"هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە ساڵ بەساڵ كەمدەبنەوە"
  2024-01-12       911       

ئا: ئاوێنە

 

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات هاوکارییەکانی ئەمریكا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ساڵ بەساڵ کەم دەبنەوە، ئەو دەڵێت "بۆ ئەمساڵ بە ڕێژەی 25% کەمکراونەتەوە و تا ساڵی 2026 بە تەواوەتی کۆتاییانپێدێت". 

 

لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یاداشتنامەیەکی تێگەشتنمان هەیە لە نێوان پێنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا) و وەزارەتی پێشمەرگە بە ئاگاداری حکومەتی عێراق بۆ چوار ساڵ و هەر مانگێک 20 ملیۆن دۆلارو چەندین چەک و ئەجهیزات ومەشق و ڕاهێنان لە خۆی دەگرێت، ساڵانە هاوکارییە ماددیەکان کەم دەبنەوە بەڕێژەی لەسەدا 25، واتە لە 2026 دا سفر دەبێتەوە."

وتیشی،"کەمکردنەوەکە سزا نییە، بەڵکو بە پێی ئەو لێکتێگەشتنەیە کە هەیە لە نێوانماندا."

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ساڵی 2016 ئەنجامدرا و لە مانگی 10ی 2022 نوێکرایەوە. بەپێی لێکتێگەشتنەکە پێنتاگۆن مانگانە 20 ملیۆن دۆلار و چەندین چەک و ئەجهیزەی جەنگی و مەشق و ڕاهێنان پێشکەش بە هێزە هاوبەشەکانی پێشمەرگە دەکات و هاوکاردەبێت لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80 و دروستکردنی هێزی پێشمەرگەیەکی هاوبەش.

هاوکارییەکانی ئەمەریکا بەکاردەهێندرێن بۆ دابینکردنی موچەی نزیکەی 54 هەزار پێشمەرگە کە ڕاستەوخۆ لەژێر فرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدان.

بەگوێرەی سایتی ئەل مۆنیتەر، کەمکردنەوەی ئەو هاوکارییانە لە 20 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 15 ملیۆن دۆلار لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوەوە بوە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، کەمکردنەوەی ئەم هاوکارییانە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر وەزارەتەکەیان و وتی،" کەمبونەوەی هاوکاریەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، کاریگەری دەبێت لە تازە بونەوەی چەک و ئەجهیزاتەکانی پێشمەرگە، بڕینی هاوکارییەکان کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پێشمەرگەو هێزەکانی عێراقیش."

وتیشی،"دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم قەرەبوی ئەو کەمبونەوەیە بکەنەوە و پلانیان هەبێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەم بونەوەیە."

کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان لە کاتێكدایە، هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی گرفتی گەورەی دارایی بۆتەوە و لە بەشێک لە پارێزگاکانی هەرێم تا ئێستا دەرگای قوتابخانەکان نەکراونەتەوە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان لە پای پێنەدانی موچەکانیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×