هەرەسهێنانی ئەخلاقی کۆمەڵگا چۆن ڕوودەدا؟

فازیل شەوڕۆ
  2023-12-11     300

بۆچی ئیمڕۆ ڕەوشتی کۆمەڵگا، دێ بەها جوانەکانی خۆی لەدەست بدا؟

کێن ئەوانەی دەستیان هەیە لە داڕمانی ئەخلاقی کۆمەڵگا و هەرەسپێهێنانی؟

ئایە لەم سەردەمەدا، کۆمەڵگا پیویستی بە ئەخلاقە، بە هەموو جۆرەکانیەوە؟

چ لە پشت پەردە دەگوزەرێت و پێویستە ئێمە چی بکەین؟

   لەم شەوانەدا، لە پڕ لە خەودا ڕەچڵەکیم و پڕم دایە قەڵەم و کاغەز ویستم، بریارێکی چارەنووسساز بدەم:"بۆ یەکجاری، قەڵەمەکەم بشکێنم و واز لە نووسین و ئەدەب و هونەر بهێنم و وەک بێسەوادێکی ئاسایی ڕۆژانی تەمەنم، بەڕی بکەم." هەر لەم چرکە ساتەدا، لە خۆم پرسی:" بۆ دەبێ من وا نائومید بم و ئەو بریارە قورسە بدەم؟' وەڵامێکی تەواوم پێنەبوو خۆمی پێ ئیقناع بکەم. بۆیە چەند ڕۆژێک لە کتێبخانەکانی شاری دوبلن بەدوای ئەو کتێبانەدا گەڕام کە وەلامی ئەو پرسیارەم بدەنەوە:"بۆچی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، دێ بەها جوانەکانی ئەخلاق لە دەست بدا، وا لە کەسێکی وەک من بکات دەستبەرداری خۆشەویستترین ئارەزووی خۆم بم کە نووسین و ئەدەب و هونەرە؟"

   لە توێژینەوە و گەڕان بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا، گەیشتمە ئەو ئاکامە، کە هەوڵدان بۆ داڕووخاندنی بەها جوانەکانی مرۆڤ، بە درێژایی مێژوو، بە شێوە و ئاست و ئارەستەی جیاواز سەعی و کاری بۆ کرایە. بەڵام، خاڵە ئاڵۆزەکە لێرەدایە، کە مرۆڤایەتی لەم سەدەیەدا، کەیشتووەتە  ترۆپکی بەرزترین ئاستی پێشکەوتن لە "زانست و هزر و داهێنان و ئەدەب و هونەردا" ئەوجا تەوژم و خێرایی ئەو هەرەسهێنانەی ئەخلاق لە هەموو سەردمەکانی  پێشتر  بەهیزتر و ترسناکتر و خراپترە. بۆچێ؟ ئەدی ڕۆڵی ئەقڵ و بلیمەتیی مرۆڤ لە بەرەنگاریی ئەم داڕمانە چییە و چۆنە؟

   نامەوەی، بە پێتەرازوویەک  زاراوە و دەستەواژەی زانستی و ئەکادیمی، سەر خوێنەر بهێشیم و پێشم باشتر، کۆمەڵگای باشووری کوردستانی خۆمان وەک نموونە وەرگرم، چونکە خۆمان پتر پێی ئاشناین.

   بۆخۆم، لەو حەوت دەیەیی تەمەنمدا، لەم عێراقەدا، حەوت هەشت شێوازی حوکمڕانی و دەسەڵات و قەڵەمرەویی جیاوازم دیتوە- لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا ئیمڕۆ 2023-، بە درێژایی ئەو تەمەنە، هەرگیز کۆمەڵگای کوردەواریم وەکو ئیمڕۆ، نائارام و نیگەران و بێورە و شپرزە و هیلاک و سەقاڵ و داڕوخاو و دەستوپێسپی و قەلەندەر و نەخۆش و گۆشەگیر  نەبینیوە.

بۆچێ؟ هۆیەکان چین؟ ئەو هەرەسهێنانەی کۆمەڵگا سەببکاری چییە؟

   پسپۆڕانی کۆمەڵناس و دەروونناس و دەروونناسی کۆمەڵگا، زاراوەی"هەرسهێنانی ئەخلاق یان پووکانەوەی ئەخلاق" یان بۆ ئەم دیاردەیە بەکار هێناوە.

    بەڵگە نەویستە، کە تەوژمی ئەم داڕمانە ئەخلاقییە، لە گۆمەڵگەی ئێمەدا، دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 ەوە هەست پێکرا و دوای ڕووخانی پەیکەری سەددامیش لە گۆڕەپانی ئەندەلووس لە بەغدا، تیژڕەوتر و خێراتر بوو، تا گەیشتینە ئیمڕۆ:

دوو هۆکارە سەرکییەکەی ئەم داڕمانە " نەک ئامرازەکان"  ئەمانە بوون:

یەک: دوو نەوە لە ڕۆڵەکانی ئەم هەرێمە، لە سەختترین و دژووارترین و مەرگەساتترین بارو دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و سەربازیدا تەمەنیان بەڕێ کرد. بە درێژایی تەمەنیان، بۆ ساتێک، ئاشتی و ئارامی و ئاسوودەیان نەبینی، لە جەنگێکەوە دەچوونە جەنگێکی خوێناوی تر، جا کە ڕاپەرین ئەنجام درا، هەموو دەرگاکانی ئەم قەفەسە کرانەوە و بەبێ پلان و نەخشە و بەرنامە و پڕۆگرامی بەڕێوبردنی سەردەمی نوێ، ئەو خەڵکە ئازادانە و کوێرانە و بەڕەلایانە، بە ویست و حەز و ئارەزووی خۆیان، کەوتنە ژیان کردن. تۆ بڕوانە شێواز و نەخشەی گەڕەکە تەجاوزەکانی هەموو شارەکانی کورستان، جا تێدەگەی کە چ بێبەرنامەییەک و بێمشووری و بێبەرپرسیارەتییەک هاتە ئارا. ئەم سەرلێشێواوییە،  بۆ هەموو بوار و کایە و لایەنەکانی دیکەی ژیانیش هەر وا بوو، لە سیستمی پەروەردە، تەندرووستی، خزمەتگوزاری، هاتووچۆ، ئابووری، داد، کشتوکاڵی... تاد.

 ئەوەی بووە، هاندەر بۆ گەشەکردنی میکرۆبی هەرەسهێنانی ئەخلاق، ئەوە بوو، ئەو دەسەڵاتدارانەی جەڵەوی حوکمرانی هەرێمیان گرتە دەست، هیچ ڕۆشنبیری و زانیاریان  نەبوو لەسەر فەلسەفەی چۆنیەتیی بەرێوەبردنی کۆمەڵ و چونیەتی ڕوودانی گۆڕانکارییەکان لە نێو کۆمەڵدا و شێوازی درووستیی ئارستەکردنی کۆمەڵ و نابەلەد بوون لە کاریگەریی ناوخۆی و دەرەکی لەسەر ڕەوتی ژیان و گەشەکردن و پووکانەوەی کۆمەڵدا. لە هەمان کاتیشدا هیچ لایەن و دەوڵەت و خەمخۆرێکی بە ئەزموونیش نەهاتن، ڕێوشوێن و بەرنامەی سەردەمییانەمان نیشان دەن و دەستمان بگرن. بە کوردی و کرمانجی، دەسەڵاتدارەکان، لە خەڵکەکە، بێباکتر و نەفامتر و  چاوکزتر بوون. تا بەو ڕۆژە گەیشتین.  دەسەڵاتدارن، کە هاتن تەنها ئەزموونی شاخیان پێبوو، نەک ئەزموونی بەڕێوبردن و سەرپەرشتیکردن و ڕێکخستنی کۆمەڵگا و دەوڵەتداریی، درووشمیان' ئازادی بۆ هەمووان" بوو، بەبێ ئەوەی پێناسەیەکیان بۆ ئەو "ئازادییە" هەبێ و لەوە تێگەیشتبن کە "لەناو ئازادیشدا کەلەپچە" هەیە.

دوو: بەبێ ئەوەی ئێمە پێبزانین و بە ئاگابین، ناحەزانی باشوور،  لەسەر ئاستی باڵاترین دەزگای دەسەڵاتداری خۆیاندا – بە ئاسایشی و سەربازی و هەوڵگەری و ئابووری و لۆجستییەوە- ، کەوتنە داڕشتنی پیسترین و خەتەرترین و کووشندەترین پیلان، بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی هەرەسپێهێنانی ئەخلاقی کۆمەڵگای کوردەواری، دوای ئەوی کە زانین، ناکرێ بەردەوام بن لە قڕکردنمان بە چەکی کیمیاوی و بە شاڵاوی وەکو ئەنفال و جینۆسایدکردن. ئەوان ئەزموونیان هەبوو، کە هەر کاتێ توانیان هەرس بە ئەخلاقی کۆمەڵگا بێنن، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە، بۆ خۆی وردە وردە لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە و لێک دەترازێ و دەپووکێتەوە و لە قۆزاغەی کۆمەڵگای کەلتووریدا دێتەدەرەوە دەبێتە ئەو کۆمەڵگایەی ئەوان بەرنامەیان بۆ داناوە. بێگومان، لاوازی و بێدەسەڵاتی بەرپرسانی هەرێم، ڕیخۆشکەر بوو، ناحەزان خێراتر بەرنامەکەیان جێبەجی بکەن تا کار گەیشتە ئەوەی کە هەرێم نەتوانێ کارگەیەکی دۆشاوی تەماتە بەبێ ڕەزامەندی ئەو ناحەزانە دابمەزرێنێ یان نمایشی فیلمێکی بەدئەخلاقی وان  قەدەغە بکات.

ئێمرۆ، وا نزیکەی 33 ساڵ، بەسەر ڕاپەڕین تێدەپەڕێت. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانی کۆمەڵناس و دەروونناس و زانستی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا، دەکرێت، لە تەمەنی "یەک نەودا" بونیاتی ئەخلاقیی هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەک هەرس پێبێنی یان بگۆڕی، واتا کارکردن بۆ دارووخانی کۆڵەگەکانی ئەخلاقی کۆمەڵگا، پێویستی بە 15 تا 20 ساڵ هەیە. جا هەنگا و ڕێباز و ڕێکارەکانی چۆنییەتی ئەو داڕووخانە، لەسەر چەند پایەیەکی بایەخداری کۆمەڵگادا کاردەکەن، یەک یەک، دوو دوو، یان هەمووان بەیەکەوە دادەڕووخێنن. ئەمەش بە جێبەجێکردنی ئەم بەرنامانە:

 

یەک: بەرنامەی سووککردنی باوەڕداریی ئایینی:

 لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا، سەرڕای هەموو پێشکەوتن و گەشەکردنێکی زانستی، هەمیشە ئایین – هەر ئایینێک بێ، ڕۆڵی بایەخداریی هەیە لە تۆکمەکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەیەک بەستنەوەی تاکەکانی کۆمەڵ. بۆیە هەر کاتێک، ناحەزان، توانیان زەبر بەو کۆڵەگەیە بگەێنن، ئەوا لە هەرس پێهێنانی ئەخلاقی کۆمەڵگا نزیک دەبنەوە. ئەو دەستانەی لە پشت ئەو جۆرە بەرنامەن، هەرگیز کارێکی وا زەق ناکەن، کە هەست بکرێت پیلانێک لە ئارا دایە. ئەوان داواناکەن کە خەڵک پشت لە خوداپەرستی بکات، یان لە دین وەرگەڕێن یان دژی دین ڕەفتار بنوێنن، بەڵام هەوڵ دەدەن، دەستە و تاقم و ڕێکخراوی ساختە درووست بکەن و دابمەزرێنن، کە هەڵگری ئایینێک یان ئایینزاییەک بن، بەڵام  هەرچی خودا پێناخۆشە بە ناوی ئەو ڕێکخراوە ئایینییەوە بیکەن. بۆ نموونە، ڕێکخراوێکی وەک داعش، کە هەموو درووشم و لۆگۆ و بانگوازێکی بە ناوی ئیسلامەوە بوو، بەڵام بە کردار لە شکۆی ئیسلامی دەدا. پێشتریش، کە لافیتەی ئایەتی "ئەنفال" بە بۆنیتی زیلەکانی عەسکەری سەردەمی سەددام هەڵواسرابوون و لە بەیاننامە سەربازییەکانیاندا ئەو ئایەتەیان دەخوێندەوە، بۆ سووککردنی ئیسلام بۆ لە دیدیی کوردان. ئەمە ئیمڕۆ لە دیدیی  هیندێک لە  گەنجانی کورد هەست پێدەکرێ.  جا بڕوانە، لەم سەردەمدا چەندان دەستە و تاقی و حزبی  ساختەی ئایینی دروستکراون، بە ناوی خودا، لە پەیامی خودا کەمدەکەنەوە و دەیانەوێ  بە ڕەفتارە چەوتەکانیان ئایینەکە سووک کەن. لاوازبوونی کۆڵەگەی ئایین و باوەڕ، داڕووخانی ئەخلاقی خێراتر دەکات.

 

دوو: بەرنامەی بەتاڵکردنەوەی پەروەردە لە بەها جوانەکانی:

 بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کار دەکرێت لەسەر ئەم تەوەرانە: دابەزاندنی ئاستی زانستیی پەروەردە، کەم بایەخدان بە وانە و بابەتە زانستییەکانی وەک فیزیک و کیمیا و بایەلۆژی و پزیشکی و تەکنەلۆژیا و پیشەیی و فەلەک و  گەردوون، پتر سەرقاڵی کردنی فێرخوازە بە بابەتە لاوەکییەکانی وەک مێژوو، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، ئەنترپۆلۆژی... . دیزاینی پۆشاک و ئارایشت و چێشتلێنان و دەرزی و دوورمان، پتر بایەخی پێدەدرێت لە چاو کارکردن لە تاقیگە و وێرکشۆپ و کاری پرکتیزەیی تەکنیکی سەردەم.  هەوڵ دەدرێت، لە کەسییەتی مامۆستا و پەروەردەکار بدرێت، مووچەی کەم، پشتگوێ خستنی توانست و ئەزموونی،  بێبایەخکردنی بەرهەم و کارەکانی لەبەر چاوی فێرخوازەکانیدا. دەیانەوێ نرخ و پایە و مەقامی پەروەردە لەبەر چاوی کۆمەڵگادا سووک و بێبایەخ و چرووک بکەن. کاردەکەن بۆ خواردنی مافەکانی مامۆستا و پەروەردەکار تا وای لێدەکەن، پیشەکەی بەدڵ خۆشنەوێ و یان پێی شەرم بێ. داب و نەریت و دەستووری پەیوەندییە جوانەکانی نێوان مامۆستا و فێرخواز دەڕوخێنن. ئاسایی دەبێ، لە سەیراندا بەڕێوەبەری قوتابخانەی بنەڕەتی لەگەڵ خوێندکاری پۆلی حەوت و هەشتدا یاری پۆکەر و کاغەزێن بکات. ئاسایی دەبێ خوێندکارێکی خوێندنی دکتۆرا، تێزەکەی بە پارە  بنووسێتەوە.

 

سێ: هێنانە کایەیی میدیایەکی زەبەلاحی ساختەچی:

 ڕۆژنامە، گۆڤار، ڕادیۆ، کەناڵی تیڤی، سینەما، بۆ پەخشکردن و بڵاوکردنەوەی پیسترین و خراپترین و سووکترین و بێئەخلاقترین بەرنامە و فیلم و دڕاما و  بەرهەم. تا ئەو ڕادەییەی کە بەرنامە و فیلم و دڕامای تایبەت بۆ بینەرانی هەرێم درووست دەکرێ لە دەرووە ،بۆ ئەوەی کەلتوور و داب و نەریت و ڕەوشتی کۆمەڵگا هەرەس پێبێنن. لاسایی کردنەوە ئەستێرە ئەکتەر و گۆرانیبێژ و پۆشاک و شێواز و ئارایشت و ئێکسسوار و حەرەکات و سەکەنات، دەبێتە شتێکی ئاسایی تەنانەت لە نێو چینی ڕۆشنبیر و خوێندەواریشدا. ماقوولە لە 105 کەناڵی تیڤیدا، یەک بەرنامە پێشکێش نەکرێت لەسەر ئەدەب، هونەر،  نیگار... تاد. جا ئەو مەکینە زەبەلاحە بە سەرمایەداری خەیاڵی دەکەوێتە کار بۆ شێواندنی هەموو لایەنە جوانەکانی ژیان و کەکلتووری مرۆڤەکان. ڕێکلامەکانیشیان هەر بۆ بەرهەمەکانی ئەوانەن بە دڕۆن ڕۆژانە دەمان کوژن. ئاساییە، بۆ لێدان لە چێژ و زەق و هەستی خەڵک لە کاتی نانخواردن، ڕێکلامی تایبەت بۆ دابی مندالان و  و سانتی کچان بێ.

 

چوار: پوول و ماددە پێش هەموو شتێک:

    بەها جوانەکانی ئەخلاق، هەمیشە شاراوەن، لە ڕەفتار و گوفتاردا پتر دەردەکەون، جا کاتیک ئەخلاق هەرس دێنێ، مرۆڤ پێویستی بە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە هەیە کە هەرەسەکە درووستی کردووە، ئەوەیش بە سەرقاڵی کردن و هەوڵدان بۆ کۆکردنەوە و بەدەستهێنانی زۆرترین ماددە – بۆ هەموو شێوەکانییەوە.  سەوەداکەر، پێی گرنگ نییە، کە بە چ ڕێگایەک و ئامراز و شێوەیەک دەبێتە خاوەن گەورەترین سەرماییە. ئاساییە لە بەرنامەی تیڤی خیزانیدا، کچە مۆدێڵیک شانازی بەوەوە بکات کە گرانترین ئۆتۆمبیل و ئەپارتمێنی "بە ئاخ و ئۆفی شەوان" وەەدەست کەوتبێت. قێزەوترین تاوان لەسەر بڕە پارەیەکی کەم، تەنانەت کووشتنی مرۆڤێک لەسەر مۆبایلێکی 40 دۆلاری دەبیتە شتێکی ئاسایی. خۆشەویست و خزم و دۆست و مرۆڤایەتی یەکسان دەکرێت بە پوول و مادە، هەرچی لە دەرەوەی ئەو دوو شتەیە، هیچ بەها و قیمەتێکی نابێ.

 

پێنج: لێکترازاندنی خێزان:

  یەکەم قوتابخانەی منداڵ و خۆشترین جێگە بۆ دایک و باوک، ماڵ و خێزانە. هەر کاتێک توانرا، ڕایەڵە پتەوەکانی کە هەموو جەمسەرەکان و ئەندامانی ئەو خێزانە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەڵ پچریت یان  شل بکریتەوە، ئەوا وردە وردە ئەو خێزانە لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە و سەرگەردان و ماڵوێران دەبن. نە منداڵەکان دەتوانن ببنە خاوەن مال و منداڵی خۆیان، نە دایک و باوکەکانیش، لەبەر زۆری کێشەکانی منداڵەکانیان دەتوانن نەختێ بحەسێنەوە. ئەمە لە ڕێی کار و چالاکی ناراستەوەخۆی دەیان ڕێکخراوی هەمە ڕەنگ و ئامرازی جیاواز جیاواز ئەنجام دەدرێ. واتا کوڕ و کچەکان لە خێزانەکان دەسێندرین و وایان لێدەکەن ڕیز لە باوانیان نەگرن و ئارەزوومەندانە، ڕەفتارە هەرزەییەکانیان دابمرکێننەوە. داڕووخانی خێزان، سەرتای داڕووخانی ئەخلاقی کۆمەڵگایە، جا لە هەر شارستانیەت و سەردەمێک بێ. 

 

شەش: هەڵاتن لە بەرپرسیارەتی:

    ئەم خاڵە یەکجار بایەخدارە، لە ڕێی مەڵبەندە پەروەردەییە نا پەروەردەییەکان و میدیا زەبەلاحە چەواشەکارەکان و ڕێکخراوە ساختەکان، ڕۆڵەکانی نەوێ نوێ وا پەروەردە دەکەن، کە هەمیشە نەک ئامادە نەبێ هیچ بەرپرسیارەتییەک بگرێتە ئەستۆ، بەڵکوو هەمیشە ئامادەن ڕابکەن لە بچووکترین بەرپرسیارەتی. بێگومان بەرپرسیارەتیی، کەسێتی و ئەزموون و متمانە و دەرس فێرە ئەندامانی کۆمەڵ دەکات، کاتێک ئەو تاکە چووختی بوو لە بەرپرسیارەتی، ئەوا بە هاسانی لە خوێندن دوادەکەوێت  و لە پیشەدا دەستوپێسۆپی دەبیت و لە گرتنەدەستی هەر ئەرکێکی گرنگ هەڵدێ. و کەسێکی فاشیلی لێ دەردەچێ. جا قۆناغە مەترسیدارەکە ئەو کاتە هەست پێدەکرێت کە ئەو نەوە هەڵاتووە، پۆستێک وەردەگرێ، ئەوا ئەو پۆستە وێران دەکات و وادەکات زوو شەپرەی لێبدات و نەتوانی هیچ خزمەیگوزارییەک پێشکەش بە کۆمەڵ و نەتەوە و مرۆڤایەتی بکات.

 

حەوت: نەشارەزایی لە جیهانی تەکنەلۆژایای دیجیتاڵی و سەردەم و عەولەمە:

 بەداخەوە، هیچ ئامارێکم نەبینییوە، کە داتای وردمان بداتێ، کە بۆ نموونە، خوێندکارێکی پۆلی نۆی بنەڕەتی، ڕۆژانە چەند دەمژمێر، خەریکی مۆبایلەکەیەتی. بەکارهێنانی ئەو هەموو ئامێر و ئامرازە سەردەمییانەی بەبێ ڕێنمای و چاودێری و سەرپەرشتی و بەبێ بوونی هۆشیاریی ڕۆشنبیریی، بەهیزترین فاکتەرن بۆ داڕمانی ئەخلاقی تاک و کۆمەڵگا.  ڕەنگبێ، هەموو کەس نەزانن، کە چەندان  کۆمپانیای گەورە و دەزگای مافیا و تاقمی بەدرەوشت لە پشت پەردەدا، لە نێو بەرنامە و ئاپەکانی ئەو ئامێرانەدا کار و فیعلی قێزەون دەکەن. دادگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەندن، گەواهی ئەو ئامارە بەرزانە دەدەن، لە تاوان و لێکترازان و ماڵوێرانی، کە هۆیەکەی بەدبەکارهینانی ئەو ئامێرانەیە. جۆری تاوانەکانیش نوێن و نامۆن بە کەلتوور و کۆمەڵگای کوردەواری.

لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، منداڵ مۆبایلی پێنییە و ئامێرەکان لەژێر چاودێری دان و مامۆستا و پەروردەکار و باوان، دەرس و دەووریان لەسەر چۆنیەتی بەکارهێناسنیان دەدەنێ. سەدان جۆرە بڵاوکراوە و نامیلکە و کتێب لەسەر ئەو ئامیرانە بەردەستن.

 

هەشت: سووککردنی دەسەڵات و دەسەلاتداران:

  هەرکاتێک هاووڵاتی هەستی کرد، کە ئەو دەسەڵاتەی بەرپرسە لە گیان و سەرومال و ئایندەی خۆی و ماڵ و منداڵ و خاک و نەتەوکەی، لە ئاست بەڕێوبردن و پێشخستن و گەشەکردن دانییە، ئەوا وردە وردە متمانە، لە نێوانیان لاواز دەبێ و  کاڵ دەبێتەوە. تا دەگاتە ئەو ڕادەیە کە هاووڵاتی ئەو دەسەڵاتە بە پارێزەری خۆی نازانێ. ئەمەش لووتکەی مەترسییکەیە و هاندەرە بۆ داڕووخانی خێرای کۆڵەگەکانی ئەخلاقی کۆمەڵگا. دەىی دەسەڵاتداران زۆر هۆشیار و بە ئاگابن، کە ڕەفتارێک نە نوێنن و گوفتارێ نەکەن کە بزانن زمان کورتیان دەکات و لەبەر چاوی کۆمەڵگادا سووک و بێنرخ دەبن. دووریش نییە، دەستی ژێر پەردە هەبێ، ئەوەیان پێ بکات بە بێ ئەوەی دەسەڵاتداران پێبزانن. بەڵینی بێ کردار و  وەعد بێ بەرهەم و قسەی قەڵە و مووژدەی پووچ، سەری دەسەڵاتدار دەخۆن. ئەخلاقی کۆمەڵگا چۆن داناڕمێ، کاتێک هەرزەکارێک دەبینیت،  سەرکردەکەی بەڵێنی درووی پێدەدا، یان پاشەگەز دەبێتەوە، یان دەیەوێ هەڵی خەڵەتێنی بۆ مەبەستی شاراوەی خۆی؟

 

نؤ: قۆزاغە نەک توێکڵ:

لە هەموو شتێکدا کە ڕۆژانە  بەکاردێ و دەبینرێت، تەنها شێوەی دەرەوی وەردەگیرێ، هەرگیز بایەخ بە جەوهەر و توێکڵ و ناوەڕک نادرێ. ئەمە لە خانووبەرە و بگرە تا پێڵاو و سەندڵ و گۆرەوی. هەمیشە ئەو شتانە پیرۆز دەکرێن کە پووچن، کەم نرخن، بێقیمەتن. بۆ نموونە، شووشە دەرمانێک بە یەک دۆلارە، لە کاتێکدا هەمان دەرمان لە ڕۆژاوادا بە 25 دۆلارە. چونکە دەرمانە هەرزانەکە، هەر پارەی پاکەتە جوانەکەیەتی، دەرمانەکە ڕەنگ بێ هەر شیر و ئارد بێت. ڕێلکلام لەسەر ڕێکلام، ئاسنگەری بۆ نوێترین مۆدیلی ئۆتۆمبیل دەکرێ، بەڵام هەمان کاکی ڕیکلامچی، ئامادە نییە، یەک بەرنامە لەسەر شۆڤێری درووستیی ئەم ئۆتۆمبێلە پێسکەش بکات. خوێندکار لە چوار ساڵی زانکۆدا. چوار کتێب ناخوێنێتەوە، بەڵام هەموو ئێوارەیەک، ئامادەیە بە سەعات بەدوای بلوزێک یان کراسێک یان تەندوورەیەکی جواندا بگەڕی و لە دەستەخوشکەکەی بخوازێتەوە بۆ بەیانی بیپۆشێت.  ئەم توێکڵە پووچانە، هەر لە شتە ماددەکاندا نابینرێت، بەڵکو لە هزر و ڕۆشنبیری و توانستیشدا بە زەقی دەبینیڕیت. ماقوولە سەرۆک زانکۆیەک، لە بۆنەیەکدا، بەبێ کاغەز نەتوانێ بەخێر هاتنی میوانەکانی بکات؟ شیاوە مامۆستا، دوای شانزدە ساڵ لە مامۆستایەتی، جورئەت نەکات، لە گۆڕەپانی قوتابخانەدا، وتارێکی جوان و سەرنجڕاکێشی پێنج خوولەکی  پێشکەش بکات؟ چونکە هەموو شتەکان، بە بەرنامە لە جەوهەر و کاکڵ وناوەڕک دەرهێنراون، ئەوەی ماوەتەوە هەر خۆڵەپۆتەکەیە. بێگومان، ئەمە دەستی لە پشتەوە بە بەرنامە کراون.

 

دە: سووک کردنی هەموو بەها پیرۆز و نەتەوایەتی و نیشتمانی و کەلتووریەکانی کۆمەڵگا:

بە ئەنقەست،  بە هەزاران شێوە، کاردەکەن بۆ ئەوەی زمان و کەلتوور و مێژوو و ئەدەب و هونەر و کەلەپوور و پیشە و بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئەو وڵات و کۆمەڵگایە، سووک و بێقیمەت بکرێت. خۆشترین گۆرانی کەلتووری، دەکەنە ڕێکڵامی دابی منداڵ. کەسێک دەێنە سەر شانۆ و وەک گەورەترین شاعیر یان هونەرمەند یان ئەکتەر دەیناسێنن، کە ئاست و توانای لە ژیر سفرە و بە هەزارانیش چەپڵەی بۆ لێدەدەن... تاد. لە گەورەترین دەزگای میدیایدا بەناوبانگرین شاعیر و هونەرمەندی نەتەوە  بە کەسێکی گەمژە وێنا دەکەن و وا نیسانی خەڵک دەدەن، کەو بینەران چەواشەکراون.  هەمیشە کەسی نەشیاو بۆ جێگەی نەشیاو درووشمیانە. دەرچووی بەشی کیمیا لە کۆلێژی پەروەردە، لە فەرمانگای تاپۆ دادەمەزرێنن، دەرجووی کۆلێژی نەوت، لە فەرمانگەی شوێنەوار. جا گەر لەو شارە یەک دەرچووی کۆلێژی شوێنەوار هەبێ، ئەوا بە پۆلیس دایدەمەزرێنن... تاد. بەرنامەی هەرس پێهێنانی ئەخلاقی گۆمەڵگا ئەوە دەخوازێ، وەک تێکدران بەرنامەیان بۆ داڕشتووە.

 

یانزدە؛ لاسایکردنەوەی کوێرانە:

ئەوەی لاوفاوی عەولەمە لەگەڵ خۆی هێناویەتی و ئەوەی میدیا نمایشی دەکات و ئەوەی گەشتیار و گەشتکەری دەیبینی و دەیهێنێتە ناو هەرێم، کوێرانە، لاسایی دەکرێنەوە. هەرچەندە گەر شتەکە بێنرخ و هیچیش بێ. کۆمەڵگەی کورەواری، دوور و نزیک پەیوەندی بە بۆنەیەکی وەکو هەلەوین یان هەینی رەش نییە، بەڵام چونکە بازاڕی سەرمایەدارەکان گەرم دەکات، لە باڵاترین دەزگای دەوڵەی پیرۆزباییان لێدەکرێت.

 

نیشانەکانی هەرسهێنانی ئەخلاقی کۆمەڵگا:

  لە نێو هەر کۆمەڵگایەکدا ئەو دیاردانەت بینی، ئەوا بنەماکانی بەها و ئەخلاق یان هەرەسی هێناوە یان لە سەرەتای داڕووخانەدایە:

نیگەڕانیی دەروونی و ڕۆحی تاکەکان، خەمۆکی و تەنیایی و خۆ بەدورپەرێزگرتن لە خەڵک، لێکترازانی خێزان و ئاوەرەیی و دەربەدەری و لانەوازەیی، نەمانی متمانە و دابەزینی وردە و زۆربوونی فرت و فێڵ بۆ وەدستهێنانی زۆرترین سامان و ڕیزنەگرتن لە هیچ داب و نەریت و کەلتوورێک و دابەزینی ئاستیی پەروەردە و زانستی و خزمەتگوزاری تەندرووستی و شارەوانی و  هەڵاتن لەبەر پرسیارەتی و بێباکی لە هەموو شتێک و هەموو شتێک بخرێتە ئەستۆ و گەردنی کەسانی دیکە و ڕەشبینی و بێزاری لە ژیان و هەوڵدان بۆ کۆچکردن و خۆدەربازکردنی خود بەبێ ئەوەی گوێ بە کەس کەس بدات. زۆربوونی توان و ستەمی نامۆ کە پێشتر لەو کۆمەڵگایەدا نەبووە یان زۆر دەگمەن بوو. هەرکاتێ ناشیرین و گەندەڵ و دەستپیس و داوێن پیسەکان پیرۆز کران، ئەوا هەرەسهێنانی ئەخلاقی ئەو کۆمەڵگایە حەتمییە و دەرچوونی بۆ نییە. جا ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە ئەم داڕووخانە، نەوەیەک دەهێنێتە بەرهەم، پلاستیکی، کە ناتوانێ بەرگەی بچوکترین لەرزە و کێشە و قەیران و گرفت بگرێ. ئاسایە، ژن داوای تەڵاق بکات، چونکە مێردەکەی،  دواکەوتووە یان  درنگ بردوویەتی بۆ ساڵۆنی چاککردنی نینۆکەکانی.

 

ئێستا پێویستە ئێمە چی بکەین تا کە ئەخلاقی کۆمەڵگا هەرس نەهێنی؟

وەک چۆن دارووخانی ئەخلاقی کۆمەڵگەیەک، وەک گوتمان 15 تا 20 ساڵی دەوێ، درووستکردنە و بونیاتنان و زیندوکردنەوەی ئەو ئەخلاقە، گەر بە شێوەی جوانی دیکەش بێ، کاتی دەوێ. دەبێ بەرپرسانی بەتوانا و شارەزا و پسپۆڕ بە جددی کاری بۆ بکەن و بووجەی بۆ تەرخان بکەن و گۆڕانکاریی بوێرانە لە زۆربەی دامودەزگا خۆیاندا بکەن و هەمووان خاوەن نەخشە و خەون و ئایندە بن.

ڕاگرتنی کۆڵەگەکانی ئەخلاقی کۆمەڵگا، لەو جۆرە بارو دۆخەدا،  لە دەسەڵاتی ئامۆژگاریکردن و وتار و وەعز و دەرس و هەڕەشە و گوڕيشکردن دانییە. کاری پشوودرێژیی جددیی  شارەزایانەیی دەوێ.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×