کێ ئامادەیە خۆی پیاوخراپ بکات؟

هێڤیدار ئەحمەد
  2019-09-03     807
28 ساڵی تەواوە خەڵکی ئێمە داوای چاکسازی دەکەن. ئەی بۆ ناکرێ، بە کێ دەکرێ، چۆن دەکرێ و چۆن سەرکەوتوو دەبێ؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن و بەردەوام دەکرێن، لێرەدا وەڵامی هەندێکیان دەنووسم.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 29-8-2019 پیاوێکی بەتەمەن لە دهۆک، یەک هەفتەبوو چاوەڕێم بوو بۆ ئەوەی یەکدی ببینن، ئەمە جاری سێیەم بوو لەگەڵ ئەم پیاوە دابنیشم، ئێستا ئامادەکاری دەکەم بۆ بینینی ئەم پیاوە بۆ جاری چوارەم.

لە شوێنێک دانیشتبووین زوو زوو دەستی رادەکێشا بۆ گەندەڵی کەسێک، کە لە فڵان شوێنی ئەم شارە گەندەڵیکردووە، متمانەی نێوان خەڵک و حکومەت کەمبووتەوە. منیش لێم پرسی، چۆن متمانە لەنێوان خەڵک و حکومەت دروستدەکەین؟ هەندێک بێدەنگ بوو، کە قسەیکرد گوتی، ئەم چیرۆکەت بۆ باسدەکەم، تۆش چۆن وەریدەگری کەیفی خۆتە. بە وردی گوێم لە هەموو وشەکانی گرت.

پیاوە بەتەمەنەکە گوتی: ساڵی 1991 کە رژێمی سەدام حوسێن، بەهۆی راپەڕینەوە دەسەڵاتی بەسەر هەرێمی کوردستانەوە نەما، دوو جۆر خەڵک دەرکەوتن. 

یەکەم: کۆمەڵە خەڵکێک بوون دەستییان بەسەر دامودەزگا و خانوو، عەمبارەکان و ئۆتۆمبێلەکان و شۆفڵی حکومەتدا گرت، خەڵکیش دەیگوت ئەمانە قارەمانن. 

دووەم: خۆی لەو کارە بەدوورگرت، بەکەسی نەزان و بگرە (جەبان) ناوییان هات. دەستەی یەکەم بەناسرووشتی دەوڵەمەندبوون، ئەوکات لە شوێنی گەندەڵی خەڵک دەیگوت فڵان کەس (بەرپرس) یان فڵان کەس (کوڕی بەرپرس و کەس پێ ناوێرێ!). ئەو بگرە و بەردەیە بەردەوام بوو تاوەکو 1999، هەوڵدرا هەندێ رێوشوێنی بەرامبەر بکرێت، بەڵام هەر وەک خۆی مایەوە.

ئەم پیاوە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "ساڵی 1986جەنابی سەرۆک هاتە ئێرە و دەستیکرد بە وەرگرتنی رێوشوێنی تووند، خەڵک هەبوو سزادرا لە ئەندامییەتی سڕکرا، بە ئەندامی ناوچەشەوە و هەشبوون دەرکران، بەتایبەت ئەوانەی ئازووقەی خەڵک و حیزبییان بۆخۆیان دەبرد. رێوشوێنەکان تووندبوون، تەنانەت ئەو کاتە کاک ئیدریس وەفاتیکرد، جەنابی سەرۆک ماوەیەک لێرە مایەوە و بەردەوام بوو لە سزاکان و دواتر رۆیشتەوە. دوای ئەو سزادانانە، دەنگدانەوەیەکی یەکجار زۆر دروستبوو. گڕ و رۆتینێک لەنێو خەڵک و کادیری پارتیدا دروستبوو.

لە قسەی ئەم پیاوە بەتەمەنە کە لەسەر خۆی قسەیدەکرد و دەردەکەوێت، گەندەڵی و خراپکاری رەهەندێکی مێژوویی هەیە و کەڵەکە بووە. ئەی چۆن چارەسەر بکرێت؟ دەستی لێ هەڵگرین و هەروا بەردەوام بێ، یان دەبێ چاک بکرێ؟ باشە کێ خۆی پیاوخراپ دەکات و دەست بۆ مەلەفی گەندەڵی دەبات؟

هەندێ هەنگاو بۆ گەڕانەوەی متمانە لە نێوان خەڵک و حکومەت کە هیچ خەرجییەک و قانوونێکیشی ناوێ:

یەکەم: دوای پێکهێنانی حکومەت، قسەوباسی زۆر لەسەر گۆڕانکاریی ئیداری دەکرێ، بۆ ئەم گۆڕانکارییانە دەکەن؟ ئەمە سێ وەڵامی هەیە:  یان هەندێک کەس دەمێکە لەو پۆستەدان، یانیش کەسەکە بەکەڵکی ئەو پۆستە نەهاتووە، یانیش گەندەڵ بووە؟ ئێ خۆ ناکرێ ئەوەی سیفەتی سێیەمی هەبێ، تەنیا بگۆڕدرێ و رەوانەی ماڵەوە بکرێ، بەڵکو دەبێ بۆ خەڵک مەعلوم بێ کە دوای لادانی، ئیجرائاتی توندی لەگەڵ دەکرێ. بەمە دەڵێن چاکسازیی راستەقینە و گەڕانەوەی حوکمی یاسا کە پشت بە خەڵک دەبەستێ.

