ماوەیەک لەمەوبەرهەڤبینی
بارزانی و لاهور ڕۆژەڤی میدیای باشوری داپۆشی و کەوتە سەرەنجام و کەچی ئەنجامێکی
نەبو، کە لای من بەئەنجامگەیشتن و نەگەیشتنی ئەو هەڤدیتنە جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبو.
ئەوەی جێی پێکەنین بو، لای خەڵک و سۆشیالمێدیا لەبارچونی دانیشتنەکە لە لەدایکبونەکەی
زێتر دەنگی دایەوە.
من ئەوەم پێناخۆش
نەبو، نەک لەبەرئەوەی دژە ئاشتی و تەباییم، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەوان گەر بەو
دژایەتیەشیانەوە هێندە لێک بچن، لە دژەئازادی و خۆپیشاندان و کاری سەلیمانەی ڕۆژنامەنوس
و چالاکانی مەدەنی و مەسەلەی هەمیشەیی پیاوانیی قوم و ئەنکارا، ئەی دەبو لەو
دانیشتنە چ ڕێککەوتنێکی تاریک و ڕەشیان لەسەر پەردەپۆشکردنی کوشتن و کپکردنی
ئازادیخوازانی هەردو زۆن بۆ یەکتر بکردایە.
ئەوەی لە تێکچونی
ئەم دانیشتنە لەبارچوەدا لە تیشکی چللەی هاوین ڕۆشنتر بو، نە بارزانی لە خەمی خیانەتی
نیشتیمانی و نەتەوەیی ١٦ی ئۆکتۆبەر بو، نە لاهوریش لەبەر خراپی سیستەمی برسیکردنی
هاوڵاتیان و دژەدیموکراسی و مافی دەنگهەڵبڕینی خەڵکانی چەوساوەی دەرەوەی یەکێتی و
پارتی و تەنانەت هەوادارانی یەکێتی و پارتیش دانیشتنەکەی ڕەت کردەوە.
پارتی ڕاستەوخۆ و
ناڕاستەوخۆ و لە گەورەیانەوە تا بچوک و لە مێدیا ڕەسمی و فەیکەکانیان، تا پێش
گفتوگۆی ڕێکخستنی دانیشتنەکە هێندە لاهوریان وەک خاینێکی لە ٣١ی ئاب و ٦٦یش خاینتر
کوتاوەتەوە، ئیتر کە زانییان لاهور
ئامەدەیی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ بارزانی دەربڕیوە، هاتن وەک دوافرسەت تەکلیفی لێبوردنێکیان
خستە سەر لاهور، لە پێناو چاوبەستی هەوادارانی پارتی و زۆر بەگەورەتر نواندنی
بارزانی لە لاهور.
ئیدی ئەوە گرنگ
نیە، کە چۆن و بۆچی لاهور ئەو لێبوردنەی بەرامبەر بارزانی ڕەت کردەوە و نەبوە
پاڤێڵ و قوباد. گرنگ ئەوەیە، گەر لاهور لێبوردنەکەی قەبوڵ بکردایە، ئەوا لە نەرمە
پارتیەکەوە تا توندەپارتیەک و لە مەکتەب سیاسیەکەوە تا هەوادارێکی ئاسایی، ئەم
دانیشتنەیان بە دەسکەوت بۆ بارزانی لە قەڵەم دەدا و ڕیفراندۆم و دەوڵەتەکەی
بارزانییان دەخستە ژێر پێی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری لاهور و پاڤڵ و پەیجەکانیان پڕ
لە هەلهەلەی سەرکەوتن دەکرد.
دەچمەوە سەر
وردکردنەوەی پەرەگرافی دوەمی ئەم تێکستەم. هەموان دەزانن، کە ڕوداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر
لەسەر دەستی لاهور و پاڤڵ تاڵەبانی ڕوی دا و کەسی یەکەمیش پاڤڵ بو. هەر پاڤڵیش کە
هێشتا نەببوە برازای بارزانی، بە عەنتەریات و سەرشێتیەکەی خۆی لە بەغدا بەرهەم
ساڵحە "حورمەتدار و کردارشەرتە"کەی بێ هیچ پرسێک بە بارزانی، بە سەر
کاندیدە نازپەروەرەکەی بارزانی "فوئاد حوسێن"دا کردە سەرۆک کۆمار و
لەسەر ئاستی ئێراق و کوردستان یەکەم شکستی بە بارزانی دا. ڕێک لەو کاتەش پارتی و
بارزانی لە هەستیارترین و شکستترین بارودۆخی دوای ڕیفراندۆم بون.
