیی بە تێگەیشتنی گشتیی یەوە ھەیە لە کوردستاندا سەبارەت بەو پرسانەی بنەمایین و گرنگن لە ئیشکردنی مندا.
 ئەو سەختیەی لە زەمینەی گەشەنەکردووی مەعریفیی کوردستاندا ھەیە، دەبێتە ھۆکار بۆ سەختکردنی ژیانم گەر بە جیۆگرافیش لە کوردستان نەژیم. 
لەبەر ئەمەیە دروستکردنی ئەو زەمینەیەی کە نیە و پێویستە لە کوردستان ھەبێت، گرنگە لای من و پاڵنەرە گرنگەکانن لام و لەبەرژەوەندیی گشتیدایە و لە ئیشکردن و کتێبەکانمدا دەردەکەوون.
 ئەگینا  من نەک بە موچەوە نانووسم  لە کوردستان - واتە  نووسین بەشێک نیە لە وەزیفەکەم و سپیکردنەوەی موچەکەی، بەڵکوو دەسکەوتی مادییشم نیە لەو نووسینانەمدا کە ساڵانی زۆری ژیانمم بۆ تەرخان کردوون، گەرچی دەزانم دەستکەوتە مادیەکە گرنگە بۆ بەردەوام بوون و سەرکەوتن.
....................
زۆریتر ھەن لە بەرنامە و پلانی ئەمساڵمدا و ھەندێکیان لە ٢٠٠٣وە ھەوڵمداوە بیانکەم و ڕێیان لێگرتم، ھەندێکیان لە ٢٠١١ وە ھەوڵمداوە بیانکەم و رێیان لێگرتم، ھەندێکیان لەپارەوە ھەوڵمداوە بیانکەم و نازانم چۆن دەبێت، ھەر ھەموویان گرنگ بوون و گرنگن نەک ھەر لە ژیانی مندا، بەڵکوو لە ڕووی مەعریفیەوە، جگە لەوەی وەکو نووسینی کتێبە فەلسەفیەکانم بەرھەمێکن لە بەرژەوەندیی ڕووبەری گشتیدان، دەکرێن یان نا لە ئەمساڵدا (لە ٢٠٢٤ دا)؟ کەوتۆتە سەر کوردستان و تێگەیشتنی گشتیی لە کوردستان بۆ پرسی یەکسانیی جێندەریی و قۆرخ نەکردنی لە بەرژەوەندیی حیزبیی و بەرژەوەندیی تاکە کەسیی دا ، ھەرواش پەیوەندیدارە بە تێگەیشتنی گشتیی لە پرسی ئازادیی ئەکادیمی دا لە کوردستان، دیسانەوە پەیوەندیدارە بە تێگەیشتنی گشتیی لە پرسی گرنگیدان و ڕێکردنەوە بۆ کەسایەتیی سەربەخۆ لە کوردستان دا؛ بەتایبەتیی ژن. 
ھەموو ئەو سێ تێگەیشتنە گشتییانە  و قۆرخ نەکردنیان بۆ بەرژەوەندیی یەک کەسیی و خێزانیی و حیزبیی لە کوردستان دا زۆر گرنگن لە ژیانی مندا  لە ھەندەران و لە سەرکەوتنی پرۆژە فەلسەفی و فیکرییەکانمدا لە کوردستان. بۆیە جار بە جار لەسەری دەنووسم ، نایشارمەوە کەمێک ماندووش بووم و توڕە و ناڕەحەتم لە نەدیتنی ئەو تێگەیشتنانە و چەواشەکردنی ئەو سێ پرنسیپانە لە لایەک و لە لاکەیترەوە ھەوڵدانی بەردەوامم  و کات کوشتنم لەو پرۆژانەدا کە پەیوەستن بەو تێگەیشتنە گشتیانەوە کە ناوم بردوون.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×