دووەم: خەڵک بڕوایان وایە کە حکومەت دەتوانێ بەسەر هەموو کێشەکاندا زاڵ بێ، بەتایبەت ئەوانەی بە یاسا چارەسەر دەبن، بەڵام کە لە پێش چاوی حکومەت سەرپێچی لە یاسا کرا و حکومەت خۆی لێ بێدەنگ کرد، خەڵک بڕوای بە حکومەت نامێنێ و ئەمە ترسناکترین لەدەستدانی متمانەیە لەنێوان خەڵک و حکومەت.

سێیەم: دەبێ خەڵک بزانن ئەوەی لە چاکسازی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، چی لێدێت و چۆن خەرج دەکرێ. چونکە پاڵپشتیی خەڵک بۆ حکومەت زۆر بەهێزترە لە پاڵپشتیی حیزب بۆ حکومەت.

چوارەم: راگەیاندنی سەرجەم پۆستەکانی کارگێڕی بە دانانی مەرجی پێویست بۆ هەر پۆستێک لە رێگەی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی بێ. هەر کەسێ مەرجی پێویستی نەبێ بۆی نەبێ تەقدیم بکات. بۆ نموونە (ئەگەر بۆ پۆستێک 50 کەس پێشکەشی کرد، 10 کەس لەوانە بەرزترین خاڵیان هەبێ وەک (تەمەن، بڕوانامە، زمان، ئەزموونی کارکردن، رابردوو... هتد) ئەو 10 کەسە لەلایەن لیژنەی تایبەت موقابەلە بکرێن و هەریەکە کارنامەی چوار ساڵی کارکردنی خۆیان پێشکەش بکەن، بەپێی کارنامەکە کەسەکە بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرێ.

پێنجەم: کارنامەی حکومەت شەش مانگ جارێک یان ساڵانە بۆ رای گشتی رێژەی جێبەجێکردنی ئاشکرا بکرێ کە حکومەت لە چ پێشکەوتنێکدایە.

شەشەم: حکومەت ئەگەر نەتوانێ کۆنترۆڵی کەرتێک بکات بەهۆی گەندەڵییەوە، دەتوانێ بە رێگایەکی دیکە چارەسەری بکات، ئەویش سپاردنی ئەو کەرتە بە کەرتی تایبەت لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی.

لە سەنگاپوورە چۆن وایان لە کەرتی تەندروستی کردووە کەمترین پارە خەرج بکەن و لەهەمان کاتدا هێزی مرۆیی لەدەست نەدەن کە بەهۆی نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست دەدەن؟ 

لە نزیکی هەموو گەڕەکەکان باشترین ئامێری وەرزشییان داناوە بەبێ بەرامبەر، بۆ ئەوەی خەڵک وەرزش بکەن و لە نەخۆشیی شەکرە و گوشاری خوێن و دڵ بەدووربن. سوودەکانی ئەمە چین؟

خەڵک کەمتر تووشی نەخۆشی دەبن و پارەیەکی باش بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە لە دابینکردنی دەرمان کە زۆر زۆر لەوە زیاترە بۆ دانانی ئامیرە وەرزشییەکان تەرخان دەکرێ. خەڵکی سەنگاپوورە وایانزانی حکومەتەکەیان موهتەمە بە ژیان و تەندروستییان و بەمەش حکومەت هەم متمانەی لە نێوان خۆی و خەڵکەکەی بەهێز کرد، هەمیش تەندروستی خەڵکی خۆی دەپارێزێ. ئەوان گەورە بیریان کردووتەوە و گەورە بوونە.

پێویستە حکومەتی ئێمە لەسەر هەموو بازرگانێک ئەو خاڵە بسەپێنێ کە هەر خۆراکێک دەهێنێتە نێو هەرێمی کوردستان لەسەری نووسرابێ ئەم خوراکە چەند کالۆری تێدایە و بۆ تەندروستی چۆنە، لەگەڵ ئەمەش باشترین کۆنترۆڵی هەبێ. خەڵک لەم کارانەوە وا هەست دەکەن کە حکومەت گرنگی بە ژیانی ئەوان دەدات و بەمەش متمانە دەگەڕێتەوە.

لە وڵاتی ئێمە تەنیا 10%ی خەڵک لە پلەی بەرپرسیارێتیدان، 90% ی خەڵک لەژێر حوکمی ئەو بەرپرسانەدان. نە داهێنانێک لەم وڵاتە هەیە، نە پشتبەخۆبەستن هەیە بۆ بەهێزکردنی پرسی ئابووری جگە لە نەوت! تەنانەت بە گوێرەی دوایین راپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی 24%ی گەنجەکانی کوردستان بێکارن. ئەمە ژمارەیەکی زۆر ترسناکە. دەبێ ئەوانەی بەرپرسن، کار بۆ ئەم خەڵکە بدۆزنەوە، نەک بۆ کوڕەکانی خۆیان. لە چەند رۆژی رابردوودا تەنیا لە یەک شوێن 37 کەس دەستبەکاربوون کە زۆربەی ئەو کەسانەی لەوێ کاردەکەن دەوڵەمەند دەبن، زۆربەی زۆریان کوڕ و خزمی نزیکی بەرپرسەکانن و بەڵگەکەش لای من هەیە. دەبێ حکومەت قۆڵی بۆ هەڵماڵێ و بۆ ماوەیەک روو لە خەڵکی خۆیشی بکات.
قسەیەک هەیە دەڵێ "هەموو شتێک رەنگە فرسەتی دووەمی هەبێ، تەنیا متمانە نەبێ".

ئه‌م وتاره‌ له‌رۆژنامه‌ی‌ روداو بڵاوكراوه‌ته‌وه‌
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×