بازاڕی لەنگە.. سوتان یان سوتاندن!

بەهزاد موحسین
  2024-04-16     342

(١)

ئەگەر دوبارەبونەوەی مێژو بۆ هەر دیاردەیەک درۆ بێ، ئەوا بۆ بازاڕی هەژارانی لەنگەی هەولێر ڕاستەقینەیەکە، خودی مێژو لە دوبارەبونەوەی خۆی بەو ژمارە زۆرەوە بەرامبەر ژیانی مەمرە و مەژیی ئەم چینە هەژارە شەرمەزارە.

بازاڕی لەنگە لە سەرەتای نەوەدەکان بۆ ماوەیەکی کەم هەڕەمەکیانە لە گۆڕەپانی ناوەندیی پاسەکانی هەولێر بەرامبەر بانکی ڕەشید دانرا، شوێنەکەیان زۆر بازاڕی بو، ئەوەی لە پاسەکان دابەزیبا، دەبو بە ناو دوکانەکانی لەنگە تێپەڕێ، ئەوجا بچێتە بازاڕەکانی شێخەڵڵا و قەیسەری و...هتد.

هەر زو بۆ شوێنەکی بەرتەسکی تەنیشت قەبرستانی بەرامبەر ماستفرۆشەکان لەوێیان دەرکردن، کە شوێنەکی زۆر مردو بو، بەس لەبەر نەبونی و گەمارۆ ئابوریەکانی ئەو سەردەمە کە زۆربەی خەڵکی هەولێر نەیاندەتوانی پۆشاکی نوێ بکڕن و ڕویان لەوێ دەکرد، بە شێوەک لە شێوەکان بازاڕیان باش بو. ئەوە هەر ئەو شوێنەیە، کە ئێستا بۆتە داونتاونی هەولێر.

بازاڕی لەنگە لەوێ لە ماوەی چەند ساڵێک بە لای کەمی سێ جار سوتێنرا. من ئەوکات لەم بازاڕی لەنگە کارم دەکرد،  بیرمە دوکاندارەکان جۆرێک لە گردبونەوە و خۆپیشاندانیان کرد، بەس من لەوە منداڵتر بوم، خۆم بخزێنمە ناویان و لە خۆپیشاندان و ئەو شتانە تێبگەم. بە کورتی سوتێنەرانی بازاڕی لەنگە دۆخێکی وایان دروست کرد، کە خاوەن دوکانەکان مەمنون بن، بە گواستنەوەیان بۆ هەر شوێنێک کە چیتر کاڵاکانیان ساڵانە نەسوتێنرێن و قازانجی سەرمایەدارانی شار سەری مایەی منداڵەکانیان نەخوا.

ئیتر بازاڕی لەنگە گواسترایەوە بۆ ئەم شوێنەی ئێستا، کە ئەوکات وەک دەرەوەی شار دادەنرا و زەویەکەی وەک ئەم چەند ساڵەی دوایی بەهەڕمێن نەبو. ئێستاش ئەم زەویە کە شوێنەکی زۆر بە نرخ و هەڕمێنە، ئەوە چەندین جارە دەسوتێنرێ، تا وەک دو جارەکەی پێشو دەریانبکەن. پێموایە ئەوان گەر یەکەم جار بەرگریەکی جددیان لە خۆیان کردبا، ئەوا ئەوان هەر یەکەیان خاوەن بەنرخترین دوکان لە داونتاون دەبون و هێندە لەسەر هەقی خۆیان نەدەڕەتێنران.

دیارە سوتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر بەو ژمارە زۆرەوە دەستێکی بازرگانی قۆرخکاری پشتبەست بە سیاسیەکانی ئەم شارەی لە پشت بووە و هەیە، بەروارد بەو هەمو بازاڕەی هەولێر کە تەنها یەک جار سوتاون، یان هەر نەسوتاون. پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی ئەم بازاڕی لەنگەیە تاکە بازاڕە، تا ئێستا زیاتر لە شەش حەوت جار سوتاوە!؟

(٢)

بیرمە ساڵی ٢٠١٨ ئەم بازاڕە ڕۆژی پێنجشەممە جارێکی تر سوتێنرا. نیوەڕۆی ڕۆژی دواتر کە هەینی بو، سەیری کەناڵی NRTم دەکرد. دوکاندارەکانی لەنگەی نیشان دا، کە خەریکی ڕێکخستنی خۆپیشاندان بون، منیش بۆ پشتیوانی ئەوان بەڕێکەوتم و ئۆتۆمبێلەکەم لەوبەری شەقامی سەدی ڕاگرت و بەسەر پردە ئاسنینەکە بۆ بەری لەنگە سەرکەوتم. ئەم پردە بەسەر تەواوی بازاڕی لەنگە دەڕوانێ،. من لەوێوە زۆر بە وردی دیمەنی سوتانەکەم خوێندەوە، کە لە سێ جێگای جیاواز ئاگر و دوکەڵ هەڵدەستا، کە ڕوبەری ئاگرەکان هیچیان نەگەیشبوونە سەر سنوری یەکتر. واتە ئاگرەکە لە سێ شوێنی جیاواز داگیرسابو.

