لیستەكەی رەیان كلدانی هەر چوار كورسییەكەی كۆتای مەسیحی بردەوە
  2023-12-29       1726       

ئا: ئاوێنە

 

بەپێی ئەو ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە شەوی رابردو لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەكانەوە بڵاوكرایەوە، لیستی بزوتنەوەی بابلیون بە سەرۆكایەتی رەیان کلدانی، هەر چوار کورسییەکەی کۆتای مەسیحییەكانی بردوەتەوە.

 

لەچوار پارێزگای عێراق كۆتای مەسیحی هەبو، بەغدا، بەسرە، كەركوك و نەینەوا. بەپێی ئەنجامەكان لە بەسرە نازم غانم عەزیز حەننا ساکۆ، كاندیدی بزوتنەوەی بابلیون تەنیا 67 دەنگی هێناوە، کورسی کۆتای مەسیحی بەدەستهێناوە. بزوتنەوەی بابلیون لەو پارێزگایە تەنیا 987 دەنگی بەدەستهێناوە.

لە نەینەوا كاندیدی بزووتنەوەی بابلیون، رەبیع یوسف سوران، بە بەدەستهێنانی 287 دەنگ کورسیی کۆتای مەسیحی بەدەستهێناوە. بزوتنەوەکەش لەو پارێزگایە 6195 دەنگی بەدەستهێناوە.

هەروەها لە کەرکوک ئینجیل زیا بەرواری، كاندیدی بزوتنەوەی بابلیون بە بەدەستهێنانی 209  دەنگ، کورسیی كۆتای مەسیحی بردوەتەوە. هەروەها 1737 کەس دەنگیان بە لیستی بابلیون داوە.

فائیز سەباح سەبعان عەبوش، كاندیدی بزوتنەوەی بابلیون لە بەغدا، کە تەنیا 174 کەس دەنگیان پێداوە، کورسیی کۆتای مەسیحی پارێزگاکەی بردوەتەوە، کۆی گشتی دەنگەکانی بزوتنەوەکە لە بەغدا 3522 دەنگی دەنگ بوە.

 بەپێی ئەنجامەکان بە هەر چوار كاندیدەكەی بزوتنەوەی بابلیون 737 دەنگیان بەدەستهێناوە. بزوتنەوەکەش لە هەر چوار پارێزگاکە 12 هەزار و 441 دەنگی بەدەستهێناوە.

رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی بابلیۆنەو پێشتر فەرماندەی گروپێکی مەسیحی نێو حەشدی شەعبی بو، لە هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە ساڵی 2021 بزوتنەوەکەی لە کۆی پێنچ کورسیی کۆتای کریستیانەکان، چوار کورسی بەدەستهێنا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×