مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی: بەهیچ شێوەیەك كاركردن بە هەژماری من قبوڵ ناكەین
  2024-03-27       220       

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم داوا لە حكومەتی عێراق دەكەن تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنیا لەڕێگەی بانكە عێراقییەكانەوە بكرێت و جەختیش دەكەنەوە كە بەهیچ شێوەیەك كاكركردن بە "هەژماری من"ی حكومەتی هەرێم قبوڵ ناكەن و لە سبەینێوە دەست دەكەن بە هەڵمەتێكی ئیمزا كۆكردنەوە لەدژی پڕۆژەكە تا ئیمزاكان ببەنە دادگای فیدراڵی عێراق.

ئاوێنە: دەستەكە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پەیامێكی بەهەردو زمانی عەرەبی و كوردی ئاڕاستەی پەرلەمانتارانی عێراق، سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی و دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كرد.

لە پەیامەكەدا هاتوە"لەم رۆژانەدا دەبیستین و دەبینین كە هەندێك سیاسیی خاوەن پۆست لە عێراق، موجامەلەی ئەو لایەنانەی هەرێم دەكەن كە ستەمییان لە هەموان كردوە، بۆ راگرتنی دڵ و رازیكردنیان لەسەر حسابی فەرمانبەرانی بێ دەرامەت و لەسەر حسابی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و هەروەها هەست بە جوڵەی نامۆ دەكەین لەپێناو جێبەجێ نەكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی."

دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وتوشیەتی"بۆ ئەو مەبەستە روی داواكاری و بانگەوازمان ئاڕاستەی خاوەن ویژدانەكان دەكەین لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە دەرفەت نەدەن بەو لایەن و كەسانەی دژایەتی عێراق و دامەزراوە دەستورییەكان دەكەن و هەوڵی لەكەداركردن و تەسقیتی دادگای باڵای فیدراڵی دەدەن و سوكایەتی بە بڕیارەكانیان دەكەن."

دەستەكە داواشی لە سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی عێراق كرد، تەنیا لەسەر بانكە عێراقییەكان تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەنجام بدەن، "چونكە ئێمەی فەرمانبەرو مامۆستایان هیچ متمانەیەكمان نییە بە بانكی تایبەتی حزبەكان، ئەوانەی پاڵەوانی دزینی موچەكانمان بون" و "نامانەوێ ئەو چەتەو دزو گیرفانبڕانە جارێكی تر رۆڵیان هەبێت لە دابەشكردنی موچەكانمان، ئەگەر رۆڵێكی كەمیشییان هەبێت و بەهیچ جۆرێك قبوڵی ناكەین هەژماری من كاری پێ بكرێت لەنزیكترین كاتدا هەڵمەتی كۆكردنەوەی ئیمزا لەدژی جێبەجێكردنی هەژماری من دەست پێ دەكەین."

هاوكات لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا یەكێك لە نوێنەرانی مامۆستایان رایگەیاند، لە سبەینێوە لە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان خێمە هەڵدەدەین و ئیمزا كۆدەكەینەوە كە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەفیعلی ئیمزاكانیان بڕواتە دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی كە مامەڵە لەگەڵ بانكە عێراقییەكان بكرێت و بەهەمو شێوەیەك هەژماری من رەتدەكەینەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×