گۆگڵ زۆرترین گەڕانی بابەت بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڵاو دەکاتەوە
  2023-12-15       731       

وێبگەڕی گۆگڵ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، ساڵی ٢٠٢٣ هەریەک لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس لەگەڵ تەقینەوەی کەشتی تایتانیکی (تیتان) دوو بابەت بوون کە زۆرترین گەڕان و بەدواداچوونی بۆ کراوە لە لایەن بەکارهێنەرانەوە.

گۆگڵ لە ڕاپۆرتێکدا زۆرترین گەڕانی بەکارهێنەرانی سایتەکەی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڵاو کردەوە.

ئاماژەی بەوە داوە، شەڕی ئیسرائیل و غەزە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە لیستی زۆرترین هەواڵەکاندا بووە، کە بەکارهێنەران چاودێری گرنگترین ڕووداوەکانی ئەو جەنگەیان کردووە و زۆرترین گەڕانی بۆ کراوە.

باسی لەوەش کردووە، لە پلەی دووەمدا ژێر دەریایی تایتانیک (تیتان) بوو، یەکێک بوو لەو ژێر دەریایانەی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بەمەبەستی گەڕان بەدوای پاشماوەکانی کەشتی تایتانیک، دەستی بە گەڕان کرد، بەڵام دوای چەند خولەکێک لە چوونە قووڵایی دەریاوە، دەنگی تەقینەوەیەک بیسترا و پاش گەڕانێکی زۆر دەرکەوت، کەشتییە ژێر دەریاییەکە تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا پێنج کەس گیانی لە دەستدا، ئەم ڕووداوە زۆرترین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، و بۆیە جێگای پرسیاری زۆرترین بینەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زۆرترین گەڕانی بۆ کراوە.

بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتی باشووری تورکیا و باکووری سووریا لە پلەی سێیەمی زۆرترین گەڕانەکاندا بووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی گۆگڵ کە لەو ڕووداوەدا بۆیە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هەزار کەس و ژمارەی کوژراوان تەنیا لە تورکیا ٥٠ هەزار کەسی تێپەڕاند.

لە ڕاپۆرتەکەی گۆگڵدا جەنگی سوودان لە ڕیزبەندی چوارەمدا دێت، کە بەرەی پشتیوانی خێرا هێرشیان کردە سەر دەسەڵات و جەنگێکی درێژخایەن لەو وڵاتەدا دروست بووە و بە هەزاران کەس بریندار و گیانیان لەدەستداوە و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.

لە ڕووی وەرزشییەوە، یانەی ئینتەر میامی ئەمریکی لە پلەی یەکەمی لیستەکەدایە بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دوای ئەو کۆتایی هاتنی گرێبەستی یاریزانی ئەستێرەی ئەرجەنتین لیۆنێل مێسی دێت لەگەڵ پاریس سانجێرمان کە زۆرترین کاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، پاشان هەڵبژاردەی تۆپی باسکەی یانەی لۆس ئەنجلۆس لەیکەرز کە توانی ١٧ جار نازناوی NBA بباتەوە لە پلەی سێیەمی ڕاپۆرتەکەدا دێت، پلەی چوارەمیش یانەی نەسری سعوودیە کە لە وەرزی هاوینەدا یاریزانە گەورەکانی یانە ئەورووپییەکانی وەک ئەستێرەی پۆرتوگالی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی گواستەوە بۆ ڕیزەکانی.

ئەوەی جێی ئاماژەیە ڕاپۆرتەکەی گووگڵ چەندین پۆلێن لەخۆ دەگرێت کە ساڵانە بڵاو دەکرێتەوە، دابەشکراون بەسەر لیستەکاندا و لەوانە کەسایەتییە بەناوبانگەکان، ئەکتەرە مردووەکان، یاریزانەکان، مۆسیقاژەنەکان، بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان، فیلمەکان و تیمە وەرزشییەکان لە ریزبەندی گەڕانی بەکارهێنەراندان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×