بریاری بایکۆتی پارتی لەهەڵبژاردنەکان، هۆکارو لێکەوتەکانی!

عەبدوڵا مەحمود
  2024-04-20     283

پارتی بریاری بایکۆت و هاوکات هەرەشەی ئەوەی راگەیاند کە ئەگەر بەغدا و دادگای فیدرالی بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن، ئەوا لە پرۆسەی سیاسی دەکشێتەوە.

بۆرژوای عێراقی و دادگای فیدرالی لە چوارچێوەی رووبەڕووبونەوە لەگەڵ بەربەستەکانی بەردەم فیدرالیزەکردنی عێراق و پابەندکردنی دەسەڵاتی فیدرالی هەرێم و دەسەڵاتە لۆکاڵی و خۆجێیەیەکان بەدەسەڵاتی فیدرالی و ناوەندی، لە هاوسەنگیەکی تازەدا، چەندین بریاری دەرکردووە و لەو چوارچێوەیەشدا دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی لەڕیگای بڕیاریەکانیەوە لە مەنگەنە داوە. بریارەکانی ئەم دوایەش لە پەیوەند بە گواستنەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان لە کۆمیسیۆنی هەرێمەوە بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، چەند بازنە کردنی هەڵبژاردنەکان، کەم کردنەوەی کورسیەکانی پەرلەمان و لابردنی کورسی کۆتاکان...تاد هێندەی تر دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و بەتایبەتیش دەسەڵاتی پارتی رووبەڕووی دۆخێک کردۆتەوە، کە توشی تەنگەنەفەسی و کاردانەوەی کردووە.

بریاری پارتی بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و هەڕەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، کایەکی ئاشکرای ناو پرۆسەی سیاسییە و لە بنەرەتدا بەرهەمی لادانی بۆرژوازی عێراقی لە فیدرالیزم و دەستور و نییە، بەڵکو پابەند بوون و پیادەکردنی فیدالیزم و جێ بەجێکردنی دەستورە، ئەو فیدرالیزم و دەستورەی بۆرژوازی کوردی لە کاتی خۆیدا وەکو دەستکەوت و سەرکەوتنی دیبلۆماسیەتی کوردی بانگەشەیان بۆ دەکرد.

بۆرژوازی و باڵەکانی لە عێراقدا، لەدوای کەوتنی دەسەڵاتی بەعسە و تەنانەت دوای دەستور و پەسەندکردنی فیدرالیزم، بە مەبەستی کەم کردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی و رووبەرووبونەوەی لە ئاستەنگەکان، زۆرتر پەنایان بۆ سازان و ریکەوتنی سیاسی دەبرد و جێ بەجێکردنی دەستورو فیدرالیزم، خۆی دەبووە کێشەو دروستکردنی ئاستەنگ و مایەی ناتەبایی، بەڵام دوای گۆرانی هاوسەنگی هێز بەتایبەتیش دوای گێرانەوەی ئارامیەکی رێژەیی لە باری ئەمنیەوە، دوبارە پرسی پێناسەکردنەوەی هاوپەیمانیەتیەکان، ڕیکەوتنە سیاسیەکان، هاوکاتیش مەسەلەی جێبەجێکردنی دەستورو فیدرالیزم، جێگای پەیداکرد،

ئەگەر بۆرژوازی کورد، لەعێراقدا لە ساڵی ١٩٩١ وە، وەکو دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتی عێراقدا پیادەی دەسەڵاتدارێتی خۆی دەکرد و بە وێنەی وڵات و دەوڵەتێکی سەربەخۆ و جیا لە عێراق دەردەکەوت، لە بنەرەتدا پەیوەندی بە لاوازی و شەق شەق بوونی ریزەکانی بۆرژوازی عێراقەوە هەبوو، بەهەموو پێوانەیەک ئێستا ئەم دۆخە گۆراوە، بۆرژوازی لە عێراقدا تا رادەیەکی زۆر یەکانگیر و هاوئاهەنگە، بەتایبەتیش لەسەر پرسی فیدرالیزم و دەستور. لە بەرامبەردا، دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد نەک نەیتوانی کەڵک لە دەرفەتە وەربگرێت کە لەساڵی ١٩٩١ وە بۆی رەخسا، بەڵکو خاوەنی هیچ ئاسۆیەکی دورمەودا و نەبوو، بەڵکو بە نرخی رۆژ سیاسەت و هەنگاوی دەناو لەو نێوەشدا هەموو هیواو ئومیدی خۆی بە سیاسەت و نەخشەکانی ئەمریکا و غەرب و وڵاتانی ناوچەکەوە گریداو بەمانای وشە کەوتە جەنگیكی سەرسەخت لەگەڵ ماف و داخوازییە سادەکانی خەڵک و سپاردنی ئاییندی سیاسی کوردستان، بە قەدەری ئالوگۆرەکان.