ئەگەرچی مێدیای
پارتی تا ساڵێک لەمەوبەر پاڤڵ و لاهوریان وەک خاینی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناساندبو، بەڵام
هەر بەوەندەی کە پاڤڵ چوە خزمەتی بارزانی، ئیتر لای پارتی و خودی بارزانی وەک کۆرپەیەکی
تەعمیدکراوی کریستیان بە ئاو و نانی ماڵی بارزانی خاوێن بوە و خیانەتی ١٦ی
ئۆکتۆبەری لەسەر هەڵگیرا. بۆیە دڵنیام گەر لاهوریش بە داوای لێبوردنەوە
دانیشتنەکەی قەبوڵ کردبا، خیانەنەت و میانەت و شازدە و مازدە نەدەما و ئەو خیانەتە
دەبوە هەڵمی کوردایەتیەکەی پارتی و لە برازاش هەورازتر دەبو.
ئەگەرچی ئێستا لاهور تاکە کەسی خاوەن پارە و چەکدار و
دەزگای موخابەراتی دژە پارتیە و نزیکەی وەک پارتیش پاڵپشتی ئیقلیمی هەیە، بەڵام
ئەوە نایکا بە پیاوێکی باش و جێمتمانە. ڕاستی ئەوەی هەر کەسێک دژی ئەو سیستمە زۆر
خراپەی لە هەمو روێکەوەی حکومەتی هەرێم بێ، کە ڕێک دەکاتە سیستمی ئەوپەڕی دژەئازادیی
پارتی و بارزانی. مەرج نیە، پیاو چاک بێ و لە خەمی ئازادی و نانی هاوڵاتیان بێ.
ئەوەی جێی سەرنجە،
هێندەی من بارزانی یەکەم بناسم، گەر شلۆقی حکومەتەکەی بارزانی سێیەم بە فشارە
ئیقلیمی و نێوخۆیی و ئێراقی لە لایەک و فشاری ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانی هەرێم و
دەرەوە و ناڕەزایی زۆربەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیە ئازادیخواز و چەندین باڵیۆزخانە و
قونسڵخانە ڕۆژئاواییەکان نەبا و بە تایبەت لەسەر کەیسی حوکمدانی نادادپەروەرانەی
برادەرانی بادینان تەنگیان بە مەسرور بارزانی هەڵنەچنیبا و لە پێناو دەستباری
کوڕەکەی نەبا، بارزانی یەکەم هەرگیز بە دەیان داوای لێبوردنەوەش ئامادەیی دانیشتنی
لەگەڵ لاهور نەدەبو.
دیسان دێمەوە سەر
وردکردنەوەی پەرەگرافی دوەمی ئەم وتارەم.. لاهور! تۆ کە هاوسەرۆکی یەکێتی و واتە بەڕێوەبەری
زۆنی کەسک، لە دوا خۆپیشاندا ئەو هەمو خۆپیشاندەرە بۆ نان هاتنە سەر جادە و
چەکدارەکانی یەکێتی بە کوشتن و خودی کوشتنی خۆپیشاندەران بە گوللە وەڵامیان دانەوە،
تۆ چیت کرد و لە کوێی مافی مرۆڤ و سۆسیال دیموکرات بوی و لە کام بەندی مافی مرۆڤ
خۆت دیتەوە! دواتر کە چویە ماڵەکانیان لە شەرمەزاری زیاتر چیت هەبو بۆ گوتن!؟
دڵنیا بە ئەوان بە سەردانی تۆمشەرەفمەند نین و نەبون. ئەوان ماف و ئازادی و
بەرهەمی خوێنی ڕۆڵەکانیان گەرەکە، تۆ پینەکاری تاوانی بکوژان بوی، نەک دڵدەرەوەی
جەرگە سوتاوەکانی دایک و باوکیان بی. تۆ بە ئاراستەی خەمی
هاوڵاتیان و چەوساواندا ناڕۆی، تۆ نەک ئایکۆنی ئازادیخوازانی نێو پەیجەکانی خۆت و
دەرەوەی یەکێتی نی، تەنانەت بەرگریکارێکی بە هەقی یەکێتیە چەوساوەکانی زۆنی زەردیش
نی.
گەر تۆ لەگەڵ
هەقبێژی و ڕاستگیی بای، دەبو ئەوێ ڕۆژێ هەڵوێستێکت بەرامبەر هەڵکوتانە سەر شیرین
گەرمیانی هەبا و وەک مرۆڤ و وەک ئازادیخوازێک لێپپرسینەوە و گلەییەک لە
پەرلەمانتارە چەتەکانت بکەی و بە جۆرێک پێیان بڵێی، حیزبەکەم کە مێردی ئەوژنە
ڕەشپۆشەی تیرۆر کردوە، لەوە زێتر ناکرێ و
لە نەهجی سۆسیال دیموکراتدا نیە و نابێ، ئەو بێوەژنە لەسەر گوتنی ڕاستیەکی مێژویی هێرشی
بکرێتە سەر و دەرونی زامدار بکرێ!
دوا قسەم بۆ بارزانی
و لاهور ئەوەیە، خۆتان باش دەزانن، بەڵام
لەوانەیە بەشێکی زۆر لە هەوادارانتان نەزانن، کە زۆر ڕونە، تێکڕای بارزانی و
تاڵەبانیە کوڕ و باوک و برازاکان، دو کەرتی وەکیەک و کتومتی سێوێکن.