سەرۆکی دادگای فیدراڵی: هەڵبژاردن‌و ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەپێشینەی‌ كاره‌کانمانه‌
  2024-03-24       663       
لەتیف جەمال رەشید، سەرۆك کۆماری‌ عێراق - جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق

جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ده‌ڵێت، پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەپێشینەی‌ كاره‌کانیانه‌. جه‌ختله‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بەیەك دوری لەگەڵ هەمووان دەوەستن‌و پەرۆشی کارکردنن بەدەستورو یاسا.

ئاوێنه‌: لەتیف جەمال رەشید، سەرۆك کۆماری‌ عێراق  ئەمڕۆ یەکشەممە لەشاری‌ بەغداد پێشوازیکرد لەدادوەر جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی و ژمارەیەك لەدادوەرانی ئەندامانی دادگاکە.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆماردا هاتووه‌، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی جەختیکردەوە، دادگای فیدراڵی بەیەك دوری لەگەڵ هەمووان دەوەستێت و پەرۆشی کارکردنە بەدەستورو یاسا. 

ئاماژەی بەوەشکردووه‌، پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەکارە لەپێشینەکانی دادگاکەیە.

هەروەها دادوەر جاسم محەمەد عەبود جەختیکردۆتەوە، دادگای باڵای فیدراڵی ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەو مافانە لەژێر سایەی دەستوردا.

لای‌ خۆیه‌وه‌  سه‌رۆك كۆمار ڕایگه‌یاندووه‌، دەبێت دیالۆگی دیموکراسی رێگەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانه بێت، که روبەڕوی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان دەبێتەوه، هەروەك دەبێت یاسا رێکخەری ئەو پەیوەندییە بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×