شکست و پاشەکشەی بۆرژوازی کورد لە پایەتیرین ئاستیدا، ریشەی لەو واقعیەتە دایە، نەک بریارەکانی دادگای فیدالی و مەسەلەی دەستوور، بۆرژوازی کورد چەندە ئێستا لە ژێر گوشارەکانی بۆرژوازی عێراقیدا دەست و پی دەکوتێت، دەیان بەرامبەر زیاتر کەوتوتە بەردەم نارەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستان. تەنانەت بەشێکی بەرین لە خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر بەو هەموو ستەم و بیمافی و تاڵانی و دزییەی بۆرژوازی کورد، چاو و رووی ئومێدیان لە بەغدایە. متمانەی خەڵکی کوردستان بەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لە سفر نزیک بۆتەوە و ئومید بە بەغدا بەرەو هەڵکشان چووە.

بریاری بایکۆتی پارتی و هەرەشەی کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی، بەر لەوەی پەیوەندی بە بریارەکانی دادگای فیدرالیەوە هەبیت یان نارەزایەتی بێت بەو دادگایە، ریشەی لە ئەزمەی سیاسی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و پەیوەندی بەو قڵشتە لە چار نەهاتووەوە هەیە کە لەگەڵ خەلکی کوردستان هەیەتی... بریاری بایکۆت و هەرەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، زۆتر کاردانەوەیەکی بەرگریکارانەیە لەبەرامبەر بە دەسەڵات و بۆرژوازی عێراقیداو هەوڵیکە بۆ گواستنەوەی نارەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بەرووی دەسەڵاتی ناوەندیدا، گواستنەوەی هۆکارەکانی بێ موچەیی و خزمەتگوازریی و دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە بۆ ئەستۆی دەسەڵات لە عێراقدا، لە کاتێکدا لە چاوی خەڵکی کوردستان و لە دنیای واقعیشدا، دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد هۆکاری سەرەکی و راستەوخۆی ئەو دۆخە دۆزەخیەیە کە رووبەرووی خەڵکی کوردستان بۆتەوە. بۆرژوزی عیراقیش کەڵک و بەهرەبەردانی لە نارەزایەتی خەڵکی کوردستان لە دژی دەسەڵاتی هەرێم دەکات و بە هەر ئەندازەش بەغدا و دادگای فیدرالی گوشار بخاتە سەر دەسەڵاتی هەرێم بەشێوەی گشتی خەڵک خۆشحاڵن.

دیارە چ پارتی و چ یەکێتی، هەرچەندە هەرەشە بکەن، ناتوانن ببنە هێزی ئۆپۆزیسیۆن و ناشتوانن لە پرۆسەی سیاسی چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی کوردستان بکشێنەوە. بەڵام پارتی وەکو هێزێک کە زوربەی جومگەکانی دەسەڵاتی لەهەریمدا لەدەستدایە، بەجیا لە نارەزایەتی خەڵکی کوردستان هاوکات رووبەرووە لەگەڵ نارەزایەتی و نیگەرانی یەکێتی نیشتیمانی... یەکێتی نیشتمانیش دەیەوێت دۆخی نەخوازراوی خەڵکی کوردستان بەتایبەتی مەسەلەی موچەو خزمەتگوازارییەکان و بێمافی بئاڵێنێتە سەر پارتی و شانی خۆی وەکو هیز و دەسەڵاتی زۆنێک، لەهەموو بەرپرسیاریەتیەک خاڵی بکاتەوە. جیا لەوانە هەر هیرش و گوشارێک کە ناوەند بیخاتە سەر پارتی و دەسەڵاتی هەرێم یەکێتی سەرگەرم دەکات و پێی خۆشحاڵە...بەتایبەیش کە یەکێتی لە جەمسەری دەسەڵاتی ناوەندی و ئیراندایە. ئەوەش رۆشنە پارتی ئەگەر بایکۆتی هەڵبژرادن بکات، بە کردەوە جارێکی تر هەڵبژاردن دوا دەکەوێت و تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردن بە بێ پارتیش بکرێت... دەسەڵات لە زۆنی زەرددا هەر لەدەستی پارتیدا دەمێنێتەوە و پارتی هیزی ئەمنی و سەربازی و داهات و دەسەڵات رادەستی هیچ هێزێکی سیاسی ناکات ئەگەر سەد کورسیش بهێنێت...

لەو نێوەدا راستیەک هەیە کە پیویستە هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، ئەو راستییەی کە فیدرالیزمی قەومی و هەوڵ بۆ جێخستنی و پیادەکردنی، نەک بە سودی خەڵکی کوردستان و ئاییندە سیاسیەکەی نییە، بەڵکو رەچەتەی قوڵبوونەوەو بە فەرمی کردنی ململانێی قەومییە. ئەگەر پارتی و یەکێتی خەریکە دەبنە قوربانی پیادەکردنی فیدرالیزم و دەسور، ئەوا داهاتووی خەڵکی کوردستانیش رووبەرووی دۆخێکی نەخوازراوی سیاسی دەکاتەوە و جارێکی سایەی هەڵاواردنی قەومی، کە ریشەی لە چارەسەر نەکرانی کیشەی کوردایە، دوبارە دەبێتەوە... خۆشخەیاڵی خەڵکی کوردستان بە بریارەکانی دادگای فیدراڵی و دەسەڵاتی عروبی و ئیسلامی، باجێکی زۆری بەدواوە دەبێت... دەسەڵاتی نەنگینی حزبۆکراتی و میلیشیایی دزو جەردەیی پارتی و یەکێتی و هیچ رەوایەتیەک بە دەسەڵاتی دزو جەردە و قەومی و دینیەکانی عێراق نادات و ئەوان ئەلتەرناتیفی خەڵکی کوردستان و ئاییندە سیاسیەکەی نین، ئەلتەرناتیف ئەگەر رەتکردنەوەی یەکێتی و پارتی و هاوبەشەکانیانە، هاوکات وەستانەوەیە بەرووی هەر هەوڵێکی بۆرژوازی عێراقی و بەدژی فیدرالیزمی قەومی و هەژموونی سیاسییان بەسەر خەڵکی کوردستاندا، ئەلتەرناتیفی واقعی لە بەرامبەر بەدەسەڵاتی پەڕوباڵکراوی ناسیونالیزمی کورد و دەسەڵات و هەژمونی ناوەندی بەسەر هەرێمدا، دامەزراندنی دەسەڵاتی جەماوەری خەڵکی کوردستانە بەسەر چارەنووسی سیاسی و بەڕیوەبردنیەتی لەلایەن خودی خەڵکی کوردستان و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی لە خوارەوەی خۆیەوە. 

لەجیاتی ئەوەی خەڵکی کوردستان خۆشباوەر ببن بە دەسەڵاتی بۆرژوازی عێراقیدا، پیویستە لە ئیستاوە ریزی سەربەخۆی خۆیان جیابکەنەوە و بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەگەرەکانی داهاتوو ئامادەبن... پیویستە لەدەوری ئاسۆیەکی سیاسی ئومید بەخش کە ئیرادە بۆ تاکەکانی دەگێرێتەوە کۆببنەوە... ئاسۆی سۆشیالیستی ئەو ئاسۆیەیە، کە دەتوانێت ئاییندەکی تر و ژیانێکی تر و بۆ چینی کرێکار و جەماوەری بیبەشی کوردستان لەدەست هەموو ستەم و بێمافی و جیاکاری و مەینەت و دەردەسەریەک رزگار بکات. با بۆ ئەو نەبەردە ئامادەبین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×