"کورد نەیتوانی وەک پێشوو ژمارەی کورسییەکانی کەرکوکی بگەیەنێتە نیوە"
  2023-12-23       1427       
عەبدولرەحمان مستەفا

ئا: ئاوێنە


عەبدولرەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشوتری کەرکوک ده‌ڵێت "کورد لەم هەڵبژاردنەدا نەیتوانی ژمارەی کورسییەکانی بگەیەنێتە نیوە، لەکاتێکدا لەسەرجەم هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا کورد نیوەی کورسییەکانی کەرکوکی زیاتر بەدەستهێناوە".

 

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کورسی کریستانەکانیش لەلایەن کاندیدی بزوتنەوەی بابلیۆن بەسەرۆکایەتی ڕەیان کلدانی بەدەستهێنراوە.

له‌باره‌ی‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌و ده‌ستنیشانكردنی‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوك، عەبدولرەحمان مستەفا، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، "دەکرێت پێکهاتەکان کەسایەتییەک بدۆزنەوە بۆ پۆستی پارێزگارو هەموو لایەک پێی ڕازی بن، جا ئەو کەسایەتییە لەهەر نەتەوەو پێکهاتەیەک بێت، بەمەرجێک بێ جیاوازی مامەڵە بکات و بتوانێت خزمەتی کەرکوک بکات، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هیچ لایەن‌و پێکهاتەیەک زۆربەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی بەدەستنەهێناوە، بۆیە یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەمێنێتەوە سەر ڕێککەوتن‌و گفتوگۆی نێوان پێکهاتەکان". 

وتیشی، "گەر لایەنەکان ڕێکبکەون ئیش و کارەکان بە ئاسانی دەڕوات، گەر ڕێککەوتنیش نەکرێت دۆخەکە بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوەو ناتوانرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن."

لەهەڵبژاردنی ساڵی 2005 ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا، ئەوکاتەی کە پێکهاتەی عەرەب بایکۆتی هەڵبژاردنی کردو لایەنە کوردییەکانیش بەگەرم و گوڕی بەشداری پرۆسەکەیان کرد، لە کۆی 41 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە، کورد 26 کورسی، تورکمان 9 کورسی و عەرەبیش 5 کورسی بەدەستهێنا.

عەبدولرەحمان مستەفا دەڵێت، "کورد لەم هەڵبژاردنەدا نەیتوانی ژمارەی کورسییەکانی بگەیەنێتە نیوە، لەکاتێکدا لەسەرجەم هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا کورد نیوەی کورسییەکانی کەرکوکی زیاتر بەدەستهێناوە."

ئەو هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی کوردی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ پەرتەوازەیی لایەنە کوردییەکان و کەمی ڕێژەی بەشداری دەنگدەری کورد و بوونی گرفت لە ئامێرەکانی دەنگدان گێڕایەوە.

له‌لێدوانه‌كه‌یدا بۆ ده‌نگی‌ ئه‌مه‌ریكا، پارێزگاری پێشوتری کەرکوک ڕونیکردۆتەوە، بەشداری پێکردنی هەموو لایەنەکان وادەکات هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بە ئاسانی بڕواتە پێشەوە. وتی،"هیچ بوارێک نەماوەتەوە جگە لە ڕێککەوتن، ڕێککەوتن و پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوبەش بەبەشداری هەموو پێکهاتەکان تەنها ڕێگە چارەیە بۆ خزمەتی کەرکوک. سەردەمی ململانێ و هەوڵدان بۆ هێنانی کورسی زیاتر تێپەڕی، دەبێت لەمەودوا ئەندامانی ئەنجومەن بەیەک تیم کاربکەن."

ده‌شڵێت، "دەبێت لایەن و پێکهاتەکان ڕێکبکەون لەسەر پۆستی پارێزگارو جێگرو یاریدەدەرەکانی، پەلە بکرێت لە دانانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، گەر وانەکرێت کەرکوک دەکەوێتە بۆشایی یاسایی و دەستورییەوە."

به‌بۆچونی‌ عەبدولرەحمان مستەفا، گەر ئەندامانی ئەنجومەن ململانێ وەلانێن و وەکو یەک تیم لە بەغداو وەزارەتەکان کار بۆ کەرکوک بکەن، دەتوانرێت زۆرێک لە کێشەکانی کەرکوک چارەسەر بکرێن.

عەبدولڕەحمان مستەفا، لە 28ی‌ 5ی‌ 2003 بووە پارێزگاری كەركوك‌و لە 3ی‌ 4ی‌ 2011 دەستیلەكاركێشایەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×