بۆیە وێنەی سەربانی شوێنی ئاگرەکانم گرت و زانیم ئەوە سوتان نیە، بەڵکو ئەوە سوتاندنە. دواتر چوومە نێو گوزەرەکانی ئەو بازاڕە و چەند وێنە و ڤیدیۆیەکم تۆمار کرد، کە دەریدەخا پنتی ئاگرەکان نەگەیشبوونە سەر سنوری یەکتر. هەر ئەوکات پۆستێکم لەسەر چۆنیەتی سوتانی لەنگە و خۆپیشاندانی دوکاندارەکان کرد. تێدا ئەوەم ڕون کردبۆوە، کە ئەمە سوتاندنە ، نەک سوتان.

خۆپیشاندانی دوکاندارەکان نەزۆک بو و جێی خۆی نەگرت، یەکەم: لەبەر ئەوەی ئەوان کاسب بون و شارەزاییان لە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و گردبونەوە نەبو. دوەم: دیسان و وەک هەمو جارێک  پارتی هەم بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە و هەم بۆ چاوترسێنی خۆپیشاندەران دەیان لایەنگری خۆی بە جلی مەدەنیەوە هێنابووە ئەوێ و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، واتە وەک دوکاندارخۆیان کردە خاوەنی ناڕەزایەتیەکە و بەرسینگەیان لە دوکاندارە زەرەرمەند و مایکەکان گرت و سوپاس و ستایشی پارێزگار و حکومەتیان دەکرد، گوایە قەرەبویان دەکەنەوە، کە نەکرانەوە.

(٣)

من ئەوکات وەک هاوڵاتیەکی ئاسایی بەگوێرەی پنتی شوێنە سوتاوەکان گوتم، ئەم سوتانەی بازاڕی لەنگە سوتان نیە و سوتاندنە. کەچی پاش شەش حەوت جار سوتانی ئەم بازاڕە تازەبەتازە پارێزگاری هەولێر دەفەرموێ، ئەم سوتانە جێی گومانە.

دوای بڵاوکردنەوەی پۆستەکەم لەو ساڵەدا، برادەرانی پارتی بە هاوڕێیەکی منیان گوتبو، ئەو کابرایە ئاژاوەگێڕە، گەرنا هەقی لەسەر دوکاندارانی لەنگە چیە و بۆچی پشتیوانییان دەکا!؟ خۆ بابەتەکە موچە و تیرۆر و دەسگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و چالاکان نیە، تا خۆی تێهەڵقورتێنێ!

پەیام بۆ دەسەڵاتدارانی هەولێر ئەوەیە، بە ڕاپۆرتنوسەکانتان بڵێن، گەر هاوڵاتیەک کۆمێنت یان پۆست یان وتارێکی لەسەر دەسەڵات نوسیی، تەنها وەک دژ و دوژمنێک بۆ ئێوەی نەگوازنەوە، با ئەوەشی تێدابێ، کە چی گوتوە و تا کوێ ڕەخنەکەی لەجێیە. دیارە ئەقڵانیترین ئیدارەدان و سیاسەت لەوەدایە، باشترین خوێندنەوە بۆ ورد و درشتی دیکۆرسی ئۆپۆزسیۆن و ڕەخنەی ناڕەزایەتیەکان بکرێ، نەوەک ڕەخنە و پەیامەکان تەنها دوژمنکارانە وەربگیرێن.

هەر ئەو تێنەگەیشتنەی دەسەڵاتە، وا دەکا منێکی هاوڵاتیەکی ئاسایی بێ پشتوپەنا شەش ساڵ پێش ئومێد خۆشناو بکەوم، لە کاتێکدا تەواوی کامێراکانی ئاسایش و زانیاریەکانی دەزگای پاڕاستن و دەسەڵاتی ڕەهای هەولێری لەبەردەستە. ئەوە بۆ دەسەڵاتی هەولێر ئەوپەڕی شەرمەزاریە، من شەش ساڵ پێش ئێستا گوتبم، ئەمە سوتاندنە و پارێزگاریش تازە بێ و بڵێ؛ سوتانی بازاڕی لەنگە لای ئێمە بۆتە جێی گومان